دەڵێن کاتی خۆی سەدامی دیکتاتۆر چووە بۆ ڕاوە کۆتر، پۆلێک کۆتر بەسەریا فڕیوە ئەویش تەقەی لێ کردون بێئەوەی هیچان بکوژێ، یەکێک لەدەستوپێوەندەکانی هاواری کردوە : ئای چۆن کۆترێکن بەمردوییش دەفڕن !!! سەدام لەوجۆرە ماستاوچیانەی زۆر لەدەوروبەربوون .

لەکوردەواریدا بە پیاوی موتەمەلیق دەڵێن ماستاوچی .

کۆنفرانسی ئاسایشی منشن کۆتایی هات ئەو کۆنفرانسەی تەنیا بۆ ئاڵوگۆڕی بیروڕا بوو، وادیارە بارزانی، بەتایبەتی لەپرسی ڕیفڕاندۆم، بەدەستی بەتاڵ بەڕێدەکرێتەوە ! ئەوە جگە لەوەی هەڵایەکی زۆر لەدەزگا ئیعلامیەکانی سەر بە پارتی بۆ بەشداری بارزانی لە پانێڵێکدا دەربارەی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست ساز کرا، دواتر دەرکەوت لەویش بەشدار نەکرا !! یا ڕێگای پێنەدرا !!

یەکێک لەو بەرپرسانەی هاوڕێی بارزانی بوو لەو سەفەرەدا پاساوی ئەو بەشداری پێنەکردنەی وا باس دەکرد گوایە بارزانی سەرقاڵی دیداری گەورە بەرپرسانی وڵاتەکان بووە بۆیە نەپەرژاوەتە سەر ئەوەی بەشدار بێت لە پانێڵەکەدا.

قەیرانی سیاسی و ئیداری لەگەڵ قەیرانی ئابوری دوو ڕوی یەک سکەن، بەشێک لەقەیرانی سیاسی و ئیداری لەکوردستان هۆکارەکەی ئەو دەست و پێوەندانەن کە دەوری مەسئولەکانی ئەحزابی دەسەڵاتداریان داوە و زۆر لەئەندازەی قەوارەی خۆیان گەورەیان دەکەن، جا بەهەر مەبەستێک بێت یا بۆهەر مەبەستێک.

 خەڵک و دەسەڵاتداران دوو بەرژەوەندی جیا لەیەکتریان هەیە، ئەگەر ڕونکردنەوەی ڕاستیەکان لەبەرژەوەندی خەڵک بێ، ئەوا بێشک چەواشەکردنی ڕای گشتی لە بەرژەوەندی ئەو حیزبانەیە، دەزگا ئیعلامیەکانیشان، کەبەژمارە کەمنین، لەو بوارەدا دەستی باڵایان هەیە، یا هەر بۆئەوە تەرخانکراون .

لەندەن ١٥ / ٢ / ٢٠١٦