کاتێک مانفێستى کۆمۆنیستى دەخوێنیتەوە کە لەلایەن کارڵ مارکس و فرەدریک ئەنگڵس لەساڵى 1848 نوسراوە، ئەوەمان بۆ روون دەبێتەوە حزبە چەپەکانى کوردستان بەوانەى سەندیکاى کرێکارانیشەوە نەیانتوانیوە لەدواى 168 ساڵ خزمەت بە توێژى کریکار بگەیەنن جگە لەو رەخنانەى ئاراستەى کەپیتالیزمى دەکەن، کە بەشێکى پەیوەندى راستەوخۆى بە لایەنى سیاسى حزبەکانەوە هەیە.

حزبە چەپەکانى کوردستان بەهۆى پراگماتیزمى تایبەتى خۆیانەوە کە کەسانەکانى سەرکردایەتى تووشى بوون چینى کرێکاریان تەنها لەرۆژى یەکى ئایار لەبیرماوە، لەو رۆژەدا جگە لە رێپیوانێک و خوێندنەوەى بەیاننامەیەک کە ساڵانە خاڵەکانى دووبارە دەبێتەوە نەیانتوانیوە خواستەکانى کرێکاران بەدى بهێنن.

ئەوەتە لەشارى سلێمانى بە حەوت لایەنى چەپ نەیانتوانیوە 300 کەس کۆبکەنەوە بۆ رۆژى کرێکاران ئەوانەشى هاتوون بەشێکى زۆریان بە ئۆتۆمبیلى تایبەتى خۆیان بەشداریان کردبوو، جگە لە چەند کرێکارێک هەموو بەشداربووان کەسانى سیاسى نێو لایەنە چەپەکان بوون .

بەهۆى تێکەڵ بوونى حزبە چەپەکان بە سیاسەتى دەسەڵات و خۆ دەوڵەمەند کردنیان و وەرگرتنى زەوى و ئیمتیازاتى لەلاەین پارتى و یەکێتى کە پێیان دەدرێت بێ دەنگیان هەڵبژاردووە لە ماف و خواستەکانى کرێکاران .

بەجۆرێک ئەو داخوازیانەى هەیانە لە بۆنە ساڵانەکەى کرێکاراندا دەسەڵات بەبۆنى حزبى و خواست لێ دەروانێت، نەک مافى کرێکاران .

لەکاتێکدا ئەم حزبانە ساڵانە تەنها لە رۆژێکدا داواى مافى کرێکاران دەکەن یان خۆپیشاندان دەکەن، بەڵام کرێکاران لەسەر شۆستەکان تەماشایان دەکەن و ئامادە نین لە پێناو بژێوى خۆیان ئەو رۆژەش بکەنە پشوو، چوکە کرێکار لەوە تێدەگات حزبەکان لە پێناو بەرنامەى سیاسى خۆیان داخوازیەکانى ئەوان دەجوڵێنن نەک لە پێناو مافى کرێکاران .

مارکس و ئەنگڵس کاتێک مانفێستى کۆمۆنیستیان نوسى بۆ پارتى کۆمۆنیستى لەبەر ئەوە ئەو حزبە بتوانێت داخوازى لە کرێکار و بەهاى کاڵا وشمەک بکات رێز لە رەنجى کرێکار بگرێت، بەڵام بەپێچەوانەوە ئەمرۆ بەشێک لەو حزبانە و تەنانەت لە نێو هەموو حزبە چەپەکانیش کە بەدواى داخوازى کرێکارانەوەن خۆیان سەرمایەدارو چەوسێنەرى کرێکارن

کاتێک حزبە چەپەکان بەدواى خواستى پارتى ویەکێتى وە بن و پشت لە چینى کرێکاربکەن بەردەوام چاوەروانى بانگهێشتى سەرى رەش و دەباشان بکەن، ئەوا کرێکاریش بەئاسانى پشت لە حزبە چەپەکان دەکات و متمانەى پێیان نامێنێت.

هێزە چەپەکان لەهەڵبژاردنیش ناتوانن متمانەى کرێکار و خەڵکى زەحمەتێکش بە دەست بهێنن رۆژانە هەنگاو بۆ بچوک بونەوە دەنێن و دەنگیان کەم دەکات، ئەگەر هێزە چەکداریەکەى هەشتاکانى بەشێک لەو حزبانە نەبوایە کە ئێستا بەشدارن لە خانەنشینى سەربازى و شەهیدان و زیندانى سیاسى و کادیرى ئەوا نەیاندەتوانى ئەو دەنگانەش بهێنن، چونکە ئەم حزبانە لە رۆژى کرێکاران خۆپیشاندان دەکەن بۆ بەردەم بیناى حکومەت کەچى حکومەت لەو رۆژە لەپشوودایەو کەس نیە گویان لێ بگرێت.