دوای ئاگر بەستە کەی سوریا کە ڕۆژی شەممەی ڕابردوو ڕاگەیەنرا، هێزە ئەکتیڤەکانی مەیدانی شەڕ، حکومەتی سوریا، یەپەگە و یەپەژە وەک باڵی سەرەکی ئۆپۆزسێونی سوریای دیموکرات و هێزە نەیارەکانی دیکەی دەوڵەتی سوریا، جگە لە داعش و بەرەی نوسرە کە لەدەرەوەی بازنەی ئاگر بەستەکەن، پابەندی خۆیان بە ئاگر بەستەکە ڕاگەیاند، تورکیا ئەگەرچی سەرزارەکی پێیەوە پابەند بوو بەڵام بەدزی و بەئاشکرا ئاگربەستەکەی بەبەردەوامی پێشێلکرد و تا ئێستاش بەشێوەی جۆراوجۆر بەردەوامە .

گەورە بەرپرسانی ڕوسیا و ئەمریکا وەک دوو هێزی چارەنووس ساز کە کلیلی چارەسەری کێشەی چەندین سآڵەی سوریایان بەدەستە، هاتنە سەر هێڵی قسەکردن لە ئاگر بەستەکەو ئەم بارو دۆخەی دوای ئەوە دێتە ئاراوە، جۆن کێری وەزیری دەرەوەی ئەمریکا هوشیاری دا کە ئەگەر ئەنجامی ئەو ئاگربەستە بە ئاقاری ڕێکەوتن دا نەڕوا نەخشە ڕێگای ( B ( دێتە ئاراوە کە بریتیە لە دابەشبوونی سوریا، هاوکات جیگری وەزیری دەرەوەی ڕوسیا ڕۆژی دووشەممەی ڕابردوو زەنگی پێکهاتنی سوریای فیدڕاڵی لێدا !

لە ژوورە داخراوەکانی سیاسەتی نێو دەوڵەتیدا دەبێ وا لێکبدرێتەوە کە ئەم ماستە بێموونیە ! ئەمڕۆ بێشک کلیلی چارەسەری قەیرانی سوریا بێ سێ و دوو کەوتۆتە دەست ئەم دوو زلهێزە، لێدوانەکانی گەورە بەرپرسانی ئەوان دەبێ بە هەند وەربگیرێ ! وەک ئەوەی نیاز بێ لە بری سایکس بیکۆ ( جۆن سێرغی )یەکی دیکە لە ئارادا بێت !

شک لەوەدا نیە کە سوریای 2016 ناتوانێ سوریای 2011 بێت، لە بەردەوامی ئاگر بەستەکەی ئێستا و دەستپێکردنەوەی گفتوگۆ لە نێوان لایەنە سیاسیەکانی دەست ڕۆیشتوو لە سوریادا دەبێ کارتی ئەم نەخشە ڕێگایەی دووزل هێزەکە باسی دەکەن بکەوێتە سەر مێزی گفتوگۆ .

شۆفێنزمی عەرەب و تورک هەراسانیان پێکەوتوە لە پیادەکردنی ئەم نەخشە ڕێگایە، بۆیە هەموو هەوڵ و تواناکانیان وەگەڕ دەخەن بۆ پوچەڵکردنەوەی .

قسە لێرەدا ئەوەیە ئایا بەرەی پێشکەوتو و ئازادی خواز بە تایبەت ئەوانەی داستانی کۆبانی و پێکهێنانی کانتۆنەکانی (کۆبانی - جزیرە - عەفرین )، و نەخشی ژنان تیایدا وەک نمونەیەکی بەرچاو و ئاشکرا لەخەباتی جەماوەری یەکسان کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا کەم وێنەیە، پیادەکردنی یاساو ڕێسایەکی مۆدێرن کە دەوڵەت و دینان لێک جیا کردەوە و چەندین دەسکەوتی تر، دەتوانن بەردەوامی بەو سەرکەوتنانە بدەن و توانای ئەوەیان هەیە لە خەباتی سیاسیاندا هەمان سەرکەوتن بەدەست بێنن وبە هەڵوێستێکی پەیگیر بەرەو پیری ئەم نەخشە ڕێگایە بڕون بە قازانجی خەڵکی بەشمەینەتی ئەو دەڤەرە و ئۆلگۆیەک بێننە کایەوە کە لە کوردستان بەتایبەتی و لە ناوچەکەدا بەگشتی دەرسی لێوەبگیرێ ؟ پرسیارێکە لە ئایندەی نزیکدا دەکرێ بەدوای وەڵامەکەیەوە بین .

2 / 3 / 2016