ئەنفال ئەو دیاردە قێزەونەیە کە لە ساڵی 1988دا سەدامی گۆڕکراو لەسەر گەلی کورد پیادەی کرد، لە ئەنفالدا وێڕای سوتان و تاڵانکردنی هەموو گەرمیان، سەدان هەزار کورد زیندەبەچاڵ کران و هەزاران کچیش بەسەر شێخەکانی کەنداودا دابەش کران.

بڕیاری ئەنفال لەلایەن سەدام و دارودەستەکەیەوە درابوو، جێبەجێکەری بڕیارەکەش ئەو جاش و مستەشارە خۆفرۆشانە بوون کە لە هەموو بەهایەکی مرۆڤایەتی شۆرابوونەوە. واتە بەرپرسی یەکەمی ئەنفال سەدام حسین بوو چونکە لە نێو بەعسیەکاندا بە غەیری سەدام و دارودەستەکەی هیچ کەسێکی دیکە خاوەن قسە و بڕیار نەبوو، مستەشارەکانیش بەغەیری نۆکەرایەتیکردن خاوەن هیچ قسەیەکی دیکە نەبوون.

لە پای ئەو نۆکەرایەتیکردنەدا، نیشانەی ئازایەتی(نوت الشجاعە) بەهەموو مستەشارەکان درا کە زۆرترین ڕۆڵیان لە ئەنفالدا گێڕا، لێ بەڵێ، هەر ئەو کردەوەیەش لە داگیرکەرێکی شۆڤێنی چاوەڕێ دەکرا کە دروشمی "عروبە"ی کردبوویە وێردی سەر زاری و سڕینەوەی کوردانی خستبوویە بەرنامەی کاریەوە.

 

کات هاتوچوو، گەل ڕاپەڕی و بە دەریایەک خوێن بەعسیان ڕاماڵی، بەڵام بەهۆی ناهوشیاری کۆمەڵگاوە بەرهەمی ڕاپەڕین کەوتە گیرفانی ئەو بازرگانانەی خوێنەوە کە دیرۆکیان پڕ لە ئاشبەتاڵ و کوردکوژی بوو.

بازرگانانی خوێن هەم سوار سۆز و شەپۆلی ڕاپەڕین بوون و هەم ئەوەی بەعسیش بە نیوەناچڵی بەجێیهێشت بۆ بەعسیان تەواو کرد، سەرجەم ئەنفالکەران پاداشت کران و ناویان لە جاشەوە بۆ شۆڕشگێڕ گۆڕدرا.

26 ساڵ دوای ئەنفالی کوردان لەلایەن بەعسیەکانەوە و لە 3/8/2014دا جارێکی دیکە ئەنفال لەسەر شەنگال بەتایبەتی و ئێزدیەکان بەگشتی دووبارە کرایەوە، بەڵام ئەم جارەیان لەسەر دەستی بەعسیەکان و بەبڕیاری سەدام نەبوو بەڵکو لەسەر دەستی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق و بەبڕیاری مەسعود بارزانی بوو، چونکە لە نێو پارتیدا بەغەیری مەسعود و بنەماڵەکەی هیچ کەسێکی دیکە خاوەن قسە و بڕیار نییە.

لە ئەنفالی ئێزدیەکاندا وێڕای وێرانکردنی شەنگال و تاڵانکردنی ئێزدیەکان، هەزاران کەس زیندەبەچاڵ کران و هەزاران کچە کوردیش پێشکەش بە شێخەکانی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلام"داعش" کران.

لە ئەنفالی ئێزدیەکاندا، بڕیاردەر بارزانی بوو، جێبەجێکەری بڕیارەکەش ئەو کوردە غوڵامانە بوون کە بارزانی بە خاوەنی ماڵ و منداڵی خۆیشیان دەزانن، نمونەی هەرە گەورەش لەو غوڵامانە "سەربەست باپیری" بوو کە بەرپرسی هەموو شەنگال و دەوروبەری بوو وەک لەم وێنەیەدا بەدی دەکرێت.

 

لە ئەنفالی ئێزدیەکاندا، سەربەست باپیری وەک تاوانباری سەرەکی دەستنیشان کرا، ئەوکات بۆ شاردنەوەی تاوانەکان مەسعود بارزانی بڕیاری لێپرسینەوەی لە سەربەست باپیری تاوانباردا، بەڵام نەک هەر لێپرسینەوە لەو تاوانبارە نەکرا بەڵکو لەم حەفتەیە و لە 7/2/2016دا لەلایەن مەسعود بارزانیەوە بۆ خەڵاتکردن دەعوەتی سەری ڕەش کرا.

سەدام حسین بەناوی عروبەوە هەموو عەرەبی داخان کرد، مەسعود بارزانی بەناوی کوردایەتیەوە هەموو کوردی داخان کرد، بەڵام جیاوازیەکە لەوەدابوو کە سەدام لە پێناوی یەکخستنی عەرەبدا هەم کوردی ئەنفال دەکرد و هەم دەستیشی لە هیچ تاوانێک نەدەگێڕایەوە، هەرچی مەسعود بارزانییە بەناوی کوردایەتیەوە هەم کوردی ئەنفال کرد و هەم لە پێناو ڕازیکردنی داگیرکەراندا لە هیچ تاوانێک ناسڵەمێتەوە.

ئەم پێشوازیکردنەی سەربەست باپیری ناوەڕۆکی ڕاستەقینەی مەسعود بارزانی دەردەخات، ئەی دەبێت لەمەودوا هەڵوێستی ئەو تاکوتەرا ئێزدیەی هاوشێوەی ڤیان دەخیل و قاسم شەشۆ چی بێت کە لە غوڵامیکردن بۆ بارزانی شا بە سەپان نازانن!!!؟؟؟