به‌ریزان :ئه‌م نوسینه‌م له هه‌نگاوی یه‌كه‌م وه‌كوو نامه‌ییك نارد بوهه‌ردوو مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كیتی و پارتی به‌ریزله‌ به‌رواری 2/10/2014، له‌ هه‌نگاوی دووه‌مدا وام به‌ باش زانی له‌ سایتیكا بلاوی بكه‌مه‌وه‌، هه‌نگاوی سیَيةم لةوانه يه شيوازى تر بگرینه‌ به‌ر به‌ هاوكاری خه‌مخورا ن و دلسوزانی گه‌له‌كه‌مان به‌و هیوایه‌ی ده‌ستكه‌وتیك وه‌ده‌ست بینین له‌پیناو چاره‌نوسی نه‌ته‌وه‌و دواروژی نه‌وه‌كانمان.                 

                                                تاهیر محه‌مه‌د حه‌سه‌ن

                                             2/10/2014

 

 

                   بە ناوی خودای گەورەو میهرەبان

 

   بۆ بەڕێزان :

   مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان تێکۆشەر

   مەکتەبی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان تێکۆشەر

سڵاوێکی شۆڕشگێڕانە. .

بەڕێزان، وائەمساڵ ٢٠١٤ پەنجاساڵ واتە نیوسەدە تێپەڕ دەبێ بەسەر لەیەک جیابونەوەی هەردوو باڵی حزبە تێکۆشەرەکەتان کە بێگومان کاتێک سەیری لاپەرەکانی مێژووتان دەکەین دەبینین پڕیەتی لە قوربانیدان و خۆڕاگری و خەبات بە نەفەسێکی دورودرێژو نەپساوە لەرێگای ڕزگاریخوازی گەلەکەمان سەدان و هەزاران شەهیدتان داوە لەم پێناوەدا، هەموو لوتکە چیاو دەشت ودۆڵێکی ئەم کوردستانە شاهیدی قارەمانێتی و خۆڕاگری ئێوەن، داستانەکانی خواکورک و سەری رەش وکانی ماسی و دەشتی سماقولی و دەیانی تر گەواهیدەری نەبەردیەکانتانن تا دەگاتە داستانی کۆڕێ کە بوو بەتاجی سەرکەوتنەکان و خالی وەرچەرخان لە مێژووی ڕزگاری خوازی گەلەکەمان.

بەڕێزان . . هەرکات لاپەڕەی خەباتتان هەڵدەدەینەوە، هەموو ڕۆڵەیێکی دڵسۆزی ئەم گەلە شانازیتان پێوە دەکات کە حزبی قارەمان وشۆڕشگێری وەک و ئێوەی لێ کەوتۆتەوە کە لەپێناو ئازادی گەلەکەیان هەرچی لەتوانایدا بوو درێغی نەکرد تا بەهاوکاری حزبە تێکۆشەرەکانی تری سەر گۆڕەپانی کوردستان و بە پاڵپشتی جەماوەر ئەم ئەزمونە بەدەست هات، بەڵام کاتێک کە تەماشای دیوەکەی تری مێژووی پەنجا ساڵی ڕابردوو دەکەین کاتێک ئەو هەموو نەهامەتی و ماڵوێرانی و قوربانیەمان بەرچاو دەکەوێ کە لە ئەنجامی جیابونەوەو کێشەو ململانێی هەردوو حزب بەسەر گەلەکەمان هاتوون بەڕاستی جێگای داخە کە ئەوەندە زەمەنەی خایاندوەو کەدەبوایە بەهیمەتی دڵسۆزان و خەمخۆرانی میللەتەکەمان زووتر کۆتایی بەم ململانێیە بهاتبا .

لێرەدا کەباسی ئەوڕابردوە تاڵە دەکەم مەبەستم ئەوە نیە و پێویستیش ناکات باسی هۆیەکانی جیا بونەوە بکەم لەبەر ئەوەی ئێوە یەکەم حزب نین کە تووشی ئەم بارودۆخەو ئەو چارەنوسە هاتبن، بەڵکوو لەناو زۆربەی حزب وبزوتنەوەی گەلاندا بیروراو بۆچون وئایدیۆلۆژیای جیاواز هەبوە کە بونەتە هۆی جیابونەوەولێکترازان، بەڵام من وای دەبینم کاتێک هۆیەکانی جیابوونەوە نەمان وەیان بە تێپەربوونی کات لاواز بوون و ئەو گرنگیەی جارانیان نەما ئە وکاتە پێویستە لەپێناو بەرژەوەندیە باڵاکانی میللەت هەندێک بەرژەوەندی تایبەت وەلا بنرێت و کار بۆ سەرخستن و بەرەوپێش بردنی ئەو ئەزمونە بکرێت .

ئەگەر بە ووردی تەماشایێکی مێژووی میللەتەکەمان بکەین دەبینین هەرکات کێشەو ململانێی ناو خۆ هەبوبێت ئەوا درزێک کەوتۆتە نێوانمان و دوژمنانی گەلەکەشمان هەمیشە لەوێوە خزاونەتە ناومان و کاری تێکدەرانەو ئاژاوە نانەوەو پشێویان کردوەو سودیان لەو ناکۆکیانە وەر گرتووە، بێگومان ئەمەش جاری یەکەم و دووەم و دەیەمیش نیە لە مێژووی کۆن و نوێیمان کە تووشی ئەم بارودۆخە ناهەموارانە دێین و نازانم هۆی چیە دەرسیان لێ وەرناگرین، لە مێژووی کۆندا و بەر لە جەنگی جیهانی یەکەم کورد لەناو کێشەو ململانێی و هاوکێشەی هێزە ناوچەییەکاندا بوو بە تایبەتی ئەو ووڵاتانەی دەوریان داوین و لەسەردەمی ئیماراتەکانی سۆران و بابان و بادینان بە هۆی ناتەبایی هەمیشە ببوینە پاروێکی ئاسان بۆ دوژمنان، ئێستاش بەهۆی جیهانگیری و پێشکەوتنی تەکنۆلۆژیای جەنگی و هاتنە کایەو بەرەو پێشچونی ڕژێمی سەرمایەداری جیهانی کە دەبینین چۆن لەپێناو وەدەست هێنانی چەند دەستکەوتێکی ماددی وبەرژەوەندیە ئابوری و جیۆسیاسیەکانیان بە شێوەیێکی دڕندانە و بێ گوێدان بە هیچ بەهایێکی مرۆیی و ئەخلاقی بە جۆرەها پیلان و شێوازی جۆراوجۆر کەوتونەتە گیانی گەلانی بێ دەستەڵات، ئێمەی کوردیش کە هەزاران ساڵە لەسەر ئەم خاکە دەژین و خاوەنی مێژوێکی پڕ لە شارستانیەت کە هەمیشە شانازی پێوە دەکەین و خاک و نیشتیمانێکی جوان وڕازاوەو ئاوو هەوایێکی سازگار سەروەت و سامانێکی لە بن نەهاتوو، جگە لەوەش کورد لەکۆنەوە سەلماندویەتی کە خاوەنی عەقلێکی پێشکەوتووەو هەمیشە دوور بووە لە رق و کینەو شۆڤێنیەت کە ئەمانە خۆی لە خۆیدا مانای پێشکەوتنی مرۆڤایەتی وبەهای ڕەوشت و ئەخلاق بەرزی ئینسان دەگەیەنن.

ئێستاش کە خاوەنی ئەو هەموو (ئیمتازات )انە بین و لەو سەردەمی چاوچنۆکی و دڕندەیی بەربەریەکان و بۆ پاراستنیان بێگومان پێویستمان بە هێز هەیە هێزیش هەموومان دەزانین تەنهاو تەنها لە یەکریزی و یەکگرتن دایە بە پلەی یەکەمیش لە یەکگرتنەوەی هەردوو حزبە تێکۆشەرەکەتان دەبینم نەک لەو چەکەی کە بۆمان دێت کە بێگومان فاتورە ی ئەم چەک و ئۆپەراسییۆنە سەربازیانە ئەوەندە قورسە کە چەندین نەوەی دوای ئێمەش بەدەستیەوە دەناڵێنن و بەهۆیەوە تووشی دەردەسەری و کێشەو گرفتی گەورە دەبن .

لێرەدا من وەکوو هەر کوردێک کە هەست بە لێپرسینەوە و مەترسیەکان دەکەم.

لەپێناو ئەوەی جارێکی تر ئەنفال وکیمیاباران و هەلەبجەو شنگال دووبارە نەبنەوە،

بۆ ئەوەی داعشەکان و هاوسۆزو پشت و پەناو هاوشێوەکانیان نەبنە دێوەزمەی خەوی منداڵەکانمان

بۆ ئەوەی چیتر خوێن وزوخاو لە جەستەی شەکەت و برینداری نیشتیمان نەچۆڕێ

بۆ ئەوەی ببن بە سەرچاوەی ئارامی بۆ ئێستاو نەوەکانی دواڕۆژمان

بۆ ئەوەی چیتر (دێگەڵە) نەبێتە خاڵی لەیەک ترازان وکوڕانی دهۆک و بادینانمان لە سەیرانگاکانی سەرچنارو ئەحمەداوا بێ بەش نەبن و کچ و کوڕانمان لە سلێمانی و خزمانی گەرمیان ناچار نەبن بە پسولە سەردانی هەولێرو گەلی و بێخال وسەرسنگ بکەن.

 داواتان لێ دەکەم هەرچی زووە ماڵی خۆتان تێکەڵ بەیەک بکەنەوەو دەست لەناو دەست وەک دوو برای لەیەکتر زیز کاتی ئەوە هاتوە ئەم هەنگاوە بوێرە بهاوێژرێ و بۆ ئەم مەبەستە ش هەمیشە زانیومە لە بەر هەندێک ئیعتیبارات کاتێک دوو برا لەیەک تووڕە دەبن بۆ ئاشتبونەوە برا گەورە دەست پێشخەر بوە بزانین کام لە ئێوە ئەم سەروەریە تۆمار دەکاو گەورەییەکە بۆخۆی مسۆگەر دەکات، ئه گه رتا ئه مڕوكێشه و ململانێكان له سه ر هه رچییه ك بووبێت، له ئێستادا كوردستان ئه وه نده ده وله مه نده پوست و پله و پایه و ته نانه ت سه یرانگاكانیش به شی هه موان ده كات .

بەڕێزان کاتێک ئەم بیرۆکەیەم بە خەیاڵدا هات لەو کاتە هەستیارو مەترسیدارەیە کە نیشتیمانی خۆشەویستمان لەبەر دەم هەڕەشەی بە قاچاغ بردن و فرۆشتنەو هەست بەبۆنی لەت لەت بونی دەکەم نازانم ئەو هەستە م بۆچی لا دروست بوە بەڵام کاتێک دەیبینم و گوێم لێی دەبێ بازرگانەکانی شەڕو خۆ پەرستەکان کە خۆیان لەناو هەردوو حزب حەشارداوە خەریکن تەپڵەکانی جەنگ ئامادەدەکەن و جاش قەڵەمەکانیش لە هەردوولا کە کاتی خۆش لەسەردەمی ڕژێمی بەعسیش دەوری تێکدەرانەیان دەگێڕا وا خەریکن پێنوسە ژەهراویەکانیان جارێکی تر ئامادە دەکەن وجەرگی دایکانمان پێ کون کون بکەن و بە نوسینە گڵاوەکانیان تۆوی ئاژاوەو پیلانگێڕی بنێنەوەو وەک شەڕو ململانێکانی ڕابردوو بگەن بە ئامانجە گڵاوەکانیان لەسەر حیسابی بەرژەوەندی گەلەکەمان چونکە بێگومان ئەم جۆرە کەسانە وەکوو مشەخۆرن لەجەستەیێکی ساغ و تەندروست جێگایان نابێتەوە تەنها لە لەشی نەخۆش و هیلاک و پەک کەوتوو نەشونما دەکەن .

گومانی تێدانیە کە بیرۆکەکەم زەحمەتە و تەنگو چەڵەمەو بەرهەڵستی ناحەزانی زۆرەو بە هەموو توانایێک لەلایەن هێزە کۆنەپەرست و خۆفرۆشەکانی ناوخۆو دوژمنانی دەرەکی بەربەرەکانێی دەکرێ بەڵام ئەمە مانای ئەوە نیە دەستە ووەستان بەرامبەر پیلانی دوژمنانی گەلەکەمان بوەستین و تەماشا بکەین بە هەوەسی خۆیان گەمە بە چارەنوس و پیرۆزیەکانی نیشتیمان و دوارۆژی نەوەکانمان بکەن، جگە لەوەش پشت ئەستورم بە ژمارەی زۆری دڵسۆزان لە هەردوو حزب چ لە ئاستی سەرکردایەتی وچ لە ئاستی ژێرخانێکی جەماوەری شۆڕشگێرو لەخۆ بوردە، لەسەر ئەم بنەمایە گەشبینم کە ئەگەر لە داهاتویەکی نزیکیش ئەم یەکگرتنە بە ئەنجام نەگات ئەوا لە دوا رۆژدا یان ئەو کاتەی مەترسی و پیلانەکانی دەرەکی ببن بە هەڕەشە بۆ سەر چارەنوستان، بەڵام وا چاکە هەرچی زووە کاری بۆ بکرێت کورد گوتەنی (پێش تا بەڕ بەخۆت دادە).

سیاسەتی پەرتکەو زاڵبە واتە (فرق تسد) بەشی زۆرمان دەیزانین و لە قوتابخانە خوێندومانە کە چۆن ووڵاتە زلهێزەکان دەست بەسەر ئیرادەی گەلاندا دەگرن و بە ئارەزوو بەپێی بەرژەوەندیەکانیان یاری بەچارەنوسمان دەکەن نمونەش بۆ ئەمە زۆرە هیندو پاکستان و هەردو کۆریای هاوزمان و زۆری تریش کەدەیان ساڵە لە شەڕو ماڵوێرانی و دڵە راوکیدان بەتایبەتی ناوچە سنوریەکانیان جگە لە زیانێکی مادی بەردەوام لە ئەنجامی کڕینی چەک و تەقەمەنی هەر لە خودی خۆیان ئەوانەی بونەتە هۆی دابەشبونەکان، فەلەستینیەکان دوای دەیان سال شەرو کوشتن و کاولکاری قوربانی دانیان لە پێناو دامەزراندنی ووڵاتێکی سەربەخۆ کەچی بەرامبەرەکەی زۆر زیرەکانە توانی بیکات بە دوو لەتەوە کە خۆی لە غەزەو بەشی خۆرئاوا دەبینێتەوە لەئەنجامی ئەو لەتبونەش گەلی بێ دەستەڵاتی فەلەستین چەندە لە دەردەسەری و نەهامەتی دەژیا دە ئەوەندەی تریش تووشی قوربەسەری و مالوێرانی هات ئێستا وای لێ هاتووە مەمنون بن بەوەی ئیسرائیل وازیان لێ بێنێ لەماڵی خۆیان دابنیشن ڕازی بەنان و ئاوێ باسی هیچی تر نەکەن .

ئەم نمونەیە بۆ ئەوە دێنمەوە تا ئێمەی کوردیش دڵخۆش نەبین بەوەی هەر دەوڵەتە دەست لە پشتی یەکێکمان بدات دەست خۆشی و ئافەرینمان لێ بکات، شەری ناوخۆ نمونەیێکی زیندوی ئەم جۆرە پیلانانەیە، دەبێ ئەمجارە گەلەکەمان زۆر هوشیار بێت و سیاسیەکانیشمان رەچاوی ئەوە بکەن ئەگەر پارچە پارچە بین چۆن بەلاوازی دەبێ لەبەر دەرگای دوژمنان بوەستن تا قسەیەکیان لەگەڵ دەکەن و بە پێچەوانەش ئەگەر یەک هەڵوێست و یەک دەنگ بین دڵنیابن دوژمنان هەرچەند گەورەو بەهێز بن سەرانی بەغداو تاران و ئەنقەرە دەبێ سەری بەرزیان لەئاست سەربەرزی گەلەکەمان دانەوێنن .

 

بەرێزان هەموان دەزانین نیشتیمانمان جەستەیێکی زۆر ماندوو شەکەت و پڕ لەبرینە، مێژوی گەلەکەمان پڕیەتی لە قوربانیدان هێشتا برینەکانی ئەنفال و کیمیابارانمان تیمار نەکردوە تا ئێستاش زامی هەڵەبجە خوێنی لێ ئەچۆڕێ، ئەمجارە کارەساتی شنگال بوو بەناونیشان و تراژیدیایێکی تری گەلەکەمان، لە پێناو ئەوەی جارێکیتر هەڵەبجەو شنگال دوبارە نەبنەوە بۆ ئەوەی بتوانین ببین بەپاڵپشت بۆ کۆبانی و ئامەدو مەهابادی هاودین و ڕەچەلەک و هاوزمانمان چاوەڕوانی هەڵوێستی جوامێرانەو لە خۆ بوردەیی ئێوەی دڵسۆزین بەکەمێک لە خۆ بوردنەوە دەتوانن گۆڕانکاریێکی گەورەی مێژوویی ئەنجام بدەن کە ببێتە وەرچەرخانێک لە بزوتنەوەی رزگاریخوازی کوردو بگرە ناوچەش برینەکانی کۆن و نوێی میللەتەکەمان تیمار بکەن و بۆ هەتا هەتایە نەوە دوای نەوە باس لە قارەمانێتی و دڵسۆزی و نیازپاکیتان بکات، بە پێچەوانەش چارەنوسێکی تەم و مژاوی و نادیار چاوەرێی هەمومانە، هیوادارم هەنگاوی یەکەم یەکگرتنەوەی هەردوو حزبی تێکۆشەر بە ئەنجام بگات ئینجا لە رێگای هاوهەڵوێستی و هاوپەیمانی لەگەڵ سەرجەم حزب ولایەنەکانی سەر گۆڕەپان بەرامبەر هەڵوێستە چارەنوسسازو نەتەوەیەکان یەک دەنگ و یەک ڕەنگ بن تا کوردستان دەگەیەننە کەناراوێکی ئارام .

ئیتر بۆ پێشەوە لە پێناو کوردستانێکی بەهێزو ئاوەدان و سەرفرازله ژیر دروشمی

(یه كگرتن له‌ پیناوی سه‌ر كه‌وتن)