تا ئەم چرکە ساتەش دژایەتی پرسی سەربەخۆیی و ریفراندۆم لای هەندێ کەس و لایەن ستراتیژی و هەموو ئامانج و ئارەزوویەکە، لای ئەو کەسانە لە رۆشنبیرترینیان ڕابگرە( هەڵبەت ئەگەر رۆشنببیر بن) تا دەگاتە ئەوی هەرە کڵۆڵ و کەلەلایان ئەو پرسە و لەباربردنی ئاواتە و ئامانج.ئەو داماوانە تەنیا فاکت و فەلسەفە ونامۆژگاری ولێکدانەوەیان ئەوەیە کە بیسەلمێنن ئێستا وبەو سەرکردایەتییەوە سەربەخۆیی مانای نییە و چوونکە گەندەڵی هەیە، چوونکە ماوەی سەرۆکایەتی بارزانی بەسەر چووە وحکوومەتێکی ئیکسپایەر لەسەر کارە و چی وچی ...

فەیلەسووفە درۆزنەکان مەریوان وریا قانع و ئاراس فەتاح لە K N N بە ئاشکرا بوونە کەواسووری بەر لەشکری داگیرکەران لە دژایەتی کردنی پرسی سەربەخۆییدا.ئەوان بە بیانووی گەندەڵی لە حکوومەتی هەرێمدا کە هەیە وحاشای لێناکرێ خەریکن حاشا لە سەربەخۆیی دەکەن.فەیلەسووفە درۆزنەکان باسی هەموو گەندەڵییەک دەکەن بەلام باسی گەندەڵی مێشک وهزر ناکەن، هەر بەخشکەش بەلایدا ناڕۆن! ئەو گەندەڵییەی کۆمەڵگا بەرەو ئینهیار ووێرانکردن دەبات هەر وەک تا ئیستا بردوویەتی.

لە هەموو مێژووی مرۆڤایەتیدا ئەوەی مەترسیدارترین بووە بۆ مرۆڤ بیر وهزری نانئینسانی ونانیشتمانی بووە.ئەوەی مرۆڤی پێهاڕیوە بیر وفەلسەفەی فاشیزم ورەگەزپەرەستی بووە.فاشێزم جەنگی جیهانی لەدوای خۆی بەجێ هێشت، بە میلۆنان کوژراو و بریندارو وێرانی وکاولکاری شار وگوند لە چەندین وڵات بەرهەمی فەلسەفە و فکریەتی فاشیستی بوو.کۆمۆنیزم دەریای خوێنی لە نیشتمان پەروەران وەڕی خست بە بەهانەی ئەوەی کە هەقی موتڵەق تەنیا لای ئەوە.لە زەمانی ئێستا دا داعشیزم وتالەبانیزم گەوزی خوێناویان جەستەی ژن ومنداڵی بێتاوان دروێنە دەکات.کورد لەم ناوەدا برینی گەلێ قوڵی لەم دووەی دوایی بە جەستەیەوە دیارە.

فەیلەسووفە درۆزنەکانی کورد هەر هەمان مەکتەب و هەمان ئایین پەیرەو دەکەن، ئەوان بە جۆرێ دەدوێن کە هیچ کەس گومان لە قسەکانیان نەکات، ئەوان هەرچی دەێڵێن وەک ئایەی قورعانی مەلاسەلەفیەکان دەرزی دەبەرییەوە ناچێ و هەقی موتلەق تەنیا لای ئەوانە وئەوی دیکە هەمووی باتڵە.فەیلەسووفە درۆزنەکان لەراستیدا تاوانباری مێژوویین، تاونباری لێک هەڵبەزیبەوە و بە دوژمن کردنی کۆمەڵگای کوردەوارین، ئەوان هەر لە فەرتەنەکەی ١٧ شوباتی وە ٢٠١١ کە مەلای سەلەفی و رۆشنبیر وفەیلەسووفە دروزنەکان لەدەوری یەک کۆببوونەوە بەرپرسی هەموو خوێن رشتنەکانن تا بە ئەمڕۆ.ئەوان مێشک وهزری لاوی تازە پێگەیشتوو تەنیا و تەنیا بە رەد کردنەوە و پاکتاوکردنی لایەنێک دەشۆنەوە وخۆشیان ئیمامی مەعسوومن! فەیلەسووفە دروزنەکان هەرگیز یەک وشەشیان لە ستایشی پێکەو ژیانی هێمنانە نەکردە هەوێنی نوسین وگوتارەکانیان.تەنای هیڕش ووێران کردن وسووتاندن و بە دوژمن کردنی کۆمەڵگا فەلسەفەو باوەڕیانە.هەر ئەو فەیلەسووفانە بوون کە مێژووی پڕ لەشەڕم وپڕ لە قوربانیدانی براکوژیان لە لاپەرەکانی دێرۆکی کوردەواریدا تۆمار کردووە.بەڵام خۆ ئەوان دەست بەردار نین، تینوێتیان وەک داگیرکەرانی کوردستان تەنیا وتەنیا بە خوێنی لاوانی کورد دەشکێ.

سەیری ئەم نووسراوەیە بکەن بزانن چۆن شاخ وباڵ دبیننەوە، بزانن چوونە کوێ و لە کوێی ڕا دەستیان پێکردووە بۆ ئەوەی بەڵکوو کورد واز لە سەر بەخۆیی بێنێ!" باسکردنی دروستکردنی دەوڵەت‌و بڵاوکردنەوەی ئەم گوتارە بەناو فەزا جیاوازەکانی کۆمەڵگای ئێمەدا، بەشێک نییە لە‌ستراتیژیەتی داڕشتن‌و فراونکردنی سنوری سەربەخۆیی کوردستان لە‌دەرەوەڕا، بەمەبەستی دامەزراندنی دەسەڵاتێکی نیشتیمانیی، بەڵکو بەشێکە لە‌ستراتیژیەتێکی مەحکەمی داگیرکردنی دەسەڵات لە‌ناوەوەی کوردستان خۆیدا کە “ناسیۆنالیزمێکی بێ ناسیۆنالیستئاراستەیدەکات.ناسیۆنالیزمێک “دێگەڵە” یەکێکە لە‌سنورە سیاسیی‌و مەعنەوییە سەرسەختەکانی‌و داخستنی پردەکانی نێوان باشور‌و خۆرئاواش لە‌رەمزە هەرە ئاشکراکانیەتی لە‌ئێستادا.ناسیۆنالیزمی کوردیی لە‌گشتێتی خۆیدا هەڵگری خەیاڵێکی نەتەوەییە، بەڵام بکەرە کۆنکرێتەکانی بکەری خێزانیی‌و بنەماڵەیی‌و خێڵەکیی تایبەتن‌و خەیاڵی سیاسییان سنوری تەماحەکانی ئەو خێزان‌و بنەماڵە‌و خێڵانەی تێنەپەڕاندوە."

تەماشا کەن بزانن فەیلەسووفە دروزنەکان چۆن چۆنی پرسی سەربەخۆیی نەتەوە و نیشتمانێکی لە خوێندا شەڵال بە پرس و کێشەی حیزبی دەبەستنەوە.ئەوان کێشەیان تەنیا دەگەڵ ناسیۆنالیسمێکە کە "دێگەڵە" یەکیکە لە سنوورەکانی! تەماشاکەن چۆنیان ئاور دەهەناوی بەربووە و پرسی سەربەخۆیی میلەت و وڵاتێک لە ناو جەغزی کێبەرکێ و رەقابەتی حیزبی دا بەرتەسک دەکەنەوە ئەویش لە لایەن کەسانێکەوە کە خۆیان بە بێلایەن وفەیلەسووفی کورد دەزانن! ئەوان ئەو حەقیقەتە لە خەڵک دەشارنەوە کە پرسی سەربەخۆیی لە سەرووی حیزب و تاک و لایەنەکانە و ئەمە پرسی نەتەوە و نیشتمانە، ئەوان پرسێکی سیاسیی – ستراتیژی وەک سەربەخۆیی بە گەندەڵی و کێشەی حیزب وگرووپەکان دەبەستنەوە خەریکن بەو بەهانەوە لاوانی بەهەستی نیشتمان لەو پرسە سارد دەکەنەوە.ئەوان خەریکن بە ئاشکرا پیلان و پلانی داگیرکەران بە ناوی فەلسەفەو ئازادی و شرۆڤەی سیاسیی رووداوەکان جێبەجێ دەکەن بێ ئەوەی یەک تۆزقاڵ شەرم لەو دەریای خوێنە بکەن کە کورد داوێتی.

ئەرو رۆژانە یەکی دیکە لە سەرکردە سیاسیەدیارەکان کوتی نابێ پرسی سەربەخۆی بۆ ریکلام بە کار بێ! قسەی ئەو فەیلسەسووفە درۆزن و چەواشەکارانەش هەر ئەمەیە.من لە مێژە کوتوومە و دووبارە دەیڵێمەوە گەلۆ ئێوە شاهیدی ئەو قسەیە بن و خۆتان وخەڵکیش بەتاقی کەنەوە.

بارزانی بۆ تەبلیغات و بە ناڕاست باسی سەربەخۆیی دەکات، ئەو بۆ ریکلامی حیزبی ئەو قسانە دەکات، راست ناکات، نەیارانی بارزانی ئێوە ڕاست دەکەن ! دەی ئەوە عەرز و ئەوە گەز، دەست بدەنە دەستی یەک و هەموومان پێکەوە وەرن پرسی سەربەخۆیی بە سەر مەسعوود بارزانی دا بسەپێنن! ئایا قسەیەک دەمێنێ؟ ئەگەر باوەڕت بە سەر بەخۆیی هەیە و پێتوایە ئەوپرسە پرسێکی نیشتمانی و نەتەوەییە دەست هەڵگرە، بەس ژار بڵاو کەوە، بەس حەیای خۆت بەرە و مێژووی رەشی پڕ لە شوورەییت لەمە ڕەشتر مەکە! وەرە ناو کاروانی سەربەخۆیی خوازان و دەوڵەتی کوردی دامەزرێنەو دوایی سەکردەکان بگرە و بە پشتیوانی گەڵ بیانخە قوژبنی زیندانەوە.خۆ ئەگەر باوەڕیشت بە ناسیۆنالیزمی کوردی نییە ئیتر لە بازنەی کوردایەتی بەدەری و کەس نابێ گلەییت لێبکا بەڵام درۆ مەکە و خۆت لە پەنا دڵسۆزی بۆ گەڵ و بۆ نیشتمان و بە پەرۆش بوون بۆ ئازادی دا حەشار مەدە، ئاخر زەمانی فریوو کڵاو لەسەر نان وردە وردە بەسەر چووە و هەموو کەس دەزانێ سەرتۆپی هەموو ئازادیەک ئازادی نیشتمان و نەتەوەیە.

http://www.knnc.net/Drejey-wtar.aspx?Articleid=3787&AuthorID=12