رۆژی 2/6/2015 سێ لایەنی لەخواترس، هۆڵی پەرلەمانی کوردستانیان بەجێهێشت بەو بیانوەی قەرزکردنی نێودەوڵەتی حەرامە. بۆپەردەپۆش هەندێ بیانوی نیشتمانیشیان خستە پاڵ حەرامەکە. دەسخۆشی لەو لایەنانە ئەکەم بەرامبەر ئەو پەرۆشییەیان بۆ حەرامنەخواردن و رەتکردنەوەی پاروی حەرام.

بەم بۆنەیەوە داوا لەو لایەنە لەخواترسانە ئەکەم، لەسەر ئەم هەڵوێستەیان بەردەوامبن، بەمەرجێ هەمان هەڵوێستیان هەبێ بەرامبەر هەمو حەرامێک. یەکێک لەو حەرامانە کە زۆر حەرامترە لەو قەرزە، ئەو بڕە پارەیەیە کە ئەو لایەنانە، مانگانە یا ساڵانە، لە بوجەی حکومەتی کوردستانی وەرئەگرن کە ماڵی میللەتە!! با ئەوانە خۆیان بکەنە سیمبول بۆ حەرامخۆرەکانی تریش. بۆ نمونە: بەپێی سەرچاوەکان، تەنیا دو دەسەڵاتدارەکەی حکومەتی هەرێم، لەنێوان 2004 بۆ 2010 مانگانە 70 ملیۆن و ساڵانە 840 ملیۆن دۆلاریان بۆخۆیان لاداوەو لەخواترسەکانیشیان بێبەشنەکردوە لەو حەرامە!!

ئاشکرایە داهاتەکانی وڵات ئەچنە بوجەی حکومەتەوە، هەر حکومەتێک، ئەوانە پارەی میللەتن کەئەبێ تەنیا بۆ سودی گشتی خەرجبکرێ وەک: پرۆژە گشتییەکان، هێزی بەرگری، ئاوەدانکردنەوە، موچەی کارمەندان، هاوردە، پەرەپێدان و گەشەکردنی ئابوری و زانستی و تەندروستی و . . . هتد. جگەلەوانە، هەرپارەیەک بەلایەنەکان و پارتییەکان بدرێ، حەرامە! حەرام و گوناهەو ئەچێتە ئەستۆی کاربەدەستانی حکومەتەوە کە گەمە بەداهاتی میللەتئەکەن. حەرام و گوناهە کە ئەچێتە ئەستۆی ئەو لایەن و پارتییانەشەوە کە وەریئەگرن! ئەوانە ئەبێ بە ئابونەی ئەندامکانیان و قازانجی پرۆژەکانیان بەڕێوەببرێن نەک بەپارەی میللەت!

بەمبۆنەیەوە داوا لە حکومەتی کوردستان ئەکەم ئەو گوناهە لە ئەستۆی خۆی داماڵێ و چیتر پارەی میللەت نەدا بەوانەی بارەگاکانیان کردۆتە تەمەڵخانەو لەوەڕگەی حەرام. هەروەها داوا لە پارتییە سیاسییەکان و لایەنەکان بەگشتی و سێ لایەنە لەخواترسەکان بەتایبەتی ئەکەم، ئیتر لەوەزیاتر ئەو پارە حەرامە نەکەن بە قوڕگی خۆیانداو پرۆژە ئابورییەکان راگیراوبن و کارمەندانی گشتیش ژاراوی بێموچەییی بچێژن!!

 3/6/2015