"من له‌ نوری خۆمدا ده‌ژیم،

ئه‌و پڕشنگانه‌ ده‌نۆشم لێم ده‌بنه‌وه‌. . "

نیتچه‌

 1

زه‌رده‌خه‌نه‌ی ساڵانه‌م

به‌ هه‌ور هه‌ڵواسی. .

هه‌وارم،

له‌ناوكی گوڵه‌ مێلاقه‌ دایه‌

له‌ گریانی ئه‌و زه‌رده‌خه‌نه‌یه‌ ده‌خواته‌وه‌

له‌چاوی بارانیی ئه‌ودا

ده‌ڕوانێته‌ پێده‌شت. . .

2

ته‌مه‌ن وێنه‌ی هێڵێكه‌،

له‌ شووشه‌ی شكاوی شه‌راب هه‌ڵبه‌ستراوه‌. .

چ ده‌بی ئه‌گه‌ر بڕیار بده‌ین،

له‌ ئاوی پێخوستی دڵه‌ شكاوه‌كان بخوێنه‌وه‌؟

3

سه‌رم به‌ سێبه‌ری

پیاوه‌ بی سێبه‌ره‌كه‌ كردبوو. .

په‌نجه‌م به‌ ئاگر له‌ گۆ چوو بوون

ئه‌وه‌، ئه‌و ڕۆژه‌

خونكاری ژیانی لی ده‌تكی. .

4

له‌مڕۆوه‌ چاوه‌ڕێی خۆرهه‌ڵاتن ناكه‌م

له‌مڕۆوه‌ به‌پێی په‌تی،

به‌ناو خوناوی مێرگ و كوێستانان ڕاده‌كه‌م. .

ئه‌وه‌تا شوان له‌ بناریدا ڕه‌ش ده‌چنه‌وه‌

ته‌م ڕاده‌ده‌ن. .

5

ئه‌و ماهه‌ چ سانتایێكی پێوه‌ ماوه‌؟

شكۆی تابانی،

له‌ خوێنی مه‌ییو ده‌چی. . ؟

كارگه‌ی ژاكان. .

ئه‌و ماهه‌ سوێند ده‌خۆی كاغه‌زی قوماره‌

به‌ ده‌ست قوماربازێكی شڵه‌ژاوی دۆڕاوه‌وه‌. .

6

شه‌خته‌ گیانی به‌شاره‌وه‌ نه‌هێشتووه‌

ڕی ئه‌سته‌مه‌

تا ئێستا نازانین

له‌و دیو ئاستانه‌

چ ده‌بی، چ ده‌گوزه‌ری. .

7

ئه‌وه‌ چ كارێكه‌

به‌یانییان

له‌گه‌ڵ كازیوه‌ هه‌ستی

ده‌فته‌ری ئاگر

بۆ پاسه‌وانی كوێر بنووسییه‌وه‌؟

8

ئێستا مۆسیقا له‌ ڕه‌شه‌باوه‌ دی

تریفه‌ به‌شیعر ده‌دوی

بی هاوتایه‌ ئاوێنه‌،

دۆست و نه‌یار

خۆیانی تیا ده‌بیننه‌وه‌.

بی هاوتایه‌. . .

9

لێم دوور مه‌كه‌وه‌

خه‌ونم دیوه‌

ئه‌مساڵ گوڵ ده‌رده‌كه‌م،

گوڵی سوور، زه‌رد، سپی

لێم دوورمه‌كه‌وه‌!

ده‌ستی یه‌كتر ده‌گرین

هه‌ستمان پی ناكه‌ن

به‌سه‌ری په‌نجه‌كانمان ڕی ده‌كه‌ین

ده‌ڕۆین تا له‌و سنووره‌ له‌عنه‌تییه‌ ده‌په‌ڕینه‌وه‌. .

10

ئه‌وانه‌ی خۆشیانویستبووی

ناهه‌ق نه‌بوون

كانیی له‌زه‌ت،

له‌ نیگه‌رانی ژنێك ده‌چی

عه‌شق تاوی بۆ هێناوه‌

ئه‌سڵی مه‌سه‌له‌ ئه‌وه‌یه‌

نه‌خشه‌ی ته‌مه‌ن. . !

11

دوور له‌ ده‌ق،

دوور له‌ ده‌قنووس.

دوور له‌ ئاهه‌نگی كز

دوور له‌ به‌زمی ئاهه‌نگێڕان،

ڕێگای لمی بیابانی گرتبوو

چاو له‌ خوێن

به‌دوای شوێنپێی (با) وه‌ بوو

دوور له‌ ده‌ق، له‌ ده‌قنووس. .

دوور له‌ ئاهه‌نگ، له‌ به‌زمی ئاهه‌نگگێڕان.

12

ته‌مه‌نی مانگ،

به‌قه‌د ته‌مه‌نی كه‌وانه‌ی

سه‌ر چاوه‌كانت بوو

ببووره‌،

مه‌به‌ستم ئه‌و دوو ئه‌ستێره‌یه‌

به‌ ڕۆژیش ده‌دره‌وشێنه‌وه‌.

13

ئه‌و شه‌وه‌ چه‌ند درێژ بووه‌وه‌ خودایه‌. .

ئه‌و بێدارییه‌،

بۆچی ڕه‌نگی له‌ ڕوواندا نه‌ماوه‌؟

خوایه‌، میلی سه‌عاته‌كان بۆ وه‌ستاون؟

گوڵه‌كانی ئینجانه‌،

به‌و شه‌وه‌ بۆچی چاوبز لێم ده‌ڕوانن. . ؟

14

خه‌مه‌كانمان له‌ شه‌به‌نگێك ده‌چن

له‌ سمكۆڵی ئه‌سپ و

ئاسۆی لێڵدا ده‌رده‌كه‌ون. .

سه‌رابه‌. .

سه‌رابه‌. .

سه‌رابه‌. .

سه‌رابه‌ ئه‌و خۆشه‌ویستییه‌.

15

پیاسه‌م ده‌كرد

نازانم بۆچی، له‌به‌ر خۆمه‌وه‌

بیرم له‌ مێخه‌كبه‌نده‌كه‌ت ده‌كرده‌وه‌

تۆیش پێت وا نییه‌ سه‌رنجی ڕاكێشابم؟

كانوونی یه‌كه‌م / 2009