شکی تێدا نییە دروستبوونی گۆڕان پێویستییەکی مێژویی بوو، بۆ چارەسەرکردنی ئەو بیروکراتسییەی کە لە هەرێمی کوردستاندا هەیە، بۆیە خەڵکی کوردستان چاویان لە گۆڕانبوو، بۆ ئەوەی گۆڕان، گۆران بکات لە دامودەزگاو دامەزراوەکاندا، گۆڕان بکات لە هەرەمی دەسەڵاتی هەرێمدا، گۆڕان لە یەکسانی کۆمەڵایەتیدا، گۆڕان لە گەندەڵی، گۆڕان لە بژێو و قوتی خەڵکی و کارگێڕیدا، گۆڕان لە پەروەردە و خزمەتگوزاری تەندروستی و گۆران لە هزری تاکی کورددا. 

لە هەر چوار کەس لە هەرێمی کوردستان، یەکێك دەنگی بە گۆڕاندا، کاردانەوەیەکی ئاسایی بوو، چونکە کۆمەڵگای کوردەواری کەموکوڕیەکانی بە ئاسانی دەبینی، بۆیە گۆڕانی پێویست بوو، دەیانبینی کە چۆن بەدەست گەندەڵییەوە گیریان خواردووە، ناوی گۆڕانیش سەرنجڕاکێش بوو، کێ گۆڕانی ناوێت؟ کێ دەیەوێت بە هەژاری ژیان بەسەرببات؟ کێ پێی خۆشە لە پێش چاوی خۆیدا سامانی وڵاتەکەی بە هەدەر بڕوات؟. بۆیە خەڵکی کوردستان دوای ناوە بریقە دارەکەی گۆڕان کەوتن، گۆڕان بوو بە هیوا و ئاوات و خواست.

من لێرەدا باسی سیاسەتی گۆڕان ناکەم چی گۆڕی و چی بەڵینێکی خۆی بە ئەمانەتەوە جێبەجێ کرد. ئەوەی منی بێلایەنی حەپەساندووە ئەوەیە.

خەریكبوو هەرێمی کوردستان وێران بێت بە خۆپیشاندان و بەرد هاویشتن و گولەبارانکردنی خەڵك و سوتاندنی بارەگا و ڕێگە گرتن لە پەرلەمانتاران بۆ هەولیر و ناردنەوەی چوار وەزیر بۆ ماڵەوە و پەکخستنی پەرلەمان و ئیفلیج کردنی ئەنجومەنی وەزیران. کەچی کاك نەوشێروان مستەفا بە درێژایی ئەو ڕوداوانە فزەی لێەوە نەهات، بەڵام ئەمرۆ لە میدیای کوردییەوە هەواڵێکم بەرچاوکەوت بە ناوی ( پەیامێك لە نەوشێروان مستەفا)وە، زۆر دڵم خۆشبوو، لە دڵی خۆمدا وتم ئەرێ وەڵا هاتە نتق، کەچی تەماشا دەکەم تەعزێ نامەیە بۆ خانەوادەی کوردۆ قاسمی ناردووە خوالێی خۆشبێت.