لەنێوان ژن و مێردا، بیانەوێ یا نەیانەوێ، هەمیشە ململانێیەکی خۆڕسکیی هەیە. ماکی ئەو ململانێیەش، خواستی زاڵبونە، ئەم بەسەر ئەو، یا ئەو بەسەر ئەمدا.

دوباڵیی پارتییەکانیش، هەر بەوجۆرەیە. هەر باڵەو ئەیەوێ بەسەر باڵەکەیتردا زاڵبێ.

ئەوەی نێوان ژن و مێرد، ئەگەر زو بەلایەکدا نەخرا، ئەنجام، درەنگ یا زو، جیابونەوەیە لەیەکدی.

دو باڵی پارتییەکانیش، هەربەوجٶرە، جیابونەوە ئەبێ لە یەکتر.

جیابونەوەی ژن و مێرد، هەمیشە زیانە بۆ هەردو لا. بۆ منداڵەکانیان و کەسوکاریشیان.

جیابونەوەی دو باڵەکەش، دیسان، زیانە بۆ ئەندامەکانیان و نەتەوەش بەگشتی.

ئەشێ ژن و مێردەکە، بەگرێبەستێکی تازە، یا بە مارەبەجاش، یەکبگرنەوە.

دو باڵەکەش، هەوەها.

ئەو یەکگرتنەوەیە بە سود ئەگەڕێ بۆ ژن و مێردەکە.

هەمان سود بۆ دو باڵەکەش.

ئەو ناکۆکییە لەناو خێزانی گەورەو خێزانی بچوکیشدا رو ئەدا.

هەروەها لەناو پارتی گەورەو پارتی بچوکیشدا.

نمونەی خێزانی گەورە: بەشیر موشیر کە دوای 50 ساڵ پێکەوەژیان لەگەڵ دایکی شامیلدا، جەوابیدا (تەڵاقیدا) وتی ئەمڕۆ بۆمدەرکەوت عەرەب دەرچو!!

نمونەی پارتی گەورە: پارتی دیموکرات کە باڵی جەلالیی لێجیابوەوەو 66 و31ئابیان لێکەوتەوە!. یا یەکێتیی نیشتمانی کە گۆڕانی لێجیابوەوەو وتیان ئەیگۆڕین و نەشیانگۆڕی!

یەکگرتنەوەی ئەو پارتیانە، یاهەر دوهاوسەرێکی لەیەکپچڕاو، تەنانەت بە مارەبەجاشیش، خێرێکی گەورەی لێئەکەوێتەوە بەمەرجێ نەبوبن بە مارەبڕاوی دراوسێی دژ! .