لەوەتەی من چاوم بە دونیا هەڵهێناوە گوێم لە گلەیی و گازندەیە، دەڵێن کورد نەتەوەیەکی ستەمدیدەیە، کڵۆڵە، چەوساوەیە، ژێردەستەیە، خاکەکەی داگیرکراوە، سەربڕدراوە، ئەنفالکراوە، کیمیاباران کراوە و ڕوبەڕوی جینۆساید بووەتەوە. بێ وڵاتە، بێ ئاڵایە، بێکەس و بێ دەرەتانە.

ئەوانە هەمووی ڕاستن بەڵام هۆکارەکەی چییە؟. دوای شەڕی جیهانی یەکەم کاتێك مستەفا ئەتاتورك بە ئەسپەکەیەوە لە شاری ئەستەمبوڵدا دەسوڕایەوە هەستی کرد خزمەتگوزارێکان بۆ پاککردنەوە و ئارایشی شار باش نییە، بڕیارێکی دەرکرد کە پێویستە کوردەکان لە شەرناخ و هەکاری و ناوچە کوردنشینەکانەوە بگوێزرێنەوە بۆ ئەنکەرە و ئەستەنبۆڵ بۆ ئەوەی ماڵی تورکەکان و شەقامەکان پاك بکەنەوە و پێڵاوی ئەفەندییەکانیان بۆیاخ بکەن. دەست بەجێ بڕیارەکە جێبەجێ کرا و بە سەدان هەزار کوردی کۆیلەیان لە باکوری کوردساتانەوە گواستەوە بۆ ناو خاکی تورکیا بۆ ئەستەنبۆڵ و ئەنکەرە، بە مەبەستی پاککردنەوەی پاشەڕۆی تورکەکان و بۆ بۆیاخ کردنی پێڵاوی ئەفەندییەکانیان.

ئاشکرایە کورد تاکە نەتەوەیە بە 45 ملیۆنەوە، لە سەر ئەم گوێ زەوییە وڵاتی نییە!!. ئایە خوا ئازادیمان پێ ڕەوا نابینی یان خۆمان نامانەوێت؟. بۆ نامانەوێت و هۆکارەکان چیین؟.

 ئەمە مەتەڵ نییە هۆکارەکەی وەکوو خۆرەتاو دیارە، یەکنەگرتن و دژایەتی کردنی یەکترە. ئیتر ئایە ئێمە لە تایفەی کەوین یان ئەکەوین، ئەوە بۆ ئێوەی بە جێ دەهێڵم.

ئەوەی من بۆی دەچم. . . هەتا ئێستا لە مەجلسێکدا دانەنیشتووم بڵێم ئۆخەی هەمومان ڕاوبۆچنمان یەکبوو، هەردەم شەڕە قسە بەردەوامە، هەموو کەسێك خۆی بە کوێخا دەزانێت و ئەوەی لە مێشکیدا چەسپیوە هەر ئەوەیە، لە هەموو دانیشتنەکاندا تاکێکی بێ ئەزموون ڕای خۆی دەسەپێنێ بە سەر زۆرینەدا. تا کەی ئەم دیاردەیە؟. بۆچی ئەم دیاردەیە؟. ئایە دەبێت لەوە خراپترمان بەسەر بێت؟ یان چارەسەری هەیە و چارەسەرەکەی لای پێشەوایەکی لێهاتووە؟. یان چارەسەرەکەی لای هزری تاکی کوردە؟.

بەکورتی یان دەبێت ڕازی بیین بە پاککردنەوە و بە بۆیاخکردنی پێڵاوی ئەفەندێکان و دوژمەنەکانمان یان دەبێت یەکبگریین، گەر ڕای بەرامبەر قبوڵ ناکەیت دەتوانیت پێڵاوی ئەفەندێکان بۆیاخ بکەیت!!!. بەڕاستی هەڵبژاردەیەکی ترت نییە.

بە درێژایی تەمەنم نازانم چەند شەڕی دوبەرەکییم بینیوە، گەر بڵێم بۆم هەژمار ناکرێت درۆ نییە. شەڕی شەست و شەش لە 1966- 1970 هەرچەندە حیزبی شیوعیش بەشدارییەکی باشی تێدا کرد، بەڵام هەر بە شەڕی(جەلالی و مەلایی) ناسراوە، هەروەها شەڕی نێوان هەموو حیزبەکانی شۆڕشی نوێ، یان ببورن شۆڕشی گوڵان، بەرەی جود و جەوقەد و بەرەی کوردستانی و یەنەکە و قیادە مووەقەتە و پارتی و هێزە ئیسلامییەکان و حسك و پاسۆك و شیوعی و ئاڵای شۆڕش و هەموو ئەو پارتانەی کە بەشداریان لە شۆڕشی نوێ (گوڵان) دا کرد، بە شێوەیەك کەوتبوونە کەوڵی یەکتر، کەس نەیدەزانی کێ لە گەڵ کێ شەڕ دەکات. ئەی ئەگەر ئەمە سەگوەڕ نییە؟ ئەی چییە؟.

 ئینجا شەڕی یەکێتی و پارتی لە 1994 دەستی پێکرد و بە دوو ئیدارەیی کۆتایی هات و شەڕی 31 ی ئابی بەسەردا هات و ئەو شەڕەش بەوە کۆتایی هات هەولێری پایتەخت لە زۆنی سەوزەوە بوو بە زۆنی زەرد. 17 ی شوبات دوو بارە کەوتینەوە سەر لێواری شەڕێکی ناوخۆیی دیکەوە. لە ساڵی 2015 لە لێواری شەڕێکی تر بوین، خوا بەگەورەیی خۆی ڕەحم بە 2016 مان بکات.

ئەوە گەر باسی شەڕەکانی پەکەکە و حکومەتی هەرێم، شەڕی پەکەکە و (پ د ك)، شەڕی (ی ن ك) و پەکەکە بکەم، شەوی لەیلەتول قەدریش باسەکەم تەواو نابێت. شەڕەکانی کۆمەڵەی ئێران و دیموکرات بەرانبەر یەکتر و شەڕەکانی هەردوو حیزبی دیموکراتی ئێران و هەردوو سێ کۆمەڵە و لەم دواییەشدا کورتە شەڕێکی دیموکرات و پەکەکە و. . . . هتد، لەولاوە بوەستێ.

بۆ نمونە لە ساڵی 1987 لە ناو شۆڕشدا هێند پێشمەرگەی لایەنەکان دابویان بەیەکدا گەر بمانویستبا بچینە دەور و بەری شار بۆ بینینی کەس و کار دەبوایی وەکوو ڕێبوارێك بەبێ چەك چوبایەین، چونکە نەتدەزانی مەفرەزەی چ حیزبێکی کوردی دێتە ڕێگەت و بە دیلت دەگرن یان دەتکوژن.

باوکم یادی بەخێر پیاوێکی سەرمایەداری نەخوێنەوار بوو، بەڵام زۆر زانا و ژیر بوو، وەلێ بە بڕوای من خاڵێکی لاوازی هەبوو ئەویش دژی کوردایەتی بوو، هەردەم بە من و براکانمی دەگوت چیتان دەوێت بۆتان دەستەبەر دەکەم بە مەرجێك نزیكی سیاسەت نەکەونەوە.

ئەو سەردەمە بە دزی باوکمەوە خەریکی سیاسەت بووم لە کەرکوك، کاتێك باوکم پێی زانی ڕۆژێك بانگی کردم و پێی وتم: 

 کوڕم من زۆر گەڕاوم و دونیام زۆر دیوە، وەرە لە کەلی شەیتان وەرە خوارەوە و واز لەم حیزبایەتییە بێنە، بە سەری تۆ هیچی تیا بەسەر نییە، کورد نابێت بە هیچ. وانەیەکی زۆر دور و درێژی پێمدا، لە درێژەی قسەکانیدا باسی میرنشینە کوردییەکانی بۆم دەکرد کە چۆن لەنێو یەکدا داویانە بە یەکدا و هەر خەریکی شەڕی ناوخۆ بونە، چۆن ئەم میرە بە دەستی براکەی و برازاکانی کوژراوە و چەندیین جار لە بەرژەوەندی ڕۆم و عەجەم میرنشینەکان شەڕی ناوخۆیان لە نێوان خۆیاندا ئەنجامداوە. دەیگوت وەرە دەتەوێت ژنت بۆ دەهێنم، یان دەتنێرمە دەرەوە بۆ خۆت بڕۆ لە بەریتانیا بخوێنە.

ئێستا بیر لە بۆچونەکانی باوکم دەکەمەوە، بۆچی دەبێت ئێمەی کورد وابین؟ ئایە دەبێت هەر وا بمێنیینەوە؟ یان ڕۆژێك دێت گۆڕانێکی ڕاستەقینە بە سەر هزری تاکی کورددا دێت؟.  

تا ئێستا ناو و ناتورەی زۆرمان لە شەڕی دوبەرەکی ناوە، شەڕی براکوژی، شەڕی خۆکوژی و شەڕی ناوخۆ، بەڵام هەر نەبڕایەوە، دەڵێیت بە باڵاماندا بڕاوە. نازانم بۆچی لە شەڕی خۆ بە خۆ هەرگیز بێزار نابیین، نازانم لە کوشتن و بڕینی یەکدی چیمان دەستدەکەوێت؟.

هەرچەند سەر دەهێنم و سەر دەبەم تێناگەم هۆکارەکەی چییە؟ ئایە نەبونی سەرکردایەتییەکی دانا و لێهاتووە؟ یان نەبونی پەروەردەیەکی باشە؟ یا خوێنی کورد جۆرە هیمۆگڵۆبینێکی نامۆی تێدایە جارێك نەماندۆزیوەتەوە؟.

نوسەری نەمر محەمەد موکری کە پێشمەرگەیەکی( ی ن ك) بوو لە ساڵی 1982 لە نێو شۆڕشدا ڕۆمانی(سەگوەڕ) ی نوسی، دوای بڵاوکردنەوەی ڕۆمانەکەی، هەڕەشە و گوڕەشەیەکی زۆری لێکرا و خەریكبوو شاکاری سەگوەڕ سەری نوسەرەکەی بخوات، تا کار گەیشتە ئەوەی کە مام جەلال نێوەندگیری بکات لە نێوان کادیرە توڕەکانی ناو یەکێتی و نوسەردا، تەنها لە بەر ئەوەی ناوەڕۆکی ڕۆمانەکەی نوسەری قەڵەم تیژ، دژی شەڕی چەپەڵی براکوژی بوو.

مام جەلال لە وەڵامی کادیرە توڕەکانیدا پرسی: 

 ماموەستا محەمەد موکری چی تێگرتوون؟ گولە یان گوتە؟ هەمویان گوتیان گوتە، مام جەلالیش پێی گوتن: دە ئێوەش بڕۆن بە هەمان چەکی نوسەر وەڵامی بدەنەوە، ئەوەی پێتان خراپە ڕەخنەی لێبگرن و ئەوەی پێتان باشە ڕونی بکەنەوە.

بریا مام جەلال دوو سەد ساڵ تەمەنی دەبوو.