خۆپیشاندانەکانى بەغداد توانى ئاڵۆزى لە نێو حکومەت و پەرلەمان دروست بکات و کابینەى نوێ بخرێتە بەردەم پەرلەمان و تاوەکو فشارى پەرلەمانتاران بۆ وازهێنانى دەستەى سەرۆکایەتى گەشتە قۆناغێک پەرلەمان پەک بخات.

سەرەتاى خۆپیشاندانەکانى بەغدا لە گۆڕەپانى تەحریر لەلایەن هێزە چەپ و مەدەنیەکانى عێراقەوە بوو بەناوى مەدنیەوە دەکرا، کە زۆربەیان کادیرى دیارى حزبى شیوعى عێراقى بوون. پاڵەوانەکانى گۆڕەپانى تەحریر سەرکردە شیوعیەکان بوون کە پێشتریش بەشدارى دەیان چالاکى مەدەنیان کردبوو.

خۆپیشاندان بەجۆرێک دەکرا رۆژانى هەینى بۆ چاکسازى و باشتر کردنى خەڵک کە جگە لە بەشێکى کەمى کەناڵەکانى راگەیاند لەلایەن دەسەڵاتەوە گرنگى پێنەدەدرا.

هاتنى موقتەدا سەدر بۆ نێو خۆپیشاندان رێوەرەوى خۆپیشاندانى گۆڕى و فشارەکان بۆ سەرحکومەت زیاتر بوون، هەرچەند هاتنى سەدر بۆ دەربازبوون بوو لەو قەیرانە سیاسیە کە کوتلەى سەدر و وەزیرەکانى تێکەوتن بەهۆى گەندەڵى، بەڵام سەدر بەشێوەیەکى تر توانى گۆڕەپانى سیاسى بۆ خۆى بەکار بهێنێت کار بکاتە ئەوەى بەپرسى پاسەوانى دەرگاى پەرلەمان دەستى ماچ بکات.

ئەوەى گرنگ قسەى لەسەربکەم هاوهەڵویستى شیوعیەکانى عێراق و سەدریەکان لە خۆپیشاندانەکاندا، سەدر بەناوى خۆى و کوتلەکەى هاتە مەیدانى خۆپیشاندەران، بەڵام شیوعیەکان بەناوى مەدنیبون و خەڵکەوە هاتنە نێو شەقام، بەس ئەوەى سەدر کاریگەرى زیاترى هەبوو بەجۆرێک هەموو عێراقى بەخۆیەوە سەرقاڵکرد.

پرسیارەکە ئةوەیە بۆ شیوعیەکان نەیانتوانى بەناوى حزبەکەیانەوە خۆپیشاندانەکان فراوان بکەن؟ لەکاتێکدا مێژووى حزبى شیوعى بۆ چاکسازى لە حکومەتەکانى پێشووترى عێراق لە ساڵانى چلەکانەوە گەورەترین کاریگەرى هەبووە تاوەکو ئەو ڕادەیەیى توانیویەتى ئەنجومەنى وەزیران هەڵبوەشێتەوە و وەزارەتەکان گۆڕانکارى تێدا بکات، بەڵام لەدواى 60 ساڵ ئەو حزبە متمانەى بەخۆى نەماوە بەناوى حزبەکەى خۆپیشاندان بکات و سەرقافڵەى جەماوەر بێت.

لەوە خراپتر ئەوەیە سەرکردە شیوعیە شیعەکان لەلایەن موقتەدا سەدرەوە بانگهێشت دەکرێت بۆ نەجەف بەناوى حزبەکەیانەوە نا بەڵکو بەناوى سەرپەرشتیکارانى خۆپیشاندانەکان.

پرسیارى کۆتاى ئەوەیە جیاوازى نێوان شیعە و شیوعى شیعە چیە؟ ئایا هەمویان لەمەزارگەکەى ئیمام عەلى کۆدەبنەوە و رێورەسمى ئاینیەکەیان لەپێشترە؟ یاخود کاریگەرى سەدر و لاوازى شیوعیەکانە لە عێراق کە سەدر وەک پاڵەوان دەربکەوێت و سەرکردە شیوعیەکانیش بۆ بینینێکى لەنەجەف بەسەرکەوتنى خواستەکانیان بزانن.