بەرەی شیعەگەرایی بە سەرکردایەتی ئێران و بە هاوکاری ڕووسیا، جگە لە حزب و گرووپ و دەسەڵاتدارێتییە شیعییەکانی عێراق و سووریا و حزبوڵڵای لوبنان، چەند حزبێکی کوردیی باكوور و باشوور و رۆژاوای كوردستانیشی لەخۆگرتووە. ئێمە کارمان بەو حکومەت و تەیار و گرووپە شیعییانە نییە کە چۆن لەو بەرەیەدا کۆبوونەتەوە، چونکە ئەوان ئامانج و ئەجێندای خۆیان هەیە بۆ مانەوەو فراوانخوازیی مەزهەبگەرایی خۆیان له‌ناوچه‌ی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاستدا، بەڵام ئەوەی جێگەی داخ و ئەسەفە، ئەو حزبە کوردییانەن کە خۆیان خزاندۆتە ناو ململانێی مەزهەبیی ناوچەکە و خۆیان کردووە بە بەشێک لە ئامانج و ئەجێندای شیعە و رۆڵی پاسه‌وان و كلكایه‌تی بۆ ئه‌و به‌ره‌یه‌ ده‌بینن! سەرەڕای ئەوەی کە ئەو بەرەیە، بەرەیەکی دیکتاتۆرو شموولی و پێشێلکاری مافی مرۆڤە، بەرەیەکی شکستخواردوو و بێچانسە و ئایندەیەکی ڕۆشنی نییە و لانی کەم لە نەزەری وڵاتانی دیموکراسی و پێشکەوتوودا بەرەیەکی نەویستراوە . هاوکات بۆ ئێمەی کورد کە خاوەنی پرسی ڕەوای نەتەوەیی خۆمانین، هیچ باش نییە و بەڵکوو لە ئێمە ناوەشێتەوە کە واز لە مافی نەتەوەیی و سەربەخۆیی خۆمان بهێنین و چارەنووسی خۆمان ببەستینەوە بە بەرەیەک کە باوەڕی بە سەربەخۆیی وسەرفرازیی نەتەوەکەمان نەبێت و تەنانەت دژایەتیشمان بکەن! جگه‌ له‌مه‌ش ئه‌و به‌ره‌یه‌ به‌به‌رچاوی هه‌موو دونیاوه‌ به‌رگری له‌ رژێمێكی سه‌ركوتگه‌ری وه‌ك ئه‌سه‌د ده‌كات كه‌ له‌پێناو مانه‌وه‌ی خۆیدا نیوه‌ی زیاتری وڵاتی سووریای كاول كرد و خه‌ڵكه‌كه‌شی كۆمه‌ڵكوژكرد و یان ئاواره‌و سه‌رگه‌ردانی كردن . ئایا رژێمێك و به‌ره‌یه‌ك وه‌فای بۆ هاونیشتمانیانی خۆی نه‌بێت، رێی تێده‌چێت بۆئێمه‌ی كورد ببێته‌ پارێزه‌ری مافه‌كانمان، یان لانی كه‌م باوه‌ڕ به‌وه‌ بهێنێت كه‌ كورد له‌و پارچه‌یه‌دا مافی بڕیاردانی چاره‌نووسی خۆی هه‌یه‌؟! بێگومان وه‌ڵامه‌كه‌ی نه‌خێره‌. ئایا رێبه‌ری ئه‌و به‌ره‌یه‌ كه‌ پارچه‌یه‌كی گرنگی نیشتمانی ئێمه‌ی بنده‌ست كردووه‌ رێگه‌ ده‌دات ته‌نانه‌ت یه‌ك خۆپیشاندانی هێمنانه‌ش له‌یه‌كێك له‌شاره‌ كوردییه‌كانی ئه‌وێ بۆ داواكردنی كه‌مێك له‌مافی كولتووری و نه‌ته‌وه‌یی به‌ڕێوه‌بچێت؟ بێگومان وه‌ڵامی ئه‌مه‌ش هه‌ر نه‌خێره‌ . ئه‌ی ئه‌و هۆكارو پاساوانه‌ چین كه‌ ئه‌و ژماره‌یه‌ له‌ پارته‌ كوردییه‌كانی باكوور و باشوور و رۆژاوا كردوویانه‌ته‌ بنه‌مای خزمه‌تكردن و ته‌ره‌فگیری و خۆساغكردنه‌وه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندیی به‌ره‌یه‌ك و مه‌زهه‌بێك كه‌ جگه‌ له‌ به‌فیڕۆدانی كات و ده‌رفه‌ت و به‌هه‌ده‌ردانی توانای سیاسی و مرۆیی به‌شێكی گرنگ له‌ نه‌ته‌وه‌كه‌مان هیچی دیكه‌ی لێ شین نابێت؟ لۆژیكی سیاسه‌ت و ئه‌مری واقیع پێمان ده‌ڵێت، سیاسه‌تی ژیرانه‌ ئه‌وه‌یه‌ هه‌موو تواناكان له‌به‌ره‌یه‌كی نه‌ته‌وه‌یی و نیشتمانیدا به‌ره‌و یه‌ك ئامانج و ستراتیژ هه‌نگاوبنێین و سوود له‌ زه‌مینه‌ و زه‌مان وه‌ربگرین و خۆمان بۆ ئه‌ركێك ئاماده‌بكه‌ین له‌پێناو وه‌رگرتنه‌وه‌ی مافێك كه‌ (2550)دوو هه‌زارو پێنجسه‌د و په‌نجا ساڵه‌ لێمان زه‌وتكراوه‌.

تکایە ژیرانه‌ مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌و ده‌رفه‌ته‌ زێڕینه‌دا بكه‌ن، ئەو بەرەیە جێگای نەتەوەیەکی ژێردەست و ستەم لێکراوو خاک داگیرکراوی وەکو کورد نییە. . ئێستاش زووە لەو سەنگەری بەرەی شکستخواردووە وەرنە دەرەوەو سەنگەری بەرگریکردن لە خاک و مافی خەڵکی کوردستان هەڵبژێرن. . با چیتر مێژوو نەفرەتمان لێنەکات . . . با ئەو دەرفەتە لەبارو زێڕینە بقۆزینەوەو مێژوویەکی پاک و نوێ و شایستە بۆخۆمان تۆماربکەین.