نووسەرو ڕۆمان نووس و ڕۆژنامەنووسی ناوداری عەرەب(جەمال ئەحمەد ئەلغیتانی)، لە9/5/1945دا، لە یەکێک لە شارۆچکەکانی سەر بە پارێزگای(سوھاج)ی میسری، لەدایک بووە. لەساڵی1959 دا، یەکەم چیرۆکــی بەناوی(نھایە السکیر)، بڵاوکــردۆتەوە. ساڵــی(1963) بە سیفەتی نیگارکێش، لە دامەزراوەی (ھاریکاری گشتی بەرھەمھێنانـی میســـری)دا، کاری کـــردووە. لەھــەڕەتی گەنجێتیدا، ھەڵگری ئایدیای مارکسی بووەو لەم پێناوەدا خەباتــی کـــردووە، ھەر لەم پێناوەشدا، لەساڵی(1966)دا، زیندانی کراوە. پاش ئازادبوونی، لەساڵـــی(1969)دا، وەک پەیامنێری بەرەکانــی جەنگ، بـــۆ دامەزراوەی ھەواڵنامەی ئیمڕۆ (اخبار الیوم)، کاری ڕۆژنامەنووسی کردووە. لەساڵی(1985)دا، وەک سەرپەرشتکاری بەشـی ئەدەب لەم دامەزراوەیەدا، دەست بەکار بووە. لەساڵی(1993)دا، ڕۆژنامەی(ھەواڵنامەی ئەدەب)ی دەرکردووەو ھـەر خۆیشــی ســەرنووسەری بــووە. زیاتر لە (34) کتێبی چاپکراوی ھەیە، کە بریتین لە؛(چیرۆک، ڕۆمــان، ڕەخنە، ڕێپۆرتاژی ڕۆژنامەنووسی). بەشێک لە کتێبەکانی وەرگێڕدراونەتە سەر زمانەکانی(فەڕەنســی و ئەڵمانـی و ئیتالـی). خاوەنــی چــەندین خەڵات و میدالیاو ڕێزلێنانە. ناوبــراو، بە یەکێک لە ڕۆمان نووسـە ناودارەکانــی میسری و عەرەبــی دەژمێردرێت و بەردەوام دژایەتی سیاسەتەکانی(حــوسنی موبارەک)و ئیخوانەکانی، کردووەو دانوی لەگەڵیاندا، نەکوڵاوە. بەڵام لەگەڵ ھەموو ئەمانەشدا، دۆستێکی نزیکی(سەدام حوسێن) بووە.

جەمال غیتانــی، یەکێک بووە لەم نووســەرە عــەرەبە شــۆڤینییانەی کە بە نووسین و پراکتیک، دژایەتی شۆڕشەکانی کورد(بەتایبەتیش شۆڕشــی ئەیلول)ی کردووە. لەگەرمــەی ئەم نەھامەتیانەی کە لەئەنجامی ڕێکەوتنی شومـی جــەزائیر لەساڵــی(1975)دا، کەبەســەر نەتەوەی کـــــورد داھات، ئەو بە مەندەھۆشی و دڵێکی خۆشەوە، وەک پەیامنێرێکی جەنگ، لەناو کۆپتەرێکی حکومەتی عێراقدا، بە ئاسمانی باشــووری کوردستاندا دەسوڕایەوەو وێنەی دەگرت و ڕوپێوی نیشتیمانەکەمانــی دەکرد. بەرەنجامــی گەشتەکەی، لە ڕۆمانێکی ڕێپۆرتاژ ئامێز، بەناوی پاســەوانانــی دەرگای ڕۆژھـــەڵات(حراس البوابە الشــرقیة)، لەساڵی (1975) لە بەغدا، بڵاوی کردەوە. پاشان لە میسرو لوبنانیش، دووبارە چاپی کردەوە.

جەمال غیتانــــی، مەبەستی لە (پاسەوانانی دەرگای ڕۆژھـــەڵات)، سوپای عێراق بوو، کە بە لای ئەو و شۆڤینییەکانــی تری عەرەبەوە، ئەم سوپایە پارێزەری (ڕۆژھەڵاتی نیشتیمانی عەرەبــی)ن. ئەوکات، وەک زۆربەی وڵاتە عەرەبیەکانی تر، شۆڕشــی کـــوردیان بە بەکرێگیراوی (ئیمپریالیزم و زایۆنیزم و شــای ئێران)، لەقەڵەم دەدا. ناوبــراو لەم کتێبەیدا، ســوپایەکی دڕندەو تەڕو وشک ســوتێنەری وەک ســوپای ئەم ســەردەمی ڕژێمی عێراق، بە پاڵەوان و پارێزەری نیشتیمان و بــەرژەوەندییە باڵاکانــی عــەرەب ناوزەد دەکات. ئەوکات، خەڵاتێکی زۆریش لە عێراق وەردەگرێت و پــردێکی پتەوی پەیوەندیش لەگــەڵ خــودی سەدام حــوسێن و بنەماڵەکەیدا، دروست دەکات. ھــەر ئەم نووســەرە، لەبەر ئەوەی بەرژەوەندی شــۆڤینیە عەرەبەکان، لەگەڵ حکومــەتی ئەوسای تـــورکیا یەکیان نەدەگـــرتەوە، لەســەروبەندی دەستگیر کـــردنی (عــەبدوڵا ئـــۆجەلان)دا، بابەتێکی پـــڕ لەســـۆزو میھرئامێزی بەناوی(ئــۆجەلانی مــرۆڤ)، لە ڕۆژی (22/2/1999)، لەڕۆژنامەی(ئەلئوسبوع)دا، بڵاوکـــردەوە. ھـەرچەندە لەم چەند ساڵەی دواییدا، بەتایبەتیش کە وەک ڕۆژی ڕووناک دیاربــوو، چارەنووسی سەدام بەرەو ھــەڵدێران دەچوو، دەنگۆی ئەوە لەنێوەندی ئەدەبــی و میدیاکاندا، بڵاوبــۆوە کە گوایا(جــەمال غیتانــی)، لە بڵاوکـــردنەوەی ئەم کتێبە(حـراس البوابە الشرقیة)و ھەڵوێستەکانی دژ بەکــــورد، پەشیمان بــــۆتەوە. ھاوشان لەگەڵ ئەمەشدا، دەنگۆی ئەوە زۆر بە فراوانی بڵاوبۆوە کە ناوبراو؛نووسەری ڕاستەقینەی ڕۆمانی زەبیبەو پادشا(زبیبە والملک)ە، کە لەسـاڵی دووھەزاردا، بەناوی (ســەدام حــوسێن)ەوە، بڵاوکـــراوەتەوە. ھەروەھا دەنگۆی ئەوە ھەبوو، کە(عـودەی) کوڕی دیکتاتۆر، وەک باوکی داوای لە (جـەمال غیتانـی) کــردووە کە بەناوی ئەوەوە، کۆمەڵە چیرۆکێک بڵاوبکاتەوە.

ڕۆمانــی(زبیبە والملک)، کە گوایا ســەدام نووسەرەکەیەتــی و لە بەغدا چاپکراوە، تەرجــەمەی زۆربەی ھـــەرەزۆری زمانە جیھانییەکان کــراوەو، کــرا بە فلیمی سینەمایش. ئەم دەنگۆیانەش لەڕاستی نزیکترو تۆختر بوون، کاتێک کە پێگەی ئەلکترۆنی(ئیمپراتـــۆر)، جەختی لە راستی بوونی ئەم ھەواڵانە کردەوەو بابەتــی زێتری، بڵاوکردەوە. پێگەی ناوبراو، شاعیری عێراقی(ئەسعەد ئەلجبوری)، لە وڵاتی دانیمارکەوە، سەرپەرشتی دەکات.

پاش بڵاوبوونەوەی ئەم ھەواڵەو ئاشکرابوونــی پەیوەندی توندوتۆڵــی نێوان(جەمال غیتانــی)و ســەدام حوسێن و بنەماڵەکەی، زۆربەی نووسەرە عەرەبە شۆڤینیەکان، بەتایبەتیش(یەکێتی نـووسەرانی فەلەستین) کە ســەدام حــوسێن بۆ ئەوان وەک باوک و سێبەرێک وابــوو، ھەناسەیان سوار بوو، بەیاننامەیەکی زۆر توندی ھەڕەشە ئامێزیان بەناوی(واز لە جەمال غیتانی ڕۆمان نووس بێنن)، بڵاوکردەوە. لە بەیاننامەکەیان ھاتبوو؛(یەکێتی نووسەرانی فەلەستین، بە دڵێکی پڕ لەخەم و نیگەرانیەکی زۆرەوە، سەیری ئەم ھــەواڵ و بابەتانە دەکات کە تــۆمەت دەبەخشنەوەو ڕۆمان نـــووس جـــەمال غیتانی بە نووسـەری زەبیبەو مەلیک دەزانن. . . ھێرش بۆســەر غیتانی و ناوزڕاندنی لە کاتێکدایە کە ھێرشی ســـەربازی و میدیاکانی سەر بە ئیمپریالیزم و زایۆنیزم وبەکرێگیراوانیان بۆ سەر عێراقی خۆشەویستمان، بەردەوامە. . . کە بەھەق عێراق ئیمڕۆکە نوێنەرایەتی ناخی زیندووی عەرەب و جیھانی ئیسلامی دەکات).

 ئەم ڕۆمان نــووسە گەورەی عــەرەب، کە لەیەکێک لە قـــۆناغە ناسکەکاندا، دوژمنێکی ســەرســـەختی شـــۆڕشی کــــوردو دۆستێکی نزیکی ســـەدام حـــوسێن بــوو، بەچاوی خۆی مەرگی دیکتاتۆرو بەزینی کەروێشک ئاسای(پاسەوانانی دەرگای ڕۆژھــەڵاتی نیشتیمانی عەرەبـی)، بینی. . . پاش سێ مانگ بێھۆش بوونی، لەیەکێک لە نەخــۆشخانە سەربازییەکانی قاھیرەی پایتەخت، لەتەمـەنـی حەفتا ساڵیدا، لە ڕێکەوتـی (18/10/2015)دا، کۆچی دوایی کردو پەیامەکەی بە ھاوبیرانی سپارد