دڵگران مه‌به‌ دڵگران

هه‌ر من و تۆ درۆمان بۆ یه‌ك نه‌کردووە،

هه‌ر تۆ نه‌توتوە: ده‌ڕۆم.

هه‌ر غرووری منیش نییە نه‌شکاوه‌،

که‌ نه‌موت: مه‌ڕۆ

هه‌ر تۆ دوور له‌ من و

هه‌ر من له‌تۆ دوور نیم،

هه‌ر من دڵ ته‌نگی تۆ و

هه‌ر تۆ بۆمن دڵته‌نگ نی،

هه‌ر من بۆ تۆ حه‌رام و

هه‌ر تۆ بۆ من تاوان نی.

هه‌ر باڵه‌کانی په‌پووله‌ی حه‌زی من و تۆ نه‌سوتێنراوه‌

ئه‌ی دۆست

ته‌ونی جاڵجاڵۆکه‌ی زه‌مه‌ن

هه‌ر له‌ ڕووحی من و تۆوه‌ نه‌ئاڵاوه‌

هه‌ر پێکی عیشقی من و تۆ نییه‌،

 که‌نه‌شکێنراوه. ‌

هه‌ر چاوی تۆ بۆ من و

چاوه‌کانی من بۆ تۆ

فرمێسکیان تێدا قه‌تیس نەماوه‌،

هه‌موو خه‌نده‌کان

. درۆ ده‌که‌ن

هه‌ر وه‌ك من و تۆ و

خه‌نده‌کانمان.

هه‌موو ئامێزه‌کان خاڵین

هه‌ر وه‌ك من و تۆ حه‌رامین

 له‌یه‌ك!.

هه‌موو لێوه‌کانیش وشکن وشك

هه‌ر بێخوناوی لێوی یار نین.

ئەی دۆست!

له‌م مه‌مله‌که‌تی درۆینه‌دا هه‌موان

ده‌ستنوێژی دووری ده‌ستی یاریان

هه‌ڵگرتوه‌ و

شه‌ڕابی حه‌زیان له‌ گۆزه‌دا

خه‌فه‌ کردوه.

خەندەکانیان زیندەبەچاڵ کردووە، و

حەزەکانیشیان لەخاچ دراوە.

 

ڕانیه‌

ئەفســـانە ســـروش