لەهەر موسیککارێک، یان دەرونناسێکیش، پرسیار بکەیت: موسیک سودی چییە بۆ مرۆڤ؟

پێت دەڵێت، ئارامی دەدات بەرۆح، یارمەتی دەدات بۆ لەیادکردنی گرفتە دەرونییەکان، بەڵام ئیستا لەکوردستاندا، موسیک نە ئارامی دەدات بەرۆح، نەکەڵی لێ وەردەگیرێت بۆ بچوککردنەوەی گرفتە دەرونییەکان.

ئێستا کوردستان لەدۆخێکدایە، سەیر نییە، کە بەهۆیەوە گرفتی دەرونی بۆ هەریەک لەتاکەکانی دروستبوبێت.

ناکرێ وڵاتێک قەیرانی دارایی کاریگەریی بچوک و گەورەی لەسەر ژیانی هەموو خەڵکەکەی دروستکردبێت، پێت وابێ، بێزاریی تێیدا سەری هەڵنەداوە.

ناکرێ وڵاتێک لەقۆناغی جەنگدا بێت، پێت وابێ قەلەقی هەموو تاکەکانی داگیرنەکردووە، قەلەقی بۆ سەرکەوتنمان بەسەر دوژمنێکی دڕندە، قەلەقیمان بۆ سەلامەتی پێشمەرگە.

ناکرێ سەرمای ئەم ساڵ دڵتەنگی نەکردبین، بۆ مناڵە ئاوارەکان، بۆ پێشمەرگە گیانفیداکان.

پرسیار لێرەدا ئەوەیە، لەناو ئەم هەموو نیگەرانی و گرفتانەدا، کە رۆحی ئینسان ویران دەکات.

کامەیە رۆڵی موسیک؟ ئەو موسیکەی کە هاوڕایی گەورە هەیە لەسەر ئەوەی، ئارامی دەدات بەرۆحی ئینسان، ئەی لێرەو لەناو ئەم هەموو نائارامییە رۆحییەدا، کامەیە هەوڵی هونەری بۆ ئارامی بەخشین بە میللەتێکی نائارام؟ کامەیە کارو پێگەو چالاکی موسیک لەکوردستان.

هەولێر پایتەخت و گەورە شاری کوردستانە، هەم قەیرانی دارایی خەڵکەکەی نیگەران کردووە، هەمیش هاوسنوری لەگەڵ جەنگدا، قەلەقی لەم شارەدا خولقاندووە، هەمیش سەرمای ئەم ساڵی خەڵکەکەی دڵتەنگکردووە بۆ پێشمەرگەو ئاوارەکان، بەڵام لەم گەورە شارەدا کە جمەی دێ لەخەڵک، رۆحی خەڵکەکەشی جمەی دێت لەنائارامی موسیک بێ دەنگکراوە، نە ئێوارەیەک هەیە بۆ موسیک و نەچالاکییەکی موسیکی ئەنجام دەدرێت بۆ گێڕانەوەی ئارامی بۆ رۆحی خەڵکەکەی.

ئەو بێ دەنگکردنەی موسیک لەهەولێردا و لەم کاتە هەستیارەدا، تەنها ئەوە دەدات بەدەستەوە، کە بڵێین نە دەسەڵات و دەزگا تایبەمتەمەندەکان تێ دەگەن لەگرنگی موسیک، لە کاریگەری موسیک بەسەر رۆحی ئینسانەکانەوە، نە موسیککارانیش دەیانەوێ، رۆڵی موسیک بۆ موسیک بگێڕنەوە.

لەم بێ دەنگکردنەی موسیکدا، دەزگا تایبەمەندەکانی موسیک ئەوە دەسەلمێنن، کەرای ئەوان پێچەوانەی هەموو را زانستییەکانە، لای ئەوان موسیک هۆکارنییە بۆ ئارامکردنەوەی رۆحی ئینسان.

گەر وانییە، چی وایلێکردوون، لەم نا دۆخە پڕ نائارامییەی رۆحی هاونیشتیمانیاندا، موسیک بێ دەنگ بکەن و هاندەر نەبن بۆ ژەنینی موسیک، بۆ رۆحە ماندووەکان، بۆ رەواندنەوەی نیگەرانییە هاوردەکراوەکانی دەستی جەنگ.

لەم بێ دەنگکردنەی موسیکدا، گروپ و تیپە موسیکییەکان ئەوە دەسلمێنن، کە بۆیان سەختە ئێوارەیەکی بێ پاداشتی موسیک سازبکەن، ئەو گومانە دەخولقێنن، ئالەتەکانی ئەوان هەمان ئالەتی ئەو موسیککارانە نییە، کەخۆ بەخشانە بۆ رۆحی ئینسان موسیک دەژەنن، گەر وا نییە، لەناو ئەو هەموو گروپ و تیپە موسیکەدا، کامیان کۆنسێرتێکی بۆ نائارامی خەڵک شار سازکرد، کامیان بیری لەوەکردەوە، موسیک هۆکارە بۆ ئارامکردنەوەی رۆحی ئینسان، تا لەناو ئەم هەموو نا ئارامییەی رۆحی هاونیشتیمانیاندا موسیک بۆ شار بژەنن.

تۆ بڵێی دەزگاو دامەزاوە هونەرییەکانیش پێیان وابێ، موسیک تەنها بۆ شایی و سەمایە؟ پێیان وابێ ئیستا کە دۆخی جەنگە، ژەنینی موسیک، سازکردنی ئێوارە موسیک دەبێتە شەرمە بۆیان؟

بۆ نا؟ گەر وانییە کامەیە بەرهەمی ئەوان بۆ خەمەکانی خەڵکی شار؟

تۆ بڵێی گروپە موسیکییەکان وا تێبگەن، موسیک بۆ کاتی شادی و خۆشییە، پێیان وابێ، لەم دۆخەی وڵاتدا ژەنینی موسیک شورەییەو دەبێ ئەوانیش بەدیار خەمەکانی خەڵکەوە دانیشن؟

بۆ نا؟ گەر وانییە، بۆچی بێ دەنگ بەدیار قەلەقی و نیگەرانییەکانی شارەوە دۆشداماون؟

بۆچی هەر ئێوارەیەک و موسیک بۆ شەهید، بۆ پێشمەرگە، بۆ ئاوارەکان ناژەنن.

من وای دەبینم وەڵام ئەوەیە، کە سپۆنسەری کاریان دەستناکەوێت و ناشیانەوێ خۆ بەخشانە موسیک بۆ شەهید، بۆ پێشمەرگەو ئاوارەکان بژەنن، نایانەوێ خۆ بەخشانە موسیک بۆ رەواندنەوەی نیگەرانییەکانی خەڵک بژەنن؟

گەر وانییە، فەرموو گروپێک، تیپێکی موسیک، وەڵاممان پێ بدات.

تێبینی: منیش موسیککارم و لەو بوارەدا خوێندومە، ئەم رەخنەیە خودی خۆشم دەگرێتەوە، بەڵام ئەو کارانە زیاتر بەدەسەڵاتی ئەو بوارە، و بەگروپ و تیپە هونەرییەکان دەکرێ، نەک بەتاکێک.