جوانوویـەکی بچـووک

لە سەردەمێکی کۆندا، جوانوویەکی بچووک لە گەڵ دایکیدا، لە کێڵگەیەکی جواندا بە خۆشی و، بە هێمنی دەژیـان . . رۆژانە تاوێک کێبڕکێیان دەکرد و چەند تاوێکیش دەلەوەڕان . . لە یەکتری دانەدەبڕان . . کە تاریکیش دادەهات . . دەچوونەوە بۆ ناو گەوەڕەکەی خۆیان، تا بە ئارامی و بە ئاشتی بنوون .

رۆژێکیان لە پڕێکدا، جوانووە بچووکەکە، ژیانی لێ تەسک بۆوە . . هەستی بە بێـزاری کرد . . وا هەستی کرد ژیـان لە کێڵگەکەیاندا بەرتـەسک بۆتەوە و تـام و خۆشیی نەمـاوە . . ویستی شوێنێکی کە بدۆزێتـەوە، کە لە شوێنـەکەی خۆیان خۆشتر و جـوانتر بێت .

دایکی وتی : " رۆڵە گیـان، پێم ناڵێـیت بۆ کـوێ بـڕۆین . . ؟ کێڵگەکەمان بۆ کێ بە جێ بهێـڵین . . ؟ ئەمـە زەوی باوباپـیرانمـانە . . "
جوانووەکە گوێی بە قسەکانی دایکی نەدا و، سووربوو لەسەر رۆیشـتن . . ماڵئاوایی لە دایکی کرد . . بەڵام دایکی لێی نەگەڕا بە تەنیا بڕوات، لەگەڵیـدا رۆیشت و، چاوەکانیشیی پڕببون لە فرمێسک . . سەر لە بەیانی ئەو رۆژە بە رێکەوتـن . . بە زەوی پـان و بەریندا رۆیشـتن . . لە هەچ زەوی و کێڵگەیەک نزیک دەبوونەوە، کە ئـاژەڵانی تر لە سەریان دەژیـان . . بۆ ئەوەی کەمێـک بلەوەڕێن . . ئاژەڵەکان رێیان پێنادان کە لەسەر زەوییەکانیاندا بلەوەڕێـن . . لە هەر کـانی و، کۆلێک نزیک دەبوونەوە، کە ئاوبخۆنەوە، رێیان لێدەگرتن و نەیان دەهێشت ئاو بخۆنەوە . . ئەو رۆژە بە برسێتی و بە توونییەتی مانەوە . شەویان بەسەردا هات . . شوێنی حەوانەوە و نووستنیان نەبوو . . بە برسێتی و بە ترس و بە نائارامی تا بەیانی لە دەرەوەدا مانەوە و خەویان لێنەکەوت .

لە دوای ئەم تاقیکردنەوە تاڵەدا . . جوانووە بچووکەکە زۆر پەشیمان بۆوە . . داوای لێبووردنی لە دایکی کرد . . بڕیاری دا کە بگەڕێنەوە بۆ کێڵگە جوان و خۆشەکەی خۆیـان، کە زەوی باوباپیرانیانە . . پـڕە لە خواردن و بە ئەوپەڕی ئازادی و ئارامی و دڵنیاییەوە لێی دەژین .

جـوانووەکە ئەو راستییەشی بۆ دەرکـەوت . . ئەوەی زەوی خۆی جێبهێڵێت . . بە نامۆیی و بە نائارامی دەژیت .

(*) جوانوو : جوانەمایین : ( بێچووی مایین )
منداڵە جوانکیلەکانی کوردستان . . ئەو مەبەستەی کە لەم چیرۆکە دایە . . ئەوەیە کە هەرکەسێک نیشتمانەکەی خۆی لە هەموو شوێنی لا خۆشتر و شیرینترە . . ئەگەر جێشی بهێڵێت . . هەست بە نامۆیی دەکات . . چونکە ئەو ئازادییەی کە لە نیشتمانەکەی خۆیدا هەیەتی، لە شوێنانی تردا بەو رادەیە نییە و . . وەکو بێگانەیەک لێی دەڕوانـن .