لە سەردەمی پێشمەرگایەتی شۆڕش بە تایبەتی ساڵانی هەشتاکان و دواتر زاراوەی (شەهیدی زیندوو) کەوتە سەر زاری خەڵکی. ئەم زاراوەیە باشتر وایە بڵێین ئەم خەڵاتە، بەخشرا بەو کەسانەی کە ساڵانێکی زۆر ژیانی خۆیان و خێزانەکەیان خستە گەڕ لە پێناوی ئازادی، لە پێناوی دواڕۆژێکی خۆشتر و باشتر بۆ میلەت، لە پێناوی ڕزگاری نیشتیمانی. بەخشرا بەو تێکۆشەرانەی کە لە ڕێخستەنکان و لە پێشمەرگایەتی خۆنەویستانە بەردەوام خەباتیان کردووەو چەندین جار لە کەناری مەرگ گەڕاونەتەوە، بەو سەرباازە گوم ناوانەی لە زیندانە تاریکەکانی دوژمندا گۆج و ئیفلیج بوون و یان لەبەردەم پەتی سێدارەدا بەر عافوات کەوتن و یان ئەوانەی شاخەو شاخی زۆریان کردوو بە برسێتی و بە جلی دڕاوو بە پێی پەتی و خۆیان کرد بە قەڵغان لە بەردەم هێرشە دڕندەکانی دوژمن. ئەی ئافەرم بۆ ئەو زاتە، بۆ ئەو بیردۆزەوانەی کە یەکەم جار هات بە مێشکیاو ئەم زاراوەیەی دۆزیەوە لە زمانی کوردیدا.

بێ شک کاک ئەحمەد ڕەجەب یەکێکە لەو شەهیدە زیندووانە، یەکێکە لەو پیاوانەی ساڵانێکی زۆری تەمەنی خۆی بەکار هێنا بۆ خزمەتی گەل و نیشتیمانەکەی، بۆ ئازادی و عەدالەت، بۆ ڕزگاری و سەربەستی، بۆ دواڕۆژێکی بەختیار بۆ کورد و کوردستان، بۆ هەموو چەوساوەکان، یەکێکە لەو تێکۆشەرە ماندونەناسانەی کە ئازارو مەینەتی زۆری چێشت لە زیندان و لە چیاکانی کوردستان. کاک ئەحمەد ڕەجەب ڕۆژنامە نووس بو، پێشمەرگە بوو، فەرماندە بوو، پاسەوان بوو، چێشت لێنەر بوو، لە هەمووی مەزنتر بەڕێز و خۆشەویست و بە ئەمەک بوو.

لە ناوەڕاستی حەفتاکانی سەدەی ڕابردووئاشناییم لەگەڵ کاک ئەحمەد پەیدا کرد، بەردەوام ئەمبینی کۆمەڵێ کتێب و ڕۆژنامەی بە بن دەستەوە بوو، ووتار و ڕاپۆرتی لە ڕۆژنامەی (طریق الشعب) و بیری نوێدا بڵاو ئەکردەوەو ئێمەش بە تامەزرۆوە ئەمانخوێندەوە. هەر زوو بوو بە ناسراوو دۆستی من بە تایبەتی لە ساڵی ١٩٧٨ بە دواوە کە حوکمەتی بەعس کەوتە وێزەو ڕاونانی شیوعیەکان. لە شاخ و لە پێشمەرگایەتی یەکمان گرتەوە. کاک ئەحمەد پێشمەرگەیەکی قارەمان بو، لە ساڵی ١٩٨٠لە داستانی قزلەر پێکەوە بووین. هەر پێکەوەش حەرەس بووین کاتێ فڕۆکەکانی دوژمن هێرشیان بۆ کردین و ئینزالیان کرد لە چواردەورمان. لە جەولە کردنی دێهاتەکان و دابەشبوون لە ماڵەکان زۆر جار پێکەوە بووین و لە مقەڕەکانی ناوزەنگ و تووژەڵە بەو بەفر و سەرمایە هەڵئەگەڕاین بەو شاخە سەختەدا دارمان بە کۆڵ ئەهێنا بۆ سوتاندن. لە کولبەکانی بێتووش هەر پێکەوە بووین و کاک ئەحمەد چێشتی بەلەزەتی بۆ لێئەناین و بەردەوام لە نزیک ئاگردانەکە بوو، ئا لەو کاتەی باوەشێنی ئاگرەکەی ئەکرد و دووکەڵ فرمێسکی بە چاوەکانیا ئەهێنایە خوارەوە قەڵەم و دەفتەرتی بە دەستەوە بووچیرۆکی (جوجە تەڵایی) نوسەری ئازەری بەناوبانگ (صەمەدی بەهرەنگی) لە فارسیەوە ئەکرد بە کوردی. زۆر جار لەنان خواردن و لە خەوتن و لە کۆبونەوەکان پێکەوە بووین، ئیتر چارەنووس لە یەکی دابڕاندین و ئێستا ئەو لە ووڵاتی سوید دوا ڕۆژەکانی ژیان ئەباتە سەر. دواجار لە دەمی کاک شوان بیستم کەوا کاک ئەحمەد قاچەکانی سڕ بوون و ڕۆژێک لە نزیک زۆباوە قاچی گەرمکردۆتەوەو بەڵام بەخۆی نەزانیوەو پەنجەکانی سوتابوون. منیش تەلەفۆنم بۆ کردوو لە هەواڵیم پرسی. ئەگەر چی تەمەن و نەخۆشی زۆری بۆ هێناوە بەڵام بە ورەی بەرزەوەو بە دڵسۆزی و وەفای بێ سنورەوە بەردەوام ئەنووسێ و شەهیدەکان، قارەمانەکانی مێژوو ئیبراز ئەکات بۆ ئەوەی ناویان گووم نەبێ و نەبن بە ژێر پێوە. ئەی ئافەرم کاک ئەحمەد، ئەمەی تۆ ئەیکەیت کارێکی پیرۆزە و تۆ تەنها کەسی شەهیدەکان بە تایبەتی شەهیدە شیوعیەکان بە بیرئەهێنیتەوە، چون ئەوان خەریکە لەبیر ئەچنەوەو تەنانەت حیزبەکەشیان بیری چووە بە قوڕاو بە ئاستی پێویست بیریان لێناکاتەوە.

حەز ئەکەم ئیتر هیچ لەسەر شەهیدەکان نەنوسی، ئەوان ڕۆشتن و گووم بوون لەبەرچاو، ئەوان لە ڕۆژگارێکا ڕووحی خۆیان کرد بە قوربانی بیروو باوەڕ پیرۆز بوو، حیزب موقەدەس بوو، ئەخلاق لەسەرو پارەو باڵەخانەکانەوە بوو. ئەو شەهیدانە زیندوو ببنەوەو ئەم وەزعەی دوای ڕاپەڕین ببینن کە چۆن حزبەکانیان خۆیان پیس دەکەن، ئەوا دڵنیام ئەگەر وازیش نەهێنن لە حیزبایەتی ئەوا خۆشیان نادەن بە کوشت. باشتر وایە لەسەر شەهیدە زیندووکان بنووسی بە بێ جیاوازی بیر و باوەڕی حیزبی. ئەوانەی کە پیر بوون و داماو بوون و هەر یەکەیان لە سوچێکی ئەم دنیایە ژیانی کولە مەرگی ئەبەنە سەر. ئەبێ هەموو هەوڵی ئەوە بدەین لەگەڵ حیزبە سەرخۆشەکان بە ئاگا بێنەوەو شەهیدی زیندوو بە فەرمی دەزگای خۆی هەبێ و ئەم هەموو تەلەفیزیۆن و ڕادیۆ و ڕۆژنامەو گۆڤار و بڵاوکراوەیە سوچێکی کەمی تەرخان بکرێ بۆ پیرۆز ڕاگرتنی ناو و ناوبانگیان.

پیرە.