ماوەی نێوان (١٩٧٥-١٩٩٣)، زەمەنێکی پڕ لە ڕوداوو کارەساتی تراژید ئامێزە لەمێژووی نەتەوەکەماندا. دەیان کارەساتی وەک؛ وێرانکردنی دێهاتەکان و ڕاگواستنیان، هەڵگیرساندنی شۆڕشی نوێ، کیمیا بارانکردنی شاری هەڵەبجە، کودەتای سەربازی دوازدەی ئەیلولی ساڵی (١٩٨٠) لە تورکیا، ئەنفالکردنی هەشت هەزار بارزانی و (١٨٢) هەزار خەڵکی سڤیلی کورد، بە جاشکردنی هەزاران هاولاتی کورد لە پرۆسەیەکی سەربازیدا. . . ئەمانە بەشێکن لەم کارەساتە جەرگبڕانە.

ڕۆژنامەگەریی کوردی منداڵان، هاوشان لەگەڵ ڕەوتە گشتییەکەی ڕۆژنامەگەریی، لەم زەمەنە ئەستەم و تاریکەدا، لە تاکە پەنجەرەیەک ( چ نهێنی یان ئاشکرا)، گەڕاوە، تاوەکو بتوانێت کەش و هەوایەکی پاکو شایستە بۆ منداڵان بڕەخسێنێت، تا لە کاروانی شارستانیەت و مێژوو، دوا نەکەون. دەتوانین ئەم هەوڵانەی کە لەم بارەیەوە دراون، بەسەر دوو تەوەری سەرەکی دابەشی بکەین؛-

تەوەری یەکەم/ هەوڵە فەرمی و ئاشکراکان

ئەمانە ئەو هەوڵانەن کە چەند نووسەرو پەروەردیارێکی دڵسۆزی کورد، توانیویانە سوود لەم دەرفەتانە وەربگرن کە لەلایەن داگیرکەرانەوە بە گوێرەی دەستوور، ڕێگەیان پێدراوە، گۆڤارو بڵاوکراوەی بۆ منداڵ نووسراو دەربکەن. لەگەڵ پێدانی مۆڵەتی ڕەسمیش، دەسەڵاتداران، کەم و زۆر ویستوویانە سوود لەم بڵاوکراوانە وەربگرن ( ئەگەر بە چەند بابەتێکیش بێت)، ویستوویانە تۆوی سیاسەتی شۆڤینیستانەی خۆیان لە دڵ و دەروونی منداڵی کورد، بچێنن و بە هیوایەک پەروەردەیان بکەن، کە لەدوا ڕۆژدا بە خزمەت بۆ خۆیان بشکێتەوە. بەشێکی تری ئەم گۆڤارانە لەلایەن ئەم نووسەرە کوردانەوە سەرپەرشتی کراون کە وەک پەنابەری سیاسی لە وڵاتی سویددا، نیشتەجێ بوون.

ئەستێرە، یەکەم گۆڤاری منداڵان و سێیەمین گۆڤاری کوردییە کە لەم فەترە زەمەنییەدا، دەرچوو بێت. بەزمانی کوردی، لەشاری بەغدا، لە مانگی مایسی ١٩٧٥ دا، دەرچووە. هەمووی بەسەر یەکەوە، تەنها سێ ژمارەی لێدەرچووەو پاشان بەهۆی هەڵوێستی سیاسییەوە، داخراوە.

 (٢) ئەدەبی منداڵان/ بڵاوکراوەیەک بوو، لە فۆڕمی نامیلکەیەکی بیست لاپەڕەیی، لەلایەن حەوت نووسەرو پەروەردیاری کورد، لەسەر ئەرک و گیرفانی خۆیان، بڵاوکراوەتەوە. لە رووی وێنەو ڕەنگو دیزاین و فەنتازیای بڵاوکراوەی منداڵان، زۆر هەژارانە بوو. یەکەم ژمارەی لە کانوونی دووەمی ساڵی (١٩٨٥)دا، دەرچووە. شاعیرو پەروەردیار( ڕۆستەم باجەڵان)، کاراکتەری سەرەکی پرۆژەکە بوو. پاش تێپەڕبوونی پێنج ساڵ بەسەر بڵاوکردنەوەی ژمارە یەکدا، ژمارە دوو لەساڵی (١٩٩٠)دا، لەسەر ئەرکی فۆلکلۆریست (سەعدوڵلا شێخانی)، بڵاوکراوەتەوە.

 (٣) کاروانی منداڵان/گۆڤارێکی منداڵان بوو، ئەمیندارێتی گشتی ڕۆشنبیریی و لاوان لە هەولێر دەریدەکرد. لە ڕووی ڕەنگ و قەبارەو بوونی وێنەوە، گٶڤارێکی شایستە بوو. لەڕووی ناوەڕۆکەوە، هیچ نەبوو. هەر ئەوەندە بوو کە بە زمانی کوردی دەردەچوو. وێرای هەڵەی ڕێنووس و ڕێزمانیش، بابەتەکانی تەواو لە خزمەت سیاسەتەکانی ڕژێمی بەعسدا بوو. لەسەرو بەندی دەرچوونیدا ( نەوزاد عەلی ئەحمەد) بابەتێکی ڕەخنە ئامێزی لەسەر بڵاوکردەوە. یەکەم ژمارەی ئەم گۆڤارە، لە نیسانی ١٩٩٠دا، دەرچووە. تەنها دوو ژمارەی لێدەرچووە. داگیرکردنی (کوێت)ی بەسەردا هات. ئەویش وەک زۆربەی گۆڤارو ڕۆژنامەکان، بەر سیاسەتی دەست پێوەگرتن کەوت و داخرا.

لەپاش ڕاپەڕینی بەهاری (١٩٩١)، ئەم گۆڤارانەی خوارەوە بڵاوکرانەوە؛-

 (٤) پەڕەسێلکە/ گۆڤارێکی ڕەنگاو رەنگی منداڵان بوو، یەکەم ژمارەی لە مانگی تشرینی یەکەمی ساڵی (١٩٩١)دا، لەگەڵ پاشکۆیەکی تایبەت بۆ دایکو باوکان، لەهەولێر، دەرچووە. سەرپەرشتیارو داینەمۆی سەرەکی (هەڵگورد عەبدولوەهاب جندیانی)، بوو.

 (٥) پەپوولە/ گۆڤارێکی پەروەردەیی، ڕۆشنبیریی منداڵان بوو، ( کۆمەڵەی منداڵپارێزی کوردستان)، لە شاری سلێمانی، دەریدەکرد. ڕەنگاو ڕەنگ و وێنەدار بوو. یەکەم ژمارەی لە شوباتی (١٩٩٢)دا، دەرچووە. خاوەن ئیمتیازی (هێرۆ ئیبراهیم ئەحمەد) بوو. ژمارە (٧١)ی لە ئەیلولی٢٠٠٣ دا، دەرچووە.

 (٦) پەریستان/پاشکۆی منداڵانی ڕۆژنامەی ( کوردستانی نوێ)، بوو. سەرەتا؛هەفتانە لە دووتوێی لاپەڕەکانی ڕۆژنامەکە، بە چوار لاپەڕە دەردەچوو. پاشان بووە گۆڤارێکی سەربەخۆی مانگانە. چەند ژمارەیەکی لێدەرچوو و داخرا. داینەمۆی سەرەکی(مەولود ئیبراهیم حەسەن و هەڵگورد عەبدولوەهاب ) بوو. ڕەنگاو ڕەنگ و وێنەدار بوو. . . وێنەکان لەلایەن هەڵگوردو هونەرمەندی شێوەکار(نەرمین ئەحمەد ئەسوەد)ەوە، دەکێشران. ئیسماعیل تەنیا و ئیدریس لاوە، وەک دەستەی نووسەران، کاریان تێدا دەکرد.

 (٧) خالخالۆک/ گۆڤارێکی منداڵان، پاشکۆی ڕۆژنامەی بۆتان بوو کە پارتی گەلی دیموکراتی کوردستان لە شاری دهۆک دەریدەکرد. یەکەم ژمارەی لە هاوینی ساڵی(١٩٩٢)دا دەرچووە. هەر تەنها ئەم تاکە ژمارەی لێدەرچووەو وەستاوە.

 (٨) ئەستێرە/ گۆڤارێکی منداڵان بوو، لە سلێمانی دەردەچوو. بەهاوکاری پرۆژەی قەندیلی سویدی بڵاوکراوەتەوە. یەکەم ژمارەی لەساڵی (١٩٩٢)د، دەرچووە.

جگە لەم گۆڤارانەی باسمان کردن، سێ گۆڤاریش لە سوید دەرچووینە کە ئەمانەن؛-

 (٩) کولیلک/ گۆڤارێک بوو بە زمانی کوردی( کرمانجی ژووروو- ڕێنووسی لاتینی)، لەلایەن کۆمەڵەی ڕۆشنبیریی کارکەرێن کوردستان، بڵاودەکرایەوە. یەکەم ژمارەی لەساڵی (١٩٨٠)دا، دەرچووە. هەمووی بەسەریەکەوە، تاوەکو ساڵی (١٩٩٨)، پەنجاو یەک ژمارەی لێدەرچووە.

 (١٠) هێلین/ گۆڤارێکی وەرزیی، وێنەداری منداڵان بوو، (یەکێتییا کارکەرێن دیموکراتێن کوردستان) بە زمانی کوردی(کرمانجی ژووروو-لاتینی)، دەریاندەکرد. مەحمود لەوەندی و(‌ها. مزگین)، دەستەی نووسەرانی بوون. یەکەم ژمارەی لە شوباتی ساڵی (١٩٨٢)دا، دەرچووە. ژمارە (١٤)ی لە مانگی حوزەیرانی ساڵی (١٩٨٥)دا، دەرچووە.

 (١١) کۆچەر/ گۆڤارێکی وەرزیی منداڵان و لاوان بوو، بە زمانی کوردی (کرمانجی خواروو- ڕێنووسی ئارامی)، لەلایەن (عاسی ڕەباتی)یەوە، بڵاو دەکرایەوە. یەکەم ژمارەی لەساڵی (١٩٨٨)ەوە، دەرچووە. تا کۆتایی ساڵی (١٩٩٢)، دوازدە ژمارەی لێدەرچووە.

 (١٢) ئامانج بۆ زارۆکا/ بڵاوکراوەیەکی وێنەداری ڕەنگاوڕەنگی منداڵان بوو، وەک پاشکۆی گۆڤاری ئامانج، بە زمانی کوردی ( کرمانجی خواروو-ئارامی)، لە تاران دەردەچوو. یەکەم ژمارەی لە مانگی کانوونی یەکەمی (١٩٨٥)دا، دەرچووە. ژمارە (٢١)ی لە خاکەلێوەو بانەمەڕی ساڵی (١٩٨٩)دا، دەرچووە. ئەم بڵاوکراوەیە، یەکەم و دوا بڵاوکراوەی منداڵانە کە لە چوار چێوەی ئەم کاتەی کە ئێمە باسی لێوە دەکەین، ( چ بە فەرمی، چ بە نهێنی)، لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا، دەرچووبێت.

دووەم// هەوڵە نهێنییەکان

بەهۆی پاڵەپەستۆی سانسۆرو ناوەرۆکی شۆڕشگێڕیی و کوردانەی بڵاوکراوەکان، یان قاچاغ بوونی نووسەرەکانیان لەلایەن ڕژێمەوە، ئەو شانسەیان نەبووە کە بە شێوەی ئاشکراو تیراژی زۆرەوە بگاتە دەستی منداڵانەوە. . . لەم ماوەیەدا، هەشت ناوونیشان، دەرچووینە، کە سێ لەوانەیان بە هەوڵی تاکەکەسی و چاپ و فۆرمێکی هەژارانەو تیراژێکی کەمەوە، بڵاوکراونەتەوە، کە ئەمانەن؛-

 (١٣) نەورۆز/ هەڵگورد عەبدولوەهاب جندیانی، لە تەمەنی شازدە ساڵیدا، بە دەستنووس، لەشاری هەولێر، بە نهێنی، دەریکردووە. یەکەم ژمارەی لە ئازاری ساڵی (١٩٨٠) دەرچووە. تەنها سێ ژمارەی لێدەرچووەو وەستاوە.

 (١٤) سروشت/ نامیلکەیەکی زانستی منداڵان بوو، مەڵبەندی سێی ( یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان)، بڵاویدەکردەوە. یەکەم ژمارەی لە کانوونی دووەمی ساڵی (١٩٨٣)دا، دەرچووە. ژمارە دوو، دوا ژمارە بووەو لە ئازاری ١٩٨٣دا، دەرچووە. (عەباس ئیسماعیل ئاری)، سەرپەرشتی کردووە. شایانی گوتنە؛ سروشت بە یەکەمین بڵاوکراوەی زانستی منداڵان دادەنرێت لە مێژووی ڕۆژنامەگەریی منداڵانی کورددا.

 (١٥) ئەستێرە/ گۆڤارێکی منداڵان بوو، بە قەبارەی نیو فۆلسکاب، مەڵبەندی سێی (یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان)، دەریدەکرد. عەباس محەمەد حوسێن (حاجی مەمۆ)، یان (کاکە باس)، سەرپەرشتی دەکرد. یەکەم ژمارەی لە ڕێکەوتی (١/٢/١٩٨٣)دا، دەرچووە. تەنها هەر ئەم ژمارەیەی لێدەرچووە.

 (١٦) گزنگی بچووکان/ پاشکۆی گۆڤاری (گزنگ)ی یەکێتی نووسەرانی کورد- لقی کەرکوک بوو. یەکەم ژمارەی لە مانگی ئازاری (١٩٨٥)دا، دەرچووە.

چوار بڵاوکراوەی تایبەت بە منداڵانیش لە باکوری کوردستاندا، دەرچووینە کە سێ دانەیان لە ژوورەکانی زیندان بە نهێنی ئامادە کراون و نێردراونەتە دەرەوەو بڵاوکراونەتەوە، کە ئەمانەن؛-

 (١٧) سیم/ لە زیندانی شاری ئورفا، لە ساڵی (١٩٨٨)دا، دەرچووە.

 (١٨) زارۆکێ پێشەنگ/ لە ساڵی١٩٩١، لە زیندانی شاری ئایدن، بە زمانی تورکی، دەرچووە.

 (١٩) دیلان/ هەر(زارۆکێ پێشەنگ)ەو ناوەکەی بۆتە (دیلان). لە هەمان زیندان، دەرچووە. کە ناوەکەی بۆتە دیلان، بە زمانی کوردیش دەرچووە. یەکەم ژمارەی لەساڵی (١٩٩١)دا، بڵاوکراوەتەوە.

 (٢٠) دەنگێ شاگردان/ لە ساڵی (١٩٩١)، لە باکوری کوردستاندا، دەرچووە.

شوێن و جوگرافیای بڵاوکردنەوەی بڵاوکراوەو گۆڤارەکانیش بەم شێوەیەن؛-

- چوار دانە لە تورکیاو باکوری کوردستان.

 - سێ دانە لە وڵاتی سوید.

 - یەک دانە لە ئێران (تاران).

 - دوازدە دانە لە عێراق و باشوری کوردستان.