ئەو شەڕەی ئێستا یەکگرتوو و کۆمەڵ لەگەڵ پارتی دەستیان پێکردووە و کوێرکوێرانە کەوتوونەتە دوای داواکانی یەکێتی و گۆڕان بۆ بەدەستهێنانی ئاواتەکانی ئەوان تەنیا و تەنیا لە ئامانجی یەکێتی و گۆڕانەو هیچ بەباڵای ئەو دوو حیزبەی دیکە نابڕێت.

کەسێکی سیاسی و عاقڵ دەپرسێت، باشە تاوەکو دەیان ساڵی دیکە کۆمەڵ و یەکگرتووی ئیسلامی ئەوەندە دەنگ بەدەست دەهێنن کە چاویان لە کورسی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان یان سەرۆکوەزیران و یان سەرۆکی پەرلەمان بێت؟ گریمان دەنگی پیویستیان هێنا و بوونە حیزبی یەکەم یان دووەم، دەی خۆی هەر بەو سیستەمەی ئێستا دەتوانن شوێنگرەوەی گۆڕان یان یەکێتی.

دەی کەواتە ئەم شەڕە چییە بۆ گۆران و یەکێتی دەیکەن و دەیانەوێ بە شەڕی ئەمان و باجی ئەمان یەکێتی و گۆڕان بچنە سەر کورسی دەسەڵات.

هەر ئەو هەڵەیانە کرد لە لیژنەی نووسینەوەی دەستوور کە شەڕیان کرد بۆ ئەوەی کورسییەکانی 4 حیزبەکەی دیکە بچێت بۆ گۆڕان و یەکێتی لە دژی پارتی، کە سوور دەیانزانی بە هاتنی ئەو 4 حیزبە لە کورسییەکانی ئەوان کەم نابێتەوە بەڵکوو کورسییەکانی پارتی و یەکێتی و گۆڕان کەمدەکات.

ئێستا بەڕاستی حەقە یەکگرتوو بە تایبەتی و کۆمەڵی ئیسلامی بیر لەوە بکەنەوە کە ئەم پاشکۆیەتییە و ئەو شەڕە چییە دەیکەن بۆ یەکێتی و گۆڕان کە ئێستا بەهەموو پێوەرێک بوونەتە یەک حیزب و بە کورسییەکانی یەکگرتوو و کۆمەڵ شەڕی پارتی دەکەن.

ئەو کاتەی یەکگرتووی ئیسلامی لە بادینان تاوەکو لێواری لێکترازان رۆیشت و کۆمەڵی ئیسلامیش تووشی هەڵدانەوەی مەلەف و دەستگیرکردنی ئەندامەکانی بە تۆمەتی ئەمنیی بووەوە، دەبوایە بەخۆیانا بهاتنایەتەوە کە ئەم باجانە بۆ دەبێ لە پێناو بەدەستهێنانی کورسی دەسەڵات بۆ یەکێتی و گۆڕان بیدەن.

ئەزموونی 4 ساڵ پێکەوە ئۆپۆزیسیۆن بوون لەگەڵ گۆڕان و بەتەنیا هێشتنەوەی ئەو دوو حیزبە لە پێکهێنانی حکومەتی بنکە فراوان و حکومەتی خۆجێیی سلێمانی لەلایەن گۆڕانەوە، دەبوایە ئەو راستییەی بۆ ئەو دوو حیزبە دەر بخستایە کە شەڕ کردن لە پەنای گۆڕان تەنیا دەسکەوتی بۆ ئەوان سەر ئێشە و ململانییەکی نابەرابەرە لەگەڵ پارتی و بەدڵنیاییەوە لە کۆتاییدا بەم سیاسەتە تەنیا دۆڕاوی یارییەکە کۆمەڵی ئیسلامی و یەکگرتووی ئیسلامی دەبن.