نەتەوەی تـــورک یەکێکن لەو نەتەوانــەی بەدرەنگەوە مــوسڵمان بـــوونەو شارستانییەکەشیان ئەوەنــدە درەوشاوەو دێرین نیە. ئەوان، ھــەزار ساڵێک لەمەوبەر، جگە لە چــەند گــروپ و بنەماڵەو ئەتنی جیا جیا بترازێت، ھیچی تر نەبوون. بە گەواھی مێژوو و مێژوونووسەکانی خۆشیان ھەر ھــەزار ساڵێک دەبێت، کە لە ئاسیای بچووکەوە بارو بنەیان لەم خاک و مــەملەکەتە ھــەڵداوە کە ئێستاکە بە (کـۆماری تورکیا)، ناسراوە. ئەوان ڕێک لەساڵی(1070)ی زایینیەوە لەگەڵ ھێرش و پەلامارەکانی ھۆلاکۆ و جەنگیزخان و عــوسمان ئــۆرتوغڵی باپیرە گــەورەی عوسمانیەکانەوە ھاتوونەتە ئەم ناوەو خــۆیان کــردۆتە خاوەنــی تورکیای تازە، کە پێشتر مەملەکەتی ڕۆم و بێزەنتیەکان بووە.

لەگـەڵ بوونــی ئەم مێژووە کەم تەمەنەش، نەتەوەی تــورک یەکێکن لەو نەتەوە موسڵمانانەی کە زۆر بە زاناییەوە مامەڵەیان لەگەڵ ئایینە تازەکەیان(ئیســلام)، کردووەو تــوانیویانە لە خـزمەتی زمان و کولتورو قەوارەی نەتەوایەتییەوە، بەکاری بھێنن. ھەتا ئیمپراتۆری عوسمانـی بـــوون، توانییان بەناوی درێژەدان بە خــەلافەتی ئیسلامی و لەژێر بەیداخـی ئەم دینەوە، پەلــوپــۆ بھاوێژن و وڵات گەلێکی فراوان بخەنە ژێر ڕکێفی خــۆیانەوەو بەناوی ئیسلامەوە درێژە بە تاڵان و بــڕۆو داگیرکاری و چەوساندنەوەی نەتەوە ژێر دەستەکانیان، بدەن. چەندین وڵاتی ئەوروپی و ئەفریقی و ئاسیایان داگیر کــرد. ھەر شتێکیشیان کردبێت لە تاوان و کـــوشتن و ئەنفالکردن و بە کەنیزە کــردنـــی ھــەزاران کچ و ئافـــرەت و ھـــەڕاج کردنیان لە مەملەکەتەکەیان، ھـــەر لە سێبەری ئایینی ئیسلامەوە، کـردووە. زمانەکەیان، بەسەدان وشــەی عەرەبــی و فارسی تێکەوتووەو زۆر بێمنەتانەش خۆیان لێ بەخاوەن دەکەن. . . گەر پێشیان بڵێی ؛ (بابە ئەم وشانە لە بنەچەدا عــەرەبی و فارسین، بەھــۆی ئایینی ئیسلامەوە پەڕیونەتەوە ناو زمانەکەی ئێوەوەو لە قــورئاندا، بەکار ھاتوون). لەوەڵامدا دەڵێن؛(نەخێر ئەم وشانە تورکین و عەرەب و فارس، بەھۆی ھاوسێ بــوونەوە، لە ئێمەیان دزیوە). ئەوە باسی کوردی بوونیان ھەر مەکە، چونکە ئەوان دان بەبوونی کــورد دانانێن نەک زمانەکەیان. ئـەوان بــێ ئاگان، یان زۆیان لەم ڕاستییە مێژووییە نـــەبان دەکەن کــە ھــەتا ئێران خـــاوەن شارستانی و مێژوو بوون، ئەوان لە ھیچ شوێنێک ئەسەریان دیار نــەبوو. وەلێ وەک کورد گــۆتەنی؛(ئەم نانە نانە کە ئەمــڕۆ لە خـــوانە)، دەخـوات، نەک(ھـــەمبوو. . . ھــەمبوو). ھەتا بۆ مەسەلەی ناولێنانیش ھەر سوودیان لەناوی عەرەبـی وەرگرتووە، بەڵام تورکاندویانە، نموونەی؛(محەمەد)ی عەرەبی بۆتە(مەمەد)، یان(مەھمەد)ی تورکـــی. (ئەحمەد)ی عەرەبــی بۆتە(ئامەت، یان ئاھمەت)ی تـــورکی. (سەلاحــــەدین)ی عــەرەبــی بۆتە(سەلاتین)ی تورکــی. . . ئەمانەو زۆری تریش. ئــەم ڕەوشە تادەرکەوتنی(ئەتاتــورک)یش بەردەوام بـــوو، وەلــێ کە ئەو ھات، شــۆڕشێکی گەورەی کـــۆمەڵایەتی و فکری و سیاســی و ئایینی، لە کـــۆمەڵگای تـــورکیدا ئەنجامدا. ئەلفوبێی عـــەرەبی(ئارامی) تــــوڕداو کردییە ئەلفوبێی لاتینی. حوجرەو قوتابخانە ئایینییەکانــی داخست. . . ھەتا بانگدانیشی کردە تورکــی و بەرەو کولتوری ڕۆژئاوایی ھەنگاوی ناو لە کــولتوری ئیسلامی و ڕۆژھەڵاتی دوور کەوتەوە. . . پاش مردنـــی ئەو و لەسەرەتای حـــەفتاکانــی سەدەی ڕابردووەوە، ڕەوتێکی ئیســلامـی لە کۆمەڵگای تورکی سەریھەڵدا، کە ئەندازیارەکەی(نــەجمەدین ئەربەکان)، بـــوو. ئێستاشی لەگــەڵدابێت، ھەمــوو پارت و گـــرووپە ئیسلامییەکانی تـــورکیاو کەسـایەتییە باکگراوندە ئیســلامییەکان، بــە(ڕەجەب تەیب ئــەردۆغان)یشەوە، سەردەمانێک، قوتابییەکــی گــوێڕایەڵی (ئەربەکان) بــوون. لە حەفتاکان بەدواوە، وردە وردە (تابــۆ)کانی سەر ڕێوڕەسمە ئایینییەکان، بــەرەو کاڵ بوونەوە چـوون و لەگەڵ ھاتنی (ئەردۆغان)و کۆمــەڵی نورسی(نورچی) سەر بە بانگخوازی ئیسلامــی (فەتحوڵڵا گیولەن)، ھەست بەوە دەکرێت، کە ئەردۆغان ھەوڵی ئەوە دەدات سیستەمی خەلافەت لە ڕەنگو بەرگێکی تازەدا بگێڕێتەوەو دووبارە بەناوی ئیســلامەوە، دەسەڵاتەکەی فراوان بکات. . . ئێستاکە لە(22) دەوڵەتــی عەرەبـــی، یان (57) دەوڵەتــی ئیسلامی، تەنھا تــورکیا بە گەرموگوڕییەوە(ئەگــەر بۆ ڕیکلام کردنیش بێت)، خـــۆی بە خاوەنی کێشەی فەلەستین دەزانێت و لە موناسەبەو بێ موناسەبەش سەرکۆنەی ئیسرائیل دەکات. . . کەچـی ئەوەیان لەیاد چووە، کە یەکەم دەوڵەتی ئیسلامــی کە دانـی بە بــوونی ئیسرائیل نا، ئەوە تورکیا بوو، نەک دەوڵەتێکی تری ئیسلامی یان عەرەبی. . .

لەگەڵ گەشەسەندنی(پارتی دادو گەشەپێدان-ئاک پارتی)دا، ناوی عەرەبیش لەکۆمەڵگای تورکی ڕەواجی زێتر بووە. . . ئەمڕۆکە، لەجیاتی ناوەکانی تورکـی؛(ئـۆرھان، ئۆلگان، یڵماز، یڵدرم، ئاینور، ئــۆزگە. . . . )، ناوە عــەرەبییەکان، لە پلەی یەکـــەمدان. بەپێی دۆســیەکانی باری کــەسێتی، ئەم ناوانە لە پلەی یەکەمدان؛ناوی کوڕان(محەمەد، مستەفا، ئەحمەد، عەلی، حوسێن، حەسەن، ئیبراھیم، ئیسماعیل، یــوسف، عـوسمان، ڕەمەزان، عومەر). ناوی کچان(فاتیمە، عائیشە، ئامینە، خەدیجە، زەینەب، ئەلیف، مریەم، زەھرا، سوڵتان). ئەگەر لەسەر ئاستی شارەکانیش وەربگرین، ریزبەندییەکە بەم شێوەیە دەکەوێتەوە؛

-ئیستانبول/ناوی کوڕان؛(محەمەد، مستەفا، عەلی، حوسێن). ناوی کچان(فاتیمە، عائیشە، خەدیجە، زەینەب).

-ئەنقەرە/ناوی کوڕان(محەمەد، مستەفا، عەلــی، حوسێن، ئەحمەد). ناوی کچان (فاتیمە، عائیشە، خــەدیجە، زەینەب).

-ئەدەنە/ناوی کوڕان (محەمەد، مستەفا، عەلی، حەسەن). ناوی کچان(فاتیمە، عائیشە، ئامینە).

-دیاربەکر/ناوی کوڕان(محەمەد، ئەحمەد، مستەفا، ڕەمەزان). ناوی کچان(فاتیمە، عائیشە، ئامینە، زەینەب).

ئەم زانیاری و داتایانەی ســــەرەوە، ھەمــوویان لە (دەزگای باری شــارستانی کەســـێتی لە تـــورکیا)وە وەرگیراوە. . . لە ھەمووی سەیرتر، پاڵێوراوە دەرچووەکانـــی ھــەڵبژاردنەکەی(1/11/2015)ی پەرلەمان (بیوک مەجلیس)ی تورکیا بوو، چاوەڕێـی ئەوەم دەکــرد کە (د. شێرکۆ عەبدوڵا)، لە گــۆشەکەی تەنزێکی لەسەر بنووسیبایە، بەڵام وا دیارە ئەو لەبەر ئەم ھەموو تەنزە بەرقەرارەی کۆمەڵگای کوردی نەپرژاوەتە سەر ئەم بابەتە. لەکــۆی (550) ئـەندام(میلەت وەکیل)، (38) محەمەد و(25)مستەفا و(17)ئەحمەد و(7) فاتیمەو (6) عائیشە بوونەتە ئەندامی(بیوک مەجلیس)، کە ڕێژەی لەســەدا(17)ی ســەرجەم ناوی ئەندام پەرلەمانەکان، پێکدەھێنن. ئەمە کێشەیەکی گەورەش بۆ سەرۆکی (بیوک مەجلیس) دروست دەکات، لە سیو ھەشــت محەمەد چــۆن بانگی ئەم(محەمەد)ە بکات کە ئـەو مەبەستییەتی و دەیەوێت بواری قسەکردنــی پێبدات. خودا قوەتی بدات!!!

لەمەش سـەیرتر، خودا قوەتی کوردو عەلەوی و چەپ و خەڵکە عەلمانییەکەی تــورکیا بدات، کە لەســـەر دەســتی ئەم ھەمــوو(محەمــەد و مســتەفا و ئەحـمەد و فاتیمە و عائیشـــە)یە بــڕیار گــەلێک بەسەریاندا دەسەپێنرێت و بەناچاریش دەبێت پێیـــەوە پابەنــدبن. لە یەکەم خـــوولی پـەرلەمانی عێراقی دوای ســەدام حوسێن، ئەوەندە پەرلەمانتاری(عەمامە بەسەر، ڕیشـدار، حیجاب پۆش)دەبیندران کەلەگەڵ دەستپێکی ھەر پێشنیارو قسەکردنێکیاندا، جارێ چەند دەقەیەکیان بە دوعاو سەڵاوات لێدان لەگیانی پێغەمبەرو حـەزرەتی عەلــی، دەکــوشت، ئەوجا دەھاتنە سەر بابەتەکە. ئەم کات بابەتێکم بەناوی(پەرلەمانـی دوعاو ســەڵاوات)، بڵاوکـردەوە. ئەم خەڵکەی کە ئەم کـورسییانەیان داگیرکردووە نازانن کە ئەوان نوێنەری خەڵکن، بیر لەوە ناکەنەوە کە پەرلەمان شوێنی بڕیار دەرکردن و پێشکەش کردنی پرۆژەی خزمەتگوزاریە نەک شوێنی دوعاو سەڵاوات!!! خـــۆ ناکرێت ئەوەی ناوی محەمەد بێت، شایان بە سەڵاوات لێدان بێت. کــورد لەمێژە گوتویەتی؛(ھەرچی سمێڵی سۆر بێت ھەمزاغا نیە). .

ئەم (بیوک مەجلیس)ە تژی لە (محەمەد و مسـتەفا و فاتیمە)، ئەگــەر ھیچ شتێک نەســەلمێنێت، ئـەوە ئـەم ڕاستییە دەسەلمێنێت کە لە تورکیادا زەمینەیەکی لەبار ھەیە بــۆ گەشەسەندنی ھزری ئیسلامـی و ھەنگاو نان بەرەو زیندوکردنەوەی ئیمپراتـۆریەتی عـوسمانـی(بەڵام لە فۆرمێکی تازەدا). ئەوەی بەلای ئێمەشەوە گرنگە، سیاسەتمەدارانی کورد لە باکــوردا، چــۆن دەتوانن لەگەڵ ئەم ھاوکێشەیەدا بسازێن و).

دەستوپەنجە نەرم بکەن؟ شتێک بەدەست بخەن کە لە خزمەت زمان و کولتورو دۆزی ڕەوای کورددا بێت کە لەم پێناوەدا ڕوبارێک خوێن و فرمێسکی بۆ ڕێژدراوە