چــەند جارێک ڕێم کـەوتۆتە ئیستانبول، بەڵام ئەمجارەیان(4/12/2015)، جیاوازتر لەجاران، بە پلانێکی پێشتر بۆ داڕێژراو، سەردانی چەند مــوزەخانەیەکی ئەم شارە گەورەو فرە کەلتورەم کـــرد. ئیستانبول ئەو ئیستانبولەی ساڵانی(1995-1996)نەبوو، کە من بینیبووم. سیمای شار، لەڕوی پاکـــو خاوێنی و ئەندازەی باخچەو شەقامەکان، گۆڕانکارییەکی زۆری بەسـەردا ھاتبوو. جاران بەدەگمەن ئافــرەتی حیجاب و پیاوی ڕیشدارت لەبازاڕە گەورەکاندا دەبینی، کەچـی ئەمــڕۆکە ئەمانە بوونەتە زۆرینەو خــەڵکەکـــــەی جاران کەمینەن. جاران، ھۆکارەکانی گواستنەوە لەناو شاردا، لە (بوس و ترام)، زۆر کۆن و بێزراو بوون، کەچی ئەمــڕۆکە ئەوەندە تازەو مۆدێرنن، خـــۆیان لەقەرەی ئەوانەی ئەوروپا دەدەن. من لەگەڵ سیاسەتەکانی ئەم پیاوە(ڕەجــەب تەیب ئەردۆغان)نیم، بەتایبەتیش سیاسەتەکانــی دەرھــەق بەدۆزی کــورد، بەڵام بەڕاستی کاری باشی بۆ تورکیا کردووە، کە ھیچ لە حکومەتەکانی پێشوتر، ئەم کارانەیان نەکردووە.

ئەمجارەیان، سەردانی موزەخانەکانی(پانۆراما 1453 لەناوچەی تۆپ کاپی، تورک ڤە ئیسلام ئەسەرلەری لە سوڵتان ئەحمەد، ئایا سۆفیا موزەسی، تــۆپ کاپی سەرای موزەسی، ھــەرێم دایرەسی)م کرد. لای من لە ھەموویان سەرنج ڕاکێشتر، موزەخانەی(پانۆراما 1453)بوو، بەتایبەتیش ئەو بەشەی کە بۆ پانــــۆرامای ڕوداوەکانی داگیرکردنی ئیستانبول لەلایەن(سوڵتان محەمەد فاتیح)ەوە لەساڵی(1453)، تەرخان کرابوو. ئەم پانۆرامایە لەساڵی(2005)، لەسەردەمی شارەدار(قادر تۆپ باش)، لەسەر دەستی ھەشت ھـونەرمەند، دروستکراوە. نیگارکێش و دەرھێنەری فلیمی کارتــۆن(ھاشــم وەتەنداش)، خاوەنــی بیرۆکــــەی دروست کردنێتی. دەیان کەرەستەی جەنگی ئەوێ سەردەمــی لە(تــۆپ ھاوێژ، گالیسکەی شەڕ، بەرمیلی بارووت، شیر، تیروکەوان، قەڵغان، کڵاوی ئاسنین)، لەم شوێنەدا دەبینرێن. مرۆڤ لە دە چرکە ساتی یەکـەمین بینیندا، تەواو مەندەھـــۆش دەبێت، چونکە وا دەزانێت لەدەشت و دەرو ناو چیاوچۆلێکی بێسنوور دایە. . . ھەمـــوو وێنەکان بەشێوەیەکــی ھــونەری ســەرنج ڕاکێش بەیەکەوە لکێنراون، وەک ڕوداوی زیندو، خۆیان نیشان دەدەن. لەبەرچاودا بێ چـوارچێوەو بێ کۆتایین، کەچی لەڕاستیدا وانین. سەرەڕای ھەمــوو ئەمانەش، حیلی حیلی ئەسپ و گــرموھـــــۆڕی تــۆپ و زرینگە زرینگی شیر دەبیستی و وا ھــەست دەکەیت بە واقیعی سەیری شەڕێکی بێئامان دەکەیت.

لەموزەخانەکانی تر، کەرەستەو پاشماوەو ئەسەری کۆنی وادەبینی کە فڕی بەسەر مێژووی عوسمانلی و تــــورکەوە نیە. ھـــەر وڵاتێکیان داگیرکـــردبێت مــوزەخانەو ئەسەرە کۆن و بەقیمەتەکانیان گواستۆتەوە ئیستانبول. بەسەدان پارچە ئاساری ئیمپراتۆریەتی بێزەنتییەکان و ئاینی مەسیحی، لەم مـوزانەدا دەبینرێن، کە نەدەستی عوسمانلیەکان لەدروستکردنیدا ھەبووەو نە خۆشیان خاوەنی ئەم جۆرە کـــولتورەن. نزیکەی بیست قورئانی دەستنووسم ژمارد کە لەساڵانی(1010)ی زایینی و دواتر نووسراون و لەسەدەی شازدەدا لە بەغداوە بۆ ئێرە ھێنراون. جگەلەمانەش، بەدەیان ئاسارو کەرەستەی کۆنی سەردەمی ساڵانــی سەرەتای بڵاوبوونەوەی ئایینی ئیسلامم لەم موزانەدا بینی، نمونەی؛(دەرگای کەعبە، کلیلی کەعبە، چاکــەتی فاتیمەی کچی پێغەمبەر، جامــی ئاو خـــواردنەوەی پێغەمبەر کە لەبــەرد دروستکرابوو، زیاتــر لە بیست شـــیری پێغەمبەرو ئەبوبەکرو عومەرو عوسمان و عەلی و زەینلعابیدین و زوبێری کوڕی عەوام و ئەبولحەسەن جەعفەرو خالید بن وەلیدو. . . . تاد).

مـــرۆڤ کەلەبەردەم ئەم کەرەستانە ڕادەمێنێ و بیردەکاتەوە، ھەقیەتی بپرسێت؛گەر تاڵان و بــڕۆ نەبێت، چـــۆن ئەم ئاسارانە گــەیشتونەتە ئێرە؟کلیل و دەرگای کــەعبە لێرە چـــی دەکەن؟ئەرێ بەڕاستی شـیری پێغەمبەرو چاکێتی فاتیمەو قــورئانە دەستنووسـەکانی بەغــدا، چــی گەیاندویانەتە ئێرە؟!ئەمانە لە ئێستادا، خاوەنەکانیان تورکن و لەسایەیانەوە ڕۆژانە ھەزاران دۆلار دەچێتە خەزێنەی تورکیاوە.

تورک ھەقیانە شانازی بە (عوسمان ئورتوغل 1258-1326) بکەن، کە وڵاتێکی پان و پـۆڕی لەھیچەوە بۆ دروست کردن. . . ھـــەقیانە شانازی بە (مستەفا کــەمال ئەتاتــورک 1881-1938)ەوە بکەن چـــونکە زمانێکی تازەو دەوڵەتێکی مـــۆدێرنی نەتەوەیی بەباڵادا بڕین و ستوونەکانی دەوڵەتـــی تازە دامەزراوی تورکیای تۆکمەتر کرد.

لەبینینی ھەموو ئەمانەدا، ھەستم بەبایەخی مـــوزە لەلای تورکەکانەوە کـرد، زۆر دڵیشم بەحاڵــی خۆمان سووتا، ئەوجا زانیم ئێمە چەند ھەژارو ساویلکەو دەستەپاچەو خاوەن (ھیچ) نین. ئەوەی ھەشمانە، قەدری نازانین و ھەوڵی ئاودیو کردنی دەدەین.

پاش ڕاپەڕین موزەخانەیەکمان لەھەولێر ھەبوو، وردە وردە دەوڵەمەند دەکرا، لەھیکەوە ھەواڵی ئەوە بڵاو کـــرایەوە ؛کە شەوێک لەشەوان، لەژێر ڕوناکـی دارتێلەکانەوە، لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراو(دز)ەوە، تاڵان کراوەو ئاتاجــی بەسەر یەکەوە نەماوە!!!ئەم دزیە لەکاتێکدا ڕویداوە، کە پۆلیسی خــۆماڵی(سـەر بە حکومەتەکەمان)، پاسەوانی بووینە. . . لە ئێستاوە، ئەرێ ناکرێت ئەزموونێک لە خەڵکی ترەوە وەربگرین و قــەدری خانو و گــەڕەک و ئاســەوارە کــۆنەکانمان بزانین؟ چیتر نەیانڕوخێنین و نەیانکەینە ئەپارتمانی گەورە گەورە کەھەر تەنھا چەند بازرگانێک سودی لێیەوە دەبینن؟بەڕاست گەر بێگانەیەک بێتە شارەکەم لەکوێی بگێڕین و کوێی پێ نیشان بدەین؟پێی بڵێین ئێمە خاوەنی چیین؟ئەمانە پرسیارگەلێکن، ھـەر بۆ تیژ کردنەوەی زاکیرەیەو بەخۆداچوونەوەن و بەس. . .