وەکو رێز و ستایش بۆ بەڕێوەبەری هەفتەنامەی شارلی ئێبدۆ مسیۆ شارب کە لە هێڕشە تێرۆریستەکەی ئەمڕۆ لە پاریس کوژرا، ئەو کورتە وتارەیم وەرگێڕا و لێرە بڵاوی دەکەمەوە. وتارەکە لە رۆژنامەی هیومانیتێ لە ٢٢ ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٤ بڵاوبۆتەوە. تکایە مافی بڵاوکردنەوەی بە کوردی پارێزراوە. هەر رۆژنامە و بڵاوکراوەیەکی کوردی بیەوێت بڵاوی بکاتەوە، دەبێ ئاماژە بە ناوی نووسەر و وەرگێڕ و ئەو وتانەی لەسەرەوە نووسیومن بکات و پێوەرە ئێدیتۆریەلەکانیش لەبەرچاو بگرێت. سوپاس ... نەزەندی بەگیخانی

کوردەکان بەرگری لە هەموومان دەکەن .. شارب، ٢٢ ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٤، هیومانیتێ

"من کورد نیم، یەک وشەی کوردی نازانم، ناتوانم ناوی یەک نووسەری کورد بهێنم. من کولتوری کوردی ناناسم. ئاه، نا! بەسەرم هاتووە کە خواردنی کوردی بخۆم. . . با لەمە گەڕێین. ئەمڕۆ، من کوردم، بە کوردی بیر دەکەمەوە، بە کوردی دەدوێم، بە کوردی گۆرانی دەڵێم، بە کوردی دەگریم. ئەو کوردانەی کە لە سوریا ئابڵۆقەدراون کورد نین، بەڵکو مرۆڤایەتین، مرۆڤایەتییەک کە لە دژی تاریکی بەرخۆدان دەکەن. ئەمان بەرگری لە ژیانی خۆیان دەکەن، بەرگری لە خێزانەکانیان دەکەن، لە وڵاتەکەیان دەکەن، بەڵام بیانەوێ و نەیانەوێ کورد تاکە لەمپەرە لەبەرامبەر هێرشەکانی "دەوڵەتی ئیسلامی" [داعش]. کوردەکان بەرگری لە هەموومان دەکەن، نەک تەنیا لە دژی ئیسلامێکی وەهمی کە تێرۆریستەکانی داعش نوێنەرایەتی ناکەن، بەڵکو لە دژی ئافااتێکی ئێکجار بەربەری [بەرخۆدان دەکەن]. لە کاتێکدا لەبەر هۆکاری جیاواز، زۆربەی ئەندامانی ئەو هێزەی هاوپەیمانان کە گوایە لە دژی ئەو سەربڕانە [داعش] دەجەنگێ، لە رابردوو و ( ئێستاش بۆ هەندێكیان) بەرژەوەندیی هاوبەشی ستراتیژی و سیاسی و ئابووریان هەیە لەگەڵ داعش، ئەوە 
چۆن متمانەمان بەو [هێزە] هاوپەیمانییە هەبێت؟ لە دژی خۆپەرستی و مەرگ، ئەمڕۆ تەنیا گەلی کورد هەیە.

نەزەند بەگیخانی
٧ی جانیوەری ٢٠١٥

 

 

 ئەم بابەتە لە فەیسبوکی نەزەند بەگیخانەوە، وەرگیراوە

ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.