بۆ هەمیشە لە ئامێزتام
بەرەنگاری ژین ئەبمەوە
بە پەیژەی بیرەوەریما سەرئەکەوم و
دێمەوە خوار بە دڵی بێ ژەنگمەوە
    *  *  *  *
ئەی درەختی خەونە ڕەنگاوڕەنگەکانم
پاڵم داوە بە ( قەد ) تەوە هەڵکوڕماوم !
وێنەکانی بیرەوەریم
دێن و ئەڕۆن لەپێش چاوم
    *  *  *  *
لانەی ژینم، ئەتپەرستم
خۆشم ئەوێیت بە گشت هەستم !
خۆشەویستی من بێدەگە !
سوتانێکی بێ کڵپەیە !
گوڵە، پەپوولەیە، هەنگە !
پەلکەزێڕینەی حەوت ڕەنگە !
    *  *  *  *
دنیای عیشقم باڵندەی وەرزی بەهارە
ترسی وا لە گێژەڵووکە و شەوی تارە !
خۆشەویستیم پەرۆشی و پەلە کردنە
گوڵی دەستی ( خاتوو زینە )، ئەستێرەیە و
پرشنگ ئەدا، عیشقی شێتانە و مردنە !
وەک خۆرەکەت گەرم و گوڕە
لە دووریت سەرسام و تەنیام
لەم وڵاتە سارد و سڕە !

سوید : ٨/ ٢/ ٢٠٠١




 


 


 


 


 

 

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.