له‌ شه‌ڕی مردن نامه‌وی ده‌ركه‌وم

له‌به‌ر ئاوێنه‌ قژم بۆ سه‌ره‌وه‌ ده‌به‌م و به‌ خۆم ده‌ڵێم

چیت ده‌وی

له‌ شه‌ڕی ئه‌و چێژه‌ی كه‌ كۆنترۆڵ ناكری

ئه‌و خه‌یاڵه‌ی كه‌ ژیان ده‌یه‌وی

ئه‌و ئاره‌زووه‌ نامۆیه‌ی كه‌ مردنه‌ و

مرۆڤ له‌ چاوه‌ڕوانی پیر ده‌بی

چیت ده‌وی

من له‌ ئاوێنه‌ داوا ده‌كه‌م

له‌ شه‌ڕ داوا ناكه‌م

ئه‌وه‌ ئاره‌زووی راسته‌قینه‌یه‌

ژیان ده‌یه‌وی

من نامه‌وی

له‌ شه‌ڕی مردن خۆم به‌ دوور ده‌گرم

رزگاربوون له‌و بازنه‌ داخراوه‌ی ئاره‌زوو

كه‌ له‌ نیگای یه‌كه‌مه‌وه‌ وا ده‌رده‌كه‌وی ژیان ده‌یه‌وی

من نامه‌وی

داوا له‌ زمان ده‌كه‌م له‌ شه‌ڕی مردن بمپارێزی

داوا له‌ مردن ده‌كه‌م له‌ شه‌ڕی زمان بمپارێزی

داوا له‌ شه‌ڕ ده‌كه‌م له‌ مردنی زمان بمپارێزی

هه‌موو ئه‌و خۆوێرانكردنه‌

ئه‌و ئاره‌زووكردنانه‌

بۆشاییه‌كی به‌تاڵه‌

خه‌یاڵ ده‌یه‌وی

مرۆڤ چاوه‌ڕوانی ده‌كات

له‌به‌ر ئاوێنه‌ قژم بۆ سه‌ره‌وه‌ ده‌به‌م و به‌ خۆم ده‌ڵێم

چیت ده‌وی

له‌به‌ر ئاوێنه‌ چاوم ده‌نوقێنم و ده‌ڵێم

من كێم كه‌ مردن ده‌یه‌وی.

27/10/2016


ئه‌و بابه‌تانه‌ی له‌ کوردستان نێت دا بڵاوده‌کرێنه‌وه‌، بیروبۆچوونی خاوه‌نه‌کانیانه‌، کوردستان نێت لێی به‌رپرسیار نییه‌.