له‌م په‌یامه‌ی 20/11/2016یدا ئاماژه‌ی بۆ بڕێک له‌هۆکاری کێشه‌کان کردوه‌و ئاماده‌یی خۆیشی پیشانداوه‌ بۆ چاره‌سه‌ریان تا راده‌ی ئه‌وه‌ی کورسییه‌که‌ی سه‌رۆکایه‌تیی هه‌رێم راده‌ستی که‌سێکیتر بکات.

1-هه‌نگاوێک و ده‌سپێشخه‌رییه‌کی باشه‌، به‌ڵام ئه‌و چاره‌سه‌ریانه‌ی ئاماژه‌ی بۆکردون، کێشه‌کان ئاڵۆزترئه‌که‌ن! چونکه‌ چاره‌سه‌ریه‌کان ئه‌سپێرێته‌وه‌ به‌ ڤایرۆسی هه‌مان ئه‌و کێشانه‌ که‌ هیزبه‌کانی هه‌رێمن! ئه‌و هیزبانه‌ی له‌داهاتی هه‌رێم، راسته‌وخۆو ناڕاسته‌وخۆ، به‌ئاشکراو به‌نهێنی، به‌شی شێریان بردوه‌و ئه‌به‌ن به‌جۆرێ ته‌نیا به‌شی چۆله‌که‌یه‌کیان بۆ میلله‌ت هێشتۆته‌وه‌! سه‌رباری ئه‌وه‌ی له‌ پێشبڕکێدا بۆڕی سایکس بیکۆیان داوه‌ته‌وه‌و میلله‌تیان کردوه‌ به‌ده‌یان پارچه‌وه‌! ئاخر ئه‌و هیزبانه‌ تائێستا له‌به‌ڵازیاتر چییان بۆکردوین!؟ له‌کاتێکدا هیزب، له‌وڵاتانی یاساسه‌روه‌ردا، ته‌نیا به ‌ئابونه‌و کۆمه‌کی خوازیاره‌کانیان ئه‌ژین. ئه‌ترسم ئه‌مجاره‌، ئه‌و هیزبانه‌، به‌پێی ئه‌و په‌یامه، رێکه‌ونه‌وه‌و به‌شی چۆله‌که‌که‌ش بخۆن!.

2-داوای کاراکردنه‌وه‌ی په‌رله‌مان ئه‌کا! ئه‌و په‌رله‌مانه‌ی داشی دامه‌یه‌کبون و به‌په‌نجه‌ی ئه‌و هیزبانه‌ ئه‌جوڵان! ئه‌وه‌ له‌کام کونجی دنیادا موچه‌ی‌ په‌رله‌مانبێكارێ، ده‌ ئه‌وه‌نده‌ی موچه‌ی ئه‌ندازیارپڕکارێکه‌!؟ دواییش ئه‌و موچه‌ زه‌به‌لاهه‌ی خانه‌نشینبونیان! وه‌ک رۆن رژابێ‌!؟ په‌رله‌مانکار که‌ماوه‌که‌ی ته‌واوبو، ئه‌بێ بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌ر وه‌زیفه‌، یا پیشه‌که‌ی خۆی، نه‌ک به‌موچه‌ی خانه‌نشینیی ‌چوار ساڵ په‌رله‌مانبێکاری، وه‌ک گای ئه‌لی تامردن خۆیبلێسێته‌وه‌!. خانه‌نشینی، به‌یاسا رێکخراوه‌. یا 63ساڵ ته‌مه‌ن یا 25ساڵ راژه‌ یا به‌هۆکاری ته‌ندروستی. ئاشکرایه‌ ئه‌و رۆنڕژانه‌ بۆ په‌رله‌مانبێکاره‌کانی ئێمه‌، بۆخه‌ساندنیانه‌و بۆئه‌وه‌یه‌ تا هیزب رازینه‌بێ، ئه‌وان ده‌س بۆ هیچ بریارێک به‌رزنه‌که‌نه‌وه‌! که‌واته‌ رۆبۆت و داشی دامه‌مان بۆچیه‌!؟

3-له‌م په‌یامه‌دا هاتوه‌: (ژماره‌یه‌ک سیاسی و فه‌رهه‌نگی و ئه‌کادیمی په‌یوه‌ندیان پێوه‌کردوه‌. . . ) که‌چی بۆ چاره‌سه‌رییه‌که، هه‌ر په‌نا بۆ ئه‌و هیزبانه‌ ئه‌باته‌وه‌! ئه‌ی بۆ ئه‌مجاره‌ په‌نا بۆ خه‌ڵکی سیاسی و فه‌رهه‌نگی و بیرمه‌ندو ده‌سپاک و لێزانی بێ لایه‌ن نه‌برێ؟ ئاشکرایشه‌ خه‌ڵکی بێ لایه‌ن، هه‌میشه‌ زۆرینه‌ی میلله‌تن. با ئه‌مجاره‌ هکومه‌تی رزگاریی نیشتمانی، خه‌ڵکی بێ لایه‌نبن، ئه‌گه‌ر ئه‌وه‌ش ناکرێ، با پێنج که‌سێک له‌و که‌سایه‌تییه‌ بێ لایه‌نانه‌ش، ده‌نگێبن له‌ کۆبونه‌وه‌کانداو رایان به‌هه‌ند وه‌رگیرێ.

4-فه‌رمون چاوێک به‌ کورته‌ وه‌ڵام/11ه‌و کۆمێنته‌کانیدا بخشێننه‌وه‌ له‌فه‌یسبوک، بزانن ئه‌وه‌ چاره‌سه‌ری رێشه‌ییه‌ یا گه‌مه‌ی هیزبایه‌تی؟