دوا جار بارزانی هاتە دەنگ و پەیامێکی بڵاو کردەوە دەربارەی بارودۆخی ئێستای کوردستان ،بەهەمان شێوەی پەیامەکانی پێشتری ئەوەی تێیدا نەبوبێ " چارەسەری کێشەکانە "، ئەوەی تێشیدابوو سوڕانەوە بوو لە هەمان بازنە داخراوەکەدا، جیا لە تەعریفێکی سەیرو تەوهین ئامێز بۆ خۆپیشاندانەکانی " زۆنی سەوز " کە گوایە ئەمە داسەپاندنی " ئیرهابی فیکری " یە بەسەر خەڵکی ڕاپەڕیوی سلێمانیدا ئەمە ش بۆ خۆی دوو لێکدانەوەی بۆ دەکرێ، یەکەمیان بێئرادەیی و سادەیی جەماوەر لە سلێمانی کەگوایە داردەستن وئیرهابی فکریان بەسەردا سەپاوە، دووەمیان هەڕەشە بە تێکشکانی ئەم " ئیرهابە " !.

هەر دوای پەیامەکە دوو هێزە سەرەکیە ئیسلامیەکە، کۆمەڵ و یەکگرتوو، بە هەلهەلە بەرەو بانگەوازەکە چوون، شکیشم لەوەنیە یەکیەتیش دوابەدوای ئەوان هەمان هەڵوێستی دەبێ بەو ئیعتبارەی هێزی دووەمە کە دەستی لە خوڵقاندنی ئەم بارو دۆخەدا هەیەو بەدوای ڕێگا چارەیەکەوەیە تیایدا نە شیش بسوتێ و نەکەباب، کە بە دڵنیایەوە دواتر هەر کەباب دەسوتێ !، ئەگەرچی گۆڕان تا ئەم چرکە ساتە وەڵامی فەرمی پەیامەکەی نەداوەتەوە، بەڵام لەبەر ئەوەی کلیلی چارەسەری بارو دۆخەکە بەلای ئەوانەوە کارا کردنەوەی پەرلەمان و پۆستی سەرۆکی هەرێمە بێشک قسەیەکی تازەتریان پێ نابێ، بێئاگا لەوەی پەرلەمان کاتێک کاراش بوو پرسە گرنگەکان لەدیوەخاندا باس دەکران و لێکۆڵینەوەیان بۆ دەکراو هەرگیز پەرلەمان مەرجەع نەبوو !

چوار لایەنەکە هەر لە سەرەتای دەسپێکی نارەزایەتیە جەماوەریەکان تا ئێستاشی لەگەڵ دابێ لە هەوڵی خۆ خزاندنە ناو ناڕەزایەتیەکان بوون بەمەبەستی تەریک کردنەوەی پارتی و شکاندنی شانەکە لەسەری ئەودا لەلایەک، وە لەلایەکی دیکە کۆنتڕۆڵ کردنی جڵەوی ناڕەزایەتیەکان و ڕێگری لە " بەلاڕێ دابردنی " بە جۆرێک لە گەڵ بەرژەوەندی ئەوان نەیەتەوە.

لەواقیع دا ئەم پێنج لایەنە، بەهەندێک جیاوازیەوە، هەموو لەبەرەیەکدا وەستاون بەرامبەر بەرەی جەماوەر، هەر هەڵوێست و تاکتیکێک بگرنە بەر دڵنیام لەبەرژەوەندی تەسکی حیزبەکانیان بەولاوەتر ناچێ ! هەر بۆیە سەرکەوتنی بەرەی جەماوەر گرێدراوەتەوە بە بەردەوام بوون و پێداگری و سووربوون لەسەر جێبەجێ کردنی داخوازیەکانیان و خۆ جیاکردنەوە لەم بەرە پێنج قۆڵیە .

21 / 11 / 2016