لەگەڵ زەقبوونەوەی جیاوازییەكانی ناو سەركردایەتی یەكێتی، لەشەقامدا پرسیاری زۆر و جیاواز دیتە بەرگوێ، خەڵكی دلسۆزی یەكێتی ئایا یەكێتی جارێكی تریش توشی دابەش بوون دەبێت ؟، ئایا بەدیلی حزبێكی خاوەن هێزو دیموكرات و كراوەی وەك یەكێتی بوونی هەیە ؟، هەندێك دەڵێن چۆن دەبێت حزبێك خاوەنی هەزاران شەهید ، نوێنەری رەنجدەران، هەژاران، كاسبكاران، لادێ نیشان، تووشی قەیرانی لەو جۆرە بێت ؟، چۆن دەبێ سەركردایەتی ئەوەندە بێباكانە مامەڵە لەگەڵ مێژووی گەش و پڕشنگداری حزبێكی شۆڕشگیر بكات !.

 لەگەل هەبوونی زۆری بڕیاروبۆچوون، لێدوانی جیاواز، دژە گوتاریش بوونی هەیە، گفتوگۆ نهێنیەكانی ناو هۆلە داخراوەكان لەلاپەرەكانی فەیسبوك و گۆڤارە ئەلكترۆنیەكان بەخێرایی دەكرێتە ووتار .

   یەكێتی بوون سەرچاوەكەی لە خەبات و قوربانی دانێكی مێژووییە ، یەكێتی  خاوەنی دەستپێكێكە لە فرە هێزی و فرە ڕەنگی، كە لەرابردوو بەردەوام وەك سەرچاوەی هێز و گەورەیی بۆ یەكێتی هەژمار كراوە، بەڵام لە غیابی نەخۆش كەوتنی مام لەئێستادا، . لەگەڵ ئاڵۆزبوونی زیاتری دۆخی سیاسی، ئەو فرە رەنگیەش دووچاری تەمومژێكی خەست بۆتەوە.

لەدوای تێكەڵ كردنەوەی ئیدارەودامەزراندنی حكومەتی هاوبەش، سەرەڕای هەبوونی ئیتیفاقیەی ستراتیژی نێوان پارتی و یەكێتی، پارتی زۆر حزبیانە مامەلە ی لەگەل خەڵكی غەیرە پارتی دەكرد بەتایبەتی یەكێتی، لە ناعەدالەتی پارتی و حساب نەكردن و بەناحەز روانین لە مامەڵە كردن لەگەل ئەندام دۆست و لایەنگرانی یەكێتی لەسنوری ئیدارەی زەرد، توڕەبونێكی گەورەی لەناو جەماوەری یەكێتی دورستكرد .

لەدوای جیابوونەوەی گۆڕان و، كاریگەری میدیای ئۆپۆزسۆن لە زەقكردنەوەی حزبایەتیەكەی پارتی، كەژێكی لەبار دورستبوو ،  لە تێكەڵ كردنی بیركردنەوە ودورستكردنی یەك نەفەسی و دەربڕین، لای كادیرانی یەكێتی و گۆڕان لە دوو هەڵوێست و بۆچوونی جیا، بۆ هاوهەڵوێستی و یەكگوتاری بەرامبەر چۆنیەتی مامەڵە كردن لەگەڵ رەفتارەكانی پارتی .

سەرەڕای كێشەی سەرۆكایەتی هەرێم لەكاركەوتنی پەرلەمان وهەبوونی كێشەی یاسایی وكاركردنی تاكڕەوانەی حزبی وكەسی بارگاوی بوونی كۆی دەسكەوتەكان،  ئاشكرایە یەكێتی نایەوێ ململانێكان بكاتە ئامڕازێك بۆ بەرژەوەندی تایبەتی خۆی سودیان لێوەرگرێ ، كە لە ئەنجامەكەی هەرێم بگەڕێتەوە بۆ خالی دەسپێك.

 لە گەل سەرهەڵدانی قەیرانەكان زۆر جار سیاسەت‌و ئاراستەی یەكێتی ئەوەندە رۆشن نەبووە، یان لانی كەم لەئاستی چاوەڕوانی خودی یەكێتییەكانیش نەبوە، زۆرجار لەبەرامبەر یەك پرسی سیاسی دیاریكراودا، سەركردایەتی چەندین لێدوانی جیاوازو دژ خستۆتە روو .

" تەكەتول "دیاردەیەكی سیاسیە، زۆر جار پەیوەندیی بەتێڕوانین‌و تێگەیشتن‌و ئاڕاستەی جیاوازەوە هەیە، لەناو فەزای یەك سیاسەتی گشتیدا، بەهۆی ناڕۆشنی سیاسەتی یەكێتی، تەكەتولیش شێوە و ئاراستەی وونكراوە ، زۆر جار لەخۆمان دەپرسین ئێمە ئۆپۆزسیۆنین یا بەشی سەرەكین لە دەسەڵات، چونكە سەرۆكی حكومەتمان هەبووە، بەڵام زۆربەی جومگە سەرەكیەكانی فەرمانگەكەی خۆی خەڵكی پارتی بوونە ولەحزبەكەیانەوە ئاراستە كراون وبۆیە لەنێوان هەبوونی هەڵبژاردەی روون‌و ئاشكرای ئۆپۆزسیۆن‌و دەسەڵات‌،  لەم ناوەندە یەكێتی وەك حزبێكی بێ شوناس دەركەوتوە .

 

 یه‌كێتى له‌ ڕابردوودا هه‌میشه‌ به‌ حزبى ڕۆژه‌ سه‌خته‌كان ناسراوه‌، بگره‌ زۆر جار ئه‌زمه‌كان بۆته‌ هۆى وه‌لانانى كێشه‌ ناوخۆییه‌كان ، له‌پێناو باشتر هه‌ڵسوڕان و روبەرووبوونەوە كاركردن و بۆ ئامانجه‌ گه‌وره‌كان.

بەلام ئێستا ئاستێكی بێمتمانەیی ئەوتۆ لەنێوان سەركردایەتی و بنكەی جەماوەر دورست بووە، كە لەبری كاركردن بۆ خستنەرووی سیاسەتی كوردانەی یەكێتی لەئیدارە دانی دۆخەكە، ئەمڕۆ سه‌ركردایه‌تی یەكێتی وەك پێویست دەرناكەوێ، لە پرۆسه‌ى سیاسی مایه‌ى بارگرانى و‌ مه‌ترسین، بۆ خۆشیان بوونەتە بەشێك لە دەنگی ناڕەزایی خەڵك .

دەبوایە له‌ غیابى جه‌نابى مام جەلال و سه‌رهه‌ڵدانى داعش، سودیان لە دۆخەكە وەرگرتبایە رێزیان لە جوامێرى و قاره‌مانیى پێشمه‌رگه‌ وفه‌رمانده‌كان بگرتایە، كه توانیان بۆ دۆست ودوژمنی بسەلمێنن كەمانەوەی یه‌كێتى بەبەهێزی چەندە پێویستە بۆئێستا و ئایندەو داهاتووی كوردستان .

 دەكرێ ئەمڕۆ یه‌كێتى دۆسیه‌ى نه‌وت و غاز به‌شه‌فا‌فانه‌ باس بكات، شه‌ڕى قووت و مووچه‌ى خه‌ڵكى كوردستانى بكات‌، ده‌بێ یەكێتی سەروەری یاسا بپارێزێت و ڕێگەش‌ نه‌دا هیچ كەس و لایەنێك یاسا پێشێل بكات .

 هەولبدا لە په‌یوه‌ندییه‌كانى ده‌ره‌وه‌دا سەنگی زیاتری هه‌بێت، پێویستە سیاسه‌تى كوردانەی یەكێتی ڕه‌نگ بدا‌ته‌وه‌ له‌په‌یوه‌ندییه‌كانى هه‌رێم ودونیا، یه‌كێتى ده‌بێ له‌ ته‌واوى جومگه‌كانى حكومه‌ت و به‌ڕێوه‌بردندا بوونى هه‌بێ‌، یه‌كێتى ده‌بێ ئاگادارى ته‌واوى ئه‌و كه‌لوپه‌له‌ سه‌ربازییانه‌ بێت، كه ‌وه‌ك هاوكاری، وڵاتان ده‌یده‌ن به ‌هه‌رێمى كوردستان، یه‌كێتى ده‌بێ بێده‌نگ نه‌بێت له‌ كەم وكوڕی و كارە نایاسایەكانی حكومەت، یه‌كێتى ده‌بێ پێشه‌نگ بێت‌ له‌ نه‌هێشتنى گه‌نده‌ڵى .

یه‌كێتى ده‌بێ ببێتە‌ پشت وپەنا بۆ چینى ڕه‌شوڕووت وزه‌حمه‌تكێشى كوردستان، بنه‌ماكانى ده‌ستاوده‌ستكردنى ده‌سه‌ڵاتى له‌ كات و ساتى خۆیدا بچه‌سپێنێت‌، ده‌بێ چاكسازى دادى كۆمه‌ڵایه‌تى بۆ خه‌ڵكى كوردستان ده‌سته‌به‌ر بكات، باشتر وایە رۆلی گرنگ و زیاتر بگێرێ له‌ بڕیاره‌ چاره‌نووسسازه‌كان و هەولەكانی كاریگەرتر و بەتواناتر دەربكەون له پرۆسه‌ى سیاسی . .