هێندەی هەندێک لایەنی بەناو کوردی لە هەوڵی جوانکردنی ڕوخسارە دزێوەکەی ئاکەپەدا بوون ، نیو هێندە تورکە شۆڤێنیەکان لەو هەوڵەدا نەبوون ، ئەوەی زۆرترین لێدوانی لەو بارەیەشەوە دەدا و ئەردۆغانیان وەک فریاد ڕەسی کوردان پێناسە دەکرد بە پلەی یەکەم یەکگرتووی ئیسلامی و پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراق و هەردوو حیزبی دیموکراتی ئۆردوگانشینکراو بوون .

تەنانەت کار گەیشتبوویە ئەو ڕادەیەی کە یەکگرتووی ئیسلامی خۆیان بە ئاکەپە پێناسە دەکرد و دەیانگوت (ئێمە ئاکەپەین لە کوردستانی عێراقدا) ، دەربارەی پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراقیش پێویست بە نموونە هێنانەوە ناکات ، لەبەرئەوەی کار گەیشتە ئەوەی کە لە هەڵبژاردنەکانی تورکیاشدا بارزانی ڕۆڵی بانگەشەکەرێک بۆ ئەردۆغان ببینێ و ئەردۆغانی وەک ئەنجامدەری پرۆسەی ئاشتی و چارەسەرکەری گرفتی کوردان پێناسە دەکرد و گرێبەستی پەنجا ساڵەی لەگەڵدا بەست ، کە بەهۆی ئەو گرێبەستەوە داهاتی نەوتی هەرێمی کوردستان بە نرخێکی زۆر هەرزان دەدرێتە تورکیا و دەیان کۆمپانیای تاڵانکەر هێنرانە باشووری کوردستان کە ئەنجامەکەی قەرزداریەکی زۆری بۆ هەرێم بە دواوە بوو ، بڕوانە ئەم لینکە :

http://elaph.com/Web/opinion/2015/10/1045264.html

جێی سەرسوڕمانە کە ئەوەی زۆرترین پڕوپاگەندەی بۆ دیموکراتبوونی تورکیا و ئەردۆغان دەکرد هەردوو لەتە حیزبەکەی دیموکرات بوون و لەسەر زاری بەرپرسی یەکەمیانەوە ئەو لێدوانانە دەدرا ، کە لەو بوارەشدا خالید عەزیزی پێش یەکگرتووی ئیسلامیش کەوتبوویەوە .

شۆڤێنیەتی ئەردۆغان دژ بە کوردان بە گشتی و ڕۆژاوای کوردستان هیچ سنورێکی نەهێشتەوە ، تا وای لێهات کە خودی ئەردۆغان نەتوانێت چیدیکە ئەو شۆڤێنێتیە بشارێتەوە ، لە هێرشی چەتەکانی دەوڵەتی ئیسلام(داعش)دا بە غەیری ئەوەی زۆرترین کۆمەکی بە چەتەکان کرد بەڵکو بە لێدوانیش گوتی (کۆبانێ کەوتووە و دەبێت بکەوێت) .

ئەنجامی کۆبانێ ئاشکرایە کە چ سەرکەوتنێکی کوردان و نابودبوونی چەتەکانی بە دواوە بوو ، کەچی هەم سەرۆکی هەرێم و هەم سەرۆکی حکومەتی هەرێم سوپاسگوزاریان بۆ ئەردۆغان و حکومەتەکەی دەنارد و تورکیایان بە ڕزگارکەری کۆبانێ ناوبرد .

ئیمڕۆش لەگەڵ دڕندانەترین هێرش بۆسەر باکوری کوردستان و کۆمەڵکوژکردنی کوردان لە ئەنقەرە ، بۆ جارێکی دیکە لەسەر زاری سەرۆک وەزیرانی تورکەوە کینە و دڵڕەشی بەرامبەر بە ڕۆژاوای کوردستان داباری . بڕوانە ئەم لینکە :

http://www.rojnews.net/drejey-hewal.aspx?id=35310&LinkID=15&%D8%AF%D8%A7%D9%88%D8%AF%D8%A6%DB%86%D8%BA%DA%B5%D9%88%D9%88-%DA%AF%D9%84%DB%86%D9%BE%DB%8C-%D8%B3%DB%95%D9%88%D8%B2%DB%8C-%D8%A8%DB%86-%D9%87%DB%8E%D8%B1%D8%B4%DB%8C-%D8%B3%DB%95%D8%B1-%DA%95%DB%86%DA%98%D8%A6%D8%A7%D9%88%D8%A7-%D8%AF%D8%A7%DA%AF%DB%8C%D8%B1%D8%B3%D8%A7%D9%86%D8%AF

لە ڕاستیدا داکۆکیکردن لە ئەردۆغان و دەوڵەتی تورک پەیوەست نەبوو بە دڵفراوانی ئەردۆغان و دیموکراتی حکومەتەکەی بەڵکو پەیوەست بوو بە گرێدراوی ئەو لایەنانە بە تورکیاوە ، لە بەرامبەر ئەم گرێدراویەش بە تورکیاوە هەمیشە لە ڕاگەیاندنەوە خۆیان وەک نەیار و پەکەکەشیان بە هاوکاری کۆماری ئیسلامی ئێران ناو دەبرد .

بەڵام کات هات و چوو ، نە ئەوان ئەو نەیارەی کۆماری ئیسلامی بوون و نە پەکەکەش ئەو هاوکارە بوو کە ئەوان ناویان دەبرد ، بەڵکو زۆر بە ڕاشکاوی لەسەر زاری کاربەدەستانی ئێرانەوە هەم پەکەکە و پژاک وەک سەرسەختترین دوژمن ناوبران و هەم بارزانیش وەک منداڵی کۆماری ئیسلامی ناوی هێنرا . خۆ ڕووداوەکانیش لەو بارەیەوە شاراوە نین کە زۆرترین هێرشی کۆماری ئیسلامی بۆسەر پەکەکە و پژاک بووە بەڵام لە بەرامبەردا ڕۆڵی ئێران بەرپەرچدانەوەی هێرشی چەتەکانی داعش بۆسەر ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی بارزانی بوو .

تەنانەت خودی بارزانیش ئەو ڕاستیەی بۆ نەشاردرایەوە و سوپاسگوزاری کۆماری ئیسلامی ئێرانی کرد و ڕایگەیاند (ئێران یەکەم لایەن بوو کە لە زووترین کاتدا فریامان کەوت و کۆمەکی کردن دژ بە داعش) .

ئەوەی جێی پرسیارە ئەوەیە کە لایەنە ئۆردوگانشینەکان بە جۆرێک کەوتوونەتە داکۆکیکردن لەم دەستێکەڵاویانە کە هەموو سنوورێکی تێپەڕاندووە ، لە ڕابردوودا دەیانگوت ئەوان حکومەتن و پێویستان بەو دەستێکەڵاویانە هەیە ، ئیمڕۆش بۆ داکۆکیکردن لەو دەسەڵاتە دژ بە هەموو گەل وەستاونەتەوە ، بۆ نموونە لەم کاتەدا قوت و ژیانی خەڵک زەوت کراوە و جەماوەر دژ بەم هەموو ناعەدالەتیە خۆپیشاندان دەکات ، کەچی ئۆردوگانشینان هەموو گەل بە نۆکەری کۆماری ئیسلامی پێناسە دەکەن و دەڵێن ئەو خۆپیشاندانانە دەستی کۆماری ئیسلامی ئێرانە .

هەڵبەت پێچەوانەی ئەم گوتانە ڕاستە ، چونکە کۆماری ئیسلامی نەک هەر پشتگیری لە داخوازی گەل و خۆپیشاندانەکان ناکات بەڵکو هەمیشە لە هەوڵی سەرکوتکردنی گەلی کورددا بووە لە ڕێگەی ئەو دەسەڵاتە وابەستەیەوە ، کە باشترین نموونەش پێداگری کۆماری ئیسلامی ئێرانە لەسەر بە سەرۆکی هەرێم مانەوەی بارزانی . بڕوانە ئەم لینکە .

http://awene.com/article/2015/10/15/46580

من لێرەدا نامەوێت زیاتر لەو بارەیەوە بدوێم ، چونکە ئاشکرایە کە دەسەڵاتدارانی باشووری کوردستان لە پێناو مانەوەیان لە دەسەڵاتدا ئامادەن هەموو میلەتی کورد بکەنە کۆچی قوربانی ، بەڵام دەبێت ئۆردوگانشینان بە چ جۆرێک بچنە مێژووەوە . بۆ زانیاری زیاتر بڕوانە ئەم لینکە :