ئێمەی ڕۆژھەڵاتنشین، لە ھەموو روویەکەوە لەگەڵ تاکێکی ڕۆژئاوانشین، لە؛جۆری بیرکردنەوە، ھەڵسوکەوتی ڕۆژانە، دابونەریتی نان خواردن، ڕەنگ وڕوخسار، گفتوگۆ کردن، یارمەتیدانی ھەژاران، کارکردن، تادەگاتە سواڵکردنیش، جیاوازین. ئەم جیاوازیانەش بوونەتە ھۆکارێک بۆ بەریەک کەوتن و لەیەکتر نەگەیشتن. تۆ وەرە، لە سواڵکەرێکی سەر شەقامەکانی لای خۆمان و لای ئەوان بڕوانە، تێیڕامێنە ئەوجا جیاوازییەکانت زێتر بۆ دەردەکەوێت.

-کچێکی ناسک، خاوێن و ڕێکپۆش، لەسەنتەری شار، بێ ئەوەی داواکاری لەخەڵکی ھەبێت و سەیریان بکات، بە ئامێری مۆسیقا(کەمان، فلووت، قانوون، ئۆکۆردیۆن)ەکەی، دەیان ئاوازی سەرنج ڕاکێش دەژەنێت. لە ئاوازی خاوەوە بگرە تا دەگاتە ئاوازی خێراو ھەڵپەڕین.

-پیاوێکی نورانی تەمەن ھەڵکشاو، سەرو ڕیشی وەک قەندیلی ھەمیشە مەندیل بەسەر، لەسەر کورسییەک دانیشتووەو شمشاڵێکی لەدەستە، بە پەنجەکانی، ئاوازەکانی دەڤەری ئەفغانستان و ئێران و ئەنادۆڵ، تا دەگاتە کۆمارە لەیەک ھەڵوەشاوە موسڵماننشینەکانی سۆڤیەتی جاران، دەژەنێت.

-پیرە پیاوێکی ڕۆژئاوایی، ڕوخسار لە شێوەکارە کلاسیکییەکان چوو، لەسەر شەقامێکی گشتی تایبەت بە خەڵکی پیادە، کۆمەڵێک تەباشیری ڕەنگاوڕەنگی لەدەستە، لەسەر زەوی دانیشتووە، وێنەیەکی گەورەی پێنج بە شەش مەتری، لەسەر زەوی دەکێشێت. . . ڕۆژانە وێنەکان دەگۆڕدرێن.

-گەنجێکی باریکەڵەی بەڕەگەز ئەفریقایی، بەردەوام(50-60)کەسی لەدەوردا کۆبوونەتەوە، بەشێوەیەکی سەرنج ڕاکێش و سیحرئامێز، یارییەکانی ئەکرۆپاتیک دەکات، ئەو یارییە دەگمەنانەی کە دەیزانێت، بۆ خەڵکەکەی نمایش دەکات. ئامادەبووان مەندەھۆش دەبن.

-کچ و کوڕ، یان چەند گەنجێکی ئالوودە بوو بە مادەی ھۆشبەر، بۆ پەیدا کردنی خەرجی ڕۆژانەیان، (سەگ)، یان ئەسپەکانیان لەلای خۆیان داناوە. لەسەر پارچە کارتۆنێکیش نووسیویانە؛ (سەگ، ئەسپ)ەکانمان برسییانە؟!

-گرووپێکی مۆسیقا، پێکھاتەکەیان ھەر لە پێکھاتەی خانەوادەیەک دەچێت، زۆربەی ئامێرەکانی مۆسیقایان لەدەستە، دەیان ئاوازی ڕۆژئاوایی لە (کلاسیکەوە بگرە تا مۆدێرن)، دەژەنن. . . کەش و ھەوایەکی ئاھەنگ ئامێزیان دروست کردووە. بەدەست خۆت نییە، گەر کاری پەلەشت ھەبێت، دەبێت چەند خولەکێک سەیرییان بکەیت.

ئەوانە ھەر ھەموویان سواڵکەرن، سەبەتە یان دەفرێکیان لەپێش خۆیانەوە داناوە. . . کۆمەڵێک (سێدێ)شیان بۆ فرۆشتن نمایش کردووە. داوا لەھیچ کەسێک ناکەن لێیان بکڕن، یان یارمەتییان بدەن. تۆ سەربەستی لەوەی (سێدێ)ەکیان وەک یارمەتیدان لێ بکڕی، یان نا. . . یاخود کەمێک وردە پارە بخەیتە ناو سەبەتەو دەفرەکانیانەوە. لەبەرامبەریشدا ئەوانیش بەدەست لەسەر سینگدانان و چەمانەوە، سوپاس گوزاری خۆیان دەردەبڕن. کە ئەوانە دەبینم؛یەکسەر تەزوویەک بە مێشکم دادێت و سواڵکەرەکانی لای خۆمانم بیر دەکەوێتەوە. . . ئەوان؛شتی سەیر سەیر لەبارەیانەوە دەگێڕنەوە؛-

-ژنێک لەسەر شەقام، منداڵێکی ساوای خۆی بە خواردنی حەب، گێژو سەرخۆش کردووە. منداڵەکە لەبەر قرچەی گەرما لێی خەوتووە. . . کۆمەڵێک مێش و مەگەز لەسەر دەموچاویەوە نیشتوون.

-لەفلان گەڕەک، چەند سواڵکەرێک چوونەتە ماڵی پیرەژنێک، دەستودەمیان بەستاوە، ھەرچی لە ماڵەکەیدا ھەبووە، ھەموویان بردووە.

-ژنێکی سواڵکەر، منداڵێکی ساوای ڕفاندووە.

-سواڵکەرێک، قیتوقۆز، ھیچ کەموکورتییەک لەجەستەو ھەڵسوکەوتی نابینی. . . لەدەرگا دەدات و داوای یارمەتی دەکات. تۆ قەناعەتی پێ ناکەیت. یارمەتی نادەیت. ئەو وەک قیڕو بنێشت پێتوەدەنووسێت و واز لە داواکارییەکانی ناھێنێت. کە ھەر ھیچیشت نەدایێ، بە تووڕەیی دەرگا دادەخاو ھەتا لەچاو بزر دەبێت ھەر دوعای خراپت لێدەکات. . .

بۆ ئەوانەی ڕۆژئاوا؛من یەک بەباری خۆم، ھەر چەند جارێک بچمە سەنتەری شار، نایەمەوە ماڵ تا چەند خولەکێک بەدیار ئەوانەوە ڕانەوەستم. زۆر جاران ئاوازی وا دەژەنن، ھەر دەڵێی ئاوازی گۆرانییەکانی (حەسەن زیرەک)ن. بۆیە بەناچاری لێیان دەپرسم؛ئەم ئاوازانە سەر بە چ دەڤەرو نەتەوەیەکن؟!ئەوانیش بەڕوو خۆشی و زەردەخەنەیەکەوە، وەڵامت دەدەنەوە.

ھەولێرییەکان ئەگەر یەکێکیان بکەوێتە بەردڵ و خۆشیان بوێت، پێیدەڵێن؛ڕەزا سووک. . . ھەقە بەم سواڵکەرانەی ڕۆژئاوا بڵێین؛سواڵکەرە ڕەزا سووکەکان. . . بۆ ئەوانەی لای خۆشمان، خۆتان ناوێکیان بۆ بدۆزنەوە. . .