ئەمڕۆ، لە کوردستان، هەموو گۆشەو کەنارێکی ژیان مۆرکی حیزبی پێوەیە و بە حیزبی بووە، دەزگاکانی ڕاگەیاندن لە پێشەنگی ئەم بە حیزبی بوونەوەن، زۆر دەگمەن هەڵدەکەوێ دەزگایەک بەدەر بێت لەم یاسایە، ئەگەر بشبێت لە پەنجەی دەست کەمترە .  ڕۆڵی ڕاگەیاندن چ بۆ " ڕۆشنکردنەوە یا بەلاڕێدا بردن " ی زەینی خەڵک یەکجار کاریگەرە . شک لەوەدا نیە ڕۆڵی ئەم دەزگایانە بۆ حیزبەکان گرینگیەکی حەیاتی هەیە لە بەرەو پێشبردنی سیاسەتەکانیان هەربۆیەش بودجەی زۆریان بۆتەرخان دەکرێ . تۆڕی میدیایی ڕوداو یەکێکە لە دەزگا زەبەلاحەکانی ڕاگەیاندن و سەر بە پارتی دیموکراتی کوردستانە، لە پێشەنگی دەزگا ئیعلامیەکانی ئەو حیزبەوەیە چ لە ڕووی بودجە، چ لە ڕووی پرۆفیشیناڵیەوە، ڕوداو تی ڤیش لە پێشەنگی بەشەکانی تری ئەم تۆڕەوەیە .

بەرنامەی پەنجەمۆر یەکێکە لەبەرنامەکانی ئەم تی ڤی یە، بەڕیوەبەری کەناڵەکە هەفتانە پێشکەشی دەکا، لەوبەرنامەیەدا پەنجە بە میوانەکان مۆر دەکرێ و ڕوداوە مێژوویەکانیان لەگەڵ باس دەکرێ بەتایبەت ڕووداوە سیاسیەکان، هەندێک لە میوانەکانی ئەو بەرنامەیە هەڵسوڕاوانی سیاسی کوردستانی ئێران بوون کە دوا کەسایەتیان کاک جەلیلی گادانی، یەکێک لە بەرپرسە دیارەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران بوو . ئەوەی من بۆم دەرکەوتبێ لە ئامانجی سەرەکی بەرنامەکە، بەتایبەت لە میوانداریکردنی کەسایەتیە سیاسیەکانی کوردستانی ئێران،  تیشک خستنە سەر دەورونەخشی پارتیە، ئەویش لایەنە پۆزیتیفەکانی، لە ڕابردوو دا لەم بەشەی کوردستان و پاکانە لەهەر کردارێکی پێشتر لەلایەن هێزە سیاسیەکانی ئەودیو بەرامبەر ئەم حیزبە کرابێ .

دوا ووتەی کاک جەلیل لە دوا ئەڵقەی بەرنامەکەدا ئەوە بوو کە ڕوداو مەبەستی بوو : ( زەمانی مەلامستەفا ئەم کوردستانە وەک ماستی مەییو وابوو بۆ تێکۆشەرانی حیزبی دیموکرات ). مەبەستی کاک جەلیل، وەک من تێگەشتبم، بەراوردێک بوو لە نێوان سەرەتای نەوەدەکانی سەدەی ڕابردوو، کە لەرژێر سایەی دەسەڵاتی یەکیەتی نیشتمانی کوردستاندا بەدەیان تێکۆشەری سەر بە ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی بەڕۆژی ڕووناک لەلایەن بەکرێگیراوانی جمهوری ئیسلامیەوە تیرۆر دەکران و تاوانبارانیش مەعلوم بوون کێن و بەئاشکرا لەم ناوچەیە تەراتێنیان دەکرد، مێژوویەکی زۆر شەرماوەرە و هەرگیز پەردە پۆش ناکرێ.

کاک جەلیل ڕاست دەکا، ئەو کات، مەبەست شەستەکانی سەدەی ڕابردووە، کوردستان " ماستی مەییو بوو " بەجۆرێک ڕژێمی شای ئێران تەنانەت پێویستیشی بە بەکرێگیراونەبوو بۆ دەستگیرکردن و ئیعدام کردنی تێکۆشەرانی ئێرانی بەڵکە ئەو کارە قێزەونە ڕاستەوخۆ خودی چەکدارانی دەسەڵاتی ئەوکات، نەک هەر ئەنجامیان دەدا، بگرە لاشەکەشیان تەسلیم بە ڕژێمی شا دەکرد و لەناو شارەکان بەدوای ماشێن دا ڕادەکێشران و سوکایەتیان پێدەکرا وەک نمونەی سولەیمانی موعینی !

چ مێژوویەکی تاریک و دزێوە ؟ لەوەش دزێوتر کاتێک جێگۆڕکێ بەشوێنی جەللاد و قوربانی دەکرێ !  

عەبدوڵا ساڵح

13 / 3 / 2016