سەیرووسەمەرەکان زۆرن، بەڵام ئەوەی لە هەمووی سەیرترئەوەیە کە لای ئێمە دەگوزەرێت. سەرباری ئەو ئاڵۆزی وقەیرانی ئابووری و نەبوونی مووچە و شەڕی تیرۆر، ترس و دڵە ڕاوکێیەک درووست کراوە بۆ لە بیر بردنەوەی هەموو تەنگەژەکان، لە لایەن دوکاندارەکانەوە.

ماوەیەکی زۆرە کێشەی سەرۆکایەیتیان هەڵقورتاندووە (خولقاندووە) و میدیاکانیان سەرقاڵکردووە بە گواستنەوەی دەمەقاڵەو دانێشتنەکان و سەردانە مەکۆکیەکان، بۆ گێژ کردنی خەڵکی، تا بیر لە کارەباو ئاو نەکەنەوە، برسیەتیان لەبیر بچێتەوە، بەراستی مرۆ دۆستن.

ئەوەی لێرەدا سەیرە گوڵم، حیزبۆکەکان و دوکاندارە سیاسیەکانن، لەو نێوەندەدا تراتێن دەکەن. لە ماوەی رابووردودا خەڵک وا هەستی کرد پارتی کۆمۆنیست کوردستان هەڵوێستی سەربەخۆی خۆی هەیە و لەگەڵ ئەو دوکانەدارانەی تردا نییە، کەچی دەرکەوت ئەویش لەکێشەو پارەوە گلاوە، واتە دوکاندارەکان تیمەکەیان تەواو کرد.

سەرباری ئەوەی ژیان گرانەو موچە نییە، ئاو کارەبا نییە، ئەو هەموو کێشانە رووبەرووی خەڵک بوونەتەوە، تا هەنووکە نەمان دی و نەمان بیست لایەنە سیاسیە بەناو نیشتیمانیەکان کۆبوونەوەیەکی درەنگ وەخت ئەنجام بدەن، بەڵام کە بەرژەوەندیە تایبەتیەکانیان کەوتە لەق بوون( کە خەتەری کەوتە سەر)، ١٧ دوکانداری سیاسی کۆبوونەوە تا درەنگان شەوێک مشتومڕیان کرد، پاشان پێنج لایەنەکەش لە نیوەی شەو بەدواوە تا سەرلەبەیانی پێکەوە دانیشتن، خۆیان و خوای خۆیان چیان باس کردووەو چۆن پلانێکیان داڕشتووە بۆ چەواشەکاری ودانەنیشتنی پەرلەمان، حیکمەت لەچیدایە ئەو بڕیارەیان داوە. لەکاتێکدا دانیشتنەکە بۆ دەسەڵات و گیرفانە نەک بۆ چارەسەری کێشەی هاووڵاتیان، دەرکەوت هەموویان لە رەحمی حیزبی دایکدان، بەناو ئۆپۆزیسیۆنیشەوە، کە ماوەیەکی زۆر، خۆڵیان دەکردە چاوی خەڵکی هەژارو ستەمدیدەی کوردستانەوە، بۆ خەڵک هەراسان دەکەن ئامانجتان بیربردنەوەی ئاڵۆزیەکانە و خەریک کردنی جەماوەری خەلكیە بەخۆتانەوە تا دوکانەکانتان کریاری زۆرتر بێت، بەتایبەت گۆران و یەکگرتوو، لۆمەی دوکاندارە بچوکەکان ناکرێت، چونکە ئەوان تەنها لق و ناوچەن، وە شوعیەکانیش، لقی تایبەتن.

ئەو درووشمە زۆر ڕاستە کە دەوترا پێشڕەوی کورد پارتییە، هەندێک هەرزەی سیاسی رەخنەیان دەگرت، بەڵام ئەمرۆ بە روونی ئەوە ئاشکرا بوو، بەسە چیتر خەڵک چەواشە مەکەن و لە دەوری درووشمی بریقەدار خەڵک لە خۆتان کۆ مەکەنەوە، قسەی زل ناچێتە گیرفانی کەسەوە، ئەمجارە چی بەخەڵک دەڵین وا بۆ مانگێک دەروات خەڵکتان هەراسان کردووە لە میدیاکانەوە. دواتر سازشتان کرد.

ئەڵمانیا

19. 08. 2015