هەرزەکار بووم کە ووشەی قوشقی بەر گوێم کەوت. قوشقی بوون بە مانای یاخیبوون و بەلەسە بوون و هەڵچوون دێ. تەنها بەو کەسانە ئەوترا کە تەختەیەکیان نوقسان بوو، یاخود بێ وورە ودەروون ڕووخاو بوون، یاخود کەم تەحەموول و جیقڵدان بچووک بوون، کە بە قسەیەک، بە چرپەیەک، بە ختووکەیەک کەلەیی ئەبوون و بەلەسە ئەبوون و جوێنیان ئەداو شەڕیان ئەکرد و پەلاماری بەرامبەرەکەیان ئەدا.

ساڵی ١٩٧٤ ئەو کاتە پێشمەرگەی حیزبی شیوعی بووم، لە مەقەڕی یەکێ لە لقە پێشمەرگەکانی حیزب، لە بناری گوڵان کەسێکی بەتەمەنی شێتۆکەیان گرتبووە خۆ، بە ناوی شێخ غەریب. ئەم پیاوە شێتە خەڵکی گوندی بەلەکجاڕی قەرەداغ بوو، پەیوەندی خۆشبوو لەگەڵ پێشمەرگەکانی حیزبی شیوعی، زۆربەی کاتەکانی لە مەقەڕەکانی حیزب ئەبردە سەر بە خواردن و خواردنەوەو خەوتن. پێشمەرگەکانیش خۆشیان ئەویست و بەردەوام بە گاڵتەو پێکەنین سەریان ئەکردە سەری و تووڕەیان ئەکرد. ئەو بە ووشەی (میاو) قوشقی ئەبوو، جوێنی ئەداو پەلاماری تفەنگی ئەدا، هەوڵی کوشتنی ئەوەی ئەدا کە بە میاو بانگی دەکرد. بەڵام گیانیان بەوەبوو هەموو جارێ پێشمەرگەکان پێشتر دەرزی تفەنگەکانیان دەرئەهێنا. کە شێخ غەریب پەلاماری تفەنگی بێدەرزی ئەدا، زۆر بە جدی ئەیچرکاند بەرەو ڕوویان و بەڵام کەس هیچی لێنەئەهات. هەموو دەیانزانی ئەگەر تفەنگەکە دەرزی تیابێ ئەوا کەسێ ئەکوژێ. بەڵام ڕۆژێک لەپاڵ بەردێکەوە حەمەی شێخ کەریم کە پێشمەرگە بوو لەو بنکەیە سەر دەر ئەهێنێ و هاوار لە شێخ غەریب ئەکات (میاو) ئیتر شێخ غەریب پەلاماری تفەنگی لێئەداو مەجال نادا حەمە ووشەکە دووبارە تەواوبکات، هەر کە ووتی (میا. . ) تەقەی لێئەکاو فیشەکێ ئەنێ بە ڕوومەتیەوەو لە ڕوومەتەکەی تریەوە دەرئەچێ، جا حەمە شانسی هەبوو کە هەر ئەوەندە ووتبووی (میا. . ) لەوکاتە دەمی کرابۆووە گولەکە لێی دابوو دانی نەگرتبوو، هەر بە بۆشایی ناو دەمیا ڕۆشتبوو، ئەگەر ووشەکەی تەواوبکردایەو بیوتایە (میاوو) ئەوا دەمی دائەخراو هەموو دانەکانی ئەهاڕی، بەس ئەوەبوو هەردوو ڕوومەتی عەیباربوو. (حەمەی شێخ کەریم دواتر بوو بە پارتی و وەکو بیستم گەشتبووە پلەی ئامر بەتالیۆن و لە هەشتاکان شەهید بوو. )

ئەمڕۆ لە کوردستان حوکومەتی کوردی مات و مەلول، ڕەنگ زەردو زەعیف، بێ حەوسەڵەو کەم تەحەموول، خەریکە ئەقڵ لەدەست ئەدا بەهۆی ئەو قەیرانە ئابووریەی کە ڕووی تێکردووە. دەساڵات دارەکانی کورد زۆریان بۆ هاتووە خەریکە هەرەس ئەهێننن و ئاشبەتاڵی لێ ئەکەن و بە ئان و زەمان باسی دەوڵەتی کوردی و فیدڕاڵیەت و کوردستان ئەکەین بە دووبەی ناکەن. خۆیان بەدوور ئەگرن لە دایرەکان و لە وەزارەتەکان و لە کۆبوونەوەی پەڕلەمان، زۆربایان بەشی کوڕاوکوڕیان دۆلاریان قایمکردووە لە بانقەکانی دەرەوە. یان سامانەکانیان کردووە بە ناوی کاسە لێس و ماستاوچیەکانەوە. پاساپۆرتەکانیشیان خستۆتە ئامادەباشی و هەر کاتێ میلەت بەتەواوەتی قوشقی بوو، ئەوا ئەوانیش گزەی بۆ بکەن. ئێستا دەسەڵاتدارەکان شاخیان لێ پەیدائەبێ و قوشقی ئەبن بە هات و هاوار و داخوازیەکانی میلەت. هەر کاتێ داوای مووچە دەکرێ هەزار و یەک بڕوو بیان و ئەهێننەوەو هەڵئەچن و کەلەیی ئەبن. من پێمباشە هەموو میلەت ئارام و خۆڕاگربێ هەڵنەچن و قوشقی نەبن و کەس داوای مووچە نەکات، چون باوەڕم وایە حوکومەت وەکو شێخ غەریب پەلاماری چەک ئەداو تەقە ئەکات. کار بگاتە ئەو ئاستە کەس فریای ئەوە ناکەوێ ووشەی مووچە تەواو بکات، هەر کە ووتی (موو. . . ) گولە دەمی ئەبڕێ.

تا ئەم حەدەش وەزع وابێ هەر باشە، ئەبێ شوکور بین، ئەبێ هەموو هەوڵ بدەین کوردستان لەوە خراپتر نەبێ و ئەم میلەتە دان بەخۆیدا بگرێ و قوشقی نەبێ. ئەگەر بگاتە ئەو ڕادە خراپە ئەوا دۆو دۆشاو تێکەڵ ئەبێ و تەڕ و ووشک پێکەوە ئەسووتێ و هێندەی تر بە قووڕدا ئەچین. لە ووڵاتی ئێمە قوشقی بوون نەهامەتی زۆر لەگەڵ خۆیدا ئەهێنێ و کارگەکان تاڵان ئەکرێ، دایرەکان وێران ئەکرێ، تەلی عەموودەکان ئەبڕدرێ، کەرەسەو ئامێرە خزمەتگوزاریەکان ئاودیوو دەکرێ، ئەفواجی خەفیفە دروست ئەبێتەوە، ئاڵای کوردستان هەرزان فۆرش ئەکرێ، شەڕە پەڕۆ دروست ئەبێتەوە، شەڕە جڕت دەست پێئەکاتەوە، گۆڕی شەهیدەکان هەڵەتەکێنری، ئارامی و ئاسایش و ئەمانەت نامێنێ، کوورە هەر مەپرسە چی ڕووئەدا.

پیرە