نووسینەوە، ساغکردنەوە، ڕاستکردنەوەو بە ئەرشیف کردنی ڕۆژنامەگەریی کوردی، کارێکی سەخت و دژوارە، چونکە ئێمەی کورد، تا ئێستاکە گرینگیمان بە ئەرشیف کردنی(کتێب، گۆڤار، بڵاوکراوە، بەیاننامە، تۆمار، کاسێت و. . . تاد)، نەداوە. بە بەراورد لەگەڵ میلەتانی تر، نەک ھەر زۆر دواکەوتوین، بەڵکو ئەستەمیشە خۆمان بەوان بچوێنین.

ئەگەر بێت و بەدواداچوونێک بۆ مێژوویەکی نزیکی خۆمان(20-30)ساڵێک لەمەوبەر بکەین و بمانەوێت دیکۆمێنت و بەڵگەو بڵاوکراوەی حزب و ڕێکخراوە مۆدێرنەکانی ئەو سەردەم بەدەست بخەین، ئەوا بە دڵنییاییەوە چاومان بە ئەرشیفێکی ھەژار، یان نەبوو، دەکەوێت. ئێمە زاکیرەو پلانی لایەنی ئەرشیفیمان نییە، یان زۆر بێھێزو لاوازە. باوەڕ بکەن، حزبی وا ھەیە مێژوویەکی ھێندە دوورو درێژی نییە، ئەوجا نەیتوانیوە(22)ژمارەی ئۆرگانی ناوەندی حزبەکەی ئەرشیف بکات. . . گەر ئەو بۆچوونەمان بۆ (20-30)ساڵ لەمەوبەر ڕاست بێت، ئەوە بۆ(50-60)ساڵ لەمەوبەر، ھەر زۆر ڕاستە.

"دەنگی پێشمەرگە"، ناوێکی ناسراوو ئاشنای ڕابەری ڕۆژنامەگەریی کوردییە. تا ئێستاکە چەندین گۆڤارو رۆژنامەو بڵاوکراوە بەناوی "پێشمەرگە"یان"دەنگی پێشمەرگە"، بڵاوکراونەتەوە. ئەوەی زانراوەو تا ئێستاکە ساغ بۆتەوە، ئەوەیە کە یەکەم بڵاوکراوە بەو ناوەوە لە ساڵانی یەکەم و دووەمی دوای شۆڕشی ئەیلول(1961-1975)دا، دەرچووە. ئەو"دەنگی پێشمەرگە"یە، تا ئێستاکە لەدووتوێی ڕابەری ڕۆژنامەگەریی کوردی و بابەتی ڕۆژنامەگەریدا، زۆر جاران ناوی ھاتووە. بە کورتی و درێژیش لەسەری نووسراوە، وەلێ تا ئێستاکە بە دروستی دەستنیشانی خوولەکانی دەرچوونی نەکراوە، ئەگەر کرابیش، یان بەھەڵە باسکراوە، یان مێژووی دروستی تۆمار نەکراوە.

 لەم نووسینەدا، دەمانەوێت بە درێژی باسی ژمارەو خوولەکانی و ئەو کەسانە بکەین کە ڕۆڵی سەرەکییان تێدا بینیووە، تاوەکو ببێتە سەرچاوەیەک بۆ بابەت و لێکۆڵینەوەو بەدواداچوونی مێژووی ڕۆژنامەگەریی کوردی. . . ھەوڵمانداوە لە شوێنی پێویست ئەو ھەڵانە ڕاست بکەینەوە کە دەربارەی ئەو بڵاوکراوەیە بڵاوکراونەتەوە.

" سەفەر یوسف میرخان "، دەنووسێت: ( یەکەم ژمارەی گۆڤاری دەنگی پێشمەرگە لە مانگی یەکی"1967"دا، لەگەرمەی شۆڕشی ئەیلول دەرچووە. . . ). ھەروەھا دەنووسێت(ئەو قۆناخە"1967-1974"، بە قۆناخی یەکەمی دەنگی پێشمەرگە دادەنرێت)"1".

" نەوزاد عەلی ئەحمەد"، دەنووسێت:( گوایە ئەم گۆڤارە ژمارە یەکی لەساڵی"1967"دەرچووەو دوا ژمارەش کە کەوتۆتە بەرچاو دەڵێن دوا ژمارەیە، ژمارە"24"ەو لە مانگی تشرینی دووەمی ساڵی "1969"دا دەرچووە)"2".

 ئەوان، " سەفەر و نەوزاد "، لە تۆمارکردنی مێژووی دروستی "دەنگی پێشمەرگە"دا کەوتوونەتە ھەڵەوە، چونکە ئەو ژمارە یەکەی ئەوان باسی دەکەن، ژمارە(1)نییەو لەو بەروارەی ئەوان باسی دەکەن، دەرنەچووە، بەڵکو دەبێتە ژمارە(13)ەو لە مارتی"1968"دا، دەرچووە.

قۆناغ، یان خوولی یەکەم نییەو دەبێتە(قۆناغ، یان خوولی دووەم).

قۆناغ و خوولەکانی "دەنگی پێشمەرگە"

خوولی یەکەم

ھەر دوو ساڵێک دوای ھەڵگیرسانی شۆڕشی ئەیلول، بۆ گەیاندنی دەنگ و باس و چالاکییەکانی پێشمەرگە، ڕاگەیاندنی شۆڕش بیری لەدەرکردنی بڵاوکراوەیەک کردۆتەوە. بۆ ئەو مەبەستە، گۆڤار یان بڵاوکراوەی"دەنگی پێشمەرگە"، بڵاو دەکاتەوە. دووەم ژمارەی ئەو بڵاوکراوەیە کەلە ئەرشیفی"مەڵبەندی ئاوەدانی کوردستان لە بەرلین" پارێزراوە، لە نۆڤێمبەر "تشرینی دووەم"ی ساڵی(1963)دا بە زمانی کوردی، دەرچووە.

لە بارەی دەرچوونی ژمارە یەکیشەوە، د. ئازاد عوبێد ساڵح، لە نامەی دکتۆراکەیدا، دەنووسێت:( یەکەم ژمارەی سەرەتا بەر لە کانوونی یەکەمی"1963"بەسەرپەرشتی"حیلمی عەلی شەریف و فەرەیدون عەلی ئەمین دەرچووە)"3". لەپاڵ ئەوانیشدا، " مەلای ئاوارە "ش، کاری لەم گۆڤارەدا کردووە"4".

کەواتە بە لێوردبوونەوە لە ژمارە دوودا، دەبێت یەکەم ژمارەی بەر لەم مێژووە"تشرینی دووەمی 1963"دا، دەرچووبێت. تاوەکو لێکترازانە مێژووییەکەی(پارتی دیموکراتی کوردستان)، لە ساڵی "1964"دا، ھەر ئەو سێ کەسە سەرپەرشتی "دەنگی پێشمەرگە"یان کردووە. دوای ئەوەی کە "حیلمی عەلی شەریف"، دەکەوێتە بەرەی ( پارتی دیموکراتی کوردستان- باڵی مەکتەبی سیاسی)، "ھەژار موکریانی" شاعیر، ئەو ئەرکە دەگرێتە ئەستۆی خۆی و درێژە بە بڵاوکردنەوەی دەدات. لەم بارەیەوە، "شێرکۆ بێکەس" دەنووسێت: ( لە ساڵانی"1965-1966"دا، "دەنگی پێشمەرگە"، لە گوندی"لێوژە" دەردەکراو "ھەژار موکریانی" سەرپەرشتی دەکرد. لێوژە گوندێکی ناوچەی باڵەکایەتی بوو. . . ئەو کات مانگێک یان دوو مانگ جارێک ژمارەیەکی لێدەردەچوو. . . لەو ماوەیەدا، ھەندێ نووسین و شیعرم بەناوی"کاوە"ەوە لە دەنگی پێشمەرگەدا، بڵاوبوونەوە)"5".

پاش ئەوە، "سامی عەبدولڕەحمان"یش دێتە دەزگای ڕاگەیاندن و لەگەڵ"ھەژار موکریانی و شێرکۆ بێکەس و مەلای ئاوارە"، درێژە بەبڵاوکردنەوەی دەدەن. لەم بارەیەوە، سەعید ناکام دەنووسێت(ساڵانی پێشوو بڵاوکراوەیەک بەناوی دەنگی پێشمەرگە لەلایەن سامی عەبدولڕەحمان و ھەژاری شاعیرەوە بە ڕۆنێۆ دەرکرابوو، کە دوازدە ژمارەی لێدەرچوو بوو، وەکو درێژەی ئەو بڵاوکراوەیە دەستم کرد بە دەرھێنانی گۆڤارێکی ڕێکوپێک بە شێوەی چاپەمەنی نوێ)"6". بەگوێرەی ئەو زانیارییانەی کە لەبەردەستدان، لەم خوولەدا"خوولی یەکەم"، تا کۆتایی"1967" بەردەوام بووەو"12" ژمارەی لێدەرچووە.

خوولی دووەم

پاش ئەوەی کە سەعید ناکام، لە ساڵی "1965"دا، دەگاتە ڕیزی شۆڕش و لە دەزگای ڕاگەیاندندا کار دەکات، ئەرکی بەڕێوەبردن و سەرپەرشتیکردنی چاپخانەی"خەبات"ی پێدەسپێرن. . . ئیتر لەمە بەدواوە، پاش دوو ساڵ، بیر لەوە دەکاتەوە دووبارەو لە خوولێکی تازەدا، (دەنگی پێشمەرگە)"7". بڵاوبکاتەوە. ئەو، لەم خوولە تازەیەدا، ژمارە"13"دەداتە یەکەم ژمارەی "خوولی دووەم"، چونکە پێشتر لە لایەن (حیلمی عەلی شەریف و شێرکۆ بێکەس و فەرەیدون عەلی ئەمین و ھەژار و سامی عەبدولڕەحمان و مەلای ئاوارە)وە، لە خوولی پێشوودا، "12"ژمارەی لێدەرچووە. (محەمەدی مەلا قادر)یش پێ لەسەر ئەوە دادەگرێت کە لە خوولی یەکەمدا، "12"ژمارەی لێدەرچووەو تا کۆتایی ساڵی"1967"، بەردەوام بووە"8".

لەبارەی خوولی دووەمەوە، سەعید ناکام دەنووسێت ( وەک درێژەی ئەو بڵاوکراوەیە-دەنگی پێشمەرگە- دەستم کرد بە دەرھێنانی گۆڤارێکی ڕێکوپێک بە شێوەی چاپەمەنی نوێ کە لەمانگی ئازاری"1968" یەکەم بەرھەمم لەژێر ژمارەی سێزدەدا بڵاوکرایەوە. . . لەماوەی بیست مانگدا"ئاداری 1968" تاوەکو "تشرینی دووەمی 1969"، دوازدە ژمارەی "دەنگی پێشمەرگە"م دەرھێنا)"9".

-ژمارە "13"ی کە دەکاتە یەکەم ژمارەی خوولی دووەم، لە مارتی"1968"دا، دەرچووە.

-ژمارە "14"ی لە ئایاری "1968"دا، دەرچووە "10".

-ژمارە "15"ی لە ئەیلولی "1968"دا، دەرچووە.

-ژمارە "16"ی لە تشرینی دووەمی "1968"دا، دەرچووە.

-ژمارە "17"ی لە کانوونی دووەمی "1969"دا، دەرچووە.

-ژمارە "18"ی لە مارتی "1969"دا، لە چاپخانەی خەباتدا، دەرچووە.

-ژمارە "19"ی لە نیسانی "1969"دا، دەرچووە.

-ژمارە "20"ی لە مایسی "1969"دا، دەرچووە"11".

-ژمارە "21"ی لە حوزەیرانی"1969"دا، دەرچووە.

-ژمارە "22"ی بە گوێرەی ئەو سەرچاوانەی من سەیرم کردوون، ئاماژە بەوە نەکراوە کە کەی دەرچووە.

-ژمارە "23"ی لە ئەیلولی"1969"دا، دەرچووە.

-ژمارە "24"ی لە تشرینی دووەمی"1969"دا، دەرچووە. ئە ژمارەیە دوا ژمارەی خوولی دووەم بووە.

بە گوێرەی زانیارییەکانی ناو نامەکەی "وریا جاف"، کە بۆ دەستەی نووسەرانی گۆڤاری "ڕۆژنامەنووس"ی ناردووە، لەژێر ئارمی ژمارە"13"و"14"دا نووسراوە: ( لیژنەی پروپاگەندەی شۆڕشی کوردستان دەریدەکات). لە ژمارە "15" تاکو ژمارە "24"یش لەژێر ئارمی دەنگی پێشمەرگەدا نوسراوە( لیژنەی پەخش و ئاڕاستەی شۆڕشی کوردستان دەری ئەکا)پاش ئەوەی کە شۆڕشی ئەیلول لە کۆتاییەکانی ساڵی "1969"دا، پێدەنێتە قۆناغێکی تری خەباتی سیاسی و چەکداری، دەنگی پێشمەرگەش لە دەرچوون دەوەستێت.

خوولی سێیەم

پاش ئەوەی کە حکومەتی عێراق لە بەجێھێنانی بەڵێنەکانی پەیماننامەی"11ی ئازار"، پاشگەز دەبێتەوە، سەرکردایەتی سیاسی کورد، بە ناچاری پەنا بۆ شۆڕشی چەکداری دەباتەوەو لە ئازاری"1974"دا، چیاکان دەکاتەوە پشتو پەنای خۆی. جارێکی ترو لە خوولێکی تردا کە دەبێتە خوولی سێیەم، دەنگی پێشمەرگە، دەردەچێتەوە. وا دیارە لەم خوولەشدا، سەعید ناکام ڕۆڵی کارای ھەبووە، چونکە ناوبراو دەنووسێت(ژمارە بیستو پێنجی گۆڤاری دەنگی پێشمەرگەشم چاپ کردوو ژیاندەوە)"12".

لەم خوولە تازەیەدا، کە لە ئازاری"1974"ەوە دەست پێدەکات و تا مانگی ڕەزبەر"ئاب"ی"1974"، بەردەوام دەبێت، چوار ژمارەی تری لێدەردەچێت کە بەم شێوەیە بووە:

-ژمارە "25"ی خوولی سێیەم، لە مارتی "1974"دا، دەرچووە.

-ژمارە"26"ی خوولی سێیەم، لە گوڵان "مایسی 1974"دا، لەژێر ناوی(ئەمانەتی گشتی ڕۆشنبیری و ڕاگەیاندن و لاوان دەریدەکات)دا، دەرچووە"13".

-ژمارە"27"ی لە حوزەیرانی "1974"دا، دەرچووە.

-ژمارە "28"ی کە دوا ژمارە بووەو لە ڕەزبەر"ئابی 1974"دا، دەرچووە. لەمە بەدواوە وەستاوە.

خوولی چوارەم

ئەوەی جێگای سەرنجە ئەوەیە کە "دەنگی پێشمەرگە"، لە شۆڕشی نوێدا، (شۆڕشی گوڵان)، لە ماوەی پازدە ساڵی چەکداریدا، بە درێژایی شۆڕشی گوڵان، دەرناچێتەوە. پاش ڕاپەڕین و لە خوولێکی تردا"خوولی چوارەم"، دەردەچێتەوە.

یەکەم ژمارەی ئەم خوولەی لە ئەیلولی"1997"دا، وەک (گۆڤارێکی ڕۆشنبیری گشتی)، بڵاو دەبێتەوە. . . ژمارەی لاپەڕەکانی ئەم خوولەی لەنێوان"100-122"لاپەڕەدا بووە. دیزاین و ھونەرێکی جوانی چاپی ھەیەو لاپەڕکانی ڕەنگاو ڕەنگە. لە ژمارەکانی ئەم دواییەیدا بۆتە (گۆڤارێکی گشتی ڕۆشنبیری سیاسی سەربازیەو لەلایەن مەکتەبی گشتی ڕێکخستنی پێشمەرگە-بەشی ڕاگەیاندن-مانگی جارێک دەردەچێت).

بە گوێرەی زانیارییەکانی"سەفەر یوسف میرخان"، کە لە ڕۆژنامەی"خەبات"دا بڵاویکردۆتەوە، لە خوولی چوارەمدا، تا ڕۆژی"19/9/2008"، سەدو بیستوپێنج، ژمارەی لێدەرچووە.

ئەنجام

پاش خوێندنەوەو شەن و کەو کردنی ئەو بابەت و نووسین و دیکۆمێنتانەی کەلەسەر "دەنگی پێشمەرگە"، نووسراون، بەم ئامانجانە گەیشتین، کە دەتوانین لەچەند خاڵێکدا پۆلینیان بکەین:

(1)ئەم گۆڤار(بڵاوکراوە)یە، یەکەم ژمارەی لە نیوەی دووەمی ساڵی"1963"دا، دەرچووە.

(2)ماوەی نێوان"1963-1967"، بە خوولی یەکەم و ساڵانی"1968-1969"یش بە خوولی دووەم دادەنرێت.

(3)لە خوولی یەکەمدا، دوازدە ژمارەی لێدەرچووە.

(4)لە خوولی یەکەمدا، حیلمی عەلی شەرێف و فەرەیدون عەلی ئەمین و شێرکۆ بێکەس و ھەژار موکریانی و سامی عەبدولڕەحمان و مەلای ئاوارە"14"، سەرپەرشتی و کاریان تێدا کردووە.

(5)خوولی دووەم دەکەوێتە نێوان"مارتی 1968-تشرینی دووەمی 1969". لەم خوولەدا، سەعید ناکام، سەرپەرشتکاری بووەو توانیویەتی دوازدە ژمارەی تری لێدەربکات. ژمارە یەکی خوولی دووەمی، ژمارە "13"ی پێدراوە، وەک درێژەپێدەری خوولی یەکەم. لە خوولی دووەمدا، دوازدە ژمارەی تر(لە ژمارە 13 -24 بڵاوکراوەتەوە).

(6)خوولی سێیەم، لە ژمارە "25-مارتی 1974"ەوە دەست پێدەکات و لە ژمارە"28"ڕەزبەر"ئابی 1974"دا، کۆتایی پێدێت. لەم خوولەدا تەنھا چوار ژمارەی لێدەرچووە. دیسان سەعید ناکام ڕۆڵی سەرەکی تێدا بینیوە.

(7)لە شۆڕشی گوڵاندا"1976-1991"، ھیچ گۆڤارو بڵاوکراوەیەک لەلایەن پارتی دیموکراتی کوردستانەوە، بە ناوی دەنگی پێشمەرگە، بڵاونەکراوەتەوە.

(8)خوولی چوارەم دەکەوێتە دوای ڕاپەڕین و شەڕی ناوخۆ.

یەکەم ژمارەی ئەم خوولەی لە ئەیلولی "1997"دا دەرچووە. لەم خوولەدا، بە فۆڕمێکی تازە(لەڕوی دیزاین، ڕەنگ، وێنە، فۆنت، قەبارە، تیراژ، ژمارەی لاپەڕە)، چاپ و بڵاوبۆتەوە.

پەراوێزەکان

(1)سەفەر یوسف میرخان، دەنگی پێشمەرگە بەخشش و یادگارییەکانی شۆڕشی ئەیلول و نۆبەرەیەک لە بزاڤی ڕۆژنامەگەرییکوردیدا، ڕۆژنامەی "خەبات"، ژمارە"2976"، ڕۆژی19/9/2008، لاپەڕە 11.

(2)نەوزاد عەلی ئەحمەد، ڕابەری ڕۆژنامەگەریی نھێنی کوردی1961-1991، سلێمانی، 2001، لاپەڕە27.

(3)د. ئازاد عوبێد سالح، کاریگەریی شۆڕشی ئەیلول لەسەر ڕۆژنامەوانیی کوردی1961-1975، ھەولێر، 2007، لاپەڕە 265-266.

(4)مەلای ئاوارە لەژمارە"2"ی ھاوینی2004، لە گۆڤاری ڕۆژنامەنووس، دەنووسێت: بەر لە1965، بە ھاوکاری بەھەشتی مامۆستا عەبدولڕەحمان"ھەژار موکریانی"و مامۆستا شێرکۆ بێکەس، یەکەم ژمارەی دەنگی پێشمەرگەمان، بڵاوکردەوە. بڕوانە: ڕۆژنامەنووس، ژمارە"2"، ھاوینی 2004، لاپەڕە 234-235.

(5)شێرکۆ بێکەس، نووسین بە ئاوی خۆڵەمێش، ژیاننامەو بیرەوەری، بەرگی دووەم، چاپی یەکەم، سلێمانی، 2013، لاپەڕە 149-150.

(6)سەعید ناکام، بیرەوەرییەکانی سەعید ناکام، چاپی یەکەم، ھەولێر، 2003، لاپەڕە 143.

(7)ھاوڕێ باخەوان، وشە پەرتەوازەکان، بەرگی یەکەم، سلێمانی، چاپخانەی سیما، 2008، لاپەڕە27.

(8)محەمەدی مەلا قادر، سەربردە کورتەیەک لە بیرەوەرییەکان، چاپی یەکەم، ھەولێر، 2009، لاپەڕە77.

(9)سەعید ناکام، بیرەوەرییەکانی سەعید ناکام، لاپەڕە 143.

(10)وریا جاف، بۆ دەستەی نووسەرانی گۆڤاری ڕۆژنامەنووسی بەڕێز، نامە، ڕۆژنامەنووس، ژمارە"2"، ھاوینی2004، لاپەڕە 237-240.

(11)د. ئازاد عوبێد سالح، کاریگەریی شۆڕشی ئەیلول. . . ، لاپەڕە265-266.

(12)سەعید ناکام، بیرەوەرییەکانی سەعید ناکام، لاپەڕە163.

(13)وریا جاف، ڕۆژنامەنووس، ژمارە 2.