بۆ ڕوونکردنەوەی ناوەرۆکی سەروتارەکە، پەیوستە چاویک هەڵدەین بە مێژووی ئەو ناو و ووشە کۆچ کراوانە لە لای نەتەوەیکەوە بۆ نەتەوەیکی تر و دووبارە وەرگرتنیان لە لایانی نەتەوەی یەکەم بە شێوازیکی دەستکاری کراو لە لایانی ئەو نەتەوەیە کە خواستنەوەی (استعارە) کرد بوو و هەندی دەستکاری تیا کرد بێ تا بگونجی لە گەڵ زمانەکەیان، چ لە بواری ئاخاوتن چ لەبواری ڕێزمانەوە. با لێرا ئاماژە بکەم بە چەند ناو و ووشەیکی فارسی، یان ئێرانی، کە پێش ئەوەی عەرەب دەستی بەسەر دەڤەرەگە بگری چۆن بوون و ئەمڕۆ چۆنن؟. لەو ووشە تەعریب کراوانە، ووشەی "ئابریز- آبريز" بە مانای مەسینە، عەرەب بردی و کردی بە "إبريق - ئیبریق" پاش داگیر کردنی ئێران لە لایانی عەرەبەکانەوە و پەخش و بڵاو بوونەوەی ئایینی ئیسلام، دووبارە ئەو ووشانە کە دەست کاری کران لەلایانی عەرەبەکانەوە لە گەڵ بیروباوەڕ (تعالیم) ئایینی ئیسلام ناردیان (تصدير) بۆ ئەو خەڵکانە، کە ئەمڕۆش زۆربەی فارسەکان بە "ئابریز"ەکەی خۆیان شێوە عەرەبیەکەی بەکار ئەبەن و ئەڵێن "ئیبریق". هەر وەها ووشەی "ئەندازە - ‌أندازه" عەرەب بردیتی و کردیتی بە "مُهَندس- موهەندس" ئەمڕۆش فارسەکان دیسان شێوازە عەرەبیەکەی بە کار دەبەن. دیسانەوە، ووشەی "ئەستەبرە " بە مانای پارچەی ئاوریشم با زێڕ دروون بووە، عەرەب بردی و کردی بە "إستبرق- ئیستەبرەق" ئێستایش فارسەکان هەر وەکو عەرەبەکان ئەڵێن "استبرق". خوێنەری بەڕێز، چۆنکە قورئان بە زمانی باوی خەڵکەکە قسە ئەکا تا تێبگەن لە ناوەرۆکی ووشەکانی، لەبەرئەوە چوار جا لە قورئان لە چوار ئایەتی جۆراوجۆر هاتووە بە شێوازی "استبرق" لە سوورەتی "رحمان" ئایەتی (٥٤). "کهف" (٣١). "دخان" (٥٣). "انسان" (٢١). دیسانەوە، ووشەی "کوندە" عەرەب کردیتی بە "خندق - خەندەق" ئەمڕۆ فارسەکان و ئەوانی تریش شێوە عەرەبیەکەی بە کار ئەبەن. ئەم "خەندەق" هەڵکەندنە، بیرۆکەیکی سەلمانی فارسی بوو، لە کاتی هێڕشی ئەحزاب، خێڵی قورەیش وهاوپەیمانانی، بۆ سەر شاری مەدینە (يثرب) بە نەبی محمد گوت ئەی رسول الله: ئێمە لە سەر زەمینی ئێران کاتی هێڕش کرایە سەرمان کوندەک (خندق) هەڵکەنینە دەوری شارەکە تا دوژمن زەفەرمان پێ نەبا. ئەڵێن پەیامبەری ئیسلام ئەم بیرۆکە ژیرانەیە پەسەند کرد. وێبسایتی "اسلام ویب"یش ئەڵێ: عەرەبەکان شتیک وەهایان دەر بارەی "خەندەق" نەزانیوە کە بوو بە هۆی شکاندنی ئەحزاب. لێرا خاڵیکی گرنگ هەیە پێوستە ئاماژە پێ بکەم، ئەمەیش ئەوەیە، کە کاتیک ووشەیک لە نەتەوەی کۆچ دەکا بۆ نەتەوەیکی تر ودەست کاری دەکری ماناو تایبەت مەندی خۆی لە دەست ئەدا. بۆ نموونە، ووشەی "کوندە" لە کەندنەوە هاتووە، بە مانای هەڵکەندن. فەرهەنگی زمان عەرەبیش ئەڵێ: "خەندەق" موعەربی "کەندەی" فارسیە. کاتیک کەسێک بڵێ "خەندەق" هیچ مانایک بۆی نامینی لە زمانی فارسی دا؟. یان ووشەی "ئابریز" مسینە، کاتی ئەڵێ "ابریق" ماناکەی لە دەست ئەدا، چۆنکە ناوی "ئابریز" ماناکەی لەگەڵیەتی، ئاب، بەمانای ئاو، "ریز"یش کورت کراوەی "ریزش"ە بە مانای ڕژان. هەروەها "ئەندازە" کاتی ئەڵێن "موهەندس" ئەبێ بە ووشەیکی بێ مانا لە زمانی فارسی دا. با چاویک هەڵدەین بۆ ناوی مرۆڤیک کە لە سەردەمی شای ئێران (ئەنەوشێروان) وەزیری ئەو بوو بە ناوی "بزرگمهر"، عەرەبەکان لەبەر ئەوەی پیتی "گ"یان نییە و تا بگونجی لە گەڵ ئاخاوتنیان ناوەکەیان کرد بە (بوز‌َرجمهر- بوزەرجەمهەر) کە ئەمڕۆ خودی ئێرانیەکان هەمان شێوازە عەرەبیەکەی بەکار ئەبەن. هەتا یەکیک لە شەقامە بەناو بانگەکانی (تەهران) ناوی ڵێ نانە "خیابانی بوزرجمهر" ئەتۆ کاتی گەرەکدە مانای "بوزرجمهر" بزانی بە هیچ شێوەیک ناگەیدە ئەنجام، لەبەرئەوەی ناوەکە دەست کاری کراوە و بە زمانیکی تر نووسراوە. ووشەیکی تر ئەوەیش کەرپوچە، خشتی سوورە، لە بەر ئەوەی لە کاتی دروست بوونی بە ئاگر دەبرژینن ناوی نانە "ئاگور"، چۆنکە عەرەب پیتی "گ"ییان نییە کردیانە بە "آجُر- ئاجور" کە ئەمڕۆ فارسەکانیش پێ ئەڵێن "آجر- ئاجر" کاتیک ووشەی "ئاجر" بە زمانی فارسی شیکردنەوە بۆی ئەکەی هیچ مانایک بۆد دەر ناکەوی. لەبەر ئەوەی خۆینەری بەڕێز دڵنیا بێ کە ووشەکە فارسیە وعەرەب بەکار ئەیبا، فەرهەنگی عربي "محیط المحيط" نوسيني مامۆستا (بطرس البستاني) ئەڵێ: الآجُر: معرب آگور بالفارسية وهو تراب يحكم عجنه وتقريصه ثم يحرق ليبنى. بۆ نزیک کردنەوەی بیروکەکە با ووشەیکی کوردی بارین، ئەمەیش ووشەی " بێستان"نە، ئەم ووشەیە لە سەرەتاوە "بۆسان"بووە، بەمانای ئەو شوێنە کە بۆنی سەوزی ومیوەجات تیایە، بەڵام کورد دووبارە وەریگرتووە لە عەرەب و ئەمڕۆ شێوازە عەرەبیەکەی بەکار ئەبا، کاتیک ووشەی "بێستان" شیکەیدەوە هیچ مانایک بۆد دەرناچی، بەڵام کاتیک ووشە کوردی ڕەسەنەکە بە کار بێوەی و بڵێ "بۆسان" یەکسەر ماناکەی بۆد دەرەچێ، بە مانای ئەو جێگەیە کە بۆنی سەبزی و میوەجات تیایە. دیسان، فەرهەنگی "محیط المحيط" پیمان دەڵێ: بستان: بوی ستان، بالفارسیە، ومعناها موضع الرائحة العطرة. لە ڕاستیا، هەر بەشی زۆری ئەم تێکدانەی زمانی فارسی و تا ئاستیکیش زمانە کوردیەکەی خۆمان، هۆە سەرەکیەکەی هاتنی عەرەبەکان بوو بۆ دەڤەرەکە و نیشتەجی بوونیان تیا و هەول و تەقەلایان بۆ بە عەرەب کردنی خەڵکەکەی لە ڕێ کەڵک و سوود وەرگرتن لە ئایین، کوردیش بە هەر شێوەیک بوو بە ئیسلام، بەڵام نەبوو بە عەرەب. ئەتۆ بیری لێکە، ئەگەر کاریگەری ئایین نەبێ، بۆ مرۆڤیکی کورد یان فارس ووشەی زمانەکەی خۆی دەگۆری بە ووشەیکی بێ مانا؟. هەر وەکو ووشەی "ئاگور" کە بە ئاگر پوختە دەبێ، بێگوری بە ئاجور کە هیچ واتایکی نامینی؟. هەتا ئەو شارە کوردیانە کە تەعریب کراون لە لایانی عەرەبەوە، بێ ئەوەی بیری ڵێ بکەنەوە خۆنەویستانە (لا إرادي) ناوە تەعریب کراوەکە بەکار ئەبەن. هەر وەکو (شنگاڵ) ئەڵێن "سنجار" یان (ئاکری) زۆربەی کوردەکان ئەڵێن "عەقرە" دیسانەوە، ئامیدی ئەڵێن "عمادیە" بە (شەهرەبان) ئەڵێن "مقدادیە" بە (ورازەروو) ئەڵێن "بلدروز" هتد. بەداخەوە، تەنانەت زۆربەی زۆری ڕاگەیاندنەکانمان و کەسایەتیە هەڵبژێراوەکانمان (نخبة) لە کاتی قسە کردن بە شێوەیکی قیزەوەن دەر کەون و لە عەرەبەکان عەرەب تر دیار ئەدەن، لە کاتێکا ئەڵێن: "بالفعل، بالضبط، إلى آخره، وبالتالي، برلمان، صوت، رحابة صدر، شعب، هەتادوایی". لە جیاتی هەوڵ وتەقەلا بدەن، تا زمانەکەمان لە ئەو ووشە بێگانە عەرەبیانە پاک بکەنەوە و ووشە ڕەسەنە کوردیەکە بەکار ببەن، ئەبینن خودی ڕاگەیاندنی کوردی بە شێوەیکی بەردەوام و بێ شەرمانە ئەو ووشە بێگانانە بە کار ئەبا. ئایا ئەمە بەڵگە نییە کە ئەمانە و هەرکەسێک یان لایانیکیش لە نموونەی ئەمانە بێ مێشک وتوانای لە لایانی عەرەبەوە داگیر کراوە؟. ئەگەر ڕێ پێم بدەین لەمبوارەوە با شتیک لە بارەی ڕاگەیاندنی کوردی بۆدان بگێرمەوە، ڕۆژێک تەماشای یەکیک لە کەناڵە کوردیەکانی خۆمان کرد، باسی یەکیک لە شارە تەعریب کراوەکانمان کرد، ئەوەیش شاری ( ورازەروو)ە، بەڵام کەناڵە بەڕێزەکە ناوە عەرەبیەکەی بەکار برد، ئەوەیش (بَلدروز)ە، کورتە نامەیک بۆیان ناردم و دەریخستم بۆیان کە ئەم ناوەی ئێوە بەکار ئەبەین ناوە تەعریب کراوەکەیە، بەڵام ناوە کوردیەکەی هەتا لە زاری مێژوو نووسی عەرەب بە ناوی (یاقوتی حەمەوی) (٥٧٤- ٦٢٦)ی کۆچی، لە پەرتووکە بە ناو بانگەکەی بە ناوی (معجم البلدان)ەوە، ناو ئەم شارە هاوردووە بە شێوە کوردیەکەی بە داڕشتنی عەرەبی (براز‌َروز - برازەروز). هەروەها (ابن فضل العمري) (٧٠٠- ٧٤٩) کۆچی، ئەڵێ لە پەرتووکە بە ناو بانکەکە ( مسالک الأبصار في ممالك الأمصار) (برازروز- برازەروز). پرسیار لێرا، ئەگەر ناوەکەی (بلدروز) باتایە ئە ئەم دوو مێژوو نووسە عەرەبە بۆ شێوازە کوردیەکەی نووسین؟. بەڵام کەناڵە کوردیەکە بە وتەی من نەکرد و تا ئەمڕٶش هەر شێوازە بێگانەکەی بەکار ئەبا و هەر ئەڵێ (بَلدروز) بەپێچەوانەی ڕاگەیاندنی کوردی، خەڵکی مەندەلی و دەوروبەر ئەمە سەدها ساڵە ناوە ڕەسەنەکە بەکار ئەبەن و ئەڵێن: (ورازەروو)، بێ ئەوەی دەمی خۆیان چەوت بکەن و بڵێن "بَلدروز".

بمبوورن پێشەکیەکە تۆزی درێژە کێشا، بەڵام پیوست بوو. ئێستایش با بچینە ناو بابەتەکەمان، ئەوەیش ووشەی "نەوروز"ە، کە کەسانی هەن لە تەلەفیزیونە کوردیەکان هەندی جار دەرەچن وهەر لە خۆیانەوە ئەڵێن ووشەی "نەورۆز" ووشەیکی کوردی نییە، بێ هیچ بەڵگەنامەیک، یان هێزی ئاخاوتن. ئەگەر لەسەر قسەی ئەمانە بچین، ئەم ووشانەیش کوردی نیین، پیرۆز و پیرۆزبایی و پیرۆزانە و پیرۆزمەندی. چۆنکە هەموو ئەم ووشانە لە ڕەگی پیرۆزن، کە بەمانای "پەرستراو، مقدس" بەڵام ناوەڕۆکی ووشەی "پیرۆز" مانایکی تری هەیە، ئەوەیش بەردەوامیە (استمراریە)، "پی رۆز"، "پی" یەکە، کورت کراوەی "پەی"تایە، بە ما مانای "بەردەوامی ڕۆزگار تاسەر" (إلى النهاية، إلى الأبد)، "تا" کە کورتکراوی "تاسەر"ە. ئێستایش ئێمە لێرا هەوڵ ئەدەین بسەلمینین، ئایا ووشەی (نەورۆز) هەر وەکو هەندی ئەڵێن ووشەیکی فارسیە؟، یان لەو ووشانە کوردیە کۆچ کەراوەکانە کە لە کاتی دەسەڵاتی فارسەکان بە سەر ڕۆژهەڵاتی ناوەراست کە نەتەوەی کوردیش یەکیک لەو نەتەوانە بوو، بەم شێوەیە کە ئەمڕۆ ئەبینین - نەورۆز- دووبارە کورد وەریگرتووە؟. هەر وەکو ئەو ووشانە کە لەسەرەوە باسمان کرد، چۆن فارسەکان لە کاتی زاڵ بونی عەرەب بە سەریانەوە دووبارە وەریان گرتەوە لە گەڵ هەندی بییروباوەڕ بە شێوازیکی عەرەبی. چۆنکە هەر نەتەوەیک باڵا دەست بێ ئاداب ونەریتی خۆی دەسپێنی بۆ سەر لایانە شکاوەکە، خودی فارسەکان، یان بە ڕاشکاو تر بڵێن ئێرانیەکان، پێش هاتنی ئیسلام باڵا دەست بوون لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست، هەتا وڵاتی میسریش لە ژێر ڕکێفەیان بوو، ئاداب و نەریەتی خۆیان سەپاندە سەر میسریەکان، لە وانە جەژنی نەورۆز، کە تا ئەمڕۆ قبتیەکانی وڵاتی (میسر) جەژنیکیان هەیە بە ناوی " نەوروزی قبتی". با ئەوەیش لە بیرنەکەین کە لایانی دەسەڵات داری تریش هاتە گۆڕەپانەکە شێوازە فارسیەکەی نەورۆز لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست پەخش و بڵاو کردەوە، ئەوەیش عەرەبەکان بوون، چۆنکە پیتی "ژ"یان نییە، شێوە فارسیەکە بەکار بردن، ئەوەیش "نوروز"ە، یان بە شێوازی عەرەبی فارسی "نیروز". (عەرەبە) شیعەکانی عێراقیش تا ئەمڕۆ لە نەورۆز جەژ دەگێرن. لە پێش هاتنی ئیسلامیش لە دورگەی عەرەب، عەرەبەکان لە نەورۆز جەژن گرتنە و هەڵبەستوانانیان هەڵبست نووسینە بە ئەم بۆنەوە، هەر لە "ئومروئی قەیس" ەوە تا "جریر" و "بوحتەری" و "بەدر شاکری سەیاب" هتد. هەتا خودی جریر (٦٥٣- ٧٢٨م) لە یەکیک لە شیعرەکانی ئەڵێ: عجبت لفخر التغلبي . . . تؤدي جزي النوروز خضعا رقابها. هەر وها بوحتەریش (٨٢٠-٨٩٧م) لە یەکیک لە هەڵبەستەکانی هاتنی نەورۆز باس ئەکا و ئەڵێ: أتاك الربيع الطلق يختاك باسما . . . من الحُسن حتى كاد أن يتكلما. وقد نبه النوروز في غسق الدجى . . . أوائل ورد كُن بالأمس نوما. پێش ئەمانەیش ئیمامی عەلی کوڕی ئەبی تالیب (٥٩٩ - ٦٦١م) کاتی شیرینی نەورۆز خۆرد، گوت: نوروزنا کل یوم. ئەم قسەو شیعرانە، کە یەکیکیان لای کۆمەڵیک (طائفة) وتەکانی پیرۆزە، دەوری یەک جار زۆری هەبوو بۆ پەخش و بڵاو بونەوەی شێوەی ووشەی نەورۆزی فارسی لە نێوانی عەرەب و پەیرەوانی ئایینی ئیسلام.

 ئێستا با تۆزیک بچینە ناو بۆچوونی زمان، لە زمانیش ناو ئەبێ مانای هەبێ، بۆ نموونە، کاتی تۆ بە ئەو پەلەورە ئەڵێ "مریشک" لە بەر ئەوەی مریکی وشکە، ناچیتە ناو ئاو وتەڕ نابێ. بە پێچەوانەی پەلەوری تر کە پێ ئەڵێن "مراوی" لە بەر ئەوەی مری ئاوییە، باڵندەی نێو ئاوە. ئەمە نیشان ئەدا کە زمان لە خۆیەوە شت ناڵێ، شتی بێ مانا لە نێو زمان نییە، چۆنکە ناو لە هەموو زمانەکانی جیهان دا ئەبێ مانای هەبێ. باشە، با بێنە سەر ناوی "نەورۆز" کە لە دوو ووشە پیک هاتووە " نەو" و "رۆز" باوەڕ ناکەم پیوستی بە شیکردنەوە بێ چۆنکە هەردوو ووشکە لە لای هەمووی کوردان ماناکەی بە ڕاشکاوی دیارە. بەڵام با ئەوەیش بزانن، کە لە زمانی کوردی زۆر پیت هەن ئاڵگور کڕێ، وەکو "ژ" بە "ز" یان بە پێچەوانە، بۆ نموونە وەک ئەم پیتانە، تیژرەو، تیزرەو. ژنو، زانو. ژیلەمۆ، زیلەمۆ . ژێراو، زێراو. ژیانەوە، زیندووبوونەوە. ژەهر، زەهر. ژەهراوی، زەهراوی. ژهۆر، زهۆر، هەتا دوایی. بەڵام ئەم "رۆز"ە، یان دروست تر بڵێن "روژ"ە، کە پێچەوانەی شەوە، لە کوێوە هاتووە، بێ گومان لە ناو ئەو ئەستێرەیە هاتووە کە ناوی (ڕۆژ)ە و کاتی دەرەچێ لە ئاسمان گۆی زەوی ڕووناک ئەکا، ئەلەبەر ئەمە بە ئەو دوازدە کاژێرە کە پێچەوانەی دوازدە کاژێرەکەی شەوە کورد ئەڵێ "ڕۆژ". با ئێستاش بزانین، ئایا فارسەکان بەئەم ئەستێرە ناو براوە ئەڵێن "روز" تا ناویکی دیاریکراو بێ بۆ بابەتەکە؟ (اسم على مسمى)، یان نیانە، هەر ناوە کوردییەکەیە دەستکاریی کردنە، چۆنکە فارس پیتی "ژ" بەکار نابا، ئەگەریش بەکار ببا زۆر بەدەگمەن. ئەمن فەرهەنگی فارسی "دهخدا"م هەیە گاوراترین فەرهەنگی فارسیە هەر چەند بۆی گەڕام سێ (٣) ناوی فارسی ڕەسەن لە پیتی "ژ"ی پەیدام نەکرد. ئە ئەمەیش ناوی (ڕۆژە، هەتاو) لە زمانی فارسی دا کە پێ ئەڵێن: " آفتاب، خور، خورشید، هور، مهر"وچەند ناو و ئاوەڵناوی بێگانەیش بە کار ئەبەن، وەکو" شارق، شمس، عجوز، غزالە، أبو قابوس، حورجاریە" هەتادوایی. ئەبینی، لەو ناوانە کە هەیانە ناوی " روز" تیان نییە؟، تا بڵێن ناوی " روز"ی دوازدە کاژێرەکە لە ناوی ئەو ئەستێرەوە هاتووە کە ناوی "روز"ە. ئەمەش هەروەکو لەسەرەوە باسمان کرد "ڕۆژ"ە کوردیەکەیە دست کاریان کردووە و لە سەردەمی دەسەڵاتی فارس لە دیر زەمانەوە شێوازە فارسیەکەی سەپاندیانە سەر گەلی کورد و ئەوانی تر، کە ئەمڕۆ ئێمەی کورد هەمانە، وەکو ناوی جەژنە نەتەوایەتیەکەمانە، بەڵام، ناوی خودی "ڕۆژ"ەکە، کە دوازدە کاژێرە - ڕۆژ- هەر وەکو خۆی مایەوە لای گەلی کورد. خوێنەری بەڕێز، لەو سەردەمی کە کورد ناوی "ڕۆژ" بە کار بردووە فارسەکان لە جاتی "روز" ئەو کاتە ناویکی تریان هەبووە بۆی. هەر وەکو لە ئينساكلۆپیدیا فارسی (دهخدا) لە بەشی (٨) لاپەرەی (١٢٣٤٦) هاتووە بۆ ناوی "روز"ی فارسی ئەمڕۆ لە دیر زەمانەوە: بە پهلوی رُچ بووە. بە پارسی - فارسی- باستان رئوچە بووە. بە کردی روژ بووە، هەتادوایی. ئەمە قسەی خودی زانا فارسەکانە، لەدیر زەمانەوە کاتی کە خۆیان ئەم ناوەی کە ئەمڕۆ هەیانە (روز) نەیان بووە، کورد هەر ئەم ناوەی کە ئەمڕۆ هەیەتی هەر خودی خۆی بووە، ئەمەیش هەر وەکو گوتین بە قسەی خودی زاناکانی نەتەوەی فارس؟؟. نەورۆزیش جەژنیکی کۆنە، جەژنیکی ئەو سەردەمەیە کە بە روزیان گوتووە "رئوچە" بەڵام کورد لەو سەردەمەووە هەر ناوی "ڕۆژ"ەکە بە کار بردووە، تا ئەمڕۆش ناوەکە هەر ڕۆژەکەیە؟.

بۆ زانیاری، جەژنی "نەورۆز" پێوەندیی ڕاستەوخۆ هەیە لە گەڵ ئەستێرەی "ڕۆژ"، چۆنکە کاتی ئەستێرەی ناوبراو لە ٢١/٣ دەچێتە نێو یەکەم برجی دوازدە برجەکەی ئاسمان کە ئەوەیش برجی کاوڕە (برج الحمل) لەو چرکەیە ساڵی نوێ سەری هەڵدەی و درێژەی شەو و ڕۆژیش یەکسان دەبێ، هەر یەکیکیان دەبێ بە دوازدە (١٢) کاژێر و وەرزێکی نوێیش پەیدا دەبێ پێ ئەڵێن وەرزێ بەهار.   

 پاش شیکردنەوەی ووشەی "نەورۆز" با ئێستا چەویک هەڵدەین بە مێژوو نووسان و ڕۆژهەڵات ناسان، تا بزانین چێ دەڵێن لەم بابەتە. لە پەرتووکە بەناو بانگەکەی زانا (رەشیدی یاسەمی) بە ناوی (کُرد و پیوستگی نژادی و تاریخی ئو) کە بە زمانی فارسی نویسیتی، لە چاپی سێ (٣)، چاپی "دار ابن سینا" لە لاپەرەی (١١٦) چیرۆکەکەی "شاهنامەی فردەوسی" بۆمان گێڕیگەوە، کە ئەڵێ: لەم سەر زەمینە پادشایکی ستەمکار هەبوو، ڕۆژیک لە ڕۆژان لەسەر هەردوو شانی دوو مار هاتنەدەرەوە، ئەم دوو مارە هەر ڕۆژیک مێشکی دوو مرۆڤی گەنج خۆراکیان بوو. پادشای ناوبراو، ئاشپەزیکی هەبوو دڵنەرم بوو، سەری یەک گەنج بڕی و تێکەلی کرد لە گەڵ مێشکی کاوڕیک، ئەو گەنجەکەی تر نارد بۆ شاخ، بە کات و رۆژ و زەمان کە تیپەڕی ژمارەیان زۆر بوو، لەوێ پێکهاتەی نەتەوەی کوردیان دروست کرد. بەدوایا وتی (يضيف)، ئەم کەسانە شۆڕشیان هەڵگیرسان دژی پادشا ستەمکارەکە، سەرکردەکەیان کەسێک بوو بە ناوی (کاوە)ی ئاسنگەر، چۆنکە خۆییش دوو کوری بوو بە خۆردنی دوو مارەکەی سەر شانی پاشاکە، لە کۆتایی، شۆڕشکە پیرۆز بوو و پاشایان لە بەین برد و بە بوونەیەوە هەر ساڵ لەو ڕۆژە جەژن دەگیرن. هەر چەند قسەکەی فردەوسی داستانە. لای منی کورد، نە خۆی و نە شاهنامەکەی هیچ گرنگیکی نییە، بەڵام لەبەر ئەوە ئاماژەم بە پوختەی قسەکەی کرد چۆنکە ئەو فارسە، لە ناو پەرتووکەکەی (ملحمە) دانیپینەی کە ئەم "نەورۆز"ە جەژنی کوردانە. هەڵبەستەکە کە (رەشیدی یاسمی) لە پەرتووکەکەی بڵاوی کردووە (١١) بەیت شعرە، ئێمە لێرا بەیتە کۆتایەکەی بڵاو کەینەوە کە ئەڵێ: کنون کُرد از آن دارد نژاد . . . كز آباد نايد بدل برش ياد. ئەڵێ: کوردان لە ڕەچەڵەکی ئەوانەن کە ئاشپەزەکەی پادشا دەربازیان کرد بۆ چیا. دیسانەوە، لە هەمان سەرچاوە لە لاپەرەی (١١٦) لە سەر زاری موریە (Morie) لە پەرتووکی (سیاحتنامەی دووم) لاپەرەی (٣٥٧) ئەڵێ: ساڵی (١٨٢١) ڕۆژی (٢١) ئازار ئێرانیان لە دەڤەری دەماوەند – سەر بە تەهران، پایتەختی ئێران- جەژن گرتن بە بوونەی رزگار بوونیان لە ستەمی پادشا زوهاک، بەو جەژنە گوتن "جەژنی کوردی". دیسان پروفیسۆر (فلادیمیر مینورسکی) لە پەرتووکی "دائرة المعارف " لە ژێر ناوی کورد، ناوی ئەم جەژنە کوردیە هاوردووە. هەروەها زانا (محەمەد ئەمین زەکی) لە پەرتووکەکەی کە بە ناوی (خلاصة تاريخ كورد وكوردستان من أقدم العصور التاريخية حتى الآن)ەو لە لاپەرەی (٤٧) لە زاری موریە ئەڵێ: هەر ساڵ لە (٢١) ئوگستی جژنی فولکلۆری بەرپا دەبێ بە بوونەی ڕزگار بوونی ئێران لە ستەمی زوهاک، دیسان ئەڵێ: تا ئێستا پێ ئەڵێن " جەژنی کوردان". دیسانەوە، زانا (ئەمین زەکی) لە زاری مێژوو نووسی ئەڵمانی (فون هامەر) ئەڵێ: دیرۆکی جەژنی کوردی لاپەرەێکە لە لاپەرەکانی مێژوو کورد. لە لاپەرەی (٤٨)ی پرتووکە ناوبراوەکەی (محەمەد ئەمین زەکی) لە زاری دکتۆر (فریج) لە کتابەکەی کە بەناوی (کوردلر)ە، ئەڵێ: ئەم جەژنی کوردە نیشانەی خۆشی و سەر کەوتن و رزگار بوونە لە ستەم و چەوساندنەوە لە دەستی زوهاک.

خۆینەری بەڕێز، ئەمە بۆچوونی منە بۆ ووشەی "نەورۆز"، شیانی هەیە هەڵەیش تیا بێ، هەرکەسێک گەرکیە بنرخینی، یان ڕەخنە ڵێ بگری، یان شتیک بیخەگە پاڵی، لاپەرەکە بازە بۆ هەمووان.