دەوڵەتی کوردی و لۆتۆ ...  پیرە

کە هاتمە ئەوروپا ئەوەی سەرنجی ڕاکێشام و لە زۆر شوێن بە تایبەتی لە مارکێتەکان ڕیکلامە ئەکرێ بۆ یانسیبێکی جیهانی (لۆتۆ) . ئامێرێکیان داناوەو بیتاقە ئەفرۆشێ بە هەر کەسێ کە بەختی خۆی تاقی ئەکاتەوەو خەڵکێکی زۆر لە ژن و پیاو کە زۆربایان پیرو پەکەوتەو پەرپوت و نائومێدن بە هەڵپەن بۆ کڕینی ئەم بیتاقانەوبەردەوام لە خەیاڵیکی خۆشدان کە بۆیان دەرچێت و ببن بە ملیۆنێرو ئیتر بە شادی و خۆشی بژین و خانوو و سەیارەو ماڵ و حاڵی لێ بکڕن و بە ئارەزووی خۆیان بخۆن و بخۆنەوەو بگەڕێن. ئەم بیتاقە کڕینە، یان با وابڵێین ئەم قومارە پەتایەکی پیسە هەر کەسێ بە خەستی بیگرێ سەر و ماڵی تیا ئەچێ و ڕەنگە لە ساڵێکدا و لەناو چەند ملیۆنێک لەم مودمینانە کەسێک شتێکی بۆ دەرچێ و ببێ بە ملیۆنێر و ئیتر ئەوانیتر مایە پووچ ئەبن. . . ئەم دەزگایانە هێندە زیرەکن بۆ ئەوەی کڕیارەکانیان لەدەست نەچێ و بەردەوامبن لە کڕینی بیتاقەو پاش ئەوەی دوو سەد دۆلارێکیان یاخود زیاتریشیان لێ ئەکشێننەوەو پێنج دۆلارێکیان بۆ دەرئەچێنن. جا پیاو درۆ نەکات منیش ئەوە پانزە ساڵ زیاترە تووشی ئەو نەخۆشیە بووم و بەردەوام بیتاقە ئەکڕم و دووعا ئەکەم ببم بە ملیۆنێر و ژیانێکی نوێ دروستبکەم، بەڵام هیچ.

بۆ کورد بڕیاردان لەسەر سەربەخۆیی کوردستان بە هەر ڕێگایەک بێ ئەوا وەک ئەو قومارە وایە کە من ئەیکەم، یاخود ڕاکێشانی یانسیبەو خوا بۆخۆی ئەزانێ چیمان بۆ دەرئەچێ، نیعمەت یاخود میحنەت.

گەلی کورد لە هەموو پارچەکانی کوردستان، بەتایبەت باشووری کوردستان، لە دێر زەمانەوە لە خەبات و شۆڕش و هەوڵداندایە کە بگات بە مافی سەربەخۆی خۆیی و دەوڵەتی کوردی دامەزرێنی، یان هەر هیچ نەبی بگات بە مافە سەرەتاییەکانی. . . دوای بڕانەوەی جەنگی جیهانی یەکەم، بە پێی ڕێکەوتنی (سایکس بیکۆ) کوردستان کرا بە چوار پارچەوە بە جۆرەی ئێستا ئەیبینین، گەلی کورد لە هەر پارچەیەک، بەردەوام خوێنی ڕشتووەو لە ململانێ و بەرخوداندا بووە لەگەڵ ئەم چوار دەوڵەتەو دەسەڵات دارەکانی، بەڵام بە ئاگر و ئاسن وەڵام دراوەتەوەو ڕەنجەڕۆ بووەو شۆڕشەکانی دامرکاوەتەوە. ئیتر کورد سەرلەنوێ دەستی کردۆتەوە بە خەبات و هەروەک دکتۆر عەزیز شەمزینی ئەڵێت "کوردستان بەرمیلە بارووتەو کەس نازانێ لە چ ئان و ساتێکدا ئەتەقێتەوە. " زۆر جار داخوازیەکانی کورد زۆر سادەو ساکار بووە، لە ئۆتۆنۆمی و لامەرکەزی لە چوارچێوەی ئەم دەوڵەتانەدا زیاتر نەبووە، یاخود داخوازی خوێندن بە زمانی دایک و یان گەڕانەوەی دێهاتە ڕاگوێزراوەکان و لەم بابەتە بووە، زیاتر نەبووە.

لە دوای ڕاپەڕینی ساڵی ١٩٩١ لەم بەشەی کوردستان دەرفەتی باشتر ڕەخسا بۆ کورد، ناوبەناو پرسی سەربەخۆی کوردستان و دەوڵەتی کوردی سەریهەڵدا و مقۆ مقۆی لەسەر کراوە. جار بە جارێ باس لەوە دەکرێ بڕیارێکی چارەنوسساز بدرێ و جار و باریش باس لە ڕیفراندۆم ئەکرێ، ئەمەش کارێکی پیرۆزە بۆ هەر کەسێک و بۆ هەر حیزب و تاقمێکی کورد کە ئەم پرسە بجوڵێنێ و بڕیاری لەسەر بدا. بەڵام پێش ئەوەی هەنگاو بنرێ بۆ ئەم کارە هەستیارە چارەنوسسازە، ئەبێ زۆر مەسەلەی گرنگ هەیە لەبەرچاو بگیرێ.

یەکەم: کورد ئەمڕۆ لە حاڵەتی بێ ورەی و نائومێدیدا ئەژی، بە هۆی ئەو هەموو دۆخە نالەبارانەی دوای ڕاپەڕین هاتە گۆڕێ، لە شەری ناوخۆ و ململانێی ناشەریفانەی حیزبەکان، قەیرانی ئابووری و شاردنەوەی پارەو پوول و پێشێلکردنی یاساو دابەشکردنی کوردستان و زەوتکردنی زەوی و زار و شاخ و داخ و زۆری تریش لە ناعەدالەتی. حیزبەکان بەتایبەت حیزبە دەسەڵات دارەکان، دۆخێکی ئەوتۆیان دروستکرد کە هەموو کوردی بێزار کرد و لێرەدا پرسیارێک دێتە گۆڕێ: ئایا هەموو کورد یان زۆربای کورد هەر وەک میلەتی نەرویج لە ڕیفراندۆم ئامادەیە بە یەک دەنگ و بەیەک ڕەنگ دەنگ بدات بە سەربەخۆیی کوردستان؟

دووهەم: لە کوردستان چەندین حیزب و کۆڕو کۆمەڵی تێدایە، کە پینج حیزبیان سەرەکین. کە هەموو ئەم حیزبانە زیاتر لە خێڵ ئەچن، خێڵی دواکەوتووی خۆپەرست، نەک حیزبی پێشکەوتوو ومۆدێرنی سەردەم. ئەم حیزبانە لە دوای ڕاپەڕین شکستیان هێنا لە دروستکردنی دەوڵتێکی تۆکمەو بەهێز کە ببێ بە جێگای ڕەزامەندی کورد و سەرنجی ووڵاتان ڕابکێشێ. کوردستانیان مەشغوڵ کرد بە شەڕی ناوخۆ و یەک کوشتن و بەهەدەر بردنی ئابووری کوردستان و هەریەکە خۆی گرێدابە یەکێ لە ووڵاتەکانی ناوچەکەوەو زۆری تریش لە خراپەکاری. لێرەدا چەند پرسیارێ دێتە پێشەوە: ئایا ئەم حیزبانە ئامادەن بەیەک دەنگ هاوار بکەن بۆ سەربەخۆیی کوردستان؟ ئایا ئەم حیزبانە جورئەتی ئەوە ئەکەن سەربەخۆیی خۆیان بپارێزن لە ئاست ئەو پەیوەندی و کەین و بەینە ژێر بەژێرەی هەیانە لەگەڵ ووڵاتانی دراوسێ، بەتایبەتی ئێران و تورکیاو سعودیە؟ ئایا ئەم حیزبانە لەبەر خاتری چارەنووسی کوردو سەربەخۆیی کوردستان تەنازوول بۆ یەک دەکەن و واز لە پشکی خۆیان ئەهێنن؟ ئایا ئەم حیزبانە ڕازی دەبن بەوەی بنەماڵەیەک ببێ بە سوڵتان حوکمی کوردستان بکات؟

سێیەم: کوردستان تایبەت مەندی خۆی هەیە و جیاوازە لەگەڵ وڵاتانی تر لە ڕووی جوگرافی و مێژووی و کۆمەلایەتییەوە، کوردستان دابەش کراوەو وەک قەفەز وایە، هەر چواردەوری بە دووژمنی زەبەلاح گیراوە، کە هیچ دەروازەیەکی نیە بۆ دەربازبوون و هیچ پشت و پەنایەک نیە پشتی پێ ببەستێ. هەموو ئەم دەوڵەتانە نایانەوێ کورد لە ژێردەستەیی بەولاوە هیچ دەسەڵاتێکی هەبێ و کوردستان بۆ ئەوان ناوچەیەکی دەوڵەمەند و ستراتیژی گرنگە بە ئاسانی دەستبەرداری نابن و چەندین جار پلانیان داناوەو ڕێکەوتوون لەسەر ئەوەی کورد دەسەڵاتی نەبێ، بەتایبەت لەدوای ڕاپەڕینی ١٩٩١، وەزیرانی دەرەوەی هەر چوار ووڵاتەکە لە دیمەشق کۆبونەوەو پلانیان دانا بۆ دروستکردنی بەربەست لەبەردەم دروست بوونی دەوڵەتی کوردی. ئەبێ کورد ئەوە باش بزانێ کە نە لە تاران و، وە نە لە ئەنقەرەو، نە لە بەغداد و، نە لە دیمەشق، کەسێکی لێنیە ناوی (لینین) بێت و بانگی نەتەوە ژێردەستەکان بکات و بڵێ "چیتان ئەوێ بۆتان ئیمزا بکەم. ". . . لێرەدا پرسیارێک دێتە کایەوەو کە ئەویش زۆر گرنگە، ئایا کورد پشت و پەنایەکی ئەوتۆی هەیە کە بەرەنگاری دوژمنکارانەی ئەم ووڵاتانە ببێ لەکاتی ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی و دەوڵەتی کوردی؟ . . . ڕیفراندۆم و ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی ئاسانە، بەڵام پاراستن و هێشتنەوەی زۆر گرانە. لەسەدەی ڕابردوو لە ساڵانی بیستەکان کورد مەملەکەتی کوردستانی ڕاگەیاند لە سلێمانی، لە ساڵانی چلەکانیش کۆماری کوردستانی ڕاگەیاند لە مهاباد، بەڵام چارەنووسی مەملەکەتەکەمان لە ئەشکەووتی جاسەنە خۆی بینیەوەو مەلیکەکەمان لە پاڵ بەردە قارەمان بە برینداری گیراو نەفی کرا. چارەنووسی کۆماری مهاباد پەڕینەوە بوو لە ئاوی ئاراس و سەرۆک کۆماری کوردستانیش لە چوارچرا کرا بە پەتدا. هەموو ئەو یارمەتی و پشت و پەنایەی ئەمریکاو ئەوروپا هەیانە بۆ کورد تەنها لە دژایەتی کردنی داعش خۆی دەبینێتەوە، زۆر دوور نیە ئەگەر داعش نەما ئەو هاوکاری و یارمەتیەش نەمێنێ. هەر وەک ئەوەی بەسەر ئێمەی شیوعی هات لە ١٩٧٥و هەتا شۆڕشی کورد مابوو حوکومەتی بەعس بە هەموو شێوەیەک یارمەتی داین بۆ دژایەتی کردنی شۆڕش، کە شۆڕش نەماو ئاشبەتاڵ بوو، پاش مانگێک چەکیان کردین و بەرەڵایان کردین.

چوارەم: ڕاستە ئێستا ئەم وڵاتانە، بەتایبەت عێراق و سوریا شەڕ یەخەی گرتوون و تووشی پاشا گەردانی بوون، کوردیش لە ١٩٩١ تا ئێستا کەس لەدەوری نیەو بە حساب حوکومەتەو خاوەنی هێزی پێشمەرگەیە و شەڕی داعش ئەکا و بە نێرەکەری نەوت ئەفرۆشێ و پارەکەی حەپەلووش ئەکرێ لەگەڵ ووڵاتان چاوبڕکێ ئەکاو مامە حەمەیی و ماستاویان بۆ ئەکا. ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمانمان هەیە. ئەمانە هیچی زۆر گرنگ نیە بۆ سەرکەتنمان لە بڕیاردانی سەربەخۆیی و دەوڵەتی کوردی، چونکە کاتی خۆشی شەڕ و پاشاگەردانی یەخەی ئەم وڵاتانەی گرتبوو سەربەخۆیشمان ڕاگەیاند هەر وەک لەسەرەوە باسم کرد، لێ نەتیجەی نەبوو. ئەوەی زۆر گرنگە لەم ڕۆژەدا کە بکرێ دروستکردنی کۆڵەکەکانی دەوڵتە، ئێمە خاوەنی ژێرخانێکی ئابووری داڕووخاوین، بەرگەی یەک هەفتە لێقەومان گەمارۆدانی دوژمن ناگرین. . . ئێمە خاوەنی میلەتێکی ورە ڕووخاوو و دڵشکاو و نایەکگرتووین . . . خاوەنی میلەتێکین هەستی نیشتیمانی لاوازە، دڵی ناسوتێ بە ئاو و کارەباو سەیرانگاو ڕێگاوبان و داروبەردی کوردستان. . خاوەنی میلەتێکین کە باوەڕی بە سەرۆک و سەرکردەکانی نیە، هەموویان بە چەتەو مافیا دادەنێن. بە کوردی کوردستانیش تووشی هەمان پاشا گەردانی بووە.

پێنجەم: ئەبێ ئەوەمان لەبیر نەچێ کورد میلەتێکی موسوڵمانە، ئەم دینە بۆ ووڵاتان و میلەتانی تر بووە بە ڕەحمەت، بەڵام بۆ کورد بووە بە میحنەت. ئەم دەوڵەتانەی کوردستانیان بەسەردا دابەش کراوە، دینی ئیسلامیان کردووە بە تەوقێک و کردویانەتە ملی کورد بۆ بەرژەوەندی خۆیان و چۆنیان بوێ بەکارمان دەهێنن. دڵنیام ئەگەر کورد هەر دینێکی تری هەبووایە، بە تایبەت مەسیحی یان جولەکە، ئەوا ئاسانترو زووتر ئەمانتوانی سەربەخۆیی ڕابگەیەنین. . . ئەم دینە کاریگەری خراپیشی کردۆتە سەر هەوادارانی حیزبە ئیسلامی و سەلەفیەکانی کورد، ئەمانەش ئەگەر لەوە زیاتر توانایان هەبێ نەک نایەڵن کورد دەوڵەتی هەبێ بەڵکو زمانی ئەوەش ئەبڕن کە سرودی ئەی رەقیب بچڕێ و گۆڕەکەی دڵداریش هەڵدەتەکێنن هەروەک چۆن گۆڕی شێرکۆ بێکەسیان هەڵتەکاند. لێرەدا پرسیارێک دێتە ئاراوە: ئایا ئەم ئیسلامیانە دێنەوە هۆش خۆیان و ڕازی دەبن بە سەربەخۆیی کوردستان و دەوڵەتی کورد یان ڕیش هەڵەتەکێنن و پێش لەشکری تورک و عەجەم ئەکەون و سەعد و عەلی ئاسا بە پێی ئایەتی ئەنفال ئەنفالمان ئەکەن؟

لە کۆتایدا ئەمەوێ ئەوە بڵێم مەحاڵ نیە یانسیبەکەم بۆ دەرچێ، بەڵام زۆر زەحمەتە، ئاوهاش مەحاڵ نیە بۆ کورد ببێ بە دەوڵەت، بەڵام ئەویش زۆر زەحمەتە. . . ئەو هەووڵ و ووتانەی مەسعود بارزانی پیرۆزن سەبارەت بە ڕاگەیاندنی سەربەخۆیی کوردستان ئەگەر بەڕاستی بێ و بۆ ئەوە نەبێ هەوڵ و تووڕەیی حیزبەکانی تر و میلەت لەخۆی دوورخاتەوە، کە ئەیانەوێ دەسەڵاتەکەی لێ وەرگرنەوە، ڕەوایە بۆ هەموو کورد پشتگیری بەرزانی بکەنبۆ گەیشتن بەو ئامانجە پیرۆزە. بارزانی دەبێ هەوڵی دەوڵەتێک بدات و دڵی هەموو لایەک ڕازی بکات و خواستی هەموو کورد بێنێتە دی. دەوڵەتێکی نمونەیی کە پڕبێ لە دادپەروەری و خۆشگوزەرانی و پێشکەوتن. . . بەڵێ بۆ سەربەخۆیی کوردستان.

پیرە