لە هەندیک لە ناوچەکانی کوردستان سەردەمی دەرەبەگایەتی، ئاغای دێ بۆ بەجێگەیاندنی کارەکانی کوێخای هەبووە، کوێخا کەسێکی دەمڕاست و داردەستی ئاغا بووە و فەرمانەکانی ئەوی بەسەر جوتیارەکاندا سەپاندوە وەک بێگار و سەرانە . . . هتد . زۆر جار جوتیاران سمیڵی کوێخایان چەور کردوە تا لەشەڕی ئاغا بیان پارێزی. هەرکات کوێخا فەرمانی ئاغای کتومت ئەنجام نەدابێ لەکوێخایەتی خراوەو لابراوە .

لەیەکێک لە دێهاتەکانی کوردستان کوێخا ڕەسویەک هەبووە ئاغا زۆر لێی ڕازی نەبوە و لە کوێخایەتی خستوە . دەڵێن دوای ئەو لە سەرکار لابردنەی خەڵکی ئاوا بانگیان دەکرد : مام ڕەسو، واتە کوێخا نەماوی، ئەویش لە وەڵامدا دەیگوت : وەی گیانی مام کوێخای !!

بزوتنەوەی گۆڕانیش خەریکە بەدەردی کوێخا ڕەسو بچێ .

ئەمڕۆ لە کوردستان سیستەمێک هەیە بۆ بەڕێوەبردنی کۆمەڵگا ناوی پارتی و یەکیەتیە، ئەم سیستەمە دوو جومگەی سەرەکیان لەدەست دایە پارەو قودرەت،  هەموو دەزگا رەسمی و غەیرەرەسمیەکانی کوردستان هەر لە پەرلەمانەوە بگرە تا دەگاتە، وەزارەت، پێشمەرگە، بازاڕ، مزگەوت، قوتابخانە . . . هتد هەمووی دەبێ لە خزمەت ئەو سیستەمەدابن دەنا بەدەردی کوێخا رەسو دەچن، کەچی تازە بە تازە گۆڕان خەریکی پێشکەش کردنی پرۆژەی چاکسازیە !!

لەڕاستیدا پڕۆژەی چاکسازی بەبوونی ئەو دوو هێزە و سیستمەکەیان جگە لە خۆشخەیاڵی ناتوانێ هیچی دیکە بێت.

25 / 2 / 2016