کاک سورە مەرگەیی بابەتێکی گرنگ و سەرنج ڕاکێشی نوسیبوو (پارتی لە کنگەوە لغاوی دەکات) منیش بە تامەزرۆوە چەند جارێ خوێندمەوە، چونکە دەمێک بوو چاوەڕوانی ئەوەبووم کە لەم وەزعە ئاڵۆزو هەستیارەی کوردستاندا هەوادارێکی پارتی پێ بنێ بە جەرگی خۆیداو ڕاشکاوانەو ئازایانە قسە بکاو ڕەئی خۆی دەربڕێ. ئەلحەقی کاک سورە باشی بۆ چووە، کە دەڵێ پارتی لە کنگەوە لغاوی وەزعەکە ئەکات و هەر ئەم چارەسەرە سەقەتەیە، یان بە وتەکەی کاک سورە باوابڵێین (هەر ئەم لغاوەیە) وەزعەکەی ئاڵۆزکردووەو نایەڵێ بگات بە چارەسەر. کاتی خۆشی لە هەموو سەردەمەکاندا و لە هەموو دۆخە دژوار و قەیرانەکان، هەر لە شەڕی ناوخۆوە بیگرە تاکو قەیرانی ئابووری و کێشەی موچەو پەککەوتنی حوکومەت و پەرلەمان و پەیوەندی نێوان حیزبەکان و پەیوەندی هەرێم و بەغداو زۆری تریش، هەر پارتی بوو لە کنگەوە لغاوی ئەکرد. بۆیە چارەسەر نەئەکراو کێشەکان ئاڵۆزتر ئەبوو. ئەی ئافەرم کاکە سوورە زۆر باش بۆی چووی، هەروەک دەڵێی "ئەندامانی مەکتەبی سیاسی پارتی و موستەشارەکانی لەبەر کێشەی بازرگانی و سەیروسەفای مەلەوانگەو ڕابواردنی ناو ڤێلاکان سەرقاڵن و سەرخۆشن. کێشەی پەرلەمان و سەرۆک پەرلەمان و زۆری تریش لە کنگەوە لغاو دەکەن. " من پێم وایە کاکە سوور قسەی زیاتری پێیە، لە ڕاگرتنی سۆزانی و شاردنەوەی پارەوپول و فسکەفسک لەگەڵ دەزگا سیخوڕیەکانی وڵاتانی ناوچەکە، بەڵام لەڕووی نایەت بیڵێ. کاکە سوور ناحەقی نیەو گەشۆتە تینی لەبەر دڵسۆزی خۆی بۆ دواڕۆژی کوردستان ئەم قسانە ئەکات و ئەبێ هەموو کەسێکی بە ویژدان و نیشتیمان پەروەر ئەم ڕاستیانە بڵێن و پێش هەموو شتێ لە حیزبەکانی خۆیانەوە دەست پێبکەن. کاتی خۆی هەر وەک مامۆستا هێدی لە بیرەوەریەکانیدا ئەیگێڕێتەوە کەوا لە مەجلیسێکدا دانیشتبوو ئەڵێ بارزانی نەمر گەشتە تینی و ووتی: من چیبکەم لەناو شۆڕش و پارتی هەر کەس دائەنێم لەوی پێشووتر خراپترە. کۆنگرەی نۆی پارتیش لە ساڵی ١٩٧٩ بە هەمان شێوە گەشتە تینی و وتی: گەندەڵی ناو پارتی و شۆڕش هۆکاری سەرەکی بوو بۆ کارەساتی ١٩٧٥. کورە هەر دوێنێ بوو شەهید جەوهەر نامیق گەشتە تینی و هەرچی هات بە دەمیا ووتی. دڵنیام کەک مەسعود بارزانیش پڕبووە لە پارتی و ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و موستەشارەکانی، خوا بکات بگاتە تینی و هەموویان لغاوبکات.

لەو کۆمەڵگا دواکەوتووەی کوردا، هەنێ جار لغاوکردن پێویستە. لغاوکردن لەناو دەوڵەت، لەناو حیزب، لەناو دەزگاکان، تەنانەت لەناو خێزانیشبێ. ئاسان نیە چاو لە وڵاتە پڕ دیموکراتی و ئازادیەکان بکرێ، دیموکراتی و ئازادی عەیارە بیست و چوار بەدبەختی زۆرمان بۆ ئەهێنێ. هەندێ جاریش زمانی گفت و گۆو لەیەک گەشتن واتە (دیموکراتی بە لیسەوە) پێویستە بۆ چارەسەرکردنی کێشەو گیروگرفتەکان. کاک سوورە زۆر ڕاستدەکات کە ئەڵێ"نازانم پارتی بۆ وەک مناڵی شیرە خۆرە گڕووی گرتووە بە (یوسف موحەمەد)ەوە؟ بە هۆکاری سەرەکی کێشەکانی ئەزانێ و ئەڵێ یوسف موحەمەد مناڵەو کەم ئەزموونەو نەشارەزایە. " لێ منیش ئەڵێم مادام ئەم یوسف موحەمەدە مناڵەو کەم تەجوربەیەو نەشارەزایە، مادام هێشتا نەگەشتۆتە ئاستی دروستکردنی مەلەوانگەو ڤیللا نابێ پارتی غەدری لێبکا. ئەکرێ پیاوێکی شارەزاو دڵسۆز و بە ئەمەکی لێ دەرچێ و خزمەتی زۆر بە پەرلەمان و حوکومەتی کوردستان بگەیەنێ، ئەگەر یارمەتی و هاوکاری بکرێ. باشتر وایە پارتی وەک برا گەورە بانگی بکاو دەست بێنێ بەسەریاو ئامۆژگاری بکاو بیخاتە سەر (سراط المستقیم). کاک سوورە لەمەشیانا هەر ڕاست دەکات، یوسف موحەمەد خۆی وجودی نیەو سیاسەت لە پشتیەتی و ئەیجوڵێنێ. منیش ئەڵێم جا باشە لە کوردستان هەر سیاسەت و تارماییەکان نین کە کاربەدەستەکان ئەجوڵێنن؟. هەموو ئەو سەرۆک پەرلەمانانەی پێشووی پارتی و یەکێتی سەربەخۆ نەبوون. هەر سیاسەت ئەیجوڵاندن و تەنانەت هەندێکیشیان لە ماڵی خۆیاندا قەرار بەدەست نەبوون. هەموویان وەکو (بەبەغا) سەروی خۆیان چی پێبوتنایە هەر ئەوەیان ئەوتەوە. ئیتر بۆچی ئەم فەقیرو بەستەزمانە تاوانبار بکرێ. ئەشهەد و بیلا کاک سوورە راستەکات، گۆڕینی یوسف موحەمەد هیچ لە بارودۆخەکە ناگۆڕێ. چونکە پێش ئەویش چەند جارێ سەرۆک پەرلەمان ئاڵوگۆڕ کراوەو هیچ گۆڕانکاریەکیش نەبووە.

تەنها ماوەتەوە ئەوە بڵێم کە لە کوردستان مەلیک بوونی نیە تاکو کشی لێبکرێ. هەموو ئەم حیزبە گەورانە لە خێڵ ئەچن و حیزبە بچووکەکانیش تیرەن. هەموو ئەمانە خێڵی دواکەوتوو خۆپەرستن، کە هەستی نیشتیمانیان لاوازە. سەرۆکی ئەم خێڵ و تیرانەش مەلیک نین،  بەڵکو شێخ و ئاغا وکوێخان. بە کش شێخ و بە کش کوێخا لاناچن، چونکە هەریەکەیان پشت و پەنای ئیقلیمی بەهێزی هەیە. واتە تارماییەک لە پشتیانەو هەر ئەو پشت و پەناو تارماییە ئەتوانێ کشیان لێبکات و بە فوویەک لایان بەرێ. دڵنیابە نەک نەوشیروان موستەفا بەڵکو هەموو کوێخاکانیتر بە دەیان بیست و چواری یەدەگیان هەیە و بگرە زیاتریش. هەروەک دەگێڕنەوە، دەڵێن کاتی خۆی حەسەنی شیرین چۆتە لای بارزانی ڕەحمەتی و کە هاتۆتەوە بە هەوادارانی مام جەلالی ووتوە " برا ڕۆۆ. . . ئێوە ئەتوانن بارزانی لەناو بەرن؟ ئەویش لەناوبچێ، سی بارزانی تر لە گریس دایەو هێشتا دەریان نەهێناون. "

بەڵام کاکە سوورە باوکەکەمی، موقەیەت خۆتبە. لەسەر پردی سیڕات شایەتی مەدە، ئەوە مەخفەرەکەیە بەسەر سەرمانەوە، نەوا بەدەردەکەی شەهید محێدین ڕەحیم بچیت.

پیرە