بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی لە سرووشتی پێكهاتە و دامەزراندنیان و وەلائو تەرەفگیرییاندا زۆر لەیەك نزیكن و زۆر خاڵی هاوبەش لە نێوانیاندا هەیە, هەربۆیە وایكردووە لە بیروڕاو هەڵوێست و رەفتاریاندا وەكو یەك بڕیار بدەن, هەندێك لە شارەزایانی سیاسییش پێیانوایە كۆمەڵ بووەتە پاشكۆی گۆڕان و لە ئاییندەشدا زەرەری گەورە لە رووی ناووبانگ و جەماوەرییەوە دەكات, هەروەها یەكێتی نیشتمانی و یەكگرتووی ئیسلامییش هەندێك لێكچوون و خاڵی هاوبەش و چارەنووسی هاوبەش هەن, كە وایانكردووە مامەڵە و هەڵوێست و رەفتاریان لەیەكەوە نزیك بێت بەتایبەت لەبارەی پرسە گەرماوگەرمەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان.

سەرەتا با بێینە سەر خاڵە هاوبەشەكانی نێوان گۆڕان و كۆمەڵ:

1-شێوازی درووستبوونی هەردووكیان بە ئینشقاق و جیابوونەوە بووە لە حزبەكانی خۆیان, گۆڕان لە یەكێتی و كۆمەڵیش لە بزووتنەوەی ئیسلامی.

2-هەردوو حیزب شێوە فەوزەویین و پێیانوایە كە زیاتر لە فەوزادا گەشە دەكەن و پەرەدەسێنن.

3-هەردووكیان لەو سنوورە كە خۆیان ناویان ناوە زۆنی زەرد, جەماوەریان زۆر كەم و پێگەیان لاوازە, بەتایبەتی لەسنووری بادینان و ناوچە كوردستانییەكانی پارێزگای نەینەوا سەنگ دەنگ و پێگەی جەماوەرییان لە نزیك سفرەوەیە. ئەمەش یەكێكە لەو هۆكارە سەرەكییانەی كە وایكردووە هەردوو حزب وەك دوو حزبی ناوچەیی و لۆكاڵی دەربكەون و دژایەتی راستەوخۆی پارتی و خەڵكی ئەو ناوچەیە بكەن و ,تەنانەت هەوڵی بە دووئیدارەكردنەوەی هەرێمی كوردستان دەدەن,ئەم هەڵوێستەشیان بەئاشكرا لەسەر زاری كادیر و بەرپرسانیان و میدیاكانیانەوە هەستپێدەكرێ‌.

4-سەركردەی هەردوو حزبەكە خەونی بوون بە كاریزماوە دەبینن, رێكخەری گۆڕان لە غیابی مام جەلال دەیەوێت بە یەكگرتنی لەگەڵ یەكێتی و بە بەكارهێنانی یەكێتی بەو خەونەی بگات ,ئەمیری كۆمەڵی ئیسلامییش دەیەوێت بە یەكگرتنی لەگەڵ یەكگرتووی ئیسلامی بە خەونی بوون بە سەركردەی كاریزما بگات. هەردووكیشیان بێ‌ئاگان یان خۆیان هەڵدەخەڵەتێنن لەوەی كە كاریزمابوون مێژووكردە و پەیوەندی بە بڕیار و هەڵوێستی مێژوویی و پرەنسیپی رۆڵ و ئیدارەدان و خوێندنەوەو مامەڵەكردنی ژیرانەیە لەگەڵ رووداوو گۆڕانگارییە نێوخۆیی و هەرێمی و نێودەوڵەتییەكان.

5-هەردوو حزب و بە تایبەت لەسەر ئاستی رێكخەری گشتی و ئەمیر وەلائو پاشكۆیەتییان بۆ وڵاتێكی هەرێمی هەیە و بە ویست و خواستی ئەو وڵاتە هەڵسوكەوت دەكەن و هەڵوێست لەبەرامبەر پرسە سیاسی و جۆراوجۆرەكان وەردەگرن.

6-هەردوو حزب بە توندی دژایەتی ریفراندۆم و سەربەخۆیی كوردستان و خواست و پرسە نەتەوەییەكانی دیكەی خەڵكی كوردستان دەكەن، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ باشترین و گونجاوترین ده‌رفه‌ت بۆ كورد هاتۆته‌پێش، كه‌چی ئه‌وان به‌پێچه‌وانه‌ی شه‌پۆله‌كانه‌وه‌ مه‌له‌ ده‌كه‌ن و نایانه‌وێت له‌و دیفاكتۆیه‌ بگه‌ن و بگره‌ زۆر خەمخۆر و تامەزرۆی پاراستنی یەكپارچەیی خاكی عێراقن.

سەبارەت بە خالە هاوبەشەكانی نێوان یەكێتی و یەكگرتووی ئیسلامی لەسەر گۆڕەپانی سیاسیی كوردستان , ئەوا چەند خاڵێكی گرنگ دەخەینە روو:

1-یەكێتی نیشتمانیی كوردستان و یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان, سیاسەتێكی واقیعبینانەتر و نەرمتر پەیڕەو دەكەن لەبارەی پرسە ناوخۆییەكانی كوردستان و گرفت و رێگاچارەكانی, بە بەراورد بە بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی, كە ئەو دوانەیان سیاسەتی توندو ئینكاریكردن و نالۆژیكی پەیڕەو دەكەن.

2-دابەشبوونی جەماوەری هەردوو حزبەكە لە هەرێمی كوردستاندا لەرووی جوگرافییەوە دابەشبوونێكی نزیك چوونییەكی و گونجاوە , واتا لە هەموو پارێزگا و ناوچەكانی هەرێمی كوردستاندا سەنگ و پێگەی جەماوەرییان هەیە, كە ئەمەش وایكردووە هەردوو حزب وەك دوو حزبی سەرتاسەری كە خاوەن بەرژەوەندیی حزبیی خۆیان بن دەربكەون و بەرژەوەندییەكانی خۆیان بپارێزن, بەپێچەوانەی گۆڕان و كۆمەڵ كە لەناوچەیەكی دیاریكراودا رێژەی جەماوەریان لە ئاستێكی بەرزدایە و لە ناوچەیەكی دیكەی دیاریكراودا لە ئاستێكی زۆر لاوازدا.

3-هەردوو حزب دووچاری نەخۆشیی باڵباڵێن و نەبوونی ناوەندێكی بڕیاردان بوونەتەوە, كە هەركات مەترسی لەتبوون و ئینشیقاقیان لەسەرە, ئەگەر سیاسەتێكی حەكیمانە و واقیعی پەیڕەو نەكەن ,ئەوا دوور نییە لە داهاتوودا دووچاری دۆخێكی دژوار ببنەوە و بەرەو لۆكاڵیبوون و بچووكبوونەوە بڕۆن.

لەم بەراوردكردن و هاوكێشە سه‌رپێیه‌دا، ئەوەمان بۆ روون دەبێتەوە كە ئایا بۆچی بزووتنەوەی گۆڕان و كۆمەڵی ئیسلامی سەرەڕای جیاوازیی بیروبۆچوون و ئایدیۆلۆژییان ,كەچی زۆر خاڵی هاوبەشی تەسكی حزبی و بەرژەوەندیخوازی بە یەكیەوەی بەستوونەتەوە و ,وەك یەك حزب رەفتار لەگەڵ بارودۆخەكان و پرسە هەنووكەییەكانی ناوخۆی هەرێمی كوردستان و كێشەو گرفتەكاندا دەكەن و هەمان هەڵوێستی یەكتریان هەیە, هەر بەو پێودانگەش دەیانەوێت هەریەك لە یەكێتی نیشتمانی و یەكگرتووی ئیسلامی راكێشنە ناو پیلانی ویست و مەرامەكانی خۆیان و ناو داوی خۆیانەوە. لێرەدا ئەوەی گرنگە ئایا یەكێتی و یەكگرتوو چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆخەدا دەكەن و چۆن دەتوانن ژیرانە خۆیان لە داوی ئەو دوو حزبە لادەن و داوی ئه‌وان بانه‌ده‌ن، به‌ڵكوو لەگەڵ پارتی و حزبە نیشتمانپەروەرەكانی دیكەدا قۆڵی مەردایەتی لێهەڵماڵن بۆ چارەسەركردنی كێشەكان و پاراستنی یەكڕیزیی ناوماڵی كورد لەپێناو تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە هەستیار و چارەنووسسازە لە بەرژەوەندی تەواوی خەڵكی كوردستان و گەیاندنی بە ئاسۆیەكی گەشتر و درەوشاوەتر بۆ تۆماركردنی شانازییەكی گەورە بۆ گەلەكەمان كە خۆی لە دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی كوردستاندا دەبینێتەوە ؟!