کاردۆ عەبدولقەھار مستەفا گەڵاڵی 1951-2/5/1983)، نووسەرو پارێزەرو چالاکڤانی بواری خوێندکاران و سیاسەتمەدار، ئەمڕۆ(9/4/2016)، دەبێتە سیوحەوت ساڵ کە لەناوماندا نەماوەو بە جەستە لەبنەماڵەو کەس و کارو ھاوڕێکانییەوە، دوورە.

بەھۆی بوونی ھاوئاقاری گوندەکانمان(کەردزو گۆمەگڕو)، ناسیارەتی بنەماڵەو بوونی خزمایەتییەکی دوور لەنێوانماندا، ھەر کە فامم کردووە، ئەوانم ناسیووە. ھەرچەند لەڕوی تەمەنەوە، لەمن گەورەتر بوو، بەڵام زۆر جاران لەماڵی خۆیان، یان ماڵە خزم و بۆنە کۆمەڵایەتییەکاندا، ڕوو بەڕوو بینیومەو گوێم لە قسەکانی بووە. کاتێک کە شۆڕشی ئەیلول شکست دێنێت، (کاردۆ)ش دەگەڕێتەوە شارو درێژە بە خوێندنی زانکۆ دەدات. ژێر بەژێریش لەگەڵ ھاوڕێکانیدا دەست دەکاتەوە بەکاری سیاسی و دەبێتە یەکێک لە دامەزرێنەرانی ڕێکخراوی(بزووتنەوەی سۆسیالیستی دیموکراتی کوردستان). من، ئەوکات تەمەنم(14-15) ساڵان دەبوو. (کاردۆ)ش (25-26)ساڵێک دەبوو. لەسەروبەندی تەواو کردنی خوێندنی یاسا، لەبەغدا بوو. زۆر جاران بەجلی کوردییەوە دەمبینی. گەنجێکی دڵتەڕو ڕێکپۆش بوو. وەک مۆدەی ئەوسەردەم، قژێکی درێژو سمێڵێکی ڕەشی گەورەو زولفێکی درێژی ھەبوو. ڕانکوچۆغەڵی لە (کر)دروستکراوی ڕەنگ(شەکەری و سووری مەرەزی)، دەپۆشی. کڵاشێکی سپی سپیشی، لەپێ دەکرد. ئەوکات، منی ھەرزەکار، زۆر کاریگەربووم بەقژو سمێڵ و ڕێکپۆشییەکەی. بەئاواتەوە بووم کەگەورە بووم، دەستوورەکەی ئەو ھەڵگرمەوەو لاسایی بکەمەوە. ماوەیەکی کەم پێش گیران و شوونبزر کردنی، لەماڵی (نەخشە)ی خوشکم، لەگەڕەکی(مەنتکاوە)، کتێبی چیرۆکی منداڵان(ماسییە ڕەشە بچکۆڵەکە)ی سەمەدی بەھرەنگی، وەک دیاری، پێشکەش کردم، کە دواتر بووە دیارییەکی مێژوویی و کاریگەرو زیندوو. ھەروەھا بووە یەکەمین دیاری کتێب، لەژیانمدا. ھانی ئەوەشی دام، کە تەواوی چیرۆکەکە بخوێنمەوە. گەر حەزیشم کرد؛ئەوە کتێب و نامیلکەی تری منداڵانم بۆ دێنێت. (ماسییە ڕەشە بچکۆڵەکە)، ھەرچەند جارێک کە (دەیبینم، دەیبیستم، دەیخوێنمەوە)، لەجیاتی خاوەنەکەیم بیر کەوێتەوە، یەکسەر بەژن و باڵای(کاردۆ)و بینین و قسەکانی ئەوم دێتەوە ناو یادەوەری و زاکیرەم. چۆن زاکیرەو یادەوەری منی منداڵی ئەوسا یادەوەریم لەگەڵ ناوبراودا ھەیە، ئەوھاو بگرە زۆر زیاتریش، یادەوەری و زاکیرەی ھاوڕێ و ھاوخەبات و ھاوبیرانی، بە کاردۆوە بەندو پەیوەستن. . . لەساڵڕۆژی تاڵ و پڕ لەناسۆری شوونبزر کردنیدا، بەچەند یادەوەرییەکی ھاوڕێیانی، گیانی بەرزەفڕی ئەو لەلای ھاوخەبات و نەوەی تازە، شیرینترو گەشتر، ئاشنا دەکەین.

ساڵی(1971)، کاتێک کە کاردۆ خوێندکاری دواناوەندی ھەولێر دەبێت، پەخشنامە(نشرة)یەکی دیوار، دەربارەی زمان و ئەدەبی کوردی، دەردەکەن. مامۆستای خوالێخۆشبوو، بووسەرو لێکۆڵەر(کەریم شارەزا) لەم بارەیەوە، دەنووسێت؛ لە بەھاری ساڵی 1971دا، چەند مانگێک بوو کرابوومە بەڕێوەبەری قوتابخانەی(کۆڕەک)ی سەرەتایی کوڕان. . . ڕۆژێکیان کوڕێکی کەڵەگەتی لاوازی چاوگەش ھاتە سەردانم و پەخشنامەیەکی بەزمانی کوردی نووسراوی بۆ ھێنام و خۆی پێشکەش کردم و گوتی؛(من کاردۆ گەڵاڵی، قوتابی دواناوەندی ھەولێرم و لیژنەی زمان و ئەدەبی کوردی قوتابخانەکەمان ئەم پەخشنامەیەی دەرکردووە. حەز دەکەم ڕای خۆتی بەرامبەر دەربڕی). منیش لەوەڵامدا گوتم؛(ئەی لیژنەی زمان بەسەرپەرشتی مامۆستای زمانی کوردی دەری نەکردووە؟من بۆ سەیری بکەم؟). لەوەڵامدا گوتی؛ (ھەر حەز دەکەم تۆش ڕای خۆتی بەرامبەر دەربڕی تاکو بزانی بابەتەکانی چۆنن و لە چ ئاستێکدان؟). لەڕاستیدا پتر سەرنجی منی بۆ بابەتەکەی خۆی ڕاکێشاو حەزی کرد بە وردی بیخوێنمەوەو ڕای خۆمی بەبێ دوودڵی بەرامبەر دەربڕم. منیش کەوتمەسەر خوێندنەوەی و بینیم بەکوردییەکی ڕەوان نووسراوە. . . بەڵام ئەوەی ڕاستی بێ وتاری مامۆستاکەشیان لە وتارەکەی ئەم بەھێزتر نەبوو. . . لەو ڕۆژەوە تروسکەی زیرەکی و بەھرەی داھێنانی لەلا دەدرەوشایەوە. کەریم شارەزا لە درێژەی نووسینەکەی بەردەوام دەبێت و دەنووسێت؛ ناسیاری و دۆستایەتیم لەگەڵ کاردۆ تا دەھات بەھێزتر دەبوو. . . پەیوەندیم لەگەڵیدا وەکو پەیوەندی براو برا بوو، ئەویش بەچاوی مامۆستاو برا گەورە سەیری دەکردم. . . بۆیە کە ھەواڵی سڕگوم کردنیم زانی دڵم داخورپاو تاسام، چونکە کورد مرۆڤێکی بەجەوھەرو ھێژاو ئەدیبێکی خامە ڕەنگینی لەکیس چوو. " 1".

(تاریق جامباز)ی ھاورێ و ھاوخەباتی کاردۆ، ئەویش بەم شێوەیە لە یادەوەرییەکانی دەدوێ و دەنووسێت؛ لەسەرەتای ھەفتایەکاندا من و شەھیدی نەمر، ھەردووکمان ئەندامی لقی ھەولێری یەکێتی قوتابیانی کوردستان بووین و ھەموو ڕۆژێ لەگەڵ ئەم کەڵەمێردە یەکترمان دەدیت و پێکەوە باس و خواسی ھەمەجۆرمان دەکرد، بەتایبەتیش نووسین و خوێندنەوەو چاپەمەنی. . . شەھید کاردۆ، بیری لەزۆر پرۆژە دەکردەوەو پرس و ڕای زۆر کەسی وەردەگرت، بۆیە زۆربەیانی لەمێشکیدا گەڵاڵە ببوو و دەیویست لەپاشەڕۆژدا جێ بەجێیان بکات و پاش بەشداری لەگۆڤاری(بیری نوێ) بەیارمەتی برادەرانی توانی گۆڤارێکیش بۆ لقی ھەولێری یەکێتی قوتابیانی کوردستان دەربکات. باسێکی دەربارەی مێژووی یەکێتی قوتابیانی کوردستان لە ھۆڵی(گەل) لەھەولێر پێشکەش کرد، کە تیایا زۆر لایەنی نەزانراوو بزرو نادیاری ئاشکراو ڕوون و یەکلا کردەوەو دەیویست ئەم باسە فراوانتر بکات و لەدووتوێی کتێبێکدا بەچاپی بگەیەنێت. . . تاریق جامباز بەردەوام دەبێت و دەنووسێت؛(کاردۆ. . . بەردەوام خۆی بە قوتابی ژیان دادەناو دەیگوت؛دەمەوێ فێرببم و ھەر مرۆڤێ تا ڕۆژی ماڵئاوایی یەکجارەکی ڕۆژ لەدوای ڕۆژ شتی تازەو نوێ فێر دەبێ و لەخۆبایی بوون و فیزلێدان مرۆڤی لەبەر چاوی خەڵک کەم دەکاتەوە)" 2".

نووسەرو شاعیری نوێخواز(کەریم دەشتی)، لە(بەرەو منداڵی بەجلی پایزەوە)دا، لەوێستگەی ژیانی خوێندکاری لەساڵانی(76-77)دا، دەربارەی خەباتی ژێرزەمینی و پلەی شاعیرێتی کاردۆ وا دەنووسێت؛ (. . . ئەودەم عەزیز گەردیش لە بەغدا بوو، خۆی و کاردۆ گەڵاڵی لەیەک ژووردا بوون. کاردۆ گەڵاڵی کوڕێکی گەنجی کوردپەروەربوو، ژێر قەرەوێڵەکەی ھەمیشە پڕی بوو لە بڵاوکراوە حزبییەکانی کوردستان، ئەودەم تازە سەرەتای سەرھەڵدانی حزبی سۆسیالیست"کە پێشتر بزووتنەوە بوو"، کە ئەویش یەک لە دامەزرێنەرانی بوو، لەھەمان کاتدا شاعیرێکی چاکیش بوو)" 3".

فەھد گردەوانی، یەکێک لە ئەندامەکانی حزبی شیوعی عێراق-ھەرێمی کوردستان، وەک ھاوشارو ھەولێرییەک لەساڵانی سەرھەڵدانی حزب و بزووتنەوە سیاسییەکانی کوردستان(1976-1979)دا، سەرەڕای ئەوەی حزبی شیوعی ھەر لەگەڵ ڕژێم لە (بەرەی پێشکەوتنخواز)دا بوون، لەگەڵ ئەمەشدا، فەھد ببووە جێگای متمانەی ڕێکخستنە نھێنییەکانی وەک؛(کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان و بزووتنەوەی سۆسیالیستی کوردستان). لەڕێگای ھاوڕێکانییەوە لەم ڕێکخستنانەدا، بڵاوکراوەو بەیاننامە نھێنییەکانی، بەدەست دەگەیشت. ناوبراو لە وتاری؛(ئەبوبەکر خۆشناو. . . فەردەیەک لەخەم و ئازاری ھەژاری)دا، دەربارەی (کاردۆ گەڵاڵی)، دەنووسێت؛شەھید کاردۆ لە "عارەب"ەوە ببووە کاردۆ گەڵاڵی و شیعری دەنووسی و زوو کتابی زێدەبایی چاپکرد. پەیوەندیم لەگەڵی بەھێز بوو، جارجارەش بڵاوکراوە نھێنییەکانم لەلای، یان لە گلکەند یان لە سکە الحدید"ئێستگەی شەمەندەفەری ھەولێر"، دەخوێندەوە. لەو شوێنە واتا"مەحەتەی قیتاری"، چایخانەیەکی تێدابوو، لەگەڵ ھەردوو بەڕێزان؛کاردۆ گەڵاڵی و نووسەر محەمەد وەسمان کە ئەو کاتە ئەفسەری سوپایی بوو، لەوێ یەکترمان دەبینی، بۆ ئەوەی لەبەرچاوی خەڵک دیار نەبین. شوێنێکی پەنا بوو. . . لەوکاتەی ھاوڕێ فاتح ڕەسوڵ لێپرسراوی کۆمیتەی ناوخۆی ھەولێر بوو، کتابەکەی کاردۆ(زێدەبایی)م بۆ برد، بۆ ئەوەی لە ڕێکخراوەکانی حزبی دابەشی بکەین و بیفرۆشین و ھەرواش کراو لەلاپەڕەی دواوەی(بیری نوێ)، کتابەکەی کاردۆش، دەربارەی نووسرا"4".

کاردۆ، ئەوکاتەی کە لەبەغدا دەیخوێند، سەرەڕای خوێندن و کاری نھێنی حزبی، ببووە بازنەی بەیەک گەیشتنی سەرکردایەتی شاخ و شاری بزووتنەوە. نامەو ڕێنوێنییەکانی شەھید سەیدا ساڵح یوسفی، دەگەیاندە ھەڤاڵانی شاخ. . . لەگەڵ ئەم ھەموو چالاکی و پڕ کاریەشدا، ھەرچەند خانەوادەکەیان لەڕووی داراییەوە ھەبوون بوون، بۆئەوەی نەبێتە بار لەسەر کەس و کارو بتوانێت بە ڕەنجی خۆی بژی، وەک ھەڵەچنێک لەدەزگای(کۆڕی زانیاری کورد)، کاریکردووە. بەم ھۆیەوەش، تۆڕی پەیوەندییەکانی لەگەڵ نووسەرانی بەغدانشین، نموونەی؛شوکر مستەفا، محەمەدی مەلا کەریم، مارف خەزنەدار، جەمال خەزنەدار، کەریمی حیسامی. . . . ، فراوانتر کردووە. بۆتە جێگای متمانەیان و توانیوویەتی بڵاوکراوەکانی بزووتنەوەیان، پێ بگەیەنێت. . .

لەساڵیادی شونبزرکردنیدا، لەشاگردێکی ھەمیشەیی ئەوەوە، چەپکێک نێرگزو گوڵە گاگرۆی نیسانی دەشتی ھەولێر بۆسەر گۆڕە غەریبەکەی(ئەگەر ھەیبێت!!). . . سڵاویش بۆ گیانی جاویدانی و ڕێگاو خەباتە پیرۆزەکەی.

سەرچاوەکان:

(1)ئیسماعیل تەنیا؛کاردۆ گەڵاڵی نووسەرو پارێزەرو سیاسەتمەدار، ھەولێر، 1997، لاپەڕە12-13.

(2)ھەمان سەرچاوە، لاپەڕە 14-15.

(3)کەریم دەشتی؛بەرەو منداڵی بەجلی پایزەوە، بناغەو ئەزموونی شیعر، چاپی یەکەم، دەزگای ئاراس، ھەولێر، 2007، لاپەڕە33.

(4)فەھد گردەوانی؛ئەبوبەکر خۆشناو. . . فەردەیەک لەخەم و ئازاری ھەژاری، ماڵپەڕی ئەلکترۆنی (کوردستان نێت)، ڕۆژی 18/8/2011.