پێشەکی، لەبەر ئەوەی کەس بە هەڵە لە قسەکانم تێنەگا، با خوێنەری بەڕێز بزانی، کە من کوردیکی وڵات پاریزم، بە درێژایی ژیانم، قەت زیان بە گەلەکەی خۆم نەگەیاندوومە. نە بە گوتار نە بە کردار. بەلکو بەپێچەوانە، ئەووە ئەو لایانە سیاسیە بوو کە زۆرتر لە سی (٣٠) ساڵ خەباتی سیاسی لە ڕیزەکانی کردم زیانی مادی و مەعنەوی بە من و سەدان تێکۆشەری تری ڕێکخستنەکە گەیاند، کاتی کۆنە جاشەکان و سیخوڕەکانی سەدام حوسينی گۆڕبەگۆڕ لە لایانی خزم و ئاشناکانیانەوە، کە دەسەڵات دارانی ناو حزبەکەن، مافە ڕەواکانی ئێمەی تێکۆشەرانی دێرینی حزبەکە بە شێوازیکی نا پاک و گەندەڵ و ریاکاری بۆیان زەوت کرد. ئایا ئەمە ڕەفتاری حزبیکە کە بیست و چوار کاژێر لە ڕاگەیاندنەکەی هاوار ئەکا، کە هێشتا بەر دەوامە لە خەباتی بێ وچان بۆ چەسپاندنی دادپەروەریی کۆمەڵایەتی، لە کاتیکا دادپەروەر نییە لە گەڵ ئەندامەکانی خۆ؟؟؟.

 

لەبەرئەوە ئەو کورتە پێشەکییە لە سەر مێژووی ڕامیاری (سیاسی) خۆم نووسی، تا خوێنەری هێژا ئاگادار بێ، کە من کەسیکی دوژمن یان ئاژاوەگێڕ نیم، بەڵام ناوەڕۆکی وتارەکە نەختێک هەستیارە، لەبەرئەوە پەیوستی بەم دەرخستنە بوو، چونکە وتارەکە پەیوەندیی ڕاستەوخۆ هەیە بە سیکۆلۆجی کەسایەتی کورد لە باشووری کوردستان. ئەم بەشەی وڵاتی کوردستان کە ئەمە هەزاران ساڵە ئامانجی داگیرکەران و چاوچنۆکەکانە، بە تایبەت لەم پەنجا ساڵە دواییە، داگیر کەریکی عەرەبی گۆربەگۆر بە ناوی سەدام حوسەین لە یەکەمی ڕۆژی کە دەسەڵاتی ڕامیاری قەوارەی عێراقی گرتە دەست، بێجگە لە جەنگی سوپایی دژی خەڵکی بێچەک (أعزل) کە ئەنجامەکەی ئەنفالە بەد ناوەکە و بومبارانی هەڵەبجە بە چەکی کیمیایی و کۆمەڵ کوژیی گەنجە بەندکراوە فەیلیەکان و بەهدینانیەکان بوو. دەستی کرد بە جێبە جێکردنی سیاسەتیکی یەکجار ڕسواز(دنئ) دژی گەلی کوردی ئاشتیخواز لە باشووری کوردستان، ئەوەیش جەنگی دەروونی بوو. رژێمی حزبی بەعسی عروبی، بە شێوازیکی نەگریس جێبەجێی خاڵەکانی ئەو جەنگە کرد تا کاریگەری رێژەیی سەدی جەرگبڕ بێ لەسەر بیروڕا و هەست و هۆش و ڕەفتاری کەسایەتی کورد. با ئەوەیش بزانن، کە جەنگی دەروونی، تەنها ناوی جەنگە، بەڵام دەتوانی لە کاتی شەڕ و ئاشتی دا بەکار ببەی بۆ ڕووخاندنی هێزی دەروونی ئەو لایانە نەیارە. ئامرازەکەیشی بەکار بردنی هەموو ئەوەی لە توانایا، وەکو، سوپا، ڕامیاری، ئابووری، پڕوپاگەندەی ڕەش، ڕاگەیاندن بەهەموو جۆریکەوە بۆ زاڵبوون بە سەر ڕای دژمنەکەت. ئایا ئەزانن کە ئەو کۆمەڵگایە، بە نێر ومێ، بە گەورە و منداڵ کە تووشی جەنگی دەروونی بێ، لە شانی جەنگی ڕاستی،  ئاکامەکەی لەکۆتاییدا چییە و چۆنە؟. لە راستیا کۆمەڵگایکی سەقەت و نەنگدار ڵێ دەرەچێ، بێ گومان وەکو زۆربەی زۆری کۆمەڵگای تێکدراوی کوردی لە باشووری کوردستان. یان رەوەندی کوردی باشوور لە هەندەران، بەتەواوی درێژەبوونەوی زۆربەی کۆمەڵگا دووڕوو و دووزمانەکەی باشوورە . دەنا بۆ کاتی خۆ بزوتنەوەی ئازادی خوازی کوردستان بە هەموو لایانەکانیەوە، هەشت یان نۆ هەزار پێشمەرگەی هەبوو، سەدام حوسەین بە نفرین بێ، دووسەدهەزار جاشی بوو؟. ئایا ئەمە چی ئەگێنێ؟. لە کوێ لە ناو گەلانی جیهان، ژمارەی خۆفرووشان لە ژمارەی بەرەی ئازادی خوازان زۆرترە؟، بێجگە لە باشووری کوردستان نەبێ. با قسەیک لە زاری مام جەلال بۆدان بگێرمەوە، لە سەرەتای نەوەدەکان جەنابی بە شێوەیکی نە راستەو خۆ رەخنەیکی کاریکاتیری لە خەڵکی باشوور گرت، ئەوەیش ئەمە بوو، ئەڵێن بە مام جەلال شیانە سەدام حوسەین بە چەندسەد تانک هێرش بکا سەری کوردستان، لە وڵام دا مام گوت بوو، ئێستا لە تانکەکانی سەدام ناترسین، چونکە زنجیرەکەی لە ئێران قیمەت ئەکا. ئەم قسەی مام جەلالە ئەوە دەرئەخا کە خەڵکەکە هیچ بایەخی بە کورد و کوردستان نادا، تەنها بەرژەوەندی تایبەتی خۆ لە بیرە، ئامادەیە بۆ چاوچنۆکی خودی گیانی خۆ لە مەترسی دابنا، بەڵام لە کاتی هێڕشی سوپاکەی سەدام حوسەینی داگیرکەر، پێش ئەوەی زنجیری تانکەکانی پارە بکەن لە ئێران، بۆ یەک چرکەیش بەرگریان نەکرد، هەموویان راکردن بۆ سنوورەکانی باکوور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان. ئەم ڕووداوانە ئەوە ئەگێنی کە جەنگی دەروونی لە لایانی داگیرکەرەوە دژی گەلی کورد لە باشوور زۆر کارگەری نالەباری بووە لە سەر تاکی کورد لەم هەرێمە. سیاسەتی پەخش و بڵاو بوونەوەی بێئابڕوویی لە شارەکانی باشووری کوردستان ئامانجی سەرەکی رژیمە دوابەدوای داگیرکەرەکانی عێراقی بوو. یەکیک لە نموونە قەیزەوەنەکەی، دەستدرێژی کردنەکەی "مولازم موحسن" لە سەر. . . خەڵکی سلێمانی، یەکیک لە هۆکانی شەڕی دەروونی بوو بۆ وردکردنی کەسایەتی کورد. دیسان، قەدەغە کردنی فرۆشتنی گۆڤاری شەبەکەو و مەوعدی نیمچە بەرەڵڵایی لە بەغدا و بڵاوکردنەوەی تەنها لە باشووری کوردستان و نمایشدانی فیلمی بێ شەرمی لە سینەمەکانی کوردستان ئامرازیکی تر بوو لە ئامرازەکانی جەنگی دەروونی بۆ بڵاوبوونەوەی تێکچوونی ڕەوشتی لاوانی کورد. هۆیکی تر لە هۆکانی شەڕی دەروونی لە باشوور، ئەوەیش چەواشەکاری و نوکتە بوو دژ بە کەسایەتی کورد. کاتی خۆ، لەسەر دەستی رژیمی بەعسی لەناوچوو لە بەڕێوەبەرایەتی هەواڵزانین (مخابرات) لقیک هەبوو، کاری پێکهێنانی نوکتە بوو لەسەر تاکی کورد و بنی پژانی کچان. نوکتەکەیش دەستی پێ کرد: فد کوردی، یەک کوردیک. . . ؟. یان پڕسین لە کوردیک گوێەد هاکۆ. یان پڕسیاریان کرد: تۆ کوردی یان موسڵمان. یان کورد ئینسان نییە، کورد جنوکەیە، شەیتانە پەردە لەسەریان لا دراوە. بەداخەوە، ئەم بیماریە پیسە ئەمڕۆ جێگیر بووە لە ناو خەڵکی شاری سلێمانی، شاری ڕۆشنبیری کوردستان، ڕۆژانە نوکتەی بێ تام و چێژ لەسەر بەشیکی تر لە نەتەوەکەی خۆیان پێکهێنن، بێ ئەوەی بیری لیکەنەوە ئەم نوکتەیە چەند زیانی کوشندە بە پڕسی نەتەوەی کورد ئەگێنی؟. ئایا ئەمە پاشماوەی جەنگی دەروونی نییە بۆمان ماوەتەوە؟؟. هەتا لە دەڤەری گەرمیانیش، شەڕی دەروونی کاریگەری یەک جار خەراپی هەبوو لە سەر ڕەفتاری کوردەکانی گەرمیان، بەتایبەت مەندەلی (قەڵەولس) و خانەقین، بیرکەرەوە کەسیک بە وڵاتەکەی خۆ، کە ناوی کوردستانە بڵێ "شمال"هەر وەکو عەرەبە رەگەزپەرەستەکان ئەڵێن، ئە ئەم کەسە، ئەگەر بیماری دەروونی نییە، بەس چییە؟؟؟. دیسان، لە ماڵ و ئاوای و ئەرزی خۆ دەربەدەر بووە لە لایانی رژیمی بەعسی خوێن مژ، پاشان لە شاری بەغدا یان لە شاری تر کە نشتەجێ ئەبێ خێرا ئەچووە پاڵ حزبی بەعسی عروبی و ئەبێ بە بەعسیکی پیس. کورد و بەعسی، چون، نازانم؟. ئایا ئەم کابرایە نەیزانی دروشمی سەرەکی حزبە رەگەزپەرەستەکەی عەرەب ئەڵێ: "أمة عربية واحدة . . . ذات رسالة خالدة" ئەم دروشمە عروبیە لە کوێ دانا؟؟. ئەئەمە بەهرەوەری شەڕی دەروونیە کە عەرەب کردی و ئەیکا دژ بە گەلی کورد؟؟. بەم ڕۆژانەیش کوردە شیعەکانی شاری بەغدا و دەوروبەر (فەیلییەکان) گوێەم ڵێ بوو چونەتە ناو "حەشدی شیعی"وە. ئەم لەڕێی ڕاست لادانە، بە ڕاشکاوی نیشان ئەدا کە ئەم توێژە (شریحە) چوونە پاڵ رێڕەوی ئایینی، ئاسان ترە لای بۆ چوونە پاڵ نەتەوە چەوساوەکەی خۆ!!. لە هەندەرانیش، هەندی کورد هەن، ڕۆژانی هەینی دەچنە مزگەوتی عەرەبەکان بۆ نوێژ کردن، زۆر جار شێخەکەیش لە ناو وتارەکەی قسەی بەد دژی کورد ئەکا، کوردە نوێژ کەرەکان لە گەڵ عەرەبەکان دەستیان بەن بەرەو ئاسمان و ئەڵێن: "إله آمين". لای ئەمانە بێ بەڵگەی فەرمایشتی شێخەکە هەرچێ بڵێ پێ جێ قەبوولە لای ئەو، بە بێ چون و چرا، هەتا ئەگەر پێ گوت دەرچونی ژنەکەت لە ماڵ بۆ ئیش حەرامە، ئیتر حەرامە بێ گفت و گۆ. خوێنەری بەڕێز، دیسان، سەدان و هەزاران بارودۆخ هەیە وەکو ئەمانەی باسمان کرد لە ناو بابەتەکەمان، پەیوستی بە چارەکردن هەیە.

 

لە ساڵی (١٩٢٠)وە، کاتی قەوارەی دروستکراوی عێراق لە لایانی بەریتانیەوە دامەزرا، ئەم قەوارە نا یاساییە جەنگی هەمە جۆری هەڵگیرسان دژی گەلی کورد لە باشووری کوردستان. بیرڵێ کەنەوە، سەد ساڵ شەڕی ناپاڵم و ئەنفال و بومبارانی هەڵەبجە بە کیماوی و تەبعید و تەهجیر و تەبعیس و ڕەفتاری ڕەگەزپەرەستی و هەتادوایی، دژی نەتەویکی ئاشتیخواز، چێ بە جێ ئەهێلی؟. ئایا، ئەو کەسەی بەتاکی تەنها لە ناو خانەوادەکە نەجاتی هەبووە لە ئەنفال، یان لە بومبارانی کیماوی، حالەتی دەروونیی چون ئەبێ؟. یان ئەو مندالە کوردە کە لە بەر چاوی سەدها کەس کوژراوە، ئێستا ژیان چون بەسەر ئەبا، هتد هەتد هەتد. ئەمڕۆ ئەرکە لەسەر شانی حکومەتی هەرێمی کوردستان بنکەی ئامادەکردن باز بکا بۆ ئەو کەسانە کە بە دەستی ئازاری دەروونی ئەناڵێنن، ئەمانەیش کەم نیین لە کوردستان یان لە هەندەران. ئەگەر ئەمانە چارەسەرنەکرێن، لە ئایندەیکی نزیک تووشی کۆمەڵگایکی بیمار ئەبین؟، ئەوە ئێستا بە ڕاشکاوی سەری هەڵداوە لە ناو کۆمەڵگای کوردی، بەچاو خۆمان ئەبینین هەموو جۆرە تاوانیک، کوشتن و دزی و سەرپیچی لە لایان زۆرینەی کوردی باشوور بە ڕۆژانە ڕووئەدا، چ لە ناوەوەی وڵات، چ لە هەندەران. هەر چەند ئێمەیش وەکو زۆربەی خەڵکەی باشوور، باوەرمان نە بە حکومەتی هەرێم و نە بە حزبە سەرەکیەکانی کوردستان نەماوە، بەڵام دووبارەی ئەکەینەوە، ئەرکی سەر شانی ئەو لایانەیە کە لە سەرەوە ناویان هاوردین، ئەم گیروگرفتە بە زودترین کات بە شێوازیکی زانستی چارەسەر بکەن.