په‌یژه‌یه‌ك له‌ گوڵ بۆ هه‌ور. . .

له‌هۆمیرۆسه‌وه‌

هه‌مان تارمایی و هه‌مان وه‌هم. . .

سه‌مای دڕك

لێواره‌ به‌ ته‌نته‌نه‌كانی پرسیار

كه‌لله‌پڕیی، كه‌ڕوو. . .

سه‌ری په‌ته‌كان له‌ فڕین ده‌چن. .

ئاسۆ له‌ پرۆتۆكۆڵێكی قه‌دكراو

له‌ته‌قسێكی ئابڕوبه‌ر.

(ئه‌وانه‌ی ڕۆیشتن

ئاسووده‌ له‌ سپێده‌ی ئاژاوه‌

ئاسووده‌ له‌ چاوه‌ڕوانی. . .

نهێنییان بۆ ئێمه‌ جێ نه‌هێشت. .

دیماهیان به‌سه‌رابی

بڕست و په‌ندگۆیی و پیرۆزگری هێنا. . .

ئه‌وانه‌ی ڕۆیشتن

له‌ بێشه‌ڵانی (ئا) و (نا) وه‌،

ئاسووده‌ له‌ سپێده‌ی ئاژاوه‌

ئاسووده‌ له‌ چاوه‌ڕوانی

بۆی ده‌رچوون. . . )

گوێی شار به‌ وتاران بریندار

مردن له‌ژیان خۆشتر نه‌بوو. . .

مۆرێك بۆ گۆشه‌گیری

بۆ زمان پژان

بۆ سۆز. . .

گۆڕ له‌ خه‌ونێك ده‌چی سپی

سپی وه‌ك كه‌فاوی سابوون

وێنه‌ی (خود) ێكی سه‌ر به‌ته‌م. . .

چاوی شار به‌ وتاران سووتاو

هه‌ور به‌ مشتی خۆڵ

به‌ری ئاسمانانی نه‌گرت. . .

ئینجانه‌یه‌ك له‌كلیل

شۆڕشێك له‌شه‌رم

شه‌و نه‌یهێشت قژم له‌سه‌ردا بڕوی. . .

شه‌و نه‌یهێشت من و خۆم

یه‌كتری ببڕێنینه‌وه‌. . .

شه‌و نه‌یهێشت گوێمان له‌ فرمێسك

چاومان له‌ده‌نگ بێ. . .

(تونێڵێكی تاریك بوو

ئه‌و گیانبه‌تاڵییه‌ی له‌ئاڵووده‌یی زیاتری تێدا نه‌بوو

مۆته‌كه‌یه‌كی پیر، كانگه‌ی شه‌یتانهێن

شه‌شده‌ری لێ گرتبووین. . .

ئه‌ی شار گۆڕ

كه‌ دڵنیا و ئاسووده‌ له‌ڕه‌هایی ئاكامه‌كانه‌وه‌

پێ له‌سه‌ر پێ تیلاكت لێ خوار كردووه‌. . .

ئه‌ی جه‌سته‌ی تاجه‌ خلۆر كراوه‌كان

پیاڵه‌ و سه‌نگدڵی ومه‌یخانه‌ش

بۆ ده‌ره‌وه‌ی خه‌ونه‌كانمان تووڕدران. . .

ئێستا تارماییه‌كی ئاوابوو و

ئه‌ستێره‌یه‌كی نووستووین. . .

ئێستا له‌خاڵێك ده‌چین

تا له‌به‌ر ژماره‌یه‌كمان دانه‌نێن ناخوێندرێینه‌وه‌. . . )

شارا چ شارا

سروودێكی ده‌گمه‌ن

كووره‌ی نوور. . .

شارا چ شارا، به‌خۆی ده‌چوو

گه‌نجینه‌ی كه‌ژاوه‌

گوڵێكی ڕه‌نگ هه‌ڵایساوی باخچه‌ی خوا

نیشتمانێك پڕ به‌ هه‌ناسه‌. . .

له‌ زه‌ماوه‌ندی شه‌خته‌دا

چووه‌ ده‌ست ئه‌وانه‌ی

ڕێگایان بۆ نه‌ده‌چووه‌وه‌ بانه‌. . .

شارا چ شارا؟

زه‌مانێكی زۆر كولێره‌ی له‌ژه‌هردا كرده‌ قیبله‌

كولێره‌ی كرده‌ ده‌زگای بیركردنه‌وه‌ له‌ مردن. . .

شارا چ شارا

جۆگه‌ و ڕووباره‌كانی له‌چوارچێوه‌ ده‌گرت. . .

زستانێك له‌ په‌مۆ

كرمی ڕووناهیخۆری

له‌ جه‌سته‌ی دنیا به‌رداوه‌

كازیوه‌

سپێده‌

نیوه‌ڕۆ و ئێواره‌یان پێ نه‌هێشتین. . .

داد ئه‌ی شاری گۆڕ

كه‌ دڵنیا و ئاسووده‌

له‌ ڕه‌هایی ئاكامه‌كانه‌وه‌

پێ له‌سه‌ر پێ

تیلاكت لێ خوار كردووه‌. . .

به‌ هارێك له‌ شێتی

شیعری به‌ قه‌سیده‌مانه‌وه‌ نه‌هێشت. . .

داد. . . داد. . .

داد. . . ئه‌ی شاری گۆڕ

باڵایه‌ك له‌ كینه‌

كێوێك له‌ پۆستاڵ

داڵانێك له‌ خونكاریی

شایان بوون بدره‌وشێنه‌وه‌؟

ئه‌وانه‌ی ڕۆیشتن

ئاسووده‌ له‌سه‌ری په‌ته‌كان

وه‌ك به‌رپابوونه‌وه‌ی په‌پووله‌

یا گوی بۆ مۆزارت ڕادێران

له‌ حه‌قیقه‌تی سێبه‌ره‌ كزه‌كاندا

ده‌یانویست به‌ ماچ

ده‌می ئۆپۆزسیۆنی ئه‌ڤین بگرن.

بۆشاییه‌ك له‌ پڕی

جبه‌خانه‌یه‌ك له‌ ئاشتی

ڕێگه‌ بوو ده‌ڕۆیی

نه‌ك قاچه‌كانی من

مانگ بوو دیاربوو

نه‌ك په‌نجه‌ی من. . .

ئه‌و داره‌ی سێبه‌ری ده‌كرد

شین نه‌بووه‌وه‌. . .

ئه‌و پاژنانه‌ی شوێنه‌واریان ده‌ركه‌وتبوو

پاژنه‌ی بۆره‌ جه‌نگاوه‌ره‌كان بوون

دیلیان له‌ مه‌زرای ئه‌جندان

به‌ په‌تی په‌شمین ده‌خنكاند. . .

ئیتر ته‌واو ئه‌ی چاوی پاسه‌وان

چیڕۆكی سێبه‌ر لێره‌دا ته‌واو بوو. . .

گرێكان

له‌ هێدمه‌ی هه‌رزه‌یی و په‌یمانشكێنیدا

لێره‌دا كرانه‌وه‌

لێره‌دا. . .

ئه‌ی چاوی پاسه‌وان. . .

شوباتی/ 1998