بەھۆی نەبوونی سەرچاوەو دیکۆمێنتی نووسراو، زۆر جاران لە کاتی نووسینەوەی مێژوودا، بەناچاری پەنا بۆ گێڕانەوەی بیرەوەری و ئەو ڕوداوانە دەبەین کە لە ھزرو یادەوەری کاراکتەرەکان، کاڵ نەبوونەتەوەو دەکرێت یاریدەدەرێکی باش بن بۆ بەیان کردن و دووبارە خستنەوە بەرباسی ڕوداوەکان و لەچوارچێوەی زەمەنی ڕودانیاندا، مامەڵەیان لەگەڵدا بکەین. زۆر جاران زاکیرە ھاوکارێکی ئەکتیڤی کارەکتەری سەرەکی ڕەوتەکان نابێت، ئەمەش بەھۆی تێپەڕبوونی کات و خەزن بوونی ڕوداوی تازەترو جێلەق کردن بە ڕوداوە کۆنەکان. ئەم مێژووانە لەم حالەتەدا، دەکرێت بە (مێژووی سەر لم)، یان(مێژووی سەر ئاو)ناوزەدیان بکەین، چونکە ھیچ کاتێک زاکیرە ناتوانێت ببێتە ئەلتەرناتیفی دیکۆمێنت و ئەرشیفو یاداشتی نووسراوی ڕۆژانە. . . بەڵام وەک دەڵێن تۆمارکردنی لە نەکردنی، یان(زەرەر لە نیوەی بگەڕێتەوە قازانجە)، باشترە.

مێژووی سەرھەڵدان و بڵاوبوونەوەی چەپ بە مەفھومە کۆنەکەی، دەتوانین بۆ دروستبوونی(حزبی شیوعی عێراق)، لە ساڵی(1934)دا، بگەڕێنینەوە. لەسەرەتای حەفتاکاندا، لەلایەن خەڵکانێکی ترەوە، بەدیلێکی تریان بۆ حزبی شیوعی و مەفھومە چەپایەتییەکەیان دۆزییەوە کە خۆی لە (کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان)دا، بینییەوە. بەتێپەڕبوونی کات و قەبەبوونی تراژیدیاو ئەو نەھامەتیانەی کە بەسەر کوردا ھاتن، یان کارا نەبوونی ئەم ڕێکخراوە چەپانەی کە خۆیان بە نوێنەری چینی کرێکارو توێژە چەوساوەکان دەزانی، بەناچاری و لە زەمەنێکی تازەو لەناو کەش و ھەوایەکی جیاوازتر، کۆمەڵێک ڕێکخراوو گروپ و دەستەی ئایدیا ھەڵگری چەپ، کە دەکرێت بە چەپی تازە یان مۆدێرن، لە باشوری کوردستان، ناوزەدیان بکەین. دەتوانین سەرھەڵدانی چەپی مۆدێرن لە باشوری کوردستاندا، بۆ ساڵی (1976)، بگەڕێنینەوەو دروستبوونی(ڕێکخراوی ڕەنجدەرانی کوردستان)یش، بەیەکەم ڕێکخراوی چەپی مۆدێرن، حسێب بکەین.

ھەر لەسەرەتاوە، بەھۆی بوونی فرە مینبەری و باڵی جیاواز جیاواز، لەناو ڕیزەکانی(کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان)ەوە، ئەم ڕیکخراوە نەیتوانی ببێتە ڕیکخراوێکی بنکە فراوان و تۆکمەو پۆڵاین. . بە تێپەڕبوونی کات و کەڵەکە بوونی کێشەو گرفتەکان و یەک نەبوونی دروشم و کردارەکان لە پراکتیکدا، ھێواش ھێواش درزی گەورەتر کەوتە نێو ڕیزەکانی ئەم ڕێکخراوە. . . لەگەڵ مفاوەزاتەکەی نێوان ڕژێم و(یەکێتی نیشتیمانیی کوردستان)لە ساڵی(1984)دا، درزەکان گەورەتر بوون و خەڵکێکی زۆر لە خەبات کردن لە ڕیزەکانی ئەم ڕێکخراوە(کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان)، سارد بوونەوە. . . ھەندێکیان دانیشتن و ھەندێکی تریان بەرەو ئەوروپا سەریان ھەڵگرت، یان وەک ئەلتەرناتیفێک بیریان لە دروستکردنی ڕیکخراوی تر کردەوە. ئەگەر سەیری باگراوندی کاراکتەرە سەرەکییەکانی نێو ڕیزەکانی ئەم ڕێکخراوو گروپە چەپانەی کە لەنێوان(1976-1993)دا دروستبوون بکەین، دەبینین بەشێکی زۆریان لە ڕابردودا، کادیری چالاک و دیاری (کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان)بوون، یان بەشێوەیەک لە شێوەکان، پەیوەست بوونە بەم ڕێکخراوەوە.

کتێبی (مێژوویەک لە یادەوەریدا)، گێڕانەوەیەکی پشت بەستوو بە یادەوەری و زاکیرەیە، کە (سالار ڕەشید )ئامادەی کردووەو نەیھێشتووە ئەو یادەوەرییانە زێتر کاڵ ببنەوەو بکەونە خانەی سەراب و لەبیر چوونەوە. کاراکتەرەکانی ئەوێ ڕۆژێ، مێژوویەک دەگێڕنەوە کە خۆیان تێیدا پاڵەوان و داینەمۆی ئەم گروپ و ڕێکخراوانە بوون. . . ئەم ھاوڕێیانە، ھەر یەکەو لە گۆشە نیگای خۆیەوە، باسی گروپ و ڕێکخراوەکانی کردووە، کە بە ھەموویانەوە مێژوویەکی تەمەن حەڤدە ساڵی دروست دەکەن. بمانەوێت یان نەمانەوێت، ئەم یادەوەرییانە بوونەتە مێژووی زەمەنێکی دژواری پڕ لە ھەڵدێرو نشوستی نەتەوەی کورد. خەباتی (چەپی مۆدێرن)، لە دوا وێستگەدا، دەڕژێتە ڕوبارێکەوە کە لە خزمەتی مرۆڤایەتی و پساندنی کۆت و پێوەندی کۆیلەتییە. خەباتی ھەموو مرۆڤەکان(بە چەپ و ڕاست)، یان(نەتەوەیی و نێونەتەوەیی )، لەدوا جاردا، ھەوڵدانێکن لە پێناو بەرقەرار بوونی پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ و ھێنانە ئارای ژیانێکی ئاسوودەو بەختیار بۆ مرۆڤەکان لەسەر ئەم ئەستێرەیە.

ئەم ھاوڕێیانە، کە ھەر یەکێکیان بگری، بای خۆی ئازاری ساردی و گەرمی، تاڵی و برسێتی، ژانی دوور کەوتنەوە لە کەس و کار، ئەشکەنجەی زیندانە شێدارەکانیان، چەشتووە. ئەوەندەیان کردووە، کە ڕابردوویان ڕوو سور بێت. ئەوان، زۆر بە وردی(تا ئەو شوێنەی کە زاکیرە یارمەتی داون)، باسی مێژووی دروست بوون و ژمارەی ئەندام و چالاکییەکان و ڕاگەیاندن و ئایدۆلۆژیایان، کردووە. دەتوانین ئەم ھەموو گروپ و ڕێکخراوە چەپە مۆدێرنانە کە لەناو یادەوەرییەکاندا باسکراون، بەم شێوەیە پۆڵین بکەین: (ڕێکخراوی ڕەنجدەرانی کوردستان، ڕێکخراوی بروسک، یەکێتی تێکۆشانی کارگەران، ڕێکخراوی کار، بەرەی ڕزگاری زەحمەتکێشان، ئەڵقەی کۆمۆنیستی بڵێسە، ڕەوتی کۆمۆنیست، کۆمەڵەی تێکۆشەرانی کۆمۆنیست-کۆتک، یەکێتی خەباتی کۆمۆنیست، گروپی پرۆژە، ڕێکخراوی ئەڵقەی ئۆکتۆبەر، ئەڵقەی ئەدیبانی کۆمۆنیست، دەستەی پێشڕەوانی پرۆلیتاریا، سەرنجی کرێکار، پرۆلیتاریای کۆمۆنیست، یەکێتی خەباتی کۆمۆنیزمی کرێکاری، کۆمەڵەی کرێکارانی یەکی ئایار، ھەستەی کرێکارانی سۆسیالیست، ڕێکخراوی یەکێتی بێکاران، حزبی کۆمۆنیستی کرێکاری عێراق).

ئەم گروپ و ڕێکخراوانە، لەپاڵ خەباتە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکانیاندا، مەکینەی ڕاگەیاندنیشیان خستۆتە کارو لە دووتوێی گۆڤارو بڵاوکراوەکانیاندا، توانیویانە مێژوویەک بەدەر لە سیاسەت بۆ خۆیان تۆمار بکەن. ئەگەر بۆیان نەکرابێت ببنە کاراکتەری مێژوویی زەق، ئەوا بە دڵنیاییەوە بوونەتە ژمارەیەک لە بیبلۆگرافیای حزبە سیاسییەکانی باشووری کوردستان و ئەگەر لە پەراوێزیشدا بێت، دەبێت ئاماژەیان پێ بکرێت. . . ئەوان لەڕێگای بڵاوکردنەوەی گۆڤارو ڕۆژنامەکانییانەوە، توانیویانە مێژووی ڕۆژنامەگەریی کوردی لە زەمەنێکی دژواردا، بە تایبەتیش(ڕاگەیاندنی چەپی کوردی)، دەوڵەمەند بکەن. بەھۆی نەبوونی ئازادی و فشاری زۆری ڕژێم و ترسانی مرۆڤ لە سێبەری خۆی لە زەمەنێکدا، لەگەڵ بوونی ئەم ھۆکارانەشدا(ئەگەر بەشێوەی سادەو سەرەتاییش بووبێت)، ئەوجا توانیویانە ئەم گۆڤارو بڵاوکراوانە بخەنە نێو ڕابەری ڕۆژنامەگەریی کوردی: (بڵاوکراوەی ڕەنجدەران، کار، ڕێبازی زەحمەتکێشان، گۆڤاری کرێکارانی کۆمۆنیست، ئاڵای شۆڕش، ئاسۆی سۆسیالیزم، خەباتی کرێکار، گۆڤاری ڕابەر، گۆڤاری زەنگ، سەرنجی کرێکار، پرۆلیتاری، بۆ پێشەوە، شۆڕشی کرێکاری، دەنگی بێکاران، بەرەو یەکی ئایار، ھەواڵنامەی خۆپیشاندان، ڕێگای بێکاران).

(سالار ڕەشید)، لە ڕێگای دواندن و ختوکەدانی کاراکتەرەکانەوە(بێ ئەوەی کە پێی بزانن)، توانیویەتی مێژوویەک بۆ ئەم ھاوڕێیانە لەسەر لمەوە بخاتە سەر کاغەزو چەردەیەک لە خەباتەکانیان بە ھاوتەمەنو نەوەی دوای خۆیان، بناسێنێت.

من لەگەڵ ئەوەی کە لەنێوان ساڵانی(1979-1992)دا، ھەڵگری ھەمان ڕێبازی ئەم ھاوڕێیانە بووم(بە کەمێک جیاوازییەوە)، لە نزیکەوەش بەشێکی کەمیانم دەناسی و ئاگاداری چالاکییەکانیان بووم و ئەوێ زەمانێ کۆمەڵێک سەرنج و تێبینیم لەسەریان ھەبووە، لەگەڵ ئەوەشدا ناکرێت خەباتی ئەوان بە نادیدە بگرم، بۆیە، ئەم کارەی (سالار ڕەشید)، بە کارێکی دیکۆمێنتی ئەکتیڤ دەزانم و لەدواڕۆژدا، دەکرێت ببێتە سەرچاوەیەکی بەبڕشت بۆ مێژوونووسان و توێژەرانی مێژووی چەپ لە باشوری کوردستاندا.

(*)مێژوویەک لە یادەوەریدا، دیدار سەبارەت بە مێژووی چەپ و کۆمۆنیزمی نوێ لە کوردستاندا، سالار ڕەشید، چاپی یەکەم، سلێمانی، 2015