لە یادی ٨ ی مارس رۆژی جیهانی ژنان لە ٢٠١٦، لە هەرێمی کوردستان پەرلەمان نەماوە تا وەک ساڵانی رابردوو داوای باشکردنی یاسا دژە ژنەکانی لێ بکەین . . سەرۆکی هەرێم کەس نازانیت لە کوێ خەریکی چیە تا نامە بێ وەڵامە پڕ لە واژۆکانی بخەینە بەردەست . . حکومەتی هەرێم لایەکی ڕووخاوە و لایەکەی تری دوودەوامن، کاتیان نیە تا سەیری لائحە و لیستی داواکاریەکانی ئێمە ی ژنان بکەن . . کەوایە لەم ٨ ی مارسەدا چی بکەین ؟ . . با ٨ ی مارسی ئەمسال ڕێکخراو و چالاکانی ژنان ئەو تەقلیدە باوە تێک بشکێنن کە تەنها بۆ داواکاری مافەکانی ژنان بێنە مەیدان، با ئەمساڵ ٨ ی مارس بکەینە ڕۆژی هێز نواندنی جەماوەری ژنان دژ بەم دەسەڵاتەی هەرێم و بۆ داواکاری موچە و نان و ئازادی و خزمە تگوزاری جەماوەری ژنان بێنینە مەیدان . . . هەموو باش دەزانین ئەم دەسەڵاتە دەمێکە نەک هەر باکی بە ژیان و سەلامەتی و مافەکانی ژنان نەماوە، بەڵکو باکی بە ژیان و گوزەرانی زۆربەی هەرە زۆری خەڵکی کوردستان نەماوە و چەند مانگێکە موچە و دەرماڵە و کارەبا و نەوت و غاز و ئاو و خزمەتگوزاری تەندروستی و خوێندنی هەمووی بڕیوە و، تەنها خەریکی پاراستنی دەسەلاتە لەرزۆکەکەی و سەروەت و سامانی بنەماڵە و بەرپرس و سەرکردەکانیەتی . . ئەم دەسەڵاتە خەڵکی کوردستانی گەیاندوە بە جێیەک کە هیچ ڕۆشناییەک لەبەردەمیان بەدی ناکەن بۆ باشتر بوونی باری ژیان و گوزەران و دابین کردنی خزمەتگوزاریە سەرەتاییەکان . . ژنان هەم وەک خۆیان و هەم وەک ئەندام و سەرپەرشتیاری خێزانیان بە قورسی باجی ئەم بارو دۆخە دەدەن، چونکە جگە لەوەی کە بەشێکی زۆری هێزی کار وەک مامۆستا و کارمەند و کرێکار پێک دێنن کە موچەیان نیە، هەروەها ئەرکی بەڕیوەبردنی ماڵ و ژیانی خێزان و سەرپەرشتی مندالان و وە بەردەوامی توند تیژی خێزانی لەسەریان لە ماڵەوە، دەیان ئەوەندەی جاران قورسایی دروست کردوە بەسەر ژیانیاندا . . بۆیە چالاکان و ڕێکخراوەکانی ژنان ئەگەر دەیانەوێت لەم ٨ ی مارسەدا وەک نوێنەری راستەقینەی هەم نەهامەتیەکان و هەم داواکاری و خەباتی ژنان دەرکەون، ئەوا با بانگەواز بکەن لە جەماوەری ژنان تا رۆژی ٨ ی مارس بکەنە رۆژی مانگرتنی سەرتاسەری ژنان بۆ داوای یان گەڕانەوەی موچە و دەرماڵە و خزمەتگوزاریەکان بۆ هەموو خەڵکی کوردستان، وە یان ئیستقالە دانی ئەم حکومەت و دەسەڵاتەی ئیستا . . . ئەمە نمونەیەکی سەرکەوتووی خەباتی ژنانی زۆربەی وولاتەکانی ئەوروپا بوو لە سەرەتای سەدەی ٢٠ دا کە سالانی دوای راگەیاندنی ٨ ی مارس وەک رۆژی جیهانی ژنان، بە خۆپێشاندانی ملیۆنی لە یادی ٨ ی مارسدا چەندین جار ئەوروپایان هەژاند و جگە لە داواکاریەکانیان بۆ باشتر کردنی ژیان و مافەکانی ژنان، هەروەها بە داواکاری " نان " و " ئاشتی " و " وەستانی شەر" بزوتنەوەیەکی فراوانیان بەرپا کرد و هێزێکی گەورە و کاریگەری خەبات و شۆڕشەکانی ئەو سەردەمە بوون . . ٣/٣/٢٠١٦