ساڵی ١٩٧٢ کاتێ پێشمەرگە بووم لە لقی چواری شیوعیەلان (حزبی شیوعی عێراق) مەقەڕمان لە گوندی تازەشار بوو لە بناری گلی گەرمیان. . . لەو سەردەمەو لە شۆڕشی پێشوو ئەگەر چی ئێمە وەک ڕێخستن شیوعی بووین، بەڵام وەک پێشمەرگە، لقە پێشمەرگەکانی حیزب بەسترابوونەوە بە هێزەکانی پارتی و ئێمە سەر بەهێزی قەرەداغ بووین. چەک و تەقەمەنی و یارمەتی و بڕیارمان لە هێز وەرئەگرت، واتە لە پارتی. . . بەڵام بە هۆی وەزعی سیاسی ئەو سەردەمە کە پەیوەندی شیوعی و پارتی باش نەبوو پارتی بەردەوام دژایەتی ئێمەی ئەکردوو هەر جارەی دەرگایەکیان لێ دائەخستین، جارێک هەوڵی لاوازکردنی ڕێکخستنەکانیان ئەداین و جارێکیتر یارمەتیەکانیان لێ ئەبڕین و جارێکی تر لقەکەیان بچووک ئەکردینەوەو ئەیان کردین بە پەل و نەقڵی ناوچەی حاجی عومرانیان کردین. . . بەردەوام پارتی و پاراستن هاشەو هوشەو پڕوپاگەندەیان لە دژی شیوعیەکان ئەکرد، بەردەوام هەوڵی ئازاردانی ئەندام و لایەنگرانی حیزبی شیوعیان ئەدا.

ماوەی نزیک ساڵێک بوو پارتی یارمەتیان لێ بڕیبووین، واتە موچەیان نەئەدا پێمان کە مانگی پێنج دینار بوو، هەر لەبەر ئەوەی شیوعی بووین و جار جارێک بەرهەڵستی سیاسەتی پارتیمان دەکرد. . . هەموومان زۆر بێ وەزع بووین و بۆکڕووزمان لێ ئەهات. زۆر پەرێشان بووین بۆ جل و بەرگ و بۆ خواردن و بۆ جگەرەو پێویستیەکانی تر. بەتایبەتی ئەوانەی خێزاندار بوون هەر فەوتابوون. ئیتر سەرکردایەتی حیزبمان پێی نا بە جەرگی خۆیداو بڕیاریاندا موچەمان بدەنێ و ڕۆژێک فاتیح ڕەسوڵ هات بۆ لامان و کۆی کردینەوە. دوای ئەوەی کاتژمێرێک قسەی بۆ کردین و وەسف و سەنای داین و هات بە شان و باڵمانداو ئیتر ووتی: موچە، واتە یارمەتیم بۆ هێناون، ئەگەر چی کەمیشە. ئێمەش لە خۆشیدا گەشاینەوە و سەیری یەکتریمان ئەکردو بزە کەوتە سەر لێومان. لە پڕ ووتی یارمەتیەکە ڕووبعە دینارێ بۆ زگوورتی و نیوو دینار بۆ خێزاندارە. هەر وای ووت هەموو ئەبڵەق بووین و پەستی دایگرتین و زۆربای پێشمەرگەکان هەڵسان و بەدەم بۆڵە بۆڵەوە کۆبوونەوەکەیان بەجێ هێڵاو پارەکەیان وەرنەگرت. تەنها من و یەک دوو کەسی تر وەرمان گرت و یەکسەر چووم ڕووبعە دینارەکەم دا بە چوار پاکەتی جگەرەی جمهووری کە پاکەتی بە شەست فلس بوو، ئیتر دەستم کرد بە فیشکەی جگەرە کێشان.

لە ووڵاتی ئێمە مێژوو خۆی دووبارەو سێبارەو دە بارە دەکاتەوە. ئەوەی ڕوویدا بەرامبەر بە ئێمە، پێش چل و چوار ساڵ ئێستا بەسەر هەموو کوردستاندا دووبارە ئەبێتەوە، چونکە هەمان ئەقڵ و هەمان زرتە زەلام و هەمان حزب و هەمان سیستەمە ووڵات ئەبات بەڕێوە. ئێستا ئەوە شەش مانگە موچە نیە، یاخود بە پچڕ پچڕ موچە ئەدرێ و دەنگۆی ئەوەش هەیە موچە زۆر کەم بکرێتەوە، ئەمە وایکردووە ناڕەزای و نائارامی زۆر لەناو خەڵک و موچەخۆران دروست ببێت. دەرگای قوتابخانەو فەرمانگاکان دابخرێ و زۆربای فەرمانبەران و قوتابیان دەوامناکەن. . . پاشا گەردانی دروست بووە، من پێم وایە هەموو ئەو خۆپیشاندان و مانگرتن و چالاکیانە بێ سوودەو ئەنجامی باشی نابێ، بۆیە باشتر وایە هەموو کەس دەوامی خۆی بکات و کەس چاوەڕوانی موچە نەبێ و هەر کاتێ موچە هات و هەرچەندیش بێ ئەوا وەریگرێ و دەنگ نەکاو ئەگەر وەرینەگرێ ئەوا ئەچێتە قوڕگی شێرە گەندەڵەوەو ئەفەوتێ. ئەم وەزعە تا ئەم حەدەش بمێنێتەوە هەر باشە، ئەبێ هەموو کورد بە یەک دەنگ و بە یەک ڕەنگ هەوڵی ئەوە بدەین لەمە خراپتر نەبێ و هاواری ئەوە بکەین خوا خراپەی خراپتر نەدات.

هەموو هۆکارەکانی ئەم دۆخە نالەبارە ئاشکراو ڕوونە. شەڕ و نائارامی، هەڵپەی زلهێزەکان و ووڵاتانی دراوسێ بۆ خواردنی جەستەی ووڵات، تەمەڵی و ناووشیاری میلەت، ناتەبایی و نادڵسۆزی و بێ ئەخلاقی حیزبەکان، داڕوخانی ژێرخانی ئابووری و پشت بەتن بە فرۆشتنی نەوت و زۆری تریش. ئەم نەهامەتیە هەر هەبووەو بە تایبەتی دوای ڕووخاندنی سەدام و دوای کارەساتی بەهاری عەرەبی زیاتر بوو. ووڵاتە دیکتاتۆرەکان ڕووخێنراو گۆڕەپانێکی فراوان دروست کرا بۆ داعش و شەڕ و کوشتار و تاڵانی و وێرانکاری، واتە لە خراپەوە بۆ خراپتر.

بە بیرەوەری من و بگرە زۆر پێشتریش، دەسەڵات دارانی عێراق و کوردستان بۆ مانەوەیان لەسەر تەخت ڕێگای زۆریان گرتۆتە بەر، لە ئیغرائات و زەبر وزەنگ بە تایبەتی مووچە بڕین. بۆ یەکەم جار کە بینیم لە ساڵی ١٩٧٢ پارتی موچەی ئێمەی شیوعی بڕێ، لەبەر ئەوەی جار ناجارێ بەر‌هەڵستی سیاسەتی پارتیمان دەکرد. لە ساڵی ١٩٨٢ حیزبی شیوعی عێراق، موچەی کۆمەڵێ کادرو پێشمەرگەی بڕی کە من یەکێ بووم لەوانە، لەبەر ئەوەی بەرهەڵستی سیاسەتی چەوتی حیزبمان دەکرد. لە ساڵی ١٩٩٢ واتە دوای ڕاپەڕین، حوکمی صەدام موچەی فەرمانبەرانی کوردستانی بڕی. لەبەر ئەوەی کورد هەمووی بوو بە بەرهەڵستکار. دوای ڕووخاندنی صەدام پارتی موچەی سلێمانی بڕی، مالکی و بەغداد موچەی کوردستانیان بڕی، یەکێتی موچەی گۆڕانی بڕی. ئەمە هەمووی لەبەر ئەوەیە بەرهەڵستکاری کراوە. کورە هەر مەپرسە لەم ووڵاتی غەریب و عەجیبە چی ڕووئەدا!! بۆیە من دەڵێم کەس ئیتر لاساری نەکات و خۆی بەدوور بگرێ لە خۆپیشاندان و مانگرتن و ڕاپەڕین، هەموو سەری خۆتان کزبکەن و با لەوە خراپترتان بەسەر نەیەت! کوورە بۆ خوا پێتان ئەڵێم هێندە سەر مەکەنە سەر دەسەڵات دارەکان بۆ مووچە، ئەگەر زیانیان پێبگات و مەترسی دروست ببێ لەسەر تەختەکەیان، ئەوا نەک هەر مووچە بەڵکو لوت و گوێشتان ئەبڕن.

پیرە