ئەگەرچی نەژادی هیچکامیان تورک نییە بەڵام هەردوکیان دڵسۆز بە تورکن، یەکیان بە ڕەچەڵەک لاز و ئەوی دیکەشیان بە ڕەچەڵەک کوردە، کەسی یەکەم هەموو گەلی لازی لە خشتە بردووە بۆ خزمەتی تورک، کەسی دووەم هەموو کوردی کۆیلە کردووە بۆ خزمەتی خێڵەکەی و خێڵەکەشی خستۆتە خزمەتی داگیرکەرانەوە .هەردوکیان شەیدای کورسی و پارەن، هەردوکیان دەستیان بە خوێنی کورد سورە، هەردوکیان دژ بە خۆپیشاندانی هێمنانەن و جەلادەکانیان بەردەدەنە گیانی خەڵکی ڕاپەڕیو .یەکەمیان هەڕەشە دەکات و فەرمان بە پۆلیسەکانی دەدات کە چ ژن بێت و چ منداڵ دەستی لێ نەپارێزن، دووەمیان هەڕەشەی باجدان لە گەل دەکات و فەرمان بە میلیشیاکانی دەدات کە ڕێگە نەدەن جەماوەر زیاتر دەنگ هەڵبڕن .بڕوانە ئەم لینکە :

http://www.kdp.info/a/d.aspx?l=13&a=84255

هەردووکیان هاوکاری چەتەکانی دەوڵەتی ئیسلام(داعش)ن و بە ڕوکەشیش خۆیان بە یەکەم دژبەری دەوڵەتی ئیسلامی ناودەبەن، دوو کەسی ڕاستڕەوی ناخ سەلەفی دژ بە ئازادین، یەکەمیان بۆ دژایەتیکردنی کوردان لە دەرگای هەموو دەوڵەتان دەدات، دووەمیان بۆ دژایەتیکردنی کوردان بۆتە چاوساخی هەموو داگیرکەران، یەکیان پەرلەمانتاران زیندانی دەکات، دووەمیان هەم پەرلەمانتار و هەم وەزیرەکانیش شاربەدەر دەکات، یەکەمیان تەنها ئازادی زەوت دەکات ئەوی دیکەیان هەم ئازادی و هەم قوتی خەڵکی لەناو دەبات، یەکەمیان دەڵێت هەموو شتێک لە پێناوی تورکدا، دووەمیان دەڵێت هەموو شتێک لە پێناو بنەماڵەدا، یەکەمیان مشتی لە ژیانەوەی سەڵتەنەتی عوسمانی خۆش کردووە، دووەمیان مشتی لە بە دەسەڵاتگەیاندنی نەوە پێنج شەش ساڵیەکەی خۆش کردووە .بڕوانە ئەم لینکە :

https://www.youtube.com/watch?v=Xtc9v-t9GUc

یەکەمیان لە هەوڵی یەکخستنی هەموو تورک و سڕینەوەی کورداندایە، دووەمیان لە هەوڵی پارچە پارچەکردنی هەموو کوردستان و ئاژاوەسازکردن لە گشت پارچەکانی کوردستاندایە، یەکەمیان گۆڕستانی شەهیدەکان وێران دەکات، دووەمیان تەرمی شەهیدەکان شوێنبزر دەکات و ڕێگە نادات گۆڕیشیان هەبێت .یەکەمیان هەموو سەرزەمینی ئیسلامی بە تاپۆی تورک دەزانێت، دووەمیان هەموو کوردستان بە تاپۆی بنەماڵەکەی دەزانێت، یەکەمیان لە هەوڵی تاڵانکردنی گەلانی ناوچەکەدایە بۆ بەرژەوەندی تورک، دووەمیان لە هەوڵی هەڕاجکردنی سەر زەوی و ژێر زەوی کوردستاندایە بۆ خزمەتکردن بە داگیرکەران .یەکەمیان لە ڕێگەی چەتە ئیسلامیەکانەوە خۆپیشاندانەکان خەڵتانی خوێن دەکات، دووەمیان لە ڕێگەی دەزگای پاراستنەوە ئاڕاستەی خۆپیشاندانەکان دەگۆڕێت و خەڵتانی خوێنیان دەکات .بڕوانە ئەم لینکە :

http://milletpress.com/Detail.aspx

یەکەمیان ئەوەی تورک بێت لە خۆی نزیک دەکاتەوە، دووەمیان داڵدەدەری هەموو مستەشار و بەکرێگیراوە دژە کوردەکانە، هیچ کامیان وەک مرۆڤ لە ئافرەت ناڕوانن، یەکەمیان لە پێناوی تورکدا ئامادە نییە دەستبەرداری بستێک لە کوردستانی داگیرکراو ببێت، دووەمیان لە پێناوی دژایەتیکردنی لایەنە کوردیەکاندا چارەکێکی باشووری کوردستان تەسلیم بە داعش دەکات، یەکەمیان لە هەوڵی کۆڕەو پێکردنی ئێزدیەکاندایە، دووەمیان لە هەوڵی ئەنفالکردن و سڕینەوەی یەکجارەکی ئێزدیەکاندایە .یەکەمیان بە ناوی تورک و ئیسلامەوە لە هەوڵی کۆیلەکردنی کورداندایە، دووەمیان بە ناوی شۆڕشگێڕێتی و کوردایەتیەوە لە هەوڵی کپکردنی دەنگی ئازادیخوازانی کوردستاندایە .یەکەمیان ئەگەرچی کەسی دووەم بە سەرۆک خێڵێکی دواکەوتوو دەزانێت بەڵام بۆ دژایەتیکردنی کوردان فشار دێنێت تاکو هەر بە دیکتاتۆری سەر کوردان بمێنێتەوە، دووەمیان هەم کەسی یەکەم وەک خوداوەندێک دەبینێت و هەم بە فریادڕەسی کوردانیش پێناسەی دەکات، هەردوکیان دژ بە دەستکەوتەکانی ڕۆژاوای کوردستانن، هەردوکیان داوای چەکدانان لە پەکەکە دەکەن و هەزاران کردەوەی دیکتاتۆریانەی هاوشێوەی دیکەش .