ئەگەر ڕۆژێک نەوەکانی داهاتوو هەستن بە نووسینەوەی یادەوەری سەرکردەکان و بیکەنە مێژوویەک بۆ ئەم نەتەوە تۆ بڵی چی تێدا بنوسن و چۆن باسی ڕووداوەکان بکەن.

لە یادەوەریەکاندا دەنوسن ڕۆژێک بوو خەڵکی کوردستان لە نەهامەتیەکی گەورەدابوون وە لە سەردەمێکدا دەژیان بە جۆرێک کە گرانیەکی وەها خولقابوو کە هەموو تاکێک دەی ناڵاند بەدەستیەوە، سەردەمێک بوو خەڵکی نان نەبوو بیخوات چوونکە حوکمەتی بەعسی فاشیزمی ڕووخاو گەمارۆیەکی ئابووری خستبووە سەر باشووری کوردستان. وە هێشتا کەسووکارەکانی ئەنفال فرمێسککەکانیان بەتەواوی وشک نەبووبۆیەوە و ئازار و بێ تاقەتی ئەو کارەساتە هێشتا لانەچوو بوو کە گەورەترین نەهامەتی بوو بۆ سەر میلەتی کورد وە هەر ئەونەش نا هێشتا خەڵکی کوردستان هیلاکی کۆڕەوەکەی پێوە مابوو، لە پای ئەم هەموو شتانەدا لەباتی سەرکردەکان و کاربەڕێکارانی هەولێر و سلێمانی بێن دەست بخەنە ناو دەستی یەک و پێکەوە دانیشن و پێکەوە لە هەوڵی بەرەو چارەسەر کردنی کێشەکان بن هەر هیچ نەبێت لەبەر خاتری ئەو خەڵکە ڕەش و ڕووتە بیر لە خزمەت کردنی خەڵکی بکەنەوە کەچی وەرە تۆ بێیت لەبەر بەرژەوەندی خۆت بچیت دەست تێکەڵ بکەیت لەگەڵ گەورەترین دوژمنی کورد ئەویش بەعسە بۆ بەرژەوەندی خۆت و حیزبەکەت.

بچیت دەبابەکانی کە خەڵکی ئەم نیشتمانە پێ شەهیدکرا و لادێکانی کوردستانی پێ خاپور کرا جارێکی تر بیهێنیتەوە کە هێشتا ئەو دەبابانە ئاڵای حزبی بەعسی پێوە لێنەکرابۆیەوە بۆ ئەوەی لایەنەکەی تری پێ بشکێنت و خۆی دەسەڵات بگرێتە دەست.

ئەمە ئەوەمان بۆ ئەسەلمێنێت کە ئەم جۆرەکەسانە لەبەر بەرژەوەندیەکانی خۆیان ئامادەن و بەدەست هێنانی ئەوەی کە دەیانەوێت لە ماڵ و خاک و سامانی ئەم میلەتە ئامادەن لەگەڵ هەموو کەس دەست تێکەڵ بکەن جا ئەگەر ئەو کەسە دوژمنیش بێت.

خیانەت لە دوای خیانەت لەو ڕۆژەوە بەردەوامە بۆ بەهێز کردنی پێگەی خۆیان جا هەرکەسێکیش هەووڵ بدات بۆ لاوازکردنی کورسیەکەیان و دەرخستنی گەندەڵی و ناهەقیەکانیان ئەوا بەحاڵی ئەوانە دەچێت کە کوژران.

بەڕاستی جێی داخە کە ئەم کەسانە کاربەدەستی وڵات بن، باشە میلەت چۆن باوەڕ بەم جۆرە کەسانە دەکات کە ئامادەن خیانەت لە یەکتر بکەن و هەرڕۆژێکیش توشی هەمان حاڵەت و ڕوداو هاتن ئەوا زۆر ئاسانە لەلایان کەهەمان کار دووبارە بکەنەوە چونکە خیانەت لەناو گۆشت و خوێنیاندا چەسپاوە و بۆتە بەشێک لە لاشەیان ئەسڵەن بە خەیاڵیشیاندا نایەت سەدان و هەزارانی وەها بکەن.

وە ئەوەشی جێی داخە ئەوەیە کە لەم کارانەشیان پەشیمان نین یاخود قەت نایان بینیت بڵێن هەڵەمان کرد بەڵکوو بەکاری باش و ئەرکی نیشتمانیشی دەزانن، ئاخر خیانەت قەت بۆتە ئەرکی نیشتمانی بەڕاستی شتانێکی سەیر و سەرسوڕهێنەر ئەڵێن.

ئەمە تەنها یەکێکە لە لاپەڕەی مێژووی ئەم کەسانە چونکە ئەگەر ڕۆژێک کەسێک بێت مێژوو بنوسێتەوە و کاریگەری هیچ لایەن و کەسێکی لەسەر نەبێت ئەوا هەر ئەم شتانە ئەنووسێتەوە بەڵام ئافەرم بۆ ئەو کەسانەی کە هێشتا تۆزقاڵێک خیانەتیان نەکردووە و لاپەڕەی مێژووی خۆیان ناشێووێنن بە دەستی خۆیان.

عەلی عمر