کاتێك چەکدارانی داعش هێرشیان کردە سەر عێراق، سەربازانی لەشکری عێراق بێ هیچ بەرگرییەك، بێ سێودوو قوچاندیان، قارەمانترین سەربازی عێراقی، ئەو سەربازە بوو کە لەو ماراسۆنەدا خێرا ڕابکات و زوو بۆی دەرچێت و ملی خۆی لە شمشێرەکانی داعش دور بخاتەوە.

بە بێ شەڕ و بە بێ شەرم هەڵهاتن، بە بێ پرتە و بۆڵە و شەڕیش، زۆربەی ناوچە دابڕاوەکانی خاکی کوردستان کەوتە ژێر کۆنترۆڵی پێشمەرگەوە.

 وەکوو کاربەدەستانی بەغدا و هەندێك لە برا عەرەبە چاوڕەشەکانمان دەیانفەرموو مادەی 140 ئێکسپایەر بووە، ئەوا ئێستا هاوکێشەکە پێچەوانە بووەتەوە، گەر ئێستا کورد بڵێت ( مادەی 140 ئێکسپایەر بووە)، لەوانەیە ئەوان پێیان خۆش نەبێت.

لەو شکستە گەورە یە و لە ناکاوەدا، بۆ سەرەك وەزیرانی پێشوو(نوری مالکی) ئاشکرا بوو، کە ئەوان لە دە ساڵی ڕابردودا لەشکریان دروست نەکردووە، بەڵکوو ئەوان لە یەك دەیەی ڕابردوودا، تەنها ماڵە باجێنەیان کردووە و بەخۆڕا بودجەی عێراقیان کردووە بە دەم هەندێك مشەخۆرەوە. چونکە دەرکەوت کە لەشکری عێراق لە شوشە ناسکترە و لە کچی سوڵتان بەنازترە، نەك هەر ناتوانێت بەرگری لە عێراق بکات، بەڵکوو ناتوانێت بەرگری لە خۆیشی بکات.

هێرشەکەی داعش هێندە بێ بەربەستبوو، تەنانەت بەغداش کەوتە بەر مەترسی و هەڕەشەی داعشەوە، چەند کیلۆمەترێکی کەمی مابوو کە پایتەختی عێراقیش بە دەردی موسڵ بچێت. گەر کۆماری ئیسلامی ئێران فریای شیعەکانی ئامۆزایان نەکەوتبایە، کار لە کار ترازابوو.

کارەساتەکە هەر ئەوەندە نەبوو کە 80% ی لەشکری عێراق لە ڕەگەوە هەڵتەکا، لە گەڵ ئەو شکستە گەورەیەدا هەرچی جبەخانەی ئەو لەشکرە گەورەیە هەیە، لە چەکی ئەمریکی پێشکەوتوو، هەمووی بە مۆڵی کەوتە ژێر دەستی چەکدارانی داعشەوە. مالکی دەیزانی، کە چی جۆرە چەکێکی پێشکەوتووی پێشکەشی دوژمنێکی سەرسەختی وەکوو داعش کردووە.

هەر بۆیە هاواری لێ بەرز بووەوە و کردی بە (عەشرەت هاوارە). هەموو سەرنجەکان چونە سەر حەشدی شەعبی، بۆ ئەوەی هەر هیچ نەبێت بەرگری لە بەغدا و نەجەف و کەربەلا بکەن و بە جارێ ئابڕویان نەچێت.

هەرچەندە لە سەرەتای بنیاتنانەوەی لەشکری عێراقەوە، ئەوە خەونی هەندێك لە شیعەکانی عێراق و کۆماری ئیسلامی ئێرانبووە، کە سوپایەکی تایبەت سەر بە شیعەکانیان لە عێراقدا هەبێت(هاوشێوەی سوپای پاسدارانی ئێران)، سوپایەك کە بە تەواوەتی لە ژێر ڕکێفی شیعە و مەرجەعیەتدا بێت و ستراتیژی و بەرژەوەندییەکانی شیعە لە عێراق و ناوچەکەدا بپارێزێت. بۆیە لە 13/6/2014 ئایەتوڵا عەلی سیستانی بە پەلە داوایەکی ئاراستەی گەلی عێراق کرد بۆ چەك هەڵگرتن و ڕوبەڕوبونەوەی دەوڵەتی ئیسلامی لە عێراق، هەرچەندە ئەو بانگەوازە ئاراستەی تێکڕای گەلانی عێراق کرابوو، بەڵام داواکارییەکە لە مەرجەعیەتی شیعەوە دەرکرابوو، نەک لە لایەن حکومەتی عێراقەوە، بۆیە تەنها لە لایەن شیعەکانی عێراقەوە پێشوازییەکی گەرمی لێکرا.

 

باڵەکانی حەشدی شەعبی 

تا ئەمڕۆ زیاتر لە 42 گروپی حەشدی شەعبی هەیە لە عێراقدا، بەشێوەیەکی گشتی لە چەکدارانی شیعە مەزهەب پێکهاتون، هەندێکیان پێش فەتواکەی ئیمام سیستانی بونیان هەبوو و هەندێکیشیان لە دوای بانگەوازەکەی مەرجەعییەتەوە دروستبوون.

یەکێك لە گەورەترین هێزەکانی حەشدی شەعبی (سرایا السلام)ە، ئەمان لە بنەڕەتدا (جیش المهدي) بوون کە سەر بە موقتەدا سەدرن، لەساڵی 2007 بە بڕیاری سەدر ئەو لەشکرە سڕکرا. دووبارە دەستبەکاربونەوەی ئەم هێزە لە 11/6/2014 ڕاگەیەنرا، واتا دوو ڕۆژ پێش فەتواکەی ئیمام سیستاني، کە ژمارەیان بە سەدان هەزارە، چەکەکانیان بچوك و مامناوەندین، بۆیە پشتیان بە هێزی پیادە بەستووە. سەرایا ئەلسەلام کۆڵەگەیەکی گەورەی حەشدی شەعبییە، گوشارێکی زۆریان لە سەر حکومەتی عێراق و ئەمریکا دانا بۆ کشانەوەی هێزەکانی ئەمریکا لە عێراق، هەروەها پێوەندێکانیان لە گەڵ ئێران سنوردارە، جگە لە پەیوەستبونیان بە مەزهەبی شیعەوە، عێراقچێتیش بە سیاسەتیانەوە دیارە، بۆچونیان بەرامبەر بە کێشەی کورد میانڕەوانەیە.

پێوەندی کورد و شێعە پێوەندییەکی دێڕینە، بەتایبەتی کاتێك بارزانی نەمر لە 6/10/1958 لە یەکێتی سۆڤییەتەوە بەسەر شاری بەسرەوە گەڕایەوە کوردستان، شیعەکان پێشوازییەکی گەرم و بێ وێنەیان لێکرد، دەیانزانی ڕێبەرێکی قارەمانە و هەوێنی برایەتییە.

 هەروەها کوردستانی باشور ببووە هێلانەیەکی ئارام بۆ ئۆپۆزیسیۆنی شیعە لە سەردەمی سەدامدا، لە هەمان کاتدا کوردستان بنکەیەکی گرنگبوو بۆ شیعەکان بۆ ئەوەی چالاکێکانیان لە دژی ڕژێمی بەعس درێژە پێ بدەن .

لە چەند هەفتەی ڕابردوشدا موقتەدا سەدر ڕۆڵێکی گەورەی بینی لە ئاسایی کردنەوەی گرژی و شەڕەکانی دوزخورماتوو لە نێوان حەشد و پێشمەرگەدا، پێوەندییەکی زۆری بە سەرۆکی هەریم و سەرۆك کۆمار و سەرۆك وەزیرانەوە کرد، تا لە 14/12/2015 وەفدی ناوبژیوانی ناردە دوزخرماتوو و ئاوێکی کرد بە ئاگرەکەدا. ئەگەر نا. . حەشدی شەعبی نیازی هێرشکردنیان هەبوو بۆ سەر هێزەکانی پێشمەرگە. موقتەدا سەدر بەرامبەر بە کورد نەرمی زۆری نواندووە، تا ئەو ڕادەیەی کە دەڵێت: گەر کوردەکان سەربەخۆیی ڕابگەیەنن، ئێمە پیرۆزباییان لێ دەکەین، پێویستە وەکوو دوو وڵاتی دەرهاوسێ وەکوو برا پێکەوە بژیین.

هەروەها ڕێکخراوی بەدر بە سەرکردایەتی هادی ئەلعامری وەزیری پێشوو، ڕۆڵێکی گەورەیان هەیە لە ناو حەشدی شەعبیدا، ئەم ڕێکخراوە لە بنەڕەتدا لە ناو مەجلیسی باڵای ئیسلامی عێراق (المجلس الأعلی الأسلامی) یدا بوون لە ساڵی 2012 جیابونەوەی خۆیان ڕاگەیاند، هۆی جیابونەوەکەیان دەگەڕێتەوە بۆ پاڵپشتی کردنیان لە نوری مالیکی. بە دەیان هەزار چەکداریان هەیە، و پڕچەك کراون بە چەکی پێشکەوتوو، سەرۆکی بەدر هادی عامری پێوەندییەکی پتەوی هەیە لە گەڵ عەلی خامەنەیی و قاسم سولەیمانی فەیلەقی قودسدا، هەروەها پێوەندییەکی پتەویان هەیە لە گەڵ ئەفسەرانی ناو لەشکری عێراقیشدا، لە ژێر کاریگەری سیاسەتەکانی ( نوری مالكی)یدان، بۆیە بەرامبەر بە کورد توند و تیژن و نەرمیان نەنواندووە.

مێلیشیای (كتائب حزب الله العراق) کە بەشێوەیەکی زۆر نهێنی کار دەکەن و تا ئێستا نازانرێت سەرکردەی ئەم هێزە کێیە، بەڵام ناسراون بەوەی کە تەنها و تەنها پەیوەندیان لە گەڵ ئێراندا هەیە، چەکەکانیان سوك و مامناوەندین بەڵام هەردەم لە شەڕەکاندا ئێران پشتگیرییەکی تەواویان لێ دەکات بە چەکی قورس.

(عصائب أهل الحق) هێزێکی گەورەی بە ئەزمونە لە شەڕدا، لە ساڵی2007 لە لایەن شێخ قەیس خەزعەلی و شێخ ئەکرەم کەعبییەوە دامەزراوە، ئەمان بەشێكبوون لە لەشکری مەهدی (الجیش المهدي). کاتێك جیابونەوەی خۆیان ڕاگەیاند کە موقتەدا سەدر (جیش المهدی) سڕ کرد، ئەمان بەو بڕیارە ڕازی نەبوون. درێژەیان بە چالاکێکانی خۆیاندا و شەڕی ئەمریکایان کرد لە عێراق، خەزعەلی لە لایەن ئەمریکاوە زیندانی کرا تا لە ساڵی 2010 ئازادکرا، ئەم هێزە کارگەی دروستکردنی موشەکی ئەشتەری هەیە و هەروەها لە کارگە سەربازییەکانیاندا چەندیین موشەکی تریش دروست دەکات. لە شەڕی ئامرلی و جەرف ئەلسەخەر ڕۆڵێکی گەورەیان هەبوو.

گروپەکانی حەشدی شەعبی لە گەشەکردنێکی بەردەوامدان وەکوو (حركة حزب الله النجباء، كتائب سيد الشهداء، سرايا الجهاد والبناء، كتائب التيار الرسالي، سرايا الخراساني، سرايا عاشوراء، سرايا العتبات، فيلق الوعد الصادق، لواء أسد الله الغالب، كتائب أنصار الحجة، لواء القارعة، سرايا الزهراء، سرايا أنصار العقيدة، كتائب الغضب، حركة الأبدال، لواء المنتظر، كتائب درع الشيعة، جيش المختار و حزب الله الثائرون. ) زۆری تریش. هێزی زۆریان تێدایە کە تا ئێستا دژایەتییەکی ئەوتۆی کوردیان نەکردووە، بەڵام دوای هاتنی داعش گروپگەلێکی زۆر دروستبوون بە ئاشکرا دژایەتی مافە ڕەواکانی کورد دەکەن.

ئایە سەرکردایەتی کورد چۆن هەڵسوکەوت لە گەڵ حەشدی شەعبیدا دەکات و چۆن لێکیان جیا دەکاتەوە ئەوە ناڕونە، بەڵام گەر لە کۆتاییدا لایەنە میانڕەوەکانی ناو حشدی شەعبی دەستبگرن بە سەر هەرەمی حەشدی شەعبیدا ئەوا بۆ کورد ئەرێنییە و ڕەنگە ئەو کاتە کێشەکانی نێوانمان بە دیالۆگ چارەسەربکەین، بە پێچەوانەوە ئەوا شەڕێکی خوێناوی تر چاوەڕوانی کورد دەکات.

 

بۆنی شەڕێکی تر دێت.

لە وڵاتێکی وەکوو عێراقدا گەر تەنها حەشدی شەعبی 42 گروپی جوراو جۆری هەبێت و هەر گروپێك لەو گروپانەش بەرژەوەندی تایبەتی خۆیان هەبێت، ناکرێت چارەنوسێکی باش چاوەڕێی ئەم وڵاتە بکات.

بەلای چاودێرانی سیاسی و سەربازییەوە ئەمە شتێکی ئاسایی نییە، کە هەر سەرکردەیەكی حەشدی شەعبی بەجیاواز، هەوڵی پلە و پایەی سیاسی دەدات لە نێو دەوڵەتدا، هەروەها دەستتێوەردانی ئێران لەناو هەرەمی حەشدی شەعبیدا بە دیاردەیەکی ترسناك لە قەڵەم دەدرێ، جگە لەوەی کە ئەم دەستێوەردانە، وڵاتانی عەرەبیشی قەڵسکردووە، بەتایبەتی شانشینی عەرەبی سعودی.

هەرچەندە وەزیری بەرگری عێراق خالید عوبەیدی ڕایگەیاند کە حەشدی شەعبی بەشێکە لە سیستەمی لەشکری عێراق و ملکەچی فەرمانەکانی هەردوو وەزارەتی ناوخۆ و بەرگری عێراقن. بەڵام تۆمەتی زۆریان لە سەرە بە کوشتن و ڕفاندنی خەڵك و ئەشکەنجەدانی نەیارەکانیان، بەردەوام حکومەتی عێراق ئەو تۆمەتانە ڕەتدەکاتەوە و دەڵێت ئەو تاوانانە لە لایەن چەند لایەنێکی ترەوە ئەنجام دەدرێن، لەژێر ناوی حەشدی شەعبیدا، ئەوە بۆ ناوزڕاندنی حەشدی شەعبییە.

موقتەدا سەدر کە خۆی گەورەترین هێزی حەشدی شەعبی پێکهێناوە بە میلیشیایەکی پیس ناویان دەبات و دەڵێت: (هەرچەندە ئەو هێزانە لەگەڵ حەشدی شەعبیدا کاردەکەن بەڵام پەیوەست نیین بە ڕێنماییەکانی مەرجەعییەتەوە، هەڵدەستن بە سەربڕێنی هاووڵاتیانی بێتاوان کە هیچ پێوەندییەکیان بە گروپی تیرۆریستی داعشەوە نییە، ئەمانە ناوی حەشدی شەعبی ڕاستەقینەیان خراپ کردووە، بۆیە دەبێت سنورێکیان بۆ دابنرێت و دوور بخرێنەوە. ) ئەمە بەبۆچونی موقتەدا سەدر.

هەروەها (هیومن ڕایتس وتش) پێی وایە ئەوەی حەشدی شەعبی دەیکات لە ناوچە سونێکان دەچێتە نێو تاوانەکانی جەنگەوە. لە لایەکی ترەوە سەرۆکی پێشوی (سی ئای ئەی) ئەمریکی دیڤید بترۆس لە رونکردەوەیەکدا بۆ واشنتۆن پۆست ڕایگەیاند: مێلیشیاکانی حەشدی شەعبی کە لەلایەن ئێرانەوە پشتگیری دەکرێن، لە پاشەڕۆژدا مەترسیەکی گەرە تر لە مەترسی داعش دروست دەکەن بۆ سەر ئاسایشی عێراق.

سونەکان دەڵێن ئەوەی تا ئێستا حەشدی شەعبی کردویەتی لە دژی دانیشتوانی دیالە و تکریت و بێجی جێگەی قبوڵکردن نییە، تاوانباریان دەکەن بە کوشتن و بڕین و دزیکردن و ماڵ سوتاندن.

هەرچی پەیوەندی بە کورد و هەرێمی کوردستانەوە هەیە، جگە لە بەگژداچونەکانی شەڕەکانی جەلەولا و قەرەتەپە لە گەڵ پێشمەرگەدا، لە شاری دوزخورماتوش پەیامی حەشدی شەعبی هاوڕێیانە نەبوو بۆ پێشمەرگە و هەرێم. ڕونە ئەو هێزانەی کە لە لایەن ئێرانەوە پشتگیری دەکرێن زمانیان زبر ترە و دوژمن ئاسا ڕەفتار لە گەڵ کورد دەکەن، خەریکە تەپڵی شەڕێکی تر لێدەدەن لە کوردستان، بەتایبەت ئەو هێزانەی کە سەر بە سەرەك وەزیرانی پێشووی عێراق نوری مالکین.

لێرەدا ڕوون نییە ئایە حکومەتی بەغدا دوای شەڕی داعش پلانی چییە بۆ ناوچەکانی مادەی 140؟ چونکە پێشمەرگە بە هیچ شێوەیەك ئامادە نییە پاشەکشە بکات لە ناوچە دابڕاوەکان، کە بەخوێن پاراستونی. لێرەدا دوو ڕێگە لە پێش حکومەتی بەغادا هەیە، یان واز لە ناوچە دابڕاوەکان بێنێت و دانی پێدا بنێت کە کوردستانیین (کە ئەمە ئەگەرێکی لاوازە). یان دەبێت خۆی لە شەڕێکی خوێناویدا تاقی بکاتەوە.