کێ دەیکات، کێ دەیخوات  ... نەجات عەبدول حەمید

میللەتی کورد هەر لەسەرەتای مێژووەوە بە ئازایەتی و نەبەردی ناسراوە و هەر ئەو شەڕکردن و ئازایەتیەی وای کردووە کە بتوانێ بۆ ماوەی هەزاران ساڵ زمان و کەلتووری خۆی بپارێزێ. بەڵام زل هێزەکان ئەو ئازایەتیەیان بۆ بەرژەوەندی خۆیان بەکارهێناوە و لەدواییش بە کوردیان گوتووە سوپاس، بەڵام سوپاسەکە بێ پاداشت بووە.

هەر لە شەڕی چاڵدیرانەوە بگرە تاکو شەڕی ئەمڕۆی داعش هەر ئەوە حاڵمان بووە.

شەڕی چاڵدیران لە ساڵی ١٥١٤ لە نێوان سەفەویەکان و عوسمانیەکان لەناو جەرگەی ووڵاتی کوردستان ڕوویدا و زۆری شەڕەکە بە کورد کرا. کوردەکان هەڵیان بژارد کە پشتی عوسمانیەکان بگرن لەبەر ئەوەی عوسمانیەکان سوننە مەزهەب بوون و سەفەویەکان شیعە بوون و هەروەها لەبەر ئەوەی سەفەویەکان زۆر ستەمکاریان لە دژی کوردەکان کردبوو. عوسمانیەکان شەڕەکەیان بردەوە و بەمەش زۆربەی کوردستان کەوتە ژێر باڵی عوسمانیەکان و وەك پاداشت عوسمانیەکان ئۆتۆنۆمیان دا بە کورد و ئیعتیرافیان بە ئیمارەتە کوردەکانی ئەو کات کرد، بەڵام هەر ئەو عوسمانیانە بوون کە لە ساڵی ١٥٥٥ لەگەڵ سەفەویەکان پەیمانی ئەماسیایان بەست و بە ڕەسمی کوردستان دابەش کرا و سنووری نێوان هەردوو ووڵات دامەزرا. ئینجا چەند پەیمان و ڕێککەوتنی تری بەدوادا هات تاکو سەرەتاکانی سەدەی بیست، بەمە گرفتی کورد قووڵتر بوو.

جارێکی تریش کورد بەکار هات لەلایەن عوسمانیەکانەوە بۆ جینۆساید کردنی ئەرمەنیەکان کە یەکەم قۆناغی لە ساڵی ١٨٩٥ دەستی پێکرد. عوسمانیەکان کوردەکانیان هاندا بۆ ئەم جینۆسایدە بە وادەی دەست بەسەردا گرتنی زەوی و زاری ئەرمەنەکان تاکو باری ئابووریان پێ باشتر بکەن، و هەروەها لەلایەکی دیکەوە بە بیانووی کوشتنی غەیرە دین.

بەهەمان شێوە شێخ مەحمودی حەفید خۆی و هەزار لە شەڕکەری ئازای کوردی بەرەو بەسرا برد بۆ یارمەتیدانی عەرەبەکان لە شەڕیان لەگەڵ ئینگلیز لە سەرەتاکانی شەڕی جیهانی یەکەم. بەڵام لە دوای دامەزراندنی دەوڵەتی عیراقی و سەرۆکایەتیە یەك لە دوای یەکەکان ئەو چاکەی شێخ مەحمودیان هەر لە خەیاڵ نەما و بەڵکو بە بەکرێگیراوی ئینگلیز لەقەڵەمی دەدەن.

ئێستاش بە هەمان شێوە، کاتی کە داعش سەری هەڵدا کورد دڵنیا بوو کە ئەمانە بۆ کورد نەهاتوون و ئەوانە عەرەبی سوننەن و بۆ لابردنی شیعە هاتوون بەڵام مێزەکە وەرسووڕا و شەڕی ئێستای لێکەوتەوە.

کورد لە جیاتی سوپای عیراق و دەوڵەتانی تری جیهان شەڕ لە دژی داعش دەکات بەو توانا سنووردارە و بێ چەکیەی، کورد تەنها بە ئازایەتی و شان و بازووی پێشمەرگە قارەمانەکانی شەڕ دەکات کە یەك لە دوای یەك لە مەیدانی جەنگ وەك گەڵای پاییز هەڵدەوەرێن.

هەر بەپرسیارێکی نێو دەوڵەتی کاتی کە دێت بۆ کوردستان و دوای میوانداری کردنی و سمێڵ چەورکردنی بە پڵاو و برنجی کوردی دەڵێت پێشمەرگە زۆر ئازان و پێویستە چەکیان بۆ بنێرین.

باشە ئەدی چەك ناردن و شەڕکردن نابێت دوا ئەنجامێکی هەبێت؟ ئێمەی کورد بۆچی ئەم شەڕە دەکەین کە کۆتاییەکەی دیار نەبێت، کە ڕووناکایی لەوبەری تونێلەکە بەدەرنەکەوێت، کە ئامانج و وادەی سەربەخۆیی تیا بەدی نەکرێت، کە کۆبوونەوەی ٢٢ی مانگی ڕابردوو لە لەندەن کە ٢١ دەوڵەت لەسەر ئاستی وەزیرانی دەرەوەیان بەشداریان تیا کردبوو بۆ دۆزینەوەی ڕێگاچارە بۆ بەزاندن و لەناوبردنی داعش هەر نەفەرێکی کوردی تیا بانگهێشت نەکرابوو و هەر ئاوڕیشیان لێنەدابوونەوە، کە ئۆردوگان بە هەموو هێز و توانایەوە ڕێگری دەکات لە دامەزراندنی ئۆتۆنۆمی بۆ کوردی ڕۆژئاوا.

ئایا ئێمەی کورد تاکەی ئەو شەڕی بە وەکالەت بۆ خەڵکی تر بکەین و دواییش بە سوپاسێك بەجێمان بهێڵن؟

کورد پێویستی بە سوپاس نیە، پێویستی بە قسەی زل و زەبەلاح نیە، پێویستی بە کردارە. لەمەودوا دەبێت ووڵاتانی دەرەوە کرداریان هەبێت. تا کەی ووڵاتانی دونیا یەك لەدوای یەك سەربەخۆیی وەربگرن و ئێمەی کورد هەروا بمێنینەوە؟

جارێك ئەفسەرێکی خەڵکی لیبیا پێی ووتم " ووڵاتانی ئەوروپی و ئەمریکا هەرگیز ناهێڵن ئێوەی کورد و ئێمەی ئەمازیغ سەربەخۆیی وەربگرین و ببین بە ووڵات چونکە سەلاحەدینی ئەیوبی لە ئێوە بوو و تاریقی کوڕی زیاد لە ئێمە بوو".