دوای سەرهەلدانەوەی کێشەی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان تاکو ئێستا وتارێکم لەسەر ئەم بابەتە لە ڕۆژنامەی هاوڵاتی نووسیوە. لە ووتارەکەم پێشبینیم کردووە کە ئەم کێشەیە چارەسەری ئاسان نابیت. ئێستاش پێم وایە دۆزینەوەی چارەسەرێك هەموو لایەك ڕازی بکات کارێكی سانا نییە. ئەم ووتارەش هەولێکیترە بۆ دۆزینەوەی ڕێگا چارەیەك بۆ ئەم کێشە ئالۆزە.

لەسەرەتادا پێم باشە دوو چەمك یان کۆنسێپت (Concept) ڕوون بکەمەوە . یەکەمیان ئیڤەلیوشن (Evolutoin)، دووەمیان ئەتۆمێك (Atomic). من ئەم چەمکانە لە ناوەرۆکی ئە ووتارە بەکاردێنم بۆیە پێویستە لای خوینەر مانا و تێگەیشتنی ئەم کۆنسێپتانە ڕوون بێت.

یەکەم: پەرەسەندن یان ئیڤەلیوشن (Evolution)

مانای ئیڤەلیوشن (Evolutoin) پەرسەندنە. واتە کارکردنە بە شێنەیی و هەنگاو بەهەنگاو. لە کۆنتێکستی گەشەکردندا، پێچەوانەی ئیڤەلیوشن ڕیڤەلیوشنە (Revolution) کە مانای شۆرش یان کتوپری دەگەیەنێت.

بۆ تێگەیشنی ئیڤلیۆشن سەیری پرۆسەی بەهەلەم بوونی ئاو بکە. لە کاتی گەرمکردنی ئاو بەکتوپری و یەکسەرە نابیتە هەڵم. بەلکۆ، پلە بە پلە گەرمی ئاو زیاد دەبێت تاکو لە ئاکامی گەرمی زیاددا پەیوەندی نێوان گەردیلەکانی ئاو نامێنێت و دەبیتە هەلم. توانای عەقلی و گەشەکردنی مرۆڤ نموونەیەکی تری ئیڤۆلیوشنە. توانای مرۆڤیش بەم شێوەی ئێستای بەرئەنجامی گەشەکردن و پەرسەندانی سەدان هەزار ساڵە و لەشەو رۆژێکدا بەم توانایەیی ئێستای نەگەیشتوە.

دووەم: ئەتۆمێك (Atomic)

ئەتۆمیك کۆنسێپتێکە لە زۆربەی زانستەکان بەکاردێت. لەوانە ئابوری، کۆمپیتەر، لۆجێك، یاسا، تاد. لە هەریەك لەم زانستانە، ئەتۆمێك مانای تا رادەیەك جیاوازە. بەلام، ئەتۆم (Atom) بچوکترین بەشی مادەیە، هەر لێرەشەوەیە ئەتۆمێك بەگشتی مانای بچوکردنەوەی یان وردکرنەوەی بابەتی جێ مەبەستە بۆ نزمترین ئاستی.

بە دەربرینێکیتر، ئەتۆمێك مانای وردکردنەوەی یاساکان، بریارەکان یان کێشەکانە بۆ ئاستێكی زۆر ورد کە بتوانریت بە یەك دەستەواژە دەرببرێت و جێگایەك بۆ لێکدانەوەی جیاواز نەهێلێت.

بۆ نموونە، لە یاسای هاتوچۆی هەندێك لە ووڵاتاندا هاتووە، مۆلەتی لێخۆرینی ماشێن دەدرێت بەکەسێك کە تەمەنی ١٦ ساڵ و بەسەرەوە بێت. . هەروەها لە یاسای خوێندن هاتووە، بۆ ئەوەی مناڵ بۆ پۆلی یەکەمی قوتابخانە ناونوس بکرێت پێویستە تەمەنی لە شەش ساڵ کەمتر نەبێت. هەر دوو ئەم یاسایانە ئەتۆمێکن. لە هەر شوێنێك ئەم یاسایانە پەیرویان لێبکرێت ڕێگا بە لێکدانەوەی جیاواز نادەن.

بە ئەتۆمێکردنی کێشەی سەرۆکایەتی هەرێــم

پێویستە بابەتی دیارکردنی سەرۆکایەتی هەرێم بکرێتە بابەتێکی ئەتۆمیك. واتە پێویستە بەڕوونی و ووردی دیاری بکرێت کێشەکە لەسەر چییە. بە ئەتۆمێكردنی کێشەی هەلبژاردنەوەی سەرۆك بارزانی لە ئێستادا دەمانخاتە بەردەم ئەم سێ باسە:

یەکەم، کێشەی سنوری دەسەلاتی سەرۆك، دووەم، كێشەی لابردن یان گۆڕانی کەسێك، سێیەم، کێشەی ڕێزگرتن لە یاسا و جێبەجیکردنی. ئەگەر "دە" لەجیاتی دەسەڵات بەکاربێننین، "س" بۆ یاسا و جێبەجێکردنی و "ك" بۆ کەس ئەوا کیشە سەرۆکایەتی هەرێم لە ووشەیەکدا (term) کۆ دەبیتەوە و دەبێتە دەسك. واتە هەر کاتێك باسی کێشەی سەرۆکایەتی هەرێم کرا باسی دە س ك ە، باسی دەسکە.

ئارگیومەنتەکانی سەرچاوەی قەیرانی سیاسی ئێستای کوردستان

لەخوارەوەدا ئارگیومێنتی سێ پێکنەرەکەی دەسك باس دەکەم. دواتریش بۆ هەر پێکنەرێك یان زیاتر لە پێکنەرێکی دەسك ڕیگای دەرچوون لە کێشەکە پێشنیار دەکەین.

یەکەم، سنووری دەسەلات سەرۆك

لە پرسی هەلبژاردنەوەی سەرۆك و سیستەمی سیاسی کوردستان یەکێك لەو بابەتانەی لە ژێر پێداچوونەوەیە سنووری دەسەلاتی سەرۆکە.

لایەنگرانی پێداچوونەوەی سنووری دەسەلات پێیان وایە سنووری دەسەڵاتی سەرۆك بەم شێوەی ئێستا ڕێگا بۆ تاکرەوەی و دروستکردنی دیکتاتۆر خۆش دەکات. ئەمەش ئاخیرین شتێكە کە میللەتی کورد خوازیاری بێت.

ئەوان پێیان وایە پێویستە هیچ کەس، بە سەرۆکی هەرێمیشەوە لەسەرووی یاسا نەبێت. دەبێت پەرلەمانی کوردستان توانای لێپرسینەوەو بانگێشتکردنی سەرۆکی هەبێت بۆ پەرلەمان بە مەبەستی لێپیرسنەوە. دەسەڵاتەکانی سەرۆك بە یاسا ڕێکبخریت و لەمەسەلە چارەنووسەکاندا سەرۆك تاکرەوەی بەدەسەلات نەکات.

لێرەدا کێشەکە هەلبژاردنەوە و هەلنەبژاردنەوەی سەرۆك بارزانی نییە. بەلكۆ کێشەکە سنووری دەسەڵاتی سەرۆكی هەرێمە.

دووەم، یاسا

پابەند بوون بە یاسا و جێبەجێکردنی یەکێکیترە لەو باباتانەی ئێستا لە ژێر پرسیاردایە. هەلومەرجی نایاسایی کوردستان هەندێك بریاری نایاسای دەخوازێ بەلام ئاخیریان پێویستە پێشێڵکردنی یاسا بێت. بەتایبەتی دەزگای سەرۆکایەتی هەرێم پێویستە بەهەموو شێویەك خۆ لە پێشێڵکردنی یاسا بەدوور بگرێت. مانەوەی سەرۆك لە پۆستەکەی بۆ دوو ساڵیتر کەوتنە ناو داوای ئەوانەیە کە ئەم هەلومەرجە ناسرۆشتیەیان بۆ کوردستان دروستکردووە.

لێرەدا مەسەلەکە نە کەسە، نە دەسەڵاتی سەرۆك بەلکۆ مەسەلەی پابەندبوون بەیاسایە.

سێیەم، کەس

هەندێك لەو ئارگیوەمەنتانەی بۆ گۆڕانی مەسعود بارزانی دەکرێت بریتین لە: گۆڕانی بارزانی هەنگاوێکە لە ڕاستایی کۆتاییهێنان بە سیاسەت و سیاسیەتمەداری تەقلیدی کوردستان و پەنجەرەکردنەوەیە لەسەر سەردەمێکی نوێ لە سیاسەتکردن. سەرۆك هیچ تایبەتمەندیەکی تایبەتی نییە کە نەتوانرێت دەستبەردای نەبین. شێوەی کارکردنی ساڵانی ڕابردووی سەرۆك پشتیوانی لە گۆڕانی سەرۆك دەدات نەك مانەوەی. سەرۆکایەتی هەرێم مولکی هیچ کەس، بنەمالە یان حیزبێك نییە. بۆیە دەموچاوەکان دەبێت بگۆرێن. گۆڕانی سەرۆك قولکردنەوەی پرۆسەی دیوکراسیە و کۆتایی دێنێت بە ئەفسانەی سەرۆکی بێ بەدێل و سەرۆکیی هەتاهەتایی، تاد.

لێرەدا مەسەلەکە نەیاسا و نە دەسەڵاتی سەرۆك بەلکۆ پەیوەندی بەگۆرێنی تاکەکەسەوە هەیە.

چوارەم، سنووری دەسەلات و یاسا

لێرەدا هەموو ئەو ئارگیومەنتانەی لە خالی یەکەم و دووەم باسکرا بەیەکەوە وەك ئارگیومەنت بەکاردێن. واتە قەیرانی سیاسی ئێستای کوردستان دەگەرینەوە بۆ ڕێزنەگرتن و پەیرەو نەکردن لە یاساو زیادرەوی لە دەسەڵاتی سەرۆك. چارەسەری قەیرانەکەش بە رێزگرتن لە یاساو پێداچوونەوە لە دەسەلاتی سەرۆك دەبینن.

پێنجەم، سنووری دەسەلات و کەس

لێرەدا هەموو ئەو ئارگیومەنتانەی لە خالی یەکەم و سێیەمەوە باسکرا بەیەکەوە وەك ئارگیومەنت بەکاردێن. واتە لە لایەکەوە كیشەکە کێشەی گۆڕانی بارزانییە و لەلایەکی تریش بابەتی پێداچوونەوە بە سیستەمی سیاسی کوردستانە بەجورێك سنوور بۆ دەسەڵاتی سەرۆك دابنرێت.

شەشەم، یاسا و کەس

لێرەدا هەموو ئەو ئارگیومەنتانەی لە خالی دووەم و سێیەم باسکرا بەیەکەوە وەك ئارگیومەنت بەکاردێن. واتە کێشەکە هەم کێشەیەکی یاساییە و پێویستە سەرۆك کورسی دەسەڵات بەجێ بهێلێت و هەم کێشەی کەسێکە هیچ پاساوێك بۆ مانەوەی لە کورسی دەسەڵاتدا نییە.

هەفتەم، سنووری دەسەلات، یاسا و کەس

لێرەدا هەموو ئارگیومەنتەکان بەسەریەکەوەیە. واتە کێشەی دەسەلای سەرۆكە، کێشەی یاسایە و کێشە کەسێکشە.

دوای روونکردنەوەی مانای یەکەم، دووەم سێیەم وەك لە پێشودا باسمکردن، ئارگیومەنتەکانی سەرچاوەی قەیرانی سیاسی ئەمرۆی کوردستان دەکرێت بە بەم شێوەیەی خوارەوە ڕێز بکرێت:

یەکەم

دووەم

سێییەم

یەکەم و دووەم

یەکەم و سێێەم

دووەم و سێییەم

یەکەم، دووەم و سێێەم

ڕێگا چارەکان

لەبەر ڕۆشنایی ئەم ئارگیومەنتانەی لەسەرەوەدا باسکرا ئەم چارەسەرانەی خوارەوە پێشنیار دەکەین. ئێمە لەسەرەتادا چارەسەر بۆ یەك بەیەکی پێکنەرەکانی دەسك پێشنیار دەکەین. چارەی کۆتاییش یەکێك لە چارەکان یان لە تێکەلکردنی زیاد لە چارەسەرێك پێك دەبێت.

یەکەم، سنووردارکردنی دەسەلاتی سەرۆکی هەرێم لە ڕیگەی گۆڕانی ستافەکەی

لێرەدا کێشەکە کەس نییە بۆیە لە چارەسەرکردن دەبێت قولایی بخرێتە سەر سنووردارکردنی دەسەڵاتی سەرۆك. سەرۆك بەتەنها سیاسەتەکان دانارێژێت، بەلکۆ پشت دەبەستێت بەدەورەبەرەکەی، بە ڕاوێژکارەکانی. گۆڕینی ژمارەیەك لەوانەی سەرۆك پشتیان پێ دەبستێت لە بریاردان و پرکردنەوەی پۆستەکانیان بەکەسی شیاو لە حیزبەکانی تر هاودەنگی و هاوڕایی دەسەڵاتی سیاسی کوردستان زیاد دەکات و مەترسی تاکڕەویش کەم دەکاتەوە.

لە دونیادا عورفێکی باوە گۆڕان لە سیاسەت بە گۆڕان لە ستافی سەرۆك و سەرۆك وەزیرانی دەست پێدەکات.

ئەگەر بێتو گۆڕانی کەسە نزیکەکانی یان ڕاویژکارەکانی دەوربەری سەرۆكیش جێی ڕەزامەندی نەبێت، زیادکردنی ژمارەیەك لە ڕاوێژکار لە حیزبەکانی تر بۆ ڕاوێژکارەکانی ئێستای سەرۆك ئەستەم نییە. هەر کام لەم دوو پێشنیارە بچیتە بواری جێبەجکردن ئەوا هەموان هەستدەکەن سیاسەتەکانی سەرۆکایەتی هەرێم بەڕاوێژ و بەشدارن هەموان دارێژراوە. بەمەش مەترسیەك لە دەسەڵاتی سەرۆك نابێت.

دووەم، بەستنەوەی ماوەی سەرۆكایەتی بارزانی بە هەلومەرجی کوردستان

کێشەی سیاسی ئێستای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان دەرئەنجامی هەلومەرجی نائاسایی کوردستانە. ئەم هەلومەرجە دەکرێ شەش مانگیتر چاك بێت یان دە ساڵیتر درێژە بخایەنێت. هەر بۆیە، لە دوو ساڵی داهاتوودا مانەوەی سەرۆك لەسەر کورسیەکەی پێویستە ببەسترێتەوە بە باشو خراپی هەلومەرجەکە. بۆ نموونە، ئەگەر سالێکی تر هەلومەرجی کوردستان چاکتر بێت بۆ دەبێت سەرۆك دوو ساڵی بۆ درێژ بکرێتەوە ؟

چارەسەر لێرەدا ئەوەیە، بۆ دووساڵی داهاتوو، هەر شەش مانگ جارێك پەرلەمان کۆبێتەوە و بەزۆرینەی دەنگ بریار بدات ئایا لە هەلومەرجی کوردستاندا دەکرێت هەلبژاردن بکرێت یان سەرۆك بەشێوەی کاتی سەرۆکایەتی بکات.

لەم چارەسەرەدا یاسا ناگۆرێت و پێشێلیش ناکرێت. بەلکۆ بریارێکی نائاسایی دەدریت بۆ هەلومەرجێکی نائاسایی. هەروەها، لەم چارەسەرەدا هەیبەتی پەرلەمان زیاد دەکات، ناومالی کورد یەك دەنگ دەبێت، دۆڕاو براوەش نابێت، سەرۆکیش هەست دەکات پشتیوانی گەلی کوردستانی لە پشتە ئەگەر بۆ ماوەیەکی کاتیش بێت.

سێیەم، سالێك بۆ بارزانی و سالێکیش بۆ کەسێکی تری پارتی

لە ئێستادا لە کوردستاندا هەلبژاردن ناکریت و لایەنەکانیش لاریان نیشان نەداوە لەوەی دوو سالێ داهاتوو پۆستی سەرۆکایەتی هەرێم لای پارتی بێت بەهۆی ئەوەی ئەوان گەورەترین کوتلەی پەرلەمانن. بەلام کێشە لەسەر مانەوەی بارزانییە.

چونکی پارتی دەلێت بروایان بەسەرۆکی هەتاسەر نییە کێشەکە لیرە کەمێك ئاسانتر دەبێت. کێشەکە لێرەدا لەسەر دەستبەجێ مالئاوایی بارزانییە لە سیاسەت یان دوای دوو ساڵی تر. پارتی خوازیارە دوای دوو سالیتر، ئەوانی تر خوازیارن کۆتایی ماوەی یاسایی خۆی.

لێرەدا چار هەر ئەوەیە لە جیاتی دەستبەجێی مالئاوایی بارزانی لە سیاسەت دەکرێ بۆ دوو سالێ داهاتوو ماوەیەك، بۆ نموونە سالێك بارزانی سەرۆك بێت و سالێکیش کەسێکی تر لە پارتی. دەکرێ سوود لەم ماوەیە وەربگیرێت تاکو بارزانی رابهێنرێت بۆ مالئاوایی یەکجارەکی لە سیاسەت و پارتیش وەزعی ناوخۆی ئامادە بکات بۆ سەردەمی دوایی کۆتاییهاتنی سەرۆکایەتی بارزانی . ئەمە عورفێکی ناسراویشە لە نێوەندی سیاسی دونیا سەرۆك کۆتایی بەسەرۆکایەتی خۆی دێنی پێش کۆتایی ماوەکەی تاکو ڕێگا خۆش بکات بۆ ئەوەی دوای خۆی.

چوارەم تێکەلی چارەسەرکان.

وەك لە هۆیەکانی کێشەی سەرۆکایەتی باسی تێکەلی هۆێەکانمان کرد، ئاوا چارەسەرەکانیش دەکرێت تێکەلێك بن لە چارەی:

یەکەم و دووەم،

یەکەم و سێییەم،

دووەم و سێیەم،

یەکەم، دووەم و سێیەم.

دەرئەنجام

کۆتایهێنانی کتوپر بە سەردەمی بارزانی لە کۆتایی مانگی هەشتی ئەمسالدا زیاتر لە ڕێڤەلیشون دەچێت تاکو ئیڤەلیوشن. بە پێی تێۆرە سیاسی و زانستیەکان ئەم ئالوگۆرە بێ دەردەسەر نابێت.

بەلەبەرچاوگرتنی ئەو ڕاستیەی لە سیستەمی دیموکراسی شۆرش ناکرێت و ئالوگۆرەکان بە هەنگاو دەچنە پێش، هەروەها لەبەر ڕۆشنایی ئەم ئارگیومەنتانەی لەسەرەوەدا باسکرا، گۆڕان، یەکێتی، یەکگرتوو، کۆمەڵ، شیوعی، بزووتنەوەو ئەوانی تریش دەبێت بزانن لەم قەیرانەدا کێشەی سەرەکی ئەوان لە گەڵ چییە و پێداگری لەسەر چارەسەری بکەن.

هەلومەرجی نائاسیی کوردستان پێویستی بە بریاری نائاسایی هەیە. لەبری پیداگری لەسەر دەستبەجێ مالئاوایی بارزانی لەسیاسەت پەیرویکردن لە یەکێك یان زیاتر لەیەك لەم چارەسەر پێشنیارکراوەکان دەبیتە مایەی سەقامگیری سیاسسی کوردستان.

چارەسەرەکان هەر ئەمانەن: بارزانی واز لە هەندێك لە دەسەلاتەکانی بێنێت، تاکو دوو ساڵی داهاتوو پەرلەمان بریار لەسەر مانەوە و لابردنی سەرۆك بدات، بارزانی بۆ ماوەی سالێکی تر سەرۆك بێت یان تێکەلێك لەمانە.